چەند کتێبێک بۆ فێربوون و بەرەوپێشچوونی زمانی ئینگلیزی

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-30-23:52:00 - کۆدی بابەت: 12414
چەند کتێبێک بۆ فێربوون و بەرەوپێشچوونی زمانی ئینگلیزی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەند کتێبێک بۆ فێربوون و بەرەوپێشچوونی زمانی ئینگلیزی (بە ئینگلیزی: Some book for learn and improve English language، بە عەرەبی: بعض الكتب لتعلم وتطوير اللغة الإنجليزية) خوێندنەوە یەکێکە لە ڕێگا گرنگ و بەسوودەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی، دەبێتە هۆی زیادبوونی وشەسازی و بەرکەوتن بە چەندین دەستەواژەی گرنگ. ئەمە سەرەڕای ئەوەی خوێنەر چێژێکی زۆر لە چیرۆکەکە وەردەگرێت. خوێندنەوەی کتێب لە ئینتەرنێت دەکرێت زیاتر سوود بە خوێنەرەکە بگەیەنێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی لە کاتی خوێندنەوەدا ئەگەر خوێنەر لە هەندێک وشە تێ نەگات، دەتوانێت کلیکی لەسەر بکات و پێناسەی وشە یان ڕوونکردنەوەکەی بخوێنێتەوە تاکوو لە واتای وشەکە تێ بگات. هەروەها باشترە لەگەڵ خوێندنەوەکەدا گوێ لە چۆنیەتی خوێندنەوەی ڕستەکانیش بگرێت، بەم جۆرە لە چەند لایەنێکی زمانی ئینگلیزییەوە بەرەو پێش دەچێت.

چەند کتێبێک کە بۆ فێربوون و بەرەوپێشچوونی زمانی ئینگلیزی بەسوودن

  • Practical English usage, 4th edition by Michael swan

ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە بەسوودەکانی فێربوونی  زمانی ئینگلیزی کە نزیکەی دوو ملیۆن کۆپی لە جیهاندا لێ فرۆشراوە. بۆ دوو بەشی ئاسان دابەش دەبێت، بەشێکیان بریتییە لە وشەسازی و بەشێکیش ڕێزمان. باوترین پرسیارە ڕێزمانییەکان و هەڵە باوەکانی تێدایە.

  • English for everyone: Level one course book – Beginner English by DK

ئەم کتێبە بۆ ئەو کەسانەی لە سەرەتای فێربوونی زمانن کتێبێکی باشە. لەگەڵ کتێبەکەدا خوێندنەوەی دەنگی هەیە ئەمە سوودێکی باش لە چۆنیەتی خوێندنەوەی وشە و ڕستەکان بە خوێنەر دەگەیەنێت.

  • 102 simple English conversation Dialogues for beginners in American English by jackie Bolen

ئەم کتێبە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت فێری وشە، دەستەواژە، زاراوە و ئەو دەربڕینانەی کەسانی ئینگلیز خۆیان بەکاری دەهێنن ببن پێشنیاز دەکرێت. هەبوونی ئەم زانیارییانە یارمەتی خوێنەر دەدات بە زمانێکی ڕەوانتر قسە بکات. هەر لەناو کتێبەکەدا چەندین ڕاهێنانی تێدایە، تاکوو خوێنەر بزانێت توانای فێربوونی چەند بووە و چەنێک بەرەو پێش چووە.

  • 99 ways to speak Better English Today by Clare Whitmell

بۆ قسەکردن بە زمانی ئینگلیزی ڕەسەن، کتێبێکی کاریگەری ڕاهێنان کردن و ڕێنماییکردنە. ڕوونکردنەوە دەدات کە چۆن بەشێوازێکی ئاسان لە گفتوگۆی نێوان دوو کەس کە بە زمانێکی ڕەسەنی ئینگلیزی قسە دەکەن تێ بگەیت، چۆن بەردەوامی بە گفتوگۆکانت بدەیت، چۆن بە شێوازێکی باشتر بنوسیت و لە هەڵە ڕێزمانییەکان ڕزگارت ببێت.  

  • Tuesday with Morrie – Mitch Albom

کاتێک میچ ئەلبۆم دووبارە چاوی بە مۆری شوارتز، پڕۆفیسۆری پێشووی کۆلێژەکەی دەکەوێت. چەندین وانەی گرنگی ژیان لە پڕۆفیسۆرەکەیەوە کە لە کۆتا مانگەکانی ژیانیدایە، فێردەبێت و لەگەڵ خوێنەر بەشیان دەکات. ئەمەش بۆ یارمەتیدان لە چۆنیەتی گفتوگۆکردن کتێبێکی باشە.

  • Fantastic Mr Fox – Roald Dahl

ڕوالد دال یەکێکە لە بەناوبانگترین نووسەرەکانی کتێبی منداڵان، هەروەها لە پێگەیشتووانیشدا. خوێندنەوەی چیرۆکی منداڵان ڕێگەیەکی باشە تاکوو بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان و چیرۆکە ئاست بەرزەکان یارمەتیدەربێت. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین دەستەواژەی پێکەنیناوی تێدایە.

  • The Curious Incident of the Dog in the Night – Time – Mark Haddon

باس لە چیرۆکی سەرکێشییەکانی کوڕێکی گەنج کە نەخۆشیی ئۆتیزمی هەیە بە ناوی کریستۆفەر دەکات. کاتێک کە بکوژی سەگی دراوسێکەیان دەدۆزێتەوە، بڕیاری گەڕان و لێکۆڵینەوە دەدات. ڕووداوەکان لە ڕوانگەی کریستۆفەرەوە بەشێوەیەکی ئاسان باس کراون و خوێنەر بۆ گەشتێکی سەیر دەبات.

  • Essential English Grammar by Raymond Murphy

زیاتر سەرنج دەخاتە سەر ئەو کەسانەی لە ئاستێکی سەرەتایی فێربوونی ئینگلیزین. هەنگاو بە هەنگاو چۆنیەتی فێربوونی ڕێزمانی ئینگلیزی ڕوون دەکاتەوە. کتێبەکە لە ژمارەیەکی زۆر پرسیار و وەڵام و ڕوونکردنەوە پێکهاتووە. دەکرێت خوێنەر لەلایەن خۆیەوە یان لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆرسەوە بەکاری بهێنێت.


سەرچاوەکان



91 بینین