الرحيم ـ میهرەبان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-27-19:01:00 - کۆدی بابەت: 12709
الرحيم ـ میهرەبان

ناوه‌ڕۆك


ناساندن و واتاکەی

ئەلڕەحیم یان ڕەحیم یان میهرەبانی (بە عەرەبی: الرحيم، بە ئینگلیزی: Al'rahem, Alrahem) سێیەم ناوە لە ناوەکانی خوای گەورە، واتای میهرەبانی و سۆز و دلۆڤانی دەبەخشێت و ناوەکە تایبەتە بە باوەڕدار، واتا خوای گەورە سۆز و بەزەیی زۆری هەیە بۆ مرۆڤی باوەڕدار. لە زمانی عەرەبیدا وشەی ڕەحیم لەسەر کێشی (فعیل)ـە کە بۆ زیادەڕۆیی لە وەسف کردنی شتێک بەکاردێت، ئەم ناوە گشتگیرە و دەکرێت بکرێت بە وەسف و بۆ دروستکراویش بەکاربهێنرێت، واتا ناوەکە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ ناونان و وەسفکردنی مرۆڤ.

ناوی ڕەحیم لە قورئانی پیرۆزدا

  • ناوی ڕەحیم لە دەقی (بسم الله الرحمن الرحیم) هاتووە کە جگە لە سوورەتی (التوبة) پێش خوێندنی سەرەتای هەموو سوورەتەکانی قورئان دەخوێندرێت.
  • ناوی ڕەحیم لە قورئاندا لە شەش شوێن پەیوەستکراوە لەگەڵ ناوی ڕەحمان، جگە لەگەڵ ناوی ڕەحیم لەگەڵ شەش ناوی تر پەیوەست کراوە، لەگەڵ ناوەکانی غەفوور، ڕەئووف، تەواب، وەدوود، عەزیز، ئەلبەر هێنراوە. 

ناوی ڕەحمان لەگەڵ ناوەکانی تری خوای گەورە لە قورئاندی پیرۆزدا

ناوی ڕەحیم لەگەڵ ناوی غەفوور

شەش جار ناوی غەفوور و ڕەحیم بەیەکەوە لە قورئانی پیرۆز هێنراوە، نموونەی سوورەتی (البقرة) ئایەتی ١٧٣ کە خوای گەورە دەفەرموێت (إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ) واتا به‌ڕاستی خوای گه‌وره‌ زۆر لێخۆشبوو و به‌ڕه‌حم و بەبه‌زه‌ییه‌. واتا تایبەتمەندی لێبووردەیی خوای گەورە لە بەزەیی و میهرەبانییەوە سەرچاوەی گرتووە.

ناوی ڕەئووف لەگەڵ ناوی ڕەحیم

لە سوورەتی (البقرة) ئایەتی ١٤٣ ناوی ڕەحیم لەگەڵ ناوی ڕەئووف هێنراوە کە خوای گەورە دەفەرموێت (إِنَّ ٱللَّهَ بِٱلنَّاسِ لَرَءُوفٌ رَّحِيمٌ) واتا به‌ دڵنیاییەوە خوای گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی زۆر بەسۆز و دلۆڤانە. واتا تایبەتمەندی دلۆڤانی و نەرمونیانی خوا پەیوەستە بە میهرەبانی زاتی خۆیەوە.

ناوی تەواب لەگەڵ ناوی ڕەحیم

لە چەند شوێنێک لە قورئانی پیرۆزدا ناوی تەواب لەگەڵ ناوی ڕەحیم هێنراوە، نموونەی سوورەتی (البقرة) لە ئایەتی ٥٤ خوای گەورە دەفەرموێت (إِنَّهُۥ هُوَ ٱلتَّوَّابُ ٱلرَّحِيمُ)، واتا بێگومان خودا بەرز و بڵند و پایەبەرزە كە وەرگری تەوبەیە لەو مرۆڤانەی کە تەوبە دەكەن و میهرەبانیشە بەرامبەریان. واتا لە سۆز و بەزەیی و میهرەبانی خوای گەورەوەیە کە تەوبە و گەڕانەوەی بەندەکانی قبوڵ دەکات.

ناوی عەزیز لەگەڵ ناوی ڕەحیم

١٣ جار ناوی عەزیز و غەفوور لە قورئاندا بەیەکەوە هاتووە و نۆ جاری لە سوورەتی (الشعراء) هاتووە. لە سوورەتی (الشعراء) ئایەتی نۆ خوای گەورە دەفەرموێت (وَإِنَّ رَبَّكَ لَهُوَ ٱلْعَزِيزُ ٱلرَّحِيمُ) واتا به‌ دڵنیاییەوە په‌روه‌ردگارت زۆر باڵاده‌ستە (بەسەر بێ باوەڕان) و زۆر به‌سۆز و میهره‌بانیشه‌ (بۆ ئیمانداران). واتا خوای گەورە باڵادەست و دەسەڵاتدارێکی مەزنە بەسەر بێ باوەڕان بەڵام لە بەرانبەریشدا لەگەڵ بوونی ئەو سیفەتەیدا میهرەبان و بەسۆزە بۆ باوەڕداران.

ناوی ڕەحیم لەگەڵ ناوی ئەلبەڕ

لە یەک شوێن لە قورئاندا ئەم دوو ناوە بەیەکەوە هێنراون، لە سوورەتی (الطور) ئایەتی ٢٨ خوای گەورە دەفەرمێت (إِنَّهُۥ هُوَ ٱلْبَرُّ ٱلرَّحِيمُ)، واتا چونکه‌ بێگومان هه‌ر ئه‌و زاته‌ خوایه‌کی چاکه‌خواز و میهره‌بان و دلۆڤانه‌. چاکەکاری و چاکەویستی لە خوای گەورە بەند و پەیوەستە بە سۆز و میهرەبانییەوە.

ناوی ڕەب لەگەڵ ڕەحیم

خوای گەورە لە سوورەتی (يس) ئایەتی ٥٨ دەفەرموێت (سَلَـٰمٌ قَوْلًا مِّن رَّبٍّ رَّحِيمٍ) واتا له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارێكی زۆر به‌ڕه‌حم و به‌زه‌ییه‌وه‌ سه‌لام له‌ به‌هه‌شتییەکان ده‌كرێت و پێیان دەوترێت سڵاوی پەروەردگاری دلۆڤان و میهرەبانتان لێ بێت.

جیاوازی نێوان ناوی ڕەحمان و ڕەحیم

  • ناوی ڕەحمان بە تەنها بۆ مرۆڤ بەکارناهێنرێت، چونکە وەسف و تایبەتمەندییەکانی ناوەکە ڕەهایە و تەنها تایبەتمەندە بە خوای گەورە و وشەکە تەنها بۆ وەسفی خوای گەورەیە، بەڵام ناوی ڕەحیم کە واتای بەخشندەیە بۆ مرۆڤ بەکاردێت چونکە تایبەتمەندییەکانی وشەی ڕەحیم گشتگیرە و ناوەکە بۆ وەسفی کردارەکانی خوا بەکاردێت.
  • واتای ڕەحمان بریتییە لە بە بەزەیی کە ئەم سۆز و بەزەییەی خوا گشتگیرە و هەموو دروستکراوەکانی دەگرێتەوە. بەڵام وشەی ڕەحیم وشەیەکە واتای بەخشندەیی دەبەخشێت و تایبەتە بە باوەڕدار، واتا بەخشندەیی خوا باوەڕدار دەگرێتەوە.
  • ناوی ڕەحمان (صفة ذاتية)ـەیە واتا بۆ خودی خوا خۆیەتی، بەڵام ناوی ڕەحیم (صفة فعلية/ وەسفی کردار)ـەکەیە تایبەتە بە ئیمانداران کە سۆز و بەزەیی خوایان پێ دەبەخشرێت.


سەرچاوەکان



63 بینین