جۆرەکانی ڕیکلام

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-03-17:28:00 - کۆدی بابەت: 12428
جۆرەکانی ڕیکلام

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جۆرەکانی ڕیکلام (بە عەرەبی: انواع اعلان، بە ئینگلیزی: Types of Advertising) ڕیکلام کردن زانست و هونەرە، مێژوویەکی دێرینی هەیە، لە دەستپێکی بانگەشە کردنەوە تا ئەم سەردەمە لە ڕووی تەکنیکەوە چوار میدیای ڕیکلام کردن هەن، وەکو ڕیکلامی نووسراو، بینراو، بیستراو، دیجیتاڵی. بەڵام لە ڕووی بنەمای ڕیکلام کردن یاخود جۆرەوە سێ جۆری ڕیکلام کردن هەیە.

جۆرەکانی ڕیکلام کردن

ڕیکلامی پێدانی زانیاری "زانیاری بەخش"

ئەم جۆرە ڕیکلامە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەگوترێت Informative Ads، کە کۆمپانیای ئەنجامدەر کار لەسەر بەخشینی زانیاری دەکات و لە ڕێگەی زانیاری یاخود بەراوردکاری لەگەڵ بەرهەمێکی هاوشێوەی براندێکی تر دەکات، ئامانج لە پێدانی ئەم زانیارییانە ئەوەیە کە بینەر و بیسەر و خوێنەر لە ڕێگەی ڕاستییەکانەوە هان بدات کە بەرهەم و خزمەتگوزارییەکە بکڕن، کەمتر لە ڕووی هەست و سۆزەوە بەکاربەر هاندەدات. 

چەند نموونەیەکی ئەم ڕیکلامە

براندەکانی دەرمانسازی، یاخود ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO هەندێک جار ڕیکلام لە بارەی زیانەکانی کێشانی جگەرە یاخود جوینی توتن ساز دەکەن کە لە شێوەی پۆستەر دایە، چەند زیانێک نیشان دەدەن وەک شێرپەنجەی دەم، خراپ بوونی ددانەکان. 

براندەکانی دروستکردنی هەویری ددان، زۆر جار لە ڕیکلامەکانی هەویری ددان ئاماژە بە دوو بەرهەم دەکرێت یەکێکیان وێناکردنی براندەکانی ڕکابەرە و ئەوی تر براندەکەی ڕیکلامی بۆ دەکەن، نیشانی دەدەن کە ئەم براندانەی تر کاریگەریان لەسەر پاراستنی دەم و ددان لە کلۆر بوون نییە. بەڵام براندەکەی ڕیکلامی بۆ دەکرێت زیادە ڕەوی تێدا دەکرێت. ئەمەش کڕیار یەکلا دەکاتەوە لە هزری خۆیدا دڵنیا دەبێتەوە کە ئەو براندانەی تر هیچ باش نیین و پەنا دەباتە بەر کڕینی ئەم بەرهەمە. 

کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیل سازی زۆر جار پەنا دەبەنە بەر ئەم ڕیکلامە بۆ نموونە براندی BMW لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا ڕیکلامێکیان ئامادە کرد کە دروشمەکەی ئەمە بوو "هەموو ئۆتۆمبیلێک بۆ یەک خولەک نوێیە، بەڵام BMW هەر BMWــە" ئەمەش دروستکردنی بەراوردە لە نێوان براندی بی ئێم و براندەکانی تر لە ڕووی بەهای ئۆتۆمبیل لە دوای کڕین، وەک دەزانرێت هەر ئۆتۆمبیلێک دەستی کرد بە ڕۆیشتن بەهای نرخەکەی دادەبەزێت، بەڵام وەک لەو ڕیکلامەدا تیشکی خراوەتە سەر BMW بەهای نرخەکەی دانابەزێت. 

ڕیکلامی ڕازیکەر 

بە ئینگلیزی پێی دەڵێن Persuasive Ads ئەم جۆرەیان پێچەوانەی جۆرەکەی پێشووە و لە بری زانیاری پێدان تیشک دەخاتە سەر لایەنی هەست و سۆز، دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە بەکاربەر هان بدات کاڵا و خزمەتگوزارییەکە بکڕێت. زۆرجار بۆ ئەنجامدانی ئۆفەری نوێ سوود لەم ڕیکلامە دەبینرێت، چونکە کاریگەری ئێجگار زۆرە گەر بە شێوەیەکی ورد و ڕاست و دروست پەیامەکە بگەیەنرێت.

چەند نموونەیەکی ئەم ڕیکلامە


براندی ئۆتۆمبیلی Volkswagen هەستاوە بە نیشاندانی سەگێک کە چووەتە ژێر کوشنی ئۆتۆمبیلەکە و نووسراوە "هەست بە ئاسوودەیی دەکات" ئەمەش نیشاندانی ئەوەیە کوشنی ئۆتۆمبیلەکە نەرم و ئاسوودەیی دەبەخشێت. 

براندی "Chupa Chips" کە براندێکی دروستکردنی شیرینییە، بە گوتەی خۆیان شەکر بەکارناهێنن بەڵکو هەنگوینی سروشتی بۆ دروستکردنی شیرینییەکانیان بەکاردەهێنن، لە ڕیکلامێکدا "مەساسە"یەک لای ڕەوە مێروولەیەک دانراوە، بەڵام مێروولەکان بۆی نەچوون لەسەر پۆستەرەکە نووسراوە "Free Sugar" واتا شەکری تێدا نییە. 

براندەکانی شامپۆ، بۆیەی قژ، بۆن و جل و بەرگی خانمان کار لەسەر ئەم شێوازەی ڕیکلام دەکەن و هەست و سۆزی خانمان بەم دروشمانە ڕادەکێشن "گەر دەتەوێت سەرنجڕاکێش دەرکەویت، گەر دەتەوێت خانمانە دەرکەویت" ئەوا ئەم بەرهەمە بەکاربهێنە. کە زیاتر ئەم ڕیکلامانە لە تەلەفزیۆن یان بە شێوەی دیجیتاڵی بڵاودەکرێنەوە. 

ڕیکلامی یادهێنانەوە 

بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت Reminder Ads ئەم شێوازە زیاتر بێ دروشمە و دەکرێت هیچ ئاخاوتنێکی تێدا نەبێت، دەکرێت تەنها گرافیک بێت یان موزیک یان لۆگۆی براندەکە نیشان بدرێت و ڕیکلامی بۆ بکرێت. ڕیکلامێکی کایگەرە گەر بزانرێت چۆن کەمپەینەکان ئەنجام بدرێن.

نموونەکانی ئەم ڕیکلامە

لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا ڕیکلام بۆ خواردن زۆر دەکرێت، براندێک کە چەشنی جیاوازی خواردنی هەیە وەک برنج و دانەوێڵەکانی تر دەکرێت بێ گوتنی هیچ وشەیەک سفرەیەک نیشان بدات کە برنج و فاسۆلیا و شۆربای نیسک و قەرەخەرمان و چەند جۆرێکی تری خواردنی لەسەر بێت لەلایەکی ترەوە بەرهەمەکان کە لە ناو پاکەتدان و ناوی براندەکە و لۆگۆکەی نیشان بدات ئینجا دروشمێک بۆ نموونە "براندنی A خێزانەکان لە دەوری سفرە و خوان کۆدەکاتەوە".

هەندێک جار براندەکانی خواردنەوەی گازی، ڕیکلامەکانیان کۆبوونەوەی چەند هاوڕێیەکە کە پێدەکەنن و خەندە دەکەن لە ناکاو شوشەیەک یان قتوویەکی ئەو براندە نیشان دەدرێت. ئەمەش واتای ئەوەیە " خواردنەوەی براندی A کەیف خۆشی زیاتر دەکات". 

لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیایەکی بواری وەبەرهێنانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون ئەم جۆرەی ڕیکلام زۆر بەکاردەهێنن کە تەنها بە بەکارهێنانی موزیک ئەوە بەبیر هاوڵاتیان دەهێننەوە کە ئەگەر بۆ ژیانێکی ئاسوودە بۆ خۆت و خێزانەکەت دەگەڕێیت ئەوا ئەم پڕۆژەیە هەیە. هەرگیز لە ڕیکلامەکانیان نابینیت بڵێن باشترین پڕۆژە، یاخود وەسفی خۆیان بکەن. بەڵکو تەنها دروشم بەکاردەهێنن ئەویش لە کۆتاییدا تاوەکو ئەگەر کەسێک لە ڕادیۆ گوێی لێبێت ڕیکلامەکە بناسێتەوە و تێکەڵی نەکات لەگەڵ پڕۆژەیەکی تردا. 

ڕیکلام کردن سەرەڕای ئەوەی زانستە، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرە، کۆمپانیاکان پێویستە لێزانانە لەگەڵ گونجانی بیرۆکەی ڕیکلامەکە لەگەڵ بازرگانییەکەیان یەکێک لەم شێوازە بەکاربهێنن و ئینجا بیرۆکەیەک بۆکەمپەینەکە دابڕێژن کە کڕیار هان بدات کاڵەکە بکڕێت و هاندەری زیادکردنی فرۆش بێت.


سەرچاوەکان



154 بینین