پشکنینی کالسیۆم

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-04-14-16:00:00 - کۆدی بابەت: 12502
پشکنینی کالسیۆم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی کالسیۆم (بە ئینگلیزی: Calcium blood Test، بە عەرەبی: فحص الکالسیوم) پشکنینی کالسیۆم پشکنینێکە ڕێژەی کالسیۆم لە خوێندا دەپێوێت. کەمی و زۆری ڕێژەی کالسیۆم لە خوێندا ڕەنگە نیشانەی کێشەی تەندروستی وەک نەخۆشی ئێسک، نەخۆشی ڕژێنی سایرۆید، نەخۆشی گورچیلە یان چەند حاڵەتێکی تر بێت. کالسیۆم یەکێکە لە ماددە گرنگەکانی جەستە، نزیکەی ٪١ ی کالسیۆمی جەستە لە خوێندایە و بەشەکەی تری لە ناو ئێسک و ددانەکاندا هەڵدەگیرێت. هەبوونی بڕێکی ئاسایی کالسیۆم لە خوێندا بۆ فرمانی دەمارەکان، ماسولکەکان و دڵ پێویستە تاکوو بەشێوەیەکی باش کار بکات. هەروەها یارمەتی لوولەکانی خوێن دەدات بە باشی خوێن بەناو جەستەدا بگوازنەوە و یارمەتی دەردانی هۆڕمۆنەکان کە کاریگەریان لەسەر جەستە دەبێت دەدات. جگە لە پشکنینی کالسیۆم ئەم دوو ناوەشی پێ دەوترێت:

  • Total calcium
  • Ionized calcium

پشکنینی ڕێژەی تەواوی کالسیۆم (Total calcium test)

تەواوی کالسیۆمی ناو خوێن دیاری دەکات. دوو جۆری کالسیۆم لە خوێندا هەیە کە بە نزیکەیی ڕێژەیەکی یەکسانیان هەیە:

  • Bound calcium: بە پڕۆتینی جەستەوە بەستراوە.
  • Free calcium: بە پڕۆتینەوە نەبەستراوە. ئەم جۆرەی کالسیۆم لە زۆربەی چالاکییەکانی جەستەدا سوودی هەیە.
  • Ionized calcium test: تەنها free calcium واتە ئەو کالسیۆمەی بە پڕۆتینەوە نەبەستراوە و بەشێوەیەکی ئازاد هەیە دیاری دەکات. ئەنجامدانی ئەم پشکنینە قورسترە، لەبەر ئەوە بەزۆری کاتێک ئەنجامی پشکنینی تەواوی کالسیۆم ئاسایی نەبێت ئەنجام دەدرێت.

نیشانەکانی بەرزی ڕێژەی کالسیۆم

  • قەبزی
  • سەرگێژخواردن و ڕشانەوە
  • ئازاری سک
  • نەمانی ئارەزووی خواردن
  • زۆربوونی میزکردن
  • هەستکردن بە تینوێتی
  • شپرزەبوون

نیشانەکانی کەمی ڕێژەی کالسیۆم

وشکبوونەوەی پێست، گرژبوون یان ڕەقبوونی قژ و نینۆک کە بەئاسانی دەشکێن. ئەم نیشانانە لە دوای ماوەیەک لە کەمی ڕێژەی کالسیۆم لە جەستەدا دەردەکەون. هەندێک کەسیش هەرچەندە ڕێژەیەکی نائاسایی کالسیۆمیان هەبێت، بەڵام ڕەنگە هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوێت.

ئایا پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە خۆ ئامادەکردن پێویستە؟

بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە خۆ ئامادەکردنێکی تایبەت پێویست نییە، بەڵام ڕەنگە پزیشک بەر لە ئەنجامدانی پشکنینەکە داوای وەستاندنی هەندێک دەرمانی وەک ڤیتامین D بکات تاکوو لە ڕاستی ئەنجامی پشکنینەکە دڵنیا بێت. ئەگەر جگە لەم پشکنینە پێویستت بە ئەنجامدانی پشکنینی تر بێت، ڕەنگە پێویست بکات چەند کاتژمێرێک پێش ئەنجامدانی پشکنینەکان هیچ خواردنەوە و خواردنێک نەخۆیت.

لێکدانەوەی ئەنجامی پشکنینەکە

کاتێک ئەنجامی پشکنینی ڕێژەی تەواوی کالسیۆم زۆر بەرز دەبێت دەکرێت نیشانەی هەبوونی ئەم کێشانە بێت:

  • زۆربوونی چالاکی پاراسایرۆیدە ڕژێن (hyper parathyroidism) حاڵەتێکە ڕژێنی پاراسایرۆید بڕێکی زیاد لە ڕێژەی ئاسایی خۆی هۆڕمۆنی پاراسایرۆید بەرهەم دەهێنێت.
  • تووشبوون بە شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی ئێسک.
  • نەخۆشییەکانی ئێسک
  • وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە ڤیتامین D

بەڵام کاتێک ئەنجامی پشکنینەکە لە ڕێژەی ئاسایی خۆی کەمتر بێت، دەکرێت نیشانەی ئەم حاڵەتانە بێت

  • کەمی ڕێژەی پڕۆتین لە خوێندا، ئەمەش بەهۆی نەخۆشیی گورچیلە یان کەمخۆراکی ڕوودەدات.
  • بەرهەمهێنانی بڕێکی کەم لە سایرۆید هۆڕمۆن لەلایەن سایرۆیدە ڕژێن.
  • ڕێژەیەکی زۆر کەمی کالسیۆم لە خۆراکدا.
  • کەمی ڕێژەی ڤیتامین D و مەگنیسیۆم.
  • هەوکردنی پەنکریاس
  • نەخۆشی گورچیلە

هەموو کات کەمی یان زۆری ڕێژەی کالسیۆم لە خوێندا نیشانەی کێشەی تەندروستی نییە، پزیشک زۆرجار بۆ دڵنیابوون لە هۆکاری ڕێژەی نائاسایی کالسیۆم لە خوێندا ئەم پشکنینانە ئەنجام دەدات:

  • پشکنینی کالسیۆم لە ڕێگەی میزەوە
  • پشکنینی فۆسفۆر
  • پشکنینی مەگنسیۆم
  • ڤیتامین D
  • سایرۆید هۆڕمۆن
  • پاراسایرۆد هۆڕمۆن

ئەم پشکنینە ڕێژەی کالسیۆم لە ئێسکدا دیاری ناکات، دەبێت پشکنینی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی کالسیۆمی ناو ئێسک بەکاربهێنرێت. هەرکات هەستت بە نیشانەکانی کەمی یان زیادی ڕێژەی کالسیۆم کرد بە زووترین کات پەیوەندی بە پزیشکەوە بکە. 


سەرچاوەکان



86 بینین