گرووپی ڤاگنەر

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-16-16:35:00 - کۆدی بابەت: 12534
گرووپی ڤاگنەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گرووپی ڤاگنەر (بە عەرەبی: مجموعة فاغنر، بە ئینگلیزی: Wagner Group) کۆمپانیایەکی سەربازی ڕووسییە کە کاریان کوشتنی داواکراوەکانە لە بەرانبەر بڕێک پارەدا، هەروەها بە میلیشیای سەربازیش ناسراون و بەشداری چەندین جەنگیان کردووە. 

ناوەڕۆک

میلیشای ڤاگنەر بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٤ لە جەنگی کریمیا دەرکەوتن کاتێک ڕووسیا لە ڕێگەی هێزی سەربازی خاکی نیمچە دوورگەی کریمیای خستە سەر ڕووسیا. لەو جەنگەدا بۆ یەکەم جار میلیشیای ڤاگنەر وەکو هێزێکی سەربازی لە پاڵ سوپای ڕووسیادا دەرکەوتن. 

هێزی ڤاگنەر پێکهێنەرە سەرەکییەکەیان بریتییە لە خراپترین کەسەیاتییەکانی ڕووسیا واتا ئەوانەی لە ڕووی دەروونی حەزیان بە کوشتن هەیە "سایکۆپاس" و زیندانی و بکوژەکانن بەڵام بەهیچ جۆرێک ڕێگەی ئەوەیان پێ نادرێت خۆیان نیشانی کامێرا بدەن و دەبێت دەوچاویان لێڵ بکەن یان ماسک ببەستن. 

ئەم هێزە بە گوێرەی سەرچاوەکان لە تۆڕە بێ سانسۆرەکانی ئینتەرنێت چالاکی کوشتن و ئەشکەنجەدانیان ئەنجام داوە بۆ دەسەڵاتدارەکانی ڕووسیا لە ڕێگەی پێدانی پارە. بەڵام دواتر لە ٢٠١٤ فۆرمێکی تریان بەخۆوە بینی و وەک میلیشیای سەربازی خۆیان ناساند لە ژێرناوی Wagner PMC. 

سەرکردە دیارەکانی ڤاگنەر کێن؟ 

  • دامەزرێنەری کۆمپانیاکە: یاڤگنی پریگۆژین 
  • لیوتینەنت کۆڵۆنێڵ: دیمتری یوتکین (ڤاگنەر) 
  • کۆلۆنێل: کۆنستانتین پیکلاۆڤ 
  • کۆلۆنێڵ: ئاندری ترۆشیڤ 
  • کۆلۆنێڵ جنڕاڵ: میخائیل میزدێنسڤ 

ناسناوە دیارەکانی ڤاگنەر چین؟ 

دیارترین ناسناوەکانی گرووپی میلیشیایی ڤاگنەر ئەمانەن: 
مۆسیقار، ڤاگنەرییەکان، ڤاگنەر، ئۆرکێسترای ڤاگنەر، نوێترین ناسناویشیان بریتییە لە (ئامێری هاڕینی گۆشت). 

دروشمەکانی ڤاگنەر

گرووپی میلیشیایی ڤاگنەر ژمارەیەک دروشمی هەیە کە هەندێکیان تەنها بۆ ئۆپراسیۆنێک بەکارهاتوون هەندێکیشیان بۆ زیاتر لە ئۆپراسیۆنێک و هەندێکیان دروشمی هەمیشەیی میلیشیاکەن، وەک ئەمانە: 
خوێن، شەرەف، نیشتمان، جوامێرەکان، مۆسیقارەکانی جەنگ، سەمای جەنگ و چەندین دروشمی تر. دوایین دروشمیش لە جەنگی ڕووسیا - ئۆکرانیا بە خۆیان دەڵێن " مۆسیقارەکانی جەنگ " لەبەرئەوەی لە کاتی هێرشەکانیان مۆسیقا لێدەدەن و پاش سەرکەوتنیش کۆدەبنەوە و سەما دەکەن. 

لە نێوان ٢٠١٤-٢٠٢٣ چەندین جەنگ هەڵگیرساون کە ڕووسیا تیایدا بەشداربووە بەتایبەتی جەنگی ئۆکرانیا و ئۆپراسیۆنەکانی ڕووسیا لە سووریا بۆ پارێزگاری لە ڕژێمی بەشار ئەسەد و جەنگی دژ بە داعش. لەم جەنگاندا لە پاڵ هێزی پاتریۆتی ڕووسیا هێزەکانی ڤاگنەریش ڕۆڵی کارایان بینیوە لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکاندا، لێرەدا نموونەی هەندێک ئۆپراسیۆن و جەنگ دەخەینە ڕوو. 

دیارترین ئەو جەنگانەی ڤاگنەر تیایدا بەشداربوون

  • جەنگی کریمیا ٢٠١٤
  • جەنگی دۆنباس ٢٠١٤-٢٠٢٢
  • ئۆپراسیۆنی کوشتن - ٧٦ 
  • جەنگی ڕێبالتسێڤ
  • جەنگی ناوخۆی سوریا
  • بەرپەرچدانەوەی لاتاکیا ٢٠١٥-٢٠١٦
  • بەرپەرچدانەوەی باکووری ئالپۆ
  • بەرپەرچدانەوەی پالمیرا ٢٠١٦
  • ئۆپراسیۆنی ناوەندی سووریا
  • بەرپەرچدانەوەی حەمما
  • بەرپەرچدانەوەی دێرە زۆر
  • ئۆپراسیۆنی باکووری ڕۆژاوای سووریا
  • جەنگی خاشم
  • بەرپەرچدانەوەی ریفی دیمەشق
  • ئۆپرسیۆنی ئاسۆی ئیدلب
  • ئۆپراسیۆنی هاڕینی گۆشت لە ئۆکرانیا ٢٠٢٢ 

ڕۆڵی ڤاگنەر لە جەنگەکاندا

ڤاگنەر لەم جەنگانەدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینیوە لە شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەکاندا، بەتایبەتی لە جەنگی ئۆکرانیادا کە سوپای پاتریۆتی ڕووسیا نزیک بوو لە ئابڕووچوونێکی گەورە لەبەرامبەر لەشکری بەرگریکاری ئۆکرانیدا. هەر لەبەر ئەمەش ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا به ڕێکەوتن لەگەڵ یاڤگنی بیگۆژین سەرۆک و دامەزرێنەری ڤاگنەر، هێزی پاتریۆتی ڕووسیا گەڕانەوە بەرەی پشتەوە و پێشڕەویکردن و کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەکان درایە دەستی میلیشیای Wagner PMC ئەوانیش بەخێراییەکی زۆر لە ژێرناوی هاڕینی گۆشتدا گەیشتنە شاری باخموت و شارەکەیان لە چەندین بەرەوە گەمارۆدا وەک بەرەی ئارتمۆڤیسک کە باشترین پێگەیان بۆ خۆیان لەوێوە دیاری کرد بۆ هێرش کردنە سەر شاری باخموت. دوای گەمارۆدانێکی خنکێنەری شارەکە توانرا بەشی زۆری شارەکە بەنزیکەی ٧٥٪ شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و ئاڵای ڤاگنەر و ڕووسیا لە سەنتەری شارەکە هەڵبکەن. 

نموونەی هەندێک لە سزاکانی ڤاگنەر

میلیشیای ڤاگنەر وا پێناس دەکرێت کە بە دڕندەترین و دڵڕەقترین میلیشیای سەربازی دادەنرێت لە جیهاندا چونکە بەزەیی نانوێنن لە جەنگدا، جەنگی دەروونی لەگەڵ دوژمندا دەکەن بە ئیش پێکردنی مۆسیقا و ئۆرکێسترای تایبەتی خۆیان. دیلەکان ئەشکەنجە دەدەن و هەندێک جار بە پەخشی ڕاستەوخۆ لە تۆڕە بێسەنسۆرەکان ئەتکیان دەکەن یان بە خراپترین و دڵڕەقترین شێوە دەیان کوژن، وەک پێداکێشانی بلۆک بە سەریان، هەڵواسینی شتومەکی قورس بە ئەندامی نێرینەیان، بڕینی هەندێک شوێنی جەستەیان وەک بڕینی گوێچکە و قرتاندنی پەنجەکانیان.

هەروەک ڕۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی ئنتێل سلاڤا لە بارەی میلیشیای ڤاگنەر دەڵێت: "هەرچەند من ڕووسیم و نیشتمانەکەم ڕووسیایە، بەڵام هەرگیز ناتوانم ڕووماڵی جەنگ بکەم لەگەڵ هێزەکانی ڤاگنەردا". ئنتێل سلاڤا یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسانەی لە سەرەتای جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیادا لە بەرەی ڕووسیاوە ڕووماڵی جەنگەکەی کردووە بەشێوەیەکی بێلایەن. 


سەرچاوەکان



41 بینین