مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-17-15:11:00 - کۆدی بابەت: 12556
مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل (بە عەرەبی؛ تاریخ الامبراطوریة المغولیة؛ بە ئینگلیزی؛ The history of Mongol empire) کاتێک باسی ئیمپڕاتۆریەتییەکان دەهێنرێت پێویستە لەگەڵیدا باسی مەغۆلەکان بکرێت کە لە چەند هۆزێکی کۆچەریەوە توانیان ئیمپڕاتۆریەتییەکی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دروست بکەن و فراوانخوازی بکەن و تا نزیکی ئەورووپا و باکووری ئەفریقا پێشڕەوی بکەن، لەگەڵ فراوانخوازییەکانیشیاندا بوونە هۆکارێک بۆ لە دەستچوونی کەلەپوور و مێژووی هەندێک وڵات.

هۆزە کۆچەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا

کیشەوەری ئاسیا دابەشدەبێت بۆ چوار ناوچەی سەرەکی کە ئەوانیش تایگا (دارستانی باکوور) و بیابانی وشک و دەشتایی و دۆڵ و ڕووبارەکانن وەک (هوانگ هو، یانگستی، گنگ و سند، فورات و دیجلە) هەریەک لەم ناوچانە شوێنی هاتنە کایەی شارستانیەتەکان بوون نموونە (چین، هند، بابلی، سۆمەری). 

لەم چوار بەشەدا تەنها یەک بەش لەوەڕگایەکی فراوانە ئەویش دەکەوێتە تەنیشت جەمسەری بەستەڵەکی باکوور، لەم بەشەدا ڕووبارەکانی ئووب، ینەسی، لنا، ئامور زەوییەکە تێراو دەکەن. هەر چوار ڕووبار پێکەوە درێژییان ٤٠٠ میلە. 

گرووپێکی بچووک لە ماسیگر و ڕاوچی بەم ژینگە سارد و دژوارە ڕاهاتوون کە پێیان وتراوە سامۆئیدەکان (لە باکووری سیبریا و نیمچە دوورگەی تایمیر لە نێوان ڕووبارەکانی ئووب و ینەسئی ژیاون) کە خەریکی کشتوکاڵ کردن بوون و ڕاوی ئاژەڵ و باڵندەیان کردووە. ئەم هۆزانە بە زمانێکی هاوبەش دواون کەپێی دەوترێت (فینۆ یان ئویغوری) و شارەزایانی بواری مێژوو هۆزەکانی سامۆئیدەکان بە ڕەگەزی مەغۆلەکان دادەنێن. 

لەلایەکی ترەوە تۆنگوزەکان لە خۆرهەڵاتی سیبریا و ناوچەی ڕووباری ئاموور ژیاون لەگەڵ وەرزەکاندا شێوازی ژیانیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کۆچیان کردووە بۆ ئەو ژینگانەی لەوەڕگای باشن بۆ ئەسپ و مەڕ و و ماڵاتەکانیان. لەم ناوچەیەدا جگەلە تۆنگوزەکان دوو هۆزی تر هەبوون (سی ین پی و جین و مەنچوری) ئەم دوو هۆزە چەکداریان هەبوو و هەڕەشەیان لە ئیمپڕاتۆریەتی چین دەکرد بەتایبەتی مەنچوری کە توانی چین داگیربکات.

بەشی سێیەمی ناوچەی باییر بە درێژایی سارای "گوبی" و لە نێوان مەنچوری و شورای چین تا تیکلاماکان لە ڕووبای تاریم و قزل قوم و لە خۆرهەڵاتی باکووری دەریای ئۆراڵ و قەراقوم لە خۆرهەڵاتی دەریای خەزەر (قەزوین) و دەشتی کەوێری ئێران درێژ دەبێتەوە، لەم مەودایەدا هیچ ڕووبارێک ناڕژێتە دەریاوە. زۆربەی زۆریان داڕژێنە زۆنگاوەکانەوە وەک ڕووباری تاریم لە لوپی نوور. بەبڕوای خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕووبارەکان پیرۆزی خۆی هەبووە. بەهۆی ئەو هاژەهاژەی هەیانبووە کە جیاوازبووە لە هاژەی ئاوی ڕووبارەکانی تر هۆزەکانی ئەم ناوچانە ڕووبارەکانیان پەرستووە و ڕێگەیان نەداوە پیس بکرێن. کەش و هەوای ئەم ناوچەیە هێندە دژوارە بەهۆی تەوژمی لمی بیابان و باهۆزەوە شوێنێکی سەخت بووە بۆ ژیان. 

ناوچەیەکی تر ئیتسپ (لەوەڕگە) ئەم ناوچەیە لە نێوان هۆزەکاندا دابەشکرابوو چونکە زەوییەکی بەپیت بوو سنوورەکەی دەکاتە نێوان سنووری ئاسیا و ئەورووپا کە لەو سەردەمەدا بەشی ئاسیا سنووری مەنچوریا و لە ئەورووپاش تا سنووری هەنگاریا بووە. واتا لەم ناوچانەدا هۆزە کۆچەرییەکان ژیاون و بە دوای باشترین لەوەڕگا بوون بۆ ئەسپەکانیان و مەڕ و ماڵاتەکانیان. 

بە شێوەیەکی گشتی هۆزەکانی ئەم ناوچانە زۆربەیان چەکدار بوون، ڕێگریان لە کەسانی نامۆ بە خاکەکەیان دەکرد بێنە خاکەکەیان و جەنگیان هەڵدەگیرساند. بەم جۆرە ئەو هۆزانەی بە هەمان زمان دەدوان هەمیشە لەگەڵ یەکتردا شەڕیان دەکرد لەسەر لەوەڕگا. سروشتی ناوچەکەش وابوو کە دەبوو هەمووان بجگەن لەسەر بەدەستهێنانی باشترین لەوەڕگا.

لە تورکەوە تا مەغۆل ٧٥٠-١٢٠٠ زایینی

لە نێوان ئاوابوونی یەکەم ئیمپڕاتۆریەتی تورکەکان تا دەرکەوتنی جەنگیزخان مەودایەکی ٤٥٠ ساڵی هەیە. لەو ماوەیەدا هیچ کام لەو هۆزانەی دەوارنشین بوون نەیانتوانی ڕێکبکەون لەسەر لەوەڕگاکانیان ماوە ماوە لەنێو خۆیاندا ڕێکدەکەوتن بەڵام دواتر بە جەنگ و کوشتار یان کوشتنی ئەسپ و ماڵاتەکانی یەکتر یان دزینیان ڕێکەوتنەکان هەڵدەوەشانەوە. 

ئەم ڕووداوانەی ئەم مەودایە پڕدەکەنەوە زاڵبوونی ئۆیغورییەکان بوو بەسەر نیشتمانی مەغۆلستاندا، ئۆیغورەکان توانیان هۆزەکانی مەغۆل لە ناوچەی ڕووباری تاریم دەربکەن. دوای ڕووخانی تانگ لە ساڵی ٩٠٧ ی زایینی و دابەشبوونی خاکەکەی بەسەر تنغوتەکان، کیتان، کین و سۆنگ، پەرەسەندنی ئیسلام لە هەرێمی ڕۆژاوای تورکان و نەمانی بەربەستی عەرەب و ئێرانی لە بەرانبەر پەرەسەندنی تورکەکان دوای نەمانی دەسەڵاتی سامانی لە ساڵی ٩٩٩ی زایینی، قەراختاییەکان یان ڕەشە خەتاییەکان پەیدابوون کە تاڵانی هۆزە مەغۆلەکانیان دەکرد و لە لەوەڕگاکان دووریان دەخستنەوە. واشیان کردبوو مەغۆلەکان لەناو خۆشیاندا شەڕ بکەن لەسەر بەدەستهێنانی لەوەڕگا.

قەراختاییەکان کاتێک هاتنە دەسەڵات باڵادەستی خۆیان سەلماند بەسەر هەموو دەوارنشینەکان، ترس و دڵەڕاوکێشیان خستە نێو دەسەڵاتدارانی خەلافەتی ئیسلامی کە هێرش بکەن چونکە بە شێوازێکی زۆر ڕێکخراو و ستراتیجی دەجەنگان. ئەم دەسەڵاتە دواتر ئایینی ئیسلامیان وەرگرت پاش داگیرکردنی ناوچەکانی ئێران و دەوڵەتی خوارزمیان دامەزراند کە سوڵتان محەمەد خوارزمشا لە نێوان ١٢٠٠-١٢٠٦ زایینی توانی سوپای غورییەکان تێک بشکێنێت و پایتەختەکەیان هەرات داگیربکات. سنووری دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتە تا هندستان درێژدەبووەوە بەمەش هەمیشە پارێزگارییان لە سەروەری خاکەکەیان دەکرد.

جەنگیزخان و دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل

مەغۆلستان ئەو وڵاتەی بەهۆی جەنگیزخانەوە توانی ناوێکی هەمیشەیی بۆ خۆی مسۆگەر بکات. هۆزەکانی مەغۆل لە بنەڕەتدا شوان و بەخێوکەری ئەسپ بوون، وڵاتەکەیان بە هۆی دژواری ژینگەکەی بە کەڵکی کشتوکاڵ نەدەهات کەش و هەوای وڵاتەکە وشک و گەرم بوو لە مانگەکانی ساڵدا تەنها سێ مانگ کەش و هەوا فێنک بوو لەو ماوەیەشدا زەوییەکان یەک پارچە سەوز بوون و بارانی بەخوڕ دەباری. لە مانگی ئەیلوولدا کەمێک کەش سارد دەبوو و لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەمدا بارانی بەلێزمە و بەخوڕ دەباری. هەندێک جاریش بەفر دەباری و ژیانی دەوارنشینانی هێندەی تر دژوار دەکرد. 

خاکی مەغۆل هیچ درەختێکی تێدا نەدەڕوا، زەوییەکی دەشتایی پان و بەرین بوو. پێش ئەوەی لە ساڵنامەی چینی ناوی مەغۆل بهێنرێت، ئەم هۆزانە لە نیشتمانی تایگا کۆچیان دەکرد بەرەو هەرێمەکانی خوارتر بۆ گەڕان بۆ لەوەڕگا بۆ ئاژەڵەکانیان، هەرگیز کشتوکاڵیان نەکردبوو چونکە هەم هەرێمی تایگا بەکەڵکی کشتوکاڵ نەدەهات و هەم خاکی مەغۆلیش دژوار بوو بۆ ئەو کارە نەدەشیا. 

ئەفسانەیەک لە بارەی ڕەگەزی مەغۆل هەیە لە کتێبی "مێژووی نهێنی" ئاماژەی پێ دراوە دەڵێت " لە ڕووباری ئونوون لە خوارووی چیای پیرۆزی بورقان قلدون شوێنگەی مانەوەی خواوەندی ئاسمان (کوکو تنگری) گورگێکی نێر و مەڕە کێوییەک چاویان بە یەکتر کەوتووە و لەگەڵ یەکتردا جووت بوون و لە ئانجامی ئەمەدا ڕەگەزی مەغۆل هاتۆتە کایەوە". 

یەکەم منداڵی ئەو دوو ئاژەڵە ناوی "دووبون" بوو کە دواتر ئالن کوا ژیانی هاوبەشی لەگەڵ ژنێک لە هۆزی دارستان نشینی کەناراوی ڕۆژاوای دەریاچەی بەیکاڵ پێکهێناوە. لەم ژنە دووبون دوو کوڕی هەبوو. دوای مردنی دووبون دەوترێت ژنەکەی بە پەرجوو سکپڕ بووە لەلایەن خواوەندی ئاسمان بەمەش ڕەگەزی مەغۆل دروست بووە. لایەنگرانی ئەم چیرۆکە دەڵێن منداڵەکانی ڕەگەزی مەغۆل خاوەنی پەرجوو و نەخشی پیرۆزن لە جەستەیان کە خواوەندی ئاسمان پێی بەخشیون بۆ نموونە "تیمۆجین" کە دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆلە لەناو لەپی دەستیدا نەخشێک هەبوو. 

ئەو منداڵانەی نەخش لە جەستەیان هەبوو جەژنیان بۆ سازدەکرا و پیرۆز دەکران چونکە دەوترا ڕۆحی خواوەند لە نێو ڕۆحی ئەم منداڵەدایە. ئەم بیروباوەڕە هۆکار بووە بۆ چاو نەترسی مەغۆلەکان و نانەوەی کێشە لەناوچەکەدا چونکە پێیان وابوو ڕۆحی خواوەند لەنێو لوولەکانی خوێنیاندایە. ساڵی ١١٥٠ ئیمپڕاتۆری چین ناسناوی خانی لەسەردارێکی مەغۆلنا بەناوی کایدۆش کە جەنگاوەرێکی بوێر بوو. دوای کایدۆ "ئەمبا کای" هاتە سەر حووکم لەم سەردەمەدا مەغۆل و تاتارەکان بوونە دوژمنی یەکتر و جەنگێکی خوێناوی لە نێوانیان دەستی پێ کرد. 

سەردارێکی هۆزێکی مەغۆل بەناوی یوسوگای لە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکدا تاتارێک بە دیل دەگرێت کە ناوی تیموجین بوو هەر لەو ڕۆژەشدا ژنەکەی یوسوگای منداڵێکی کوڕی بوو و ناویان نا تیموجین یان تیمۆجین. ڕێکەوتی لە دایکبوونی ساڵی بەراز بووە کە دەکاتە ساڵی ١١٦٧ زایینی. ئەم منداڵە لە نێو لەپی دەستیدا نیشانەیەک هەبوو. 

لە نێو مەغۆلەکان باوبوو لە دەرەوەی هۆزەکەیان ژن بۆ کوڕەکانیان بێنن، بەم جۆرە یوسوگای لە هۆزی ئۆنیگرات کچێکی بۆ تیمۆجین نیشان کرد کە ئەوکات تەمەنی ٩ ساڵان بوو، یوسوگای کوڕەکەی بە هۆزی ئۆنیگرات سپارد و خۆشی گەڕایەوە هۆزەکەی. لە ڕێگادا تووشی چەند تاتارێک بوو کاتێک یوسوگایان بینی زانیان دوژمنی دێرینیانە فەرمووی خواردنەوەیان لێکرد بەڵام ژەهریان خستبووە خواردنەوەکەی و بەمەش یوسوگایان ژەهر خوارد کرد، بەڵام ژەهرەکە بە هێواشی کاریگەری لەسەر دەردەکەوت بەمەش تا گەیشتە ماڵەوە تەواو پەکی کەوت و نەتوانرا ڕزگاربکرێت. 

تیمۆجین ناچاربوو بگەڕێتەوە هۆزەکەی خۆی تا سەرکردایەتی هۆزەکەی وەرگرێت بەڵام بنەماڵەی تایچوو ئامادەنەبوون ملیان کەچ بکەن بۆ منداڵێک. بەمەش خێزانەکەی یوسوگایان لە هۆزی مەغۆل بێبەش کرد. تیمۆجین تاکە ئامانجی بە دەستهێنانی پشتیوانی هۆزەکان بوو. چەند ساڵێک ژیانێکی پڕ لە زەحمەت و دژوارییان لە ئوتون عولیا بردە سەر ڕۆژانەیان بە چاندنی توو و سێوە بن عەرزیلە و ڕاوە ماسی بەسەر دەبرد، لەو ژیانە دژوارەدا تیمۆجین ببووە هاوڕێی منداڵێکی هاوتەمەنی خۆی بە ناوی "زامۆها" کە سوێندی برایەتیان بۆ یەکتر خوارد.

تیمۆجین هەر لە منداڵیدا کەسێک بوو یاسای دادەنا بۆ کەسوکاری، کاتێک زڕ براکەی چەند باڵندەیەکی ڕاوکراوی دزی تیمۆجین بێ داواکردنی هیچ پۆزش هێنانەوەیەک بکتیری زڕبرای بە تیرێک کوشت. سەرۆکی هۆزی تایچوو کاتێک دەبیستێ تیمۆجین لە ژیاندا ماوە بڕیاری کوشتنی بۆ دەردەکات، بەمەش تیمۆجین ناچار دەبێت ڕابکات دوای نۆ شەو و ڕۆژ برسیەتی تەنگی پێ هەڵچنی و خۆی دا بە دەستەوە. سەیر بوو نەکوژرا. تەنها بە دیل گیرا و گەڕاندیانەوە بۆ هۆزی تایچوو، بەڵام توانی ڕابکات لە شەوێکدا کە خەریکی ئاهەنگ گێڕان بوون و خۆی گەیاندەوە خێزانەکەی. 

لێرە بە دوا تیمۆجین ناوبانگی دەنگی دایەوە دوای ئەوەی ئەو کچەی بۆی دەست نیشان کرابوو لە هۆزی ئۆنیگرات خواستی و ژیانی لەگەڵ پێک هێنا. ئەم ژنە کەناوی "پۆرتی" بوو تەنها هاوژینێک نەبوو بەڵکو پشتوپەنای تیمۆجین بوو، لە هەموو بارودۆخێکدا لەگەڵیدابوو دڵخۆشبا ئەمیش خەندە لەسەر لێوی بوو، تیمۆجین خەمبار بایە ئەویش ماتەمینی بوو. 

لەو ساتە دژوارەدا تیمۆجین کەسێکی لێ پەیدابوو بەناوی تۆغرول کە لەگەڵ یوسوگای باوکیدا سوێندی برایەتی خواردبوو بۆیە هاوپەیمانی بۆ تیمۆجین دووپات کردەوە. لەم کاتەشدا هۆزی تیمۆجین لەلایەن میرکیتییەکان تاڵان کراو پۆرتی خێزانیان ڕفاند. 

تیمۆجین داوای یارمەتی لە تغرول کرد و ئەوانیش خێرا بە هانای هاتن بە ناردنی ٢٠ هەزار شەڕکەر و زامۆهاش لەگەڵ هۆزەکەی خۆی بەهانای هات ئەم هێزە سێ قۆڵییە لە دەشتی خیلۆک شوێنی لەدایکبوونی مرکیت، لە ناوچەیەک کە بە ئۆلان ئود ناسراو بوو و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێی دەوترێت بوریات. ئەم هێزە توانیان مرکیتەکان تێک بشکێنن و پۆرتی ڕزگاربکەن. 

لەو ڕۆژگارەدا تیمۆجین و زامۆها پەیوەندییەکی پتەویان هەبوو کاتێک هۆزەکەیان گواستەوە زامۆها بە تیمۆجینی وت "گەر لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە نیشتەجێ بین لەوەڕێکی باش دەبێت بۆ ئەسپەکانمان و ئەگەر لە کەناری ڕووبارەکە نیشتەجێ بین ئەوا شوانەکانمان بۆ ئاژەڵەکانیان ئالیکی باشیان دەبێت" لەم ساتەدا ڕۆڵی پۆرتی بە دیارکەوت کە تیمۆجینی ئاگادار کردەوە زامۆها مەبەستی نانەوەی دووبەرەکییە و دەیەوێت قۆرخکاری بکات. بەمەش ئەم دوو لاوە لە یەکتر جیابوونەوە. 

تیمۆجین وازی لە خەونەکەی نەهێنابوو سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی وایکرد خەڵکانێکی زۆر بێنە پاڵی و ببنە شوێنکەوتەی. قسەیەک هەیە دەڵێت: "تیمۆجین شوێنکەوتووی هەبوو لایەنگری نەبوو، چونکە ئەوەی شوێنکەوتەی بایە خیانەتی لێ نەدەکرد و لە پێناویدا دەجەنگا، بەڵام لایەنگرەکانی لەسەر چەند پەتێک یارییان دەکرد" ساڵی ١٢٠٦ تیمۆجین لە کەنار ڕووباری ئونون هەموو هۆزەکانی مەغۆلی کۆکردەوە و خۆی وەک خانی مەغۆل و ناسناوی جەنگیزخانی لە خۆی نا. ئەم ڕووداوە هاوکات بوو لەگەڵ دامەزراندنی یەکەم ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل کە لە هۆزی دەوارنشین پێکهاتبێت. 

وەک لەسەرەتادا ئاماژەمان پێدا ئەو ناڕێکییەی لە نێوان هۆزەکان هەبوو جەنگیزخان کۆتایی پێ هێنا و هەموویانی لە ژێر یەک ئاڵا و دەسەڵات کۆکردەوە. هەر کە دەسەڵاتی وەرگرت شاڵاوە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ هەرێم و وڵاتانی دەوروبەر دەستی پێکرد. جەنگیزخان دەیسویست ڕووبەرێکی فراوان بخاتە ژێر دەستی خۆی بۆ ئەمەش سوپایەکی بەهێزی پێکهێنا کە بە خێرایی پێشڕەوی بکەن. 

داگیرکاری مەغۆلەکان

لە دوای ساڵی ١٢٠٦ یەکەم وڵات کە کەوتە بەر شاڵاوی مەغۆل چین یان جین و هۆزی تاتارەکان بوون جەنگیزخان توانی بەزەبری هێز ملکەچیان بکات. لەلایەکی تر فەرماندە سۆبۆتای سەرکردایەتی هێزێکی کرد بۆ ناوجەرگەی سیبریا و توانی بەشی زۆری ڕووسیا داگیرکات بێ ئەوەی لە هیچ جەنگ و شەڕێکدا شکست بێنێت. فەرماندە زیلمی و زیبی و موهوالی بەرەو ڕۆژاوای ئاسیا و دەوڵەتی خوارزمی و ناوچە موسڵمانەکان هاتن و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی شارەکان داگیربکەن و کوشتار و تاڵانکاری ئێجگار گەورە بکەن کە شەقامەکانیان نغرۆی خوێن کردبوو و جۆگەلەی خوێن دروست ببوو. 

ئەم داگیرکارییە تا ساڵی ١٢٢٧ تا سنووری ئێران هات و بەشی زۆری کوردستانیش داگیرکرا. لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا جەنگیزخان هۆزی کسی کسیای چینی ملکەچ کرد و سەری سەرکردەکانیانی پەڕاند. هێزێکی تری مەغۆل پاش مردنی جەنگیزخان کەپێک هاتبوون لە کوڕ و نەوەکانی درێژەیان بە داگیرکاریدا تا لە ١٢٥٨ شاری بەغداد پایتەختی دەوڵەتی عەباسی داگیرکرد و کۆتاییان بە خەلافەتی عەباسی هێنا ئەم هێزە لەلایەن هۆلاکۆ خان سەرکردایەتی دەکرا. هێزێکی تری مەغۆل بەرەو باکووری ئەفریقا شاڵاویان برد و لەگەڵ مەمالیکەکان جەنگان بەڵام نەیانتوانی میسڕ داگیربکەن و فراوانخوازییان ڕاگیرا چونکە زیانێکی زۆریان لە شەڕی عەینجالوت بەرکەوت.

لە ساڵی ١٢٧٣ کۆتن خان نەوەی جەنگیزخان هێرشی کردە سەر دوورگەی سوشیمای یابان و بەشێکی دوورگەکەی داگیرکرد بەڵام ساموراییەکان توانیان بەرپەرچیان بدەنەوە و شکست بە داگیرکارییەکە بهێنن. دەوڵەتی مەغۆل بەردەوام بوو لە حووکمڕانی تا ١٤٠٥ زایینی کاتێک کۆتا فەرمانڕەوای مەغۆل بەناوی تەیموورلەنگ کۆچی دوایی کرد ئیمپڕاتۆریەتەکەش هەڵوەشایەوە.

چەک و کەرەستە جەنگییەکانی مەغۆل

مەغۆلەکان بە سادەترین چەک شەڕیان دەکرد کە تیر و شمشێر و ڕم بوو بەڵام کاتێک داگیرکاریان دەکرد لە شوێنە پێشکەوتووەکان هەوڵی شارەزابوونیان دەدا لە بەهرەی چەک سازانانی ئەو وڵاتانە بۆ نموونە کاتێک چینیان داگیرکرد تفەنگیان خستە نێو سوپاوە، مەنجەنیق و چەکی پێشکەوتووتریان خستە سوپاوە و وازیان لە تیر و شمشێر هێنا. ئەم پێشکەوتنەش بەڕای خۆم هۆکاری شکستی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل بوو چونکە دوای مردنی جەنگیزخان و کوڕ و نەوەکانی دەسەڵاتدارانی دواتر تێکەڵ بە شارستانیەت بوون و وازیان لە نەریتە کۆنەکان هێنا و زۆربەیان بوونە زانای ئایینی بەتایبەتی تەیموور لەنگ پەروەردە ببوو لە حوجرەی مزگەوتدا و قورئانی لەبەربوو. 


سەرچاوەکان



77 بینین