چەند زانیارییەک لەسەر یاری ڕێد دێد ڕێدێمپشن ٢

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-21-23:03:00 - کۆدی بابەت: 12609
چەند زانیارییەک لەسەر یاری ڕێد دێد ڕێدێمپشن ٢

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێد دێد ڕێدێمپشن ٢ (بە عەرەبی: رید دید ریدیمبشن ٢، بە ئینگلیزی: Red Dead Redemption 2رێد دێد ردێمپشن ٢ لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکرایەوە، کە یارییەکی ئەکشن و سەرکێشییە کە لەلایەن ستۆدیۆی رۆکستارەوە کاری پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی بۆ کراوە. یارییەکە سێیەم بەشی زنجیرە یاری (رێد دێد)ە کە تەواوکەری چیرۆکی بەشی یەکەمی یارییەکەیە کە لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە. چیرۆکی یارییەکە لە شوێنێکی دروستکراوی خەیاڵیە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە باس لە یاسا لادەرێک دەکات بە ناوی (ئارسەر مۆرگان)، کە ئەندامی دەستەی چەتەی (ڤان دێر لێند)ە، هەوڵدەدات لە ژیانی کێویانەی ڕۆژئاوا بە زیندووی بمێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت ڕووبەڕووی پیاوانی یاسا و چەتەکانی تر و هەندێک شتی تر ببێتەوە.

لە یارییەکە دەتوانی هەم بە کامێرای کەسی سێیەم یاخود کەسی یەکەم یاری پێبکرێت و یاریکەر دەتوانێت بە دڵی خۆی بە نێو جیهانە کراوەکەی یارییەکە گوزەر بکات. شێوازی یاری پێکردنی یارییەکە زۆر شت لە خۆی دەگرێت وەکو: تەقەکردن، تاڵانکردن، ڕاوکردن، ئەسپ سواری، گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵک، بەرزکردنەوەی شکۆی یارییەکە لە ڕێگای کردنی کار و کردەوەی چاك. ئەگەر یاریکەر کاری تاوانکاری بکات لە نێو یاریەکە ئەوە لەلایەن راوچیانی پارە ( باونتی هەنتەر) دەکرێتە ئامانج و لەلایەن یاسا داواکراو دەبێت.

پەرەپێدانی یاریەکە هەشت ساڵی خایاندووە، هەر لەگەڵ بڵابوونەوەی بەشی (رێد دێد رێدمپشن ١) دەست کراوە بە پەرەپێدانی و یەکێکە لەو یارییانەی کە زۆرترین تێچووی ویستووە بۆ دروست کردنی. رۆکستار هەموو تیمەکانی لە شوێنە جیاجیاکان یەکخست تاوەکو پەرەپێدانی یاریەکە ئاسانتر بکات. بۆ دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵی بۆ یارییەکە، پەرەپێدەران سوودیان لە شوێنە ڕاستەقینەکان وەرگرتووە تاوەکو بگونجێت لەگەڵ سەردەم و کاتی نێو یارییەکەیە. یارییەکە بە تایبەتی بۆ کۆنسڵانی نەوەی هەشتەم پەرەیپێدراوە، بۆ ئەم مەبەستە لە رێگای یاری (گراند زێفت ئۆتۆ) توانای کونسوڵەکانی ئەم نەوەیان تاقیکردبووە. تۆماری دەنگی (soundtrack)ی یارییەکە لەلایەن (وودی جاکسۆن) کاری بۆ کراوە و جگە لەو هەندێک تۆماری تریش لەلایەن (دانیال لانوا ) کاری بۆ کراوە.

ماوەی کارکردنی یاریەکە بۆ هەر هەفتەیەک بە کاتی زیادەوە ماوەی ١٠٠ کاتژمێر بووە. مۆدی ئۆنلاینەکەی ڕێگا بە ٣٢ یاریزان دەدات پێکەوە یاری بکەن و چالاکی جیاواز ئەنجام بدەن لە جیهانی یارییەکە. رێد دێد ردێمپشن ٢ بۆ کۆنسڵەکانی پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس یەک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ بڵاوکرایەوە، و بۆ ویندۆز و ستادیا لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە. چەندین پێوانەیەکی گەورەی تۆمارکرد، بووە دووەم پڕفرۆشترین یاری مێژوو لە کاتی دەرچوونی، تەنها لەو هەفتەیەی یاریەکەی تێدا بڵاوکرایەوە ٧٢٥ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە. ڕەخنەگران ستایشی یارییەکەیان لە ڕووی دەرهێنان و کەسایەتی و چیرۆک و جیهانە کراوەکەی و میوزیک و گرافیک و وردەکارییەکانی. یاری ساڵی بردەوە لە چەندین مەراسیم، ئەوەی نیشاندا کە یاری ڤیدیۆیی دەتوانێت ببێت بە هونەر و بووە یەکێک لە باشترینی یاریەکانی مێژوو. زیاتر لە ٥٠ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە و یەکێکە لە پڕفرۆشترین یاریەکانی مێژوو.

شێوازی یاریکردن (گەیم پلەی)

رێد دێد رێدمپشن دوو یاریەکی ئاکشن و سەرکێشیە لەسەر شێوەی جیهانی رۆژئاوایی. یارییەکی جیهانی کراوەیە لە ناوچەیەکی خەیاڵی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەو ساڵەی کە  چیرۆکی یارییەکەی تێدا دەست پێدەکات ساڵی  ١٨٩٩، کە دەتوانی هەم بە کامێرای کەسی یەکەم یان سێیەم یاری پێبکەیت. یارییەکە هەم یاریکردنی تاک (سینگڵ پلەیەر) و هەمیش مۆڵتەپلەیرە (فرە یاریزان) کە لە ژێر ناوی رێد دێد ردێمپشن ئۆنڵاین بڵاوکرایەوە. لە زۆربەی چیرۆکی یاریەکە یاری بە کەسایەتییەکی لە یاسا دەرچوو (ئارسەر مۆرگان) دەکەی کە ئەندامێکی دەستەی چەتەیی (ڤان دێر لێند)ە و ئەرکەکانی پێ تەواو دەکەی تاوەکو چیرۆکی یارییەکە بەرەو پێش بچێت، لە بەشی دووهەمی چیرۆکی یارییەکە یاری بە (جۆن مارستن) دەکەیت کە هەمان کەسایەتی بەشی یەکەمی یاریەکەیە. لە دەرەوەی ئەرکەکانی یارییەکە دەتوانی بە دڵی خۆت بە نێو جیهانی یارییەکە بگەڕێیت. شەڕکردن لە یارییەکە چەندین جۆری جیاوازی هەیە وەکو: شەڕکردن بە چەک، دەستە و یەخە، بە تەقەمەنی، و چەندان شێوازی تر. کاتێک یاری بە ئارسەر دەکەیت یاریکەر دەتوانێت مەلە بکات، بەڵام بە جۆن مارستن ناتوانێت.

یاریەکە لە چەندین پانتایی جیاواز پێکدێت کە خەڵکانی جیاوازی تێدایە وەکو: گەڕۆک، چەتە، سروشت، شوێنی شارستانی وەک گوند و شار و کێڵگەی تێدایە. ئەسپەکان گەورەترین هۆی گواستنەوەی نێو یارییەکەن و چەندین جۆر یان توخمی جیای تێدایە و کە بەهرەی جیاوازیان هەیە. یاریکەر دەتوانێت ئەسپ بدزێت یان خۆی ئەسپێکی کێوی ماڵی یان ڕاهێنانی پێبکات، بۆ ئەوەی ئەسپت هەبێت دەبێت ماڵییان بکەیت. یاریکەر پێویستە ئەسپەکەی پشوو پێبدات، نانی پێ بدات، خاوێنی بکاتەوە، یاری لەگەڵ بکات و تا زیاتر ئەسپ سواری بە ئەسپەکەیەوە بکات پەیوەندی نێوان کەسایەتی یارییەکە و ئەسپەکە بەهێزتر دەبێت.

یاریکەر دەتوانێت بە گالیسکە و بە شەمەندەفەریش گەشت بکات، یاریکەر دەتوانێت شەمەندەفەر و گالیسکە تاڵان بکات لە رێگای هەڕەشەکردن لە سەرنشینەکان یاخود شوفێرەکەی. یاریکەر لە نێو جیهانی یارییەکە زۆر ڕووداوی لەناکاو و جیاواز دەبینێت وەکو هێرش کردنە سەری، تاوانکاری، لە سێدارەدانی دانی بەردەم خەڵک، هێرش کردنی ئاژەڵان. و ئەگەر یارمەتی خەڵکی نێو یارییەکە بدەی ڕەنگە خەڵات بکرێیت. لە نێو جیهانی یارییەکە زۆر ئەرکی لاوەکی و جیاوازی تێدایە وەکو: قسەکردن لەگەڵ خەڵکی نەناسراو، زۆرانبازی، ڕاوکردنی تاوانباران، گەڕان بەدوای نەخشراوی سەر بەرد، یاری کارت، پۆکەر، یاری چەقۆ و پەنجە. بۆ ئەوەی ئاژەڵێک ڕاوبکەیت دەبێت خواردن و کەلوپەلی تایبەت بە ئاژەڵەکەت پێبێت. ئەو چەکەی یاریکەر بەکاریدەهێنێت بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵەکە کاریگەری لەسەر گۆشت و چەرمی ئاژەڵەکە دەکات، یاریکەر دەتوانێت دوای ڕاوکردنی ئاژەڵەکە کەوڵی بکات و بیبات بۆ لای گۆشت فرۆش، بەڵام چەند کاتی بەسەر ڕاوکردنی بڕوات نرخی دادەبەزێت.

لە هەندێک شوێنی چیرۆکی یارییەکە هەلی ئەوە بە یاریکەر دەدات کە ئەرکێکی لاوەکی ڕەتبکاتەوە یان قبولی بکات، کە بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر ڕووداوەکانی پاش بڕیارەکە و دەیگۆڕێت. یاریکەر دەتوانێت لە کاتی قسەکردن لەگەڵ خەڵکی ئاسایی ناو یارییەکە هاوڕێیانە بێت یان سوکایەتیان پێ بکات. سیستمی شکۆ ئەو سیستمەیە کار و کردەوەی یاریکەری لە نێو یارییەکە هەڵدەسەنگێنێت بە چاک و خراپ، یارمەتیدانی خەڵکی و رێزگرتن لێیان و پەیڕەکردنی یاسا و لێخۆشبوون لە دوژمنەکەت و لە شەڕی دووانە بە کردەوەی باش دادەندرێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شکۆی کەسایەتی نێو یاریەکە، و کردەوەی خراپ وەکو دزیکردن و کوشتن دەبێتە هۆی بەدناوکردنی کەسایەتی یارییەکە و دابەزاندنی شکۆی. گفتوگۆی کەسایەتی یارییەکە لەگەڵ خەڵک دەگۆرێت بە پێی ئاستی شکۆی کەسایەتییەکە، و ئەگەر یاریکەر شکۆی بەرزبێت ئەوا دەتوانێت جلوبەرگ و کەلوپەلی تایبەت بەدەست دەهێنێت و ئەوە جگە لەوەی داشکانی تایبەتیشی بۆ دەکرێت لە فرۆشگاکان، بەڵام شکۆی نزم بێت ئەوە لە کاتی پشکنین کردن شتی کەمتر وەردەگرێت.

خوێن و هێز و توانای کەسایەتی یارییەکە شێوازی کارکردنی تایبەت بە خۆی هەیە لە یارییەکە و دەگۆڕێت. سەرما و گەرما کار لە تەندروستی کەسایەتی نێو یارییەکە دەکات و بۆ رێگری کردن لەمەش پێویستە جلوبەرگی گونجاو لەگەڵ کەش و هەوا بپۆشێت. ئەو ڕێژە خواردنەی کەسایەتی یارییەکە دەیخوات کاریگەری دەکاتە سەر کێشی بە کەم و زۆر، ئەگەر کێشی کەم بێت خوێنی کەم دەبێت بەڵام هێزی زۆر دەبێت و ئەگەر کێشی زۆر بێت زیاتر بەرگەی برینداربوون دەگرێت بەڵام هێزی کەم دەبێت. خواردن و نووستن دۆخی تەندروستی کەسایەتی یارییەکە هاوسەنگ دەکاتەوە. کەسایەتی یارییەکە دەتوانێت خۆی بشوات و تاوەکو بە خاوێنی بمێنێتەوە و سەردانی سەرتاشخانە بکات بۆ چاکردنی قژ و ڕیشی، زۆربوونی قژ و ڕیشی کەسایەتی یاریەکە ڕاستەقینەیە و بە پێی کات زۆر دەکات.

چەکەکانی نێو یاریەکەش بەهەمان شێوەی کەسایەتی یاریەکە پێویستە خاوێن بکرێنەوە بۆ ئەوەی هێزی خۆیان لە دەست نەدەن. ئەگەر چەکێک بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنیت ئەوە بەکارهێنانی لەلایەن کەسایەتی یاریەکە باشتر دەبێت و ئەزموونی زیاتری پێ پەیدا دەکات. کەسایەتی یارییەکە دەتوانێت بەبێ خۆ حەشاردان و بە حەشاردانەوە تەقە بکات لە خەڵک یان ئاژەڵەکان. دەتوانیت تەقە لە شوێنە جیاوازەکانی جەستە بکەیت تاوەکو بەرامبەرەکەت بریندار بکەی و نەیکوژیت بۆ نموونە قاچ یان دەست. یاریەکە پڕە لە چەکی جۆراوجۆرە وەکو: تاپڕ و دەمانچە و چواردە خۆری و برنۆ و تەقەمەنی هتد، ئەمە جگە لەو شتانەی لە شەڕی دەستە و یەخە بەکاردێت وەکو چەقۆ و چەکوش. یاریکەر دەتوانێت دێد ئای بەکاربێنێت بۆ هێواش کردنەوەی کات و پێکانی دوژمنەکەی. (دێد ئای) کەسایەتی یارییەکە لە نێو یاریەکە بەهێزتر دەبێت بە پێی تێپەڕبوونی کات و دەتوانێت چەندین ئامانج بە دوای یەک بپێکێت. 

کاتێک کەسایەتی سەرەکی یاریەکە تاوانێک دەکات ئەوە شاهێد حالی ڕووداوەکە هەواڵ بە پیاوانی یاسا دەدات، بەڵام دەتوانرێت پێش ئەوەی بگاتە لایان رێگری لێبکرێت. پیاوانی یاسا دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن دوای ئەوەی هەواڵیان پێدەگات، دوای ئەمەش ئەگەر نەیانتوانی دەستگیرت بکەن ئەوە پارە لەسەر کوشتنت یاخود دەستگیرکردنت دادەنێن و نرخەکە بە کردنی تاوانی زیاتر زیاد دەکات و کەسانی زیاتر بە دواتەوە دەبن. و ئەگەر تاوانەکانی کەسایەتی یارییەکە بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر زیاد بکات ئەوا مارشاڵی ئەمەریکی خۆیان دێن بە دوای. بۆ ئەوەی نەگیرێیت دەتوانیت رابکەی و یاخود ئەو کەسانەی بە دواتەوەن بکوژی. ئەو هەرێمانەی کە تاوانەکەی لێدەکرێ کاریگەری جیاوازی لێدەکەوێتەوە وەکو: خەلک کەمتر دەبیندرێن لێی و دێنە دەرەوە، و ئەو هەرێمە هاتن و چوونی تێدا قەدەغە دەکرێت. یاریکەر دەتوانێت خۆشی بە دەستەوە بدات گەر حەز بکات یاخود دەتوانێت ئەو بڕە پارەی کە لەسەر کوشتن یان گرتنی داندراوە بدات و ڕزگاری ببێت.

چیرۆکی یاریەکە

دوای تاڵانێکی گەورە چەتەکانی (ڤان دێر لێند)  لە ساڵی ١٨٩٩، ناچار دەبن ڕابکەن و ناوچەی (بلاک واتەر) جێبهێلن. دوای ئەوە دەستەکە هەست بەوە دەکەن بەهۆی بڵابوونەوە و گەشەکردنی شارستانییەت ئیتر ژیانی لە یاسا لادەری چیتر بۆیان ناچێتە سەر، بۆیە بڕیاردەدەن پارەیەکی زۆر کۆبکەنەوە و خانەنشین ببن. شەمەندەفەرێک تاڵان دەکەن کە لەلایەن (کۆرن واڵ) خاوەندارێتی دەکرێت، ئەوە خاوەنەکانی شەمەندەفەرەکە دەستەی (پینکێرتۆنس) بەکرێ دەگرن تاوەکو تاڵانکەرانی شەمەندەفەرەکە بە سزای خۆیان بگەینن. دەستەی چەتەیی (ڤان دێر لێند) بەردەوام تاڵانکردن لە دوای تاڵانکردن ئەنجام دەدەن بۆ بەدەست هێنانی پارە و سەرۆکی دەستەکە (دەچ) هەمیشە بەلێن دەدات کە ئەوە دواین کارمان دەبێت.

دوای ئەو کێشەی لەگەڵ (کۆرن واڵ) بۆیان دروست بوو لە ڤالانتاین کۆچ دەکەن بۆ (لیمۆینی)، کە لەو کاتەدا هەردوو خێزانی (گرەیس) و (برەیس وەیتس) کێشەیان لە نێواندا هەبوو، دەستەکەش بۆ هەردوو لا کاریان دەکرد و دەیانویست ئاگری نێوانیان خۆشتربکەن. بەڵام ئەوەی ئەوانی بەکاردێنێ هەردوو خێزانەکە بوون زەبرێکی کوشندەیان لە دەستەکەدا بە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی دەستەکە لەلایەن (گرەیس) و هەروەها خێزانی (برەیس وەیتس) جاک بچووکترین ئەندامی دەستەکە دەڕفێنن و دەیفرۆشن بە (برۆنتێ). دەستەکە دەستە وەستان نابن لەبەرامبەر ئەو کارەیان و هەردوو خێزانەکە لە ناودەبەن و دواتر دەڕۆن بۆ هێنانەوەی جاک. دەچ (ئەنجێلۆ برۆنتێ) دەڕفێنێت ئەو کەسەی کە جاکی کڕی بووە و دەیداتە تیمساحەکان، کە ئەمەش لەلایەن جۆن و ئارسەر کارێکی خراپ بوو وە گومانیان لەلایەنی دەروونی دەچ کرد دوای ئەم ڕووداوە.

لە کاتی تاڵانکردنی  بانکێک لە (سانت دێنیز) باندەکە لەلایەن (پینکێرتۆنس)ەکان هێرشیان دەکرێتە سەر و (خۆسیا) دەکوژن و (جۆن) بە دیل دەگرن. دەچ و ئارسەر و خافیەر و مایک هەڵدێت لە رێگای کەشتییەک کە بۆ کوبا دەچێت. گەردەلوولێکی بەهێز کەشتییەکەیان نقوم دەکات و دەکەونە سەر دوورگەیەک بەناوی (گوارما)، کە لەو کاتەدا لەم دوورگەیە شەڕ هەیە لە نێوان دەرەبەگی زەوییەکی کشتوکاڵی شەکر بە ناوی (فوسێر) و خەڵکی ئاسایی دوورگەکە کە یاخی ببوون. دوای ئەوەی هاوکاری خەڵکە ئاساییەکە دەکەن و دەرەبەگەکە لەناو دەبەن، دەگەڕێنەوە بۆ ئەمەریکا و دەچنەوە لای دەستەکەیان. 

دەچ بریار دەدات کە تاڵانێکی تر بکەن، بەڵام گومانی لە وەفاداری ئارسەر بۆ دروست دەبێت دوای ئەوەی جۆن ڕزگار دەکات بەر لەو کاتەی ئەو داینابوو، بۆیە مایکە دەکات بە پیاوی سەرەکی خۆی لە نێو دەستەکە لە شوێنی ئارسەر. ئارسەر پێی وایە هیچی تر دەچ ئەو پیاوە نییە کە دەیناسی پێشتر، چونکە بووەتە کەسێکی دوورە پەرێز و بڕیاری کوشتنی (کۆرن واڵ)ەکان دەدات و کاری شێتانە دەکات و وازی لەو بەهایەنە هێناوە کە باوەڕی پێ هەبوون. دوای ئەوەی کە دەزانێت تووشی نەخۆشی سیل بووە ویژدانی قوڵتر دەبێتەوە لەو کارانەی کە دەیبینێت و دەیکات. بۆیە ئارسەر زیاتر بیری لەو کارانە دەکردەوە کە دەیکرد بۆ پاراستنی دەستەکە، داوا لە جۆن دەکات کە ڕابکات لەگەڵ ئەبیگێلی هاوژینی و جاکی کوڕی، دژی بڕیاری دەچ وەستایەوە و یارمەتی هیندییە سوورەکانی دا. دوای ئەوەی لەلایەن (پێندەرۆس) ەکان دیسانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر دەچ دەست دەکات بە گومان کردن لە ئەندامانی دەستەکەی و پێی وایە سیخورن، زۆرێک لە ئەندامانی دەستەکە دەرۆن و دەستەکە جێدەهێڵن، بەڵام دەچ و مایکە پلانی دواین تاڵان دادەنێن کە تاڵان کردنی کاروانێکی سوپایە.

ئارسەر زیاتر گومان لە دەچ دەکات دوای ئەوەی واز لە ئارسەر دەهێنێت بۆ ئەوەی بەتەنیا لەگەل سوپا جێی دەهێڵێت و واز لە جۆن دەهێنێت بمرێت و ڕەتیدەکاتەوە ئەبیگێل ڕزگار بکات کە ڕفێندرابوو. ئارسەر و سادیێ ئادلەر، ئەبیگێل ڕزگار دەکەن لە دەست مێلتۆن، کە ناوی مایکە دەهێنێت کە لەگەڵ (پێندەرۆس) ەکان کار دەکات وەک سیخورێک و پێش ئەوەی ئەبیگێل بیکوژێت. ئارسەر دەگەڕێتەوە کەمپەکە و مایکە بەوە تۆمەتبار دەکات کە خیانەتی کردووە. دەچ و بێل و خافیەر دژی ئارسەر دەوەستنەوە باوەڕی پێ ناکەن و دەچنە بەرەی مایکە و جۆن و ئارسەر بەتەنیا دەمێنەوە، بەڵام هەر لەو کاتە (پێندەرۆس)ەکان هێرش دەکەن. لەو کاتە یاریکەر دوو بژاردەی دەبێت یان یارمەتی جۆن بدات کە ڕابکات یاخود بچێت و پارەی دەستەکە لە کەمپەکە بهێنێت. مایکە هێرش دەکاتە سەر ئارسەر و لەو کاتەدا دەچ دێتە ناو شەڕەکەیان، ئارسەر دەچ قایل دەکات کە بڕوات و واز لە مایکە بێنێت. ئەگەر یاریکەر شکۆی بەرزبێت ئەوە ئارسەر بە دیار ئاوابوونی خۆرەوە گیان دەسپێرێت، بەڵام ئەگەر شکۆی نزم بێت ئەوە مایکە دەیکوژێت.

هەشت ساڵ دواتر لە ساڵی ١٩٠٧، جۆن و خێزانەکەی دەیانەوێت ژیانێکی ئاساییانە بژین. لە کێلگەیەک کار دەکەن لەوێ جۆن دژی لە یاسا لادەرەکان دەوەستێتەوە و ئەمەش خاوەنی کێلگەکەی دەترسێنێت. دوای ئەم ڕووداوە ئەبیگێل لەگەل جاک دەڕوات، چونکە پێی وایە جۆن واز لە خووە کۆنەکانی ناهێنێت. دوای ئەوە جۆن دەزانێت کەوا مایکە دەستەیەکی تایبەت بە خۆی هێناوە، جۆن لەگەڵ سێدیێ ئادلەر و چارلس، هێرش دەکەنە سەر کەمپەکەی و دەچ لەوێ پەیدا دەبێت و جۆن مایکە دەکوژێت، جۆن قەرزی دەستەکە دەداتەوە لە بلاک واتەر. جۆن هاوسەرگیری لەگەڵ ئەبەگێل دەکات و لەگەڵ (مامە) و جاک لە کێلگەیەک دەژین و چارلس و سێدیێ دەکەونە دوای ژیانی خۆیانەوە. ئێدگار رۆس بە دوای بکوژی مایکە دەگەڕێت و جۆن دەدۆزێتەوە کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ڕووداوەکانی چیرۆکی یاری رێد دێد رێدمپشن ١.


سەرچاوەکان



39 بینین