نیشانە و هۆکارەکانی وەستانی سوڕی مانگانە لە تەمەنی گەنجیدا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-30-15:34:00 - کۆدی بابەت: 12716
نیشانە و هۆکارەکانی وەستانی سوڕی مانگانە لە تەمەنی گەنجیدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەمانی سوڕی مانگانە یان وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە یان زوو وەستانی سووڕی مانگانە (بە ئینگلیزی: Premature menopause یان Early menopause، بە عەرەبی: انقطاع الطمث المبكر) قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانە کاتێکە کە چیتر ناتوانیت دووگیان بیت. ئافرەتان لە سەرەتای تەمەنی پەنجا ساڵیدا بە شێوەیەکی سروشتی سوڕی مانگانەیان دەوەستێت. پێش تەمەنی ٤٠ ساڵی وەستانی سوڕی مانگانە پێیدەوترێت وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە (Premature menopause) بەڵام زوو وەستانی سوڕی مانگانە بەو کاتە دەوترێت کە لە پێش تەمەنی ٤٥ ساڵیدا وەستانی سوڕی مانگانە ڕوودەدات (Early menopause). نیشانەکانی ئەم حاڵەتانە هاوشێوەی وەستانی سوڕی مانگانەی سروشتین و زۆرجار هۆکارەکان نەزانراون.

زوو وەستانی سوڕی مانگانە چییە؟

زوو وەستانی سوڕی مانگانە و وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە حاڵەتێکن کە ئافرەت لە تەمەنێکی زووتردا بە وەستانی سوڕی مانگانەدا تێدەپەڕێت لەوەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی چاوەڕوان دەکرێت. وەستانی سوڕی مانگانە خاڵێکە لە ژیانی ئافرەتدا کاتێک سوڕی مانگانەی کۆتایی دێت. بە شێوەیەکی ئاسایی لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا ڕوودەدات، دوای ئەوەی ١٢ مانگ بەبێ ماوەی سوڕی مانگانە تێپەڕ دەکات.

زووترین تەمەن بۆ وەستانی سوڕی مانگانە چەندە؟

لەوانەیە زوو وەستانی سوڕی مانگانە ڕووبدات کە کەسێک لە تەمەنی بیست و سی یان چل ساڵیدا بێت. سوڕی مانگانەی پێشوەختە باس لە وەستانی سوڕی مانگانە دەکات کە هەر کاتێک پێش تەمەنی ٤۰ ساڵی ڕووبدات. زۆر دەگمەنە کە پێش تەمەنی ٣٠ ساڵی ڕووبدات.

دەکرێت لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا وەستانی سوڕی مانگانە ڕووبدات؟ بەڵێ، دەستپێکردنی وەستانی سوڕی مانگانە لە دەوروبەری تەمەنی ٣٥ ساڵیدا بە وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە دادەنرێت.

وەستانی زووی سوڕی مانگانە چەنێک باوە؟

زوو وەستانی سوڕی مانگانە (پێش ٤٥ ساڵ) لە نزیکەی ٥٪ی ژنان ڕوودەدات. وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە (پێش ٤٠ ساڵ) لە نزیکەی ١٪ی ئافرەتان ڕوودەدات. زۆر دەگمەنە کە لە بیست ساڵییەکاندا ئەزموونی وەستانی سوڕی مانگانە بکەیت. ئەمە لە نزیکەی ٠.١ ٪ی ئافرەتان ڕوودەدات.

هۆکارەکانی زوو وەستانی سوڕی مانگانە چین؟

زۆرێک لە هۆکارەکانی زوو وەستانی سوڕی مانگانە و هۆکارەکانی وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە هەمان شتن. هەندێک لەو هۆکارانە چارەسەری شیرپەنجە، نەشتەرکاری یان هەندێک حاڵەتی تەندروستی دەگرێتەوە. بەڵام هەندێک جار دەکرێت هۆکارەکەی نەزانراو بێت. هەر شتێک کە زیان بە هێلکەخانەکان بگەیەنێت یان جەستە لە دروستکردنی ئیسترۆجین ڕابگرێت دەتوانێت ببێتە هۆی وەستانی سوڕی مانگانە. هەروەها زوو وەستانی سوڕی مانگانە و وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە زۆرێک لە نیشانەکانی وەستانی سوڕی مانگانەیان هەیە.

هەندێک لە هۆکارەکانی زوو وەستانی سوڕی مانگانە و وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە بریتین لە:

  • چارەسەری کیمیایی یان تیشک بۆ چارەسەری شێرپەنجە.
  • نەشتەرکارییەک کە هێلکەدانەکان لادەبات.
  • نەشتەرکاری بۆ لابردنی میزڵدانەکان.
  • مێژووی خێزانی بۆ وەستانی سوڕی مانگانە تەمەنێکی زوودا.
  • زوو دەستپێکردنی سوڕی مانگانە بۆ نموونە پێش تەمەنی یانزە ساڵی.
  • ناتەواوییە کرۆمۆسۆمییەکان وەک Fragile X یان کۆنیشانەی تێرنەر.
  • نەخۆشییەکانی بەرگری خۆیی وەک نەخۆشی جومگەی ڕۆماتیدی، نەخۆشی کرۆن یان نەخۆشی غودە.
  • جگەرە کێشان.
  • هەوکردنی دەماخ و دڕەکەپەتک یان کۆنیشانەی ماندوێتی درێژخایەن.
  • هەبوونی ڤایرۆسی نەمانی بەرگری لەش یان ئایدز.
  • هەوکردن وەک ملە خڕە.
  • ئەکرێت سەدمەی لەناکاو یان بارێکی دەروونی سەختی چاوەڕواننەکراو هۆکار بێت بۆ زوو وەستانی سوڕی مانگانە. 
  • هەندێک جار هیچ هۆکارێک نییە بۆ زوو یان پێش وەختە وەستانی سوڕی مانگانە. ئەمە لە ٥٠٪ی خەڵکدایە بەو جۆرەیە.

چۆن دەزانیت کە تووشی پێش وەختە یان زوو وەستانی سوڕی مانگانە بوویت؟

لەوانەیە چەند ساڵێک پێش کۆتایی سوڕی مانگانەت دەست بکەیت بە ناڕێکی سوڕی مانگانە. سووڕی مانگانەی درێژتر یان کورتتر، ماوەی نێوان سوڕی مانگانە یان گۆڕانکاری لە خوێنبەربوونی ژن زۆرجار هەندێک لە نیشانە یەکەمییەکانن. ئەگەر ئەزموونی سوڕی مانگانەی ناڕێک دەکەیت، قسە لەگەڵ دابینکەری چاودێری تەندروستی بکە بۆ ئەوەی بەدوای هۆکارە شیاوەکاندا بگەڕێیت.

نیشانەکانی دیکەی پێش وەختە یان زوو وەستانی سوڕی مانگانە زۆرێک لە نیشانەکانی وەستانی سوڕی مانگانە دەگرێتەوە. ئەو نیشانانەی کە دەتوانیت ئەزموونی بکەیت:

  • بروسکەی گەرم (گەرمی لەناکاو کە بەسەر جەستەدا بڵاو دەبێتەوە).
  • ئارەقی شەوانە.
  • وشکبوونەوەی زێ و ناڕەحەتی لەکاتی سێکسدا.
  • زوو زوو میزکردن.
  • زیادتر هەوکردنی ڕێڕەوی میز (UTIs).
  • بێخەوی.
  • گۆڕانی هەستی (تووڕەیی، گۆڕانی دەروون، خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ).
  • وشکبوونی پێست، چاو یان دەم.
  • نەرمبوونی مەمک.
  • دڵە کوتێ و ناڕێک لێدانی دڵ.
  • سەرئێشە.
  • ئازاری جومگە و ماسولکەکان.
  • گۆڕانکاری لە کاتی سێکسدا.
  • زەحمەتی تەرکیزکردن یان لەبیرچوونەوە.
  • زیادبوونی کێش یان لەدەستدانی کێش.
  • لەدەستدانی قژ یان تەنکبوونەوەی.

دەستنیشانکردنی زوو وەستانی سوڕی مانگانە

ئەگەر پێش تەمەنی ٤٥ ساڵی نیشانەکانی وەستانی سوڕی مانگانەت هەبێت، ئەوا لەوانەیە دابینکەری چاودێری تەندروستی چەندین پشکنین ئەنجام بدات و پرسیار بکات بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردن. دەستنیشانکردنی پێش وەختە یان زوو ڕوودانی وەستانی سوڕی مانگانە دەکرێت ئەمانەی تێدابێت:

  • پرسیار کردن دەربارەی ڕێکی سوڕی مانگانەت.
  • باسکردنی هەر جۆرە مێژوویەکی خێزانی لەسەر وەستانی سوڕی مانگانە لە تەمەنێکی زوودا.
  • پشکنینی جەستەیی.
  • پشکنینی خوێن بۆ بینینی ئاستی هۆرمۆنەکان.
  • گەڕان بەدوای نەخۆشییەکی تری پزیشکی کە دەکرێت دەستێوەردان بکات لە نیشانەکان وەک نەخۆشی غودە.
  • ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەی ١٢ مانگی لەسەر یەک سوڕی مانگانەیان نەبووە و هیچ دەرمانێکیان نەخواردووە کە بتوانێت سوڕی مانگانە بوەستێنێت، دەکرێت گەیشتبێتە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانە.

چۆن چارەسەری زوو وەستانی سوڕی مانگانە دەکرێت؟

چارەسەری زوو یان پێش وەختە وەستانی سوڕی مانگانە دەکرێت بگۆڕێت بەپێی ئەوەی بۆچی وەستانی سوڕی مانگانە زووتر لە ئاسایی دەستی پێکردووە. بە ڕەچاوکردنی مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە زوو وەستانی سوڕی مانگانە، دابینکەرەکان پێشنیاری چارەسەری جێگرەوەی هۆرمۆنی (HRT) دەکەن، مەگەر هۆکارێک هەبێت بۆ ناسەلامەتی چارەسەری هۆرمۆنی (وەک ئەوەی تووشی شێرپەنجەی مەمک بوویت).

چارەسەری جێگرەوەی هۆرمۆنی هەندێک لە هۆڕمۆنە کەمبووەوەکانی جەستە دەگۆڕێتەوە ئەمە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکان و کاریگەرییە لاوەکییەکانی وەستانی سوڕی مانگانە دەدات و مەترسی حاڵەتە تەندروستییەکان کەم دەکاتەوە کە بەهۆی زوو یان پێش وەختە وەستانی سوڕی مانگانەوە دروست دەبێت. دابینکەرەکان بە شێوەیەکی ئاسایی چارەسەری جێگرەوەی هۆرمۆنی دەنووسن تا ئەوەی خەڵک دەگەنە تەمەنی دەبێتە ٥١ ساڵ (ئەو کاتەیە کە زۆربەی خەڵکی دەگەنە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانە).

گرنگ ئەوەیە کە باس لە چارەسەر و زیانەکانی چارەسەری هۆرمۆنی بکەیت لەگەڵ دابینکەرەکەت. ئەگەر نەزۆکیت هەیە لە ئەنجامی زوو یان پێشوەختە وەستانی سوڕی مانگانە، گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆڕێکی دووگیانی بکە کە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەت بۆ بوون بە دایک و باوک.

مەترسییەکانی زوو یان پێش وەختە ڕوودانی وەستانی سوڕی مانگانە چین؟

ئەو کەسانەی کە زوو بە کاتی وەستانی سوڕی مانگانەدا تێدەپەڕن نیشانەکانی تووشبوونیان بە وەستانی سوڕی مانگانە توندتر دەبێت. ئەم نیشانانە لەوانەیە ببنە هۆی تێکچوونی سێکسی یان لەدەستدانی هۆگری.

هەروەها ئەو کەسانەی کە ئەزموونی زوو یان پێش وەختە ڕوودانی وەستانی سوڕ مانگانە دەکەن، ساڵانێکی زیاتر بەبێ سوودەکانی ئیسترۆجین بەسەر دەبەن. بەبێ بڕێکی ئاسایی ئیسترۆجین، لە مەترسییەکی زیاتردا دەبیت بۆ هەندێک حاڵەتی تەندروستی وەک:

چەند پرسێک

جیاوازی چییە لە نێوان زوو وەستانی سوڕی مانگانە و وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە؟

جیاوازی نێوان زوو وەستانی سوڕی مانگانە و وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە ئەو کاتەیە کە ڕوودەدەن واتا تەنها لە کاتی ڕووداندا جیاوازن. وەستانی سوڕی مانگانە پرۆسەیەک نییە، بەڵکو خاڵێکە لە کاتێکدا کە سوڕی مانگانە کۆتایی دێت.

  • زوو وەستانی سوڕی مانگانە ئەو کاتەیە کە پێش تەمەنی ٤٥ ساڵیدا ڕوودەدات.
  • وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە ئەو کاتەیە کە پێش تەمەنی ٤٠ ساڵی ڕوودەدات.

جیاوازی چییە لە نێوان شکستی پێش وەختەی هێلکەدان و  وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە؟

وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە هەمان شکستی هێلکەدان نییە، هەرچەندە هەندێک کەس زاراوەکان بە تێکەڵی بەکاردەهێنن. دابینکەرانی چاودێری تەندروستی ئاماژە بە شکستی هێلکەدان دەکەن وەک کەمی هێلکەدانی سەرەتایی (POI).

کەمی هێلکەدانی سەرەتایی حاڵەتێکە کە ماوەکانی سوڕی مانگانە لەناکاو و بە شێوەیەکی خۆڕسک کۆتایی پێ دێت، یان زوو و زوو کۆتایی پێدێت و دەگەڕێتەوە دواتر. کەمی هێلکەدانی سەرەتایی وەک ئەوە نییە کە زوو وەستانی سوڕی مانگانە و وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە ڕوویدابێت، چونکە لەگەڵ کەمی هێلکەدانی سەرەتایی، ئەگەری ئەوە هەیە کە سوڕی مانگانە بگەڕێتەوە.

ئەو کەسانەی کە کەمی هێلکەدانی سەرەتاییان هەیە لەوانەیە هێشتا هێلکەدابنەن، تووشی سوڕی مانگانە بن یان دووگیان بن. لەگەڵ زوو وەستانی سوڕی مانگانە یان وەستانی سوڕی مانگانەی پێش وەختە، هێلکەدانان دەوەستێت و تووشی سوڕی مانگانە نابیتەوە، و بەمەش توانای دووگیانی لەدەست دەدەیت.

ئایا فشاری دەروونی دەتوانێت زوو وەستانی سوڕی مانگانە دروست بکات؟

فشاری دەروونی لە چالاکییەکانی ڕۆژانە، کار یان ڕووداوەکانی تری ژیان هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی زوو یان پێش وەختە تووشی وەستانی سوڕی مانگانە ببیت. ئەگەر هەست بە فشاری دەروونی دەکەیت کە دەستێوەردان لە ژیانی ڕۆژانەت یان دڵخۆشیت دەکات، قسە لەگەڵ دابینکەری چاودێری تەندروستی بکە دەربارەی نیشانەکانت. ئەوان دەتوانن چەند ئامۆژگاریەکت پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن لە کۆنترۆڵکردنی فشارەکانت.

ئەگەری دووگیان بوون هەیە دوای وەستانی سوڕی مانگانە؟

هەردوو زوو و پێش وەختە وەستانی سوڕی مانگانە کاریگەرییان لەسەر توانای دووگیانی هەیە چونکە هێلکەدانان دەوەستێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هێشتا ١٢ مانگی لەسەر یەک بەبێ سوڕی مانگانە تێپەڕ نەبووبێت، هێشتا دەتوانیت دووگیان بیت. یان ئەگەر وەستانی سوڕی مانگانەکە بەهۆی نەخۆشی کەمی هلکەدانی پێش وەختەوە بێت هێشتا شانسێک هەیە بۆ دووگیان بوون. ئەگەر خواستی دووگیان بوونت هەبێت باشترە زووتر قسە لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و ئەوەنەی دەکرێت چارەسەر وەربگریت.

دوای وەستانی سوڕی مانگانە دەتوانیت لە ڕێگەی منداڵی بلورییەوە ببیتە خاوەنی منداڵ، ئەگەر هێلکەت مابێت. چونکە دوای وەستانی سوڕی مانگانەش هێشتا ئەگەری هەیە هێلکە لە هێلکەدانی دایکەکەیا مابێت لەگەڵ ئەوەی کرداری هێلکەدانان بە هیچ شێوەیەک ڕوونادات. بەڵام بۆ ئەمە پێویستە پزیشک دڵنیابێتەوە لە هێلکەکان و ئەوەی کە زیندوون، دەکرێت هێلکە دوای ماوەیەک زیندوویەتییان لەدەست بدەن. هەروەها هەڵبژاردنی دایک و باوکی جێگرەوە و هەڵگرتنەوەی منداڵیش هەیە.

قسە لەگەڵ دابینکەرێکی چاودێری تەندروستی بکە ئەگەر تەمەنت لە خوار ٤٥ ساڵەوە بێت و نیشانەی وەستانی سوڕی مانگانەت هەبێت وەک سوڕی مانگانەی ناڕێک، وەستانی نێوان ماوەکان، بروسکە گەرمەکان یان وشکبوونی زێ. دابینکەرەکە دەتوانێت داوای پشکینی خوێن بکات و باس لە مێژووی تەندروستیت بکات بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتانە. چارەسەر بەردەستە بۆ ئەوەی نیشانە ناخۆشەکانی وەستانی سوڕی مانگانە کەم بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



521 بینین