زانستە کۆمەڵایەتییەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-06-14:35:00 - کۆدی بابەت: 12775
زانستە کۆمەڵایەتییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانستە کۆمەڵایەتییەکان (بە عەرەبی؛ علوم ٳجتماعیة، بە ئینگلیزی؛ Social Science) زانستە کۆمەڵایەتییەکان لقێکی زانستە کە دەچێتە خانەی کۆمەڵناسی کە بریتییە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن و کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگە و کۆمەڵەی خەڵکدا لە شوێنێکێ دیاریکراودا. زانستە کومەڵایەتییەکان ڕێگاکانی پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگە ڕووندەکاتەوە لە بواری پیشەییدا، واتا چۆن خاوەنکار دەتوانێت لە پەیوەندییەکی بەهێزدا بێت لەگەڵ کڕیارەکانیدا بە جۆرێک بڕاندەکەی نەگۆڕن. بە شێوەیەکی گشتی دەرکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنی چەمکی سۆسۆلۆجی یاخود کۆمەڵناسی لە سەدەی ١٩یەمدا. کە لەو کاتە بەدواوە لەلایەن کەسە ئەکادیمییەکاندا چەمک و تیۆری و یاسای بۆ داڕێژرا 

زانستە کۆمەڵایەتییەکان چی دەگرێتەوە؟ 

بەشێوەیەکی گشتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەم سەردەمەدا کۆمەڵێک بوار دەگرێتەوە کە ئەمانەن (ئابووری، جوگرافیا، بەڕێوەبردن، زانستی گفتوگۆ، زانستی ڕامیاری، زانستە مرۆڤایەتییەکان، شوێنەوارناسی) لە نێو ئەم زانستانەشدا لقی بچووکتر هەن بۆ نموونە لە زانستی ئابووریدا بەشی بەبازاڕکردن (marketing) و لە بەڕێوەبردندا زانستی کارگێڕی هەیە. ئەرێنییەکان و زاناکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ئەم زانستە بە زانستی سروشت دەزانن چونکە شتێکن لەگەڵ دروست بوونی شارستانیەکانەوە هەن. بەڵام یاسا و تیۆرییان بۆ دانەنراوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مرۆڤ پەیڕەویان کردووە تا سەدەکانی ١٨ و ١٩ و ٢٠ یاسا و ڕێسایان بۆ دانەنراوە. 

مێژووی دەرکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان

شارەزایان دەرکەوتنی زاراوەی کۆمەڵ و زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی ١٦٥٠ کە هاوکات بوو لەگەڵ سەردەمی ڕووناکبیری یاخود فەلسەفەی سروشت کە بووە هۆی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە شێوازی ژیان و ڕێکخستنی کۆمەڵگە و تاکەکانی کۆمەڵگە. بەڵام لەو کاتەدا وەک چەمکێکی فەلسەفیانە سەیر دەکرا و بەناوی فەلسەفەی مۆڕاڵ "فەلسەفەی ڕەوشت". ئەم فەلسەفەیە کاریگەری زۆری سەردەمی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کولتووری پێوە دیار بوو. هەربۆیە نۆرم "نەریت" و مۆڕاڵ "ڕەوشت" و ئیتیک "ئەخلاق" سێ بابەتی گرنگی فەلسەفەکە بوون. دوای شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی ١٨یەمدا، کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە ئابووریزان و فەیلەسووف لە ژێر کاریگەری شۆڕشی پیشەسازی دەرکەوتن وەک ماکس وەیبەر، هێنری فایەڵ، فریدیک تایلەر ئەم سێ کەسە بە بنچینەی تیۆری کلاسیک دادەنرێن لە بەڕێوەبردن کە لقێکی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە. 

ئەم سێ داڕێژەرەی بیردۆزی کلاسیک بە سەرەتای دامەزراندنی چەمکە گشتییەکانی کۆمەڵناسی دادەنرێن ئەم سێ ئابووریزانە پێیان وایە مرۆڤ یەکسانە بە ئامێر، تا پارەی زیاتریان پێ بدەیت زیاتر کاردەکەن. شێوازی کۆنتڕۆڵ کردنی کرێکار و فەرمانبەر لە ڕێگەی موچەوەیە. ئەمەش بریتییە لە چەمکی پەیوەندی دروستکردن Relationship. زانستی کۆمەڵایەتی لە سەدەی ١٨یەمدا لە ژێر کاریگەری دوو ڕووداو و کەسایەتییەکی فەڕەنسی بوو، ڕووداوەکان شۆڕشی پیشەسازی ساڵی ١٧٦٥ و شۆڕشی فەڕەنسی ١٧٨٩ و کەسایەتییەکەش جان جاک ڕۆسۆ بوو کە نووسینەکانی ڕۆسۆ ڕەنگدانەوەیان بەسەر بیردۆزەکانی کلاسیکییەکان (ماکس وەیبەر، هێنری فایەڵ، فریدریک تایلەر) بوون. 

سەردەمی زێڕینی زانستە کۆمەڵایەتییەکان

سەدەی ١٩ و ٢٠م بە گرنگترین سەردەمی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت بەتایبەتی بۆ لقەکانی بەڕێوەبردن و ئابووری. ئۆگست کۆنت ڤۆن لە سەدەی ١٩یەمدا توانی فەلسەفەی مۆڕاڵ بگۆڕێت بۆ چەمکێکی فراوانتر بەناوی کۆمەڵناسی و هەموو لقەکانی کۆکردەوە لە ژێر ناوی کۆمەڵناسیدا، لەگەڵیدا بیردۆزەکانی سەردەمەکانی پێشووی کۆکردەوە و بواریدا بە لێکۆڵەرەوە کۆمەڵناسەکان تا بیردۆزی زیاتر دابنێن و زیاتر چەمکی کۆمەڵناسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو بە جیهان بوون ببەن. لە کۆتایی سەدەی ١٩یەم و ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا لە بواری بە بازاڕکردندا دوو چەمک دانران لە ژێرکاریگەری سۆشیالیزم و کاپیتاڵیزمدا "سەرمایەگوزاری" ئەوانیش بازاڕگەری کۆمەڵایەتی Social marketing و بازاڕگەری سەرمایەگوزاری Capital marketing. جگە لەوە ساڵی ١٩٦٥ بازاڕگەری لەلایەن  فلیپ کۆتلەر و گاری ئارمسترۆنگ کە دوو پڕۆفیسۆری بواری ئابوورین هەوڵدرا بکرێتە چەمکێکی سەربەخۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە هەوڵەکان هێشتا بەردەوامی هەیە لەلایەن فیلیپ کۆتلەر. 

زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە سەدەی ٢١دا

لەم سەردەمەدا زانستە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە ١٥ زانست لە خۆ دەگرێت، بەڵام هیچیان هێندەی ڕامیاری و بەڕێوەبردن و یاسا و ئابووری گەشەیان نەکردووە لەم سەردەمەدا بۆ هەموو ئەم زانستانە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کاتێک خوێندکار دەچێتە بەشێک لە بەشەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان وانەی Organizational Behavior دەخوێنێت لەگەڵ Ethics کە دوو بابەتی فەلسەفین. ئیتیک لە زۆربەی بوارەکاندا دەخوێندرێت لە زانکۆکانی جیهاندا بەتایبەتیش فەلسەفەی ڕاست و هەڵە Right or wrong philosophy. جگە لەوانە بابەتی Human Resorces Management کە هەموو دامەزراوەیەک پێویستیەتی دەخوێندرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵای هەیە. 

لەم سەردەمەدا کۆمپانیاکان و فرۆشگاکان گرنگی بە تەکنیکی پەیوەندی درێژخایەن Long term relationship دەدەن لەگەڵ بەکاربەردا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم بەکاربەرەوە بگەن بە ڕێژەی زیاتری بەکاربەر لەبری ئەوەی بودجەیەکی زۆر لە ساغکردنەوە promotion دا خەرج بکەن. بەم شێوەیە پەیوەندی لەگەڵ تاکەکان دەبەستن تا ئەوان بەم ڕێگەیە هەستن واتا کاتێک کاڵایەکت بەدڵ دەبێت دەچیت بۆ هاوڕێکانت و کەسە نزیکەکانی باس دەکەیت کە بڕۆن هەمان کاڵای بڕاندەکەت بکڕن. ئەم شێوازە بریتییە لە نوێترین تەکنیک و بیردۆزی زانستی کۆمەڵناسی و بەتایبەتیش ئابوورییە. 

تەواوی لقەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەم سەردەمەدا

١- مرۆڤناسی 
٢- پەروەردە 
٣- تاوان (شێوازی ناسینەوەی تاوانبار) 
٤- شارستانی 
٥- دیمۆگرافیا 
٦- ئابووری 
٧- فۆلکلۆری 
٨- جێندەر 
٩- جوگرافیا 
١٠- مێژوو 
١١- یاسا 
١٢- ڕامیاری 
١٣-پەیوەندییە گشتییەکان 
١٤- کتێب ناسی 
١٥- پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پیشەسازییەکان 
١٦- ڕاگەیاندن 
١٧- گەیاندن 
١٨- دەروونزانی 
١٩- کاری کۆمەڵایەتی 
٢٠- زمانەوانی 


سەرچاوەکان



36 بینین