شێرپەنجەی میزڵدان

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-05-06-17:38:00 - کۆدی بابەت: 12782
شێرپەنجەی میزڵدان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێرپەنجەی میزڵدان (بە ئینگلیزی: Bladder cancer، بە عەرەبی: سرطان المثانة) جۆرێکی باوی شێرپەنجەیە کە لە خانەکانی میزڵدانەوە دەست پێدەکات. میزڵدان ئەندامێکی ماسولکەیی بەتاڵە لە خوارەوەی سکدا کە میز هەڵدەگرێت. شێرپەنجەی میزڵدان بەزۆری لەو خانانەی ناوپۆشی میزڵدانیان کردوە دەست پێدەکات. کاتێک خانەکانی میزڵدان بە شێوەیەکی نا ئاسایی دەست دەکەن بە گەشەکردن و دابەشبوون. شێرپەنجەی میزڵدان سەرهەڵدەدات لەگەڵ زۆر بوونی خانە شێرپەنجەییەکانیشدا بە هەمان شێوەی جۆرەکانی تری شێرپەنجە گرێ دروست دەبێت و ئەگەری بڵاوبوونەوەی بۆ بەشەکانی تری لەش هەیە.

نیشانەکانی شێرپەنجەی میزڵدان

  • بوونی خوێن لە میزدا، کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە میزەکە سوور یان ڕەنگی کۆلا دەربکەوێت، هەرچەندە هەندێک جار میزەکە ئاسایی دەردەکەوێت و خوێن لە پشکنینی تاقیگەدا دەدۆزرێتەوە.
  • زۆر میزکردن
  • ئازار لە کاتی میزکردندا
  • پشت ئێشە

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی میزڵدان

شێرپەنجەی میزڵدان بەهۆی گۆڕانی خانەکانی میزڵدانەوە دروست دەبێت. زۆرجار پەیوەندی هەیە بە بەرکەوتن بە هەندێک ماددەی کیمیاییەوە، بەڵام هۆکارەکە هەمیشە زانراو نییە. پسپۆڕان چەند هۆکارێک کە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان زیاد دەکەن دەست نیشان دەکەن کە بریتین لە:

  • جگەرەکێشان
  • ماددەی کیمیایی وەک ئارۆماتیەکان
  • کەم وەرگرتنی شلەمەنیەکان
  • تەمەن، چونکە زۆرینەی بارەکانی شێرپەنجەی میزڵدان لەو کەسانە دەردەکەوێت کە تەمەنیان لە سەرو ٥٥ ساڵەوەیە.
  • بوونی توشبووی شێرپەنجەی میزڵدان لە تۆماری خێزانیدا
  • وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی وەک دەرمانی (cyclophosphamide).
  • وەرگرتنی چارەسەری تیشکاوەری لە پێشتردا بۆ لەناوبردنی شێرپەنجە لە ناوچەی حەوزدا.
  • هەوکردنی درێژخایەنی میزڵدان
  • چارەسەری شەکرە بە بەکارهێنانی دەرمانی pioglitazone

جۆرەکانی شێرپەنجەی میزڵدان

جۆرە جیاوازەکانی خانەکانی میزڵدان لەوانەیە ببنە خانەی شێرپەنجەیی. جۆری خانەی میزڵدان کە شێرپەنجەکەی تێدا دەست پێدەکات، جۆری شێرپەنجەی میزڵدان دیاری دەکات. پزیشکەکان ئەم زانیارییانە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بزانن کام چارەسەر باشترینە بۆت. جۆرەکانی شێرپەنجەی میزڵدان بریتین لە:

ترانزیشنەڵ سێڵ کارسینۆما (Transitional cell carcinoma)

ئەم جۆرەیان باوترین جۆری شێرپەنجەی میزڵدانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ڕوودەدات لەو خانانەی کە لە ناوەوەی میزەڵداندا دەردەکەون. خانەکانی ترانزیشنەڵ فراوان دەبێت کاتێک میزڵدانت پڕ دەبێت و گرژ دەبێت کاتێک میزڵدانت بەتاڵە. هەمان ئەم خانانە هێڵی ناوەوەی بۆری میز و میزەڕۆ ناوپۆش دەکەن و شێرپەنجەکان دەتوانن لەو شوێنانە دروست بن بە هۆی گۆڕانی شێوەکانیان لە کاتی کشانی میزڵداندا بەبێ ئەوەی تێکبشکێن و زیانیان پێبگات.

سکوەیمەس سێڵ کارسینۆما (Squamous cell carcinoma)

ئەم جۆرەیان پەیوەندی هەیە بە ڕووشاندنی درێژخایەنی میزڵدانەوە، بۆ نموونە، لە هەوکردنەوە یان بەکارهێنانی درێژخایەنی کاثێتەری میز. شێرپەنجەی ئەم جۆرەیان زیاتر باوە لەو بەشانەی جیهاندا کە هەوکردنی مشەخۆری دیاریکراو (شستۆسۆمایەسس Schistosomiasis) یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی هەوکردنی میزڵدان.

ئەدينۆكارسينۆما (Adenocarcinoma)

ئەدێنۆکارسینۆما کاتێک دەست پێدەکات کە ڕژێنە خانەکان لە میزڵداندا دروست دەبن، پاش تووشبوونێکی درێژ خایەن. ئەم جۆرەیان دەگمەنە.

قۆناغەکانی شێرپەنجە میزڵدان

  • قۆناغی سەرەتایی: شێرپەنجەی میزڵدان بەناوپۆشی  میزڵداندا بڵاونەبۆتەوە.
  • قۆناغی یەکەم: شێرپەنجەی میزڵدان بە ناوپۆشی میزڵداندا بڵاوبۆتەوە بەڵام نەگەیشتۆتە چینی ماسولکەی میزڵدان.
  • قۆناغی دووەم: شێرپەنجەی میزڵدان بە چینی ماسولکەی میزڵداندا بڵاوبۆتەوە.
  • قۆناغی سێیەم: شێرپەنجەی میزڵدان بڵاوبوونەتەوە بۆ ناو ئەو شانانەی کە دەوری میزڵدانیان داوە.
  • قۆناغی چوارەم: شێرپەنجەی میزڵدان بڵاوبۆتەوە بۆ ناوچەی نزیک میزڵدان.

چارەسەرکردنی شێرپەنجەی میزڵدان

چەند جۆرێکی جیاواز بۆ چارەسەری شێرپەنجەی میزڵدان بەردەستە.  چەندین فاکتەر ڕەچاو دەکرێن، وەک قۆناغ و پلەی شێرپەنجە، تەندروستی گشتیت و پەسەندکراوەکانت. پلانەکەت زانیاری دەربارەی شێرپەنجەکەت، ئامانجەکانی چارەسەر، هەڵبژاردنەکانی چارەسەر و کاریگەرییە لاوەکییە شیاوەکانت و ماوەی چاوەڕوانکراوی چارەسەر لەخۆ دەگرێت. پزیشک بەپێی جۆری شێرپەنجەکە و قۆناغی شێرپەنجەکە و نیشانەکانی و لەبەرچاوگرتنی تەمەن و تەندروستی نەخۆشەکە ئەم ڕێگە چارەسەریانە بەکاردەهێنێت:

چارەسەرکردنی شێرپەنجەی میزڵدان قۆناغی سەرەتایی - یەکەم  

چارەسەری قۆناغی سەرەتای و قۆناغی یەکەمی شێرپەنجەی میزڵدان ڕەنگە نەشتەرگەری تێدا بەکاربێت یان چارەسەری بەرگری لەش کە بریتییە لە وەرگرتنی دەرمانێک کە دەبێتە هۆی ئەوەی سیستەمی بەرگری لەشت هێرش بکاتە سەر خانە شێرپەنجەییەکان.

چارەسەرکردنی شێرپەنجەی میزڵدان قۆناغی دووەم - سێیەم

  •  لابردنی بەشێکی میزڵدان لەگەڵ پێدانی چارەسەری کیمیایی.
  • چارەسەری کیمیایی، چارەسەری تیشکاوەری یان چارەسەری بەرگی کە دەکرێت بۆ گرژکردنی گرێ شێرپەنجەییەکە بکرێت بەر لە نەشتەرگەری.

چارەسەرکردنی شێرپەنجەی میزڵدان قۆناغی چوارەم 

  •  وەرگرتنی چارەسەری کیمیای بەبێ نەشتەرگەری بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و درێژکردنەوەی ژیان.
  • لابردنی میزڵدان و لیمفە گرێکانی دەوروبەری میزڵدان بە یەکجاری.
  •  وەرگرتنی چارەسەری کیمیای و چارەسەری بەرگری پاش نەشتەرگەری بۆ لەناوبردنی ئەو خانە شێرپەنجەییانەی کە ماونەتەوە.


سەرچاوەکان



35 بینین