حەفسی کوڕی سولەیمان کووفی

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-11-29-16:00:00 - کۆدی بابەت: 10489
حەفسی کوڕی سولەیمان کووفی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەفسی کوڕی سولەیمان کووفی (بە عەرەبی: حفص بن سليمان الكوفي، بە ئینگلیزی: Hafs ibn Sulayman al-Kufi) گێڕەرەوەی قورئانی پیرۆز، ناوی تەواوی "حەفسی کوڕی سولەیمانی کوڕی موغەیرەی کوڕی ئەبی داود ئەسەدی کووفی"یە، پێشی وتراوە حەفسی کوڕی ئەبی داود (حفص بن أبي داود)، زڕکوڕی "عاسمی کوڕی ئەبی نەجودی کووفی"یە کە زاناترینی خەڵکی بووە لە خوێندنەوەی قورئاندا، حەفس لە ساڵی ٧٠٩ زایینی لە بەغداد لەدایکبووە، یەکێکە لە گوێزەرەوە سەرەکییەکانی یەکێک لە شێوازەکانی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز، گواستنەوەکەشی لە ڕێگەی مامۆستاکەی "عاسمی کوڕی ئەبی نەجودی کووفی" بووە، کە ناسراوە بە ڕیوایەتی (حفص عن عاصم) کە بەربڵاوترین شێوازی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزە لە جیهاندا.

زانیاری گشتی

ناو حەفسی کوڕی سولەیمان کووفی
ساڵی لەدایکبوون ساڵی ٧٠٩
شوێنی لەدایکبوون شاری بەغداد
کۆچی دوایی ساڵی ٧٩٦
شوێنی کۆچی دوایی شاری کووفە
ناسراوە بە ئەبو عومەر
پیشە کوتاڵ فرۆش، قورئانخوێن
مامۆستا عاسمی کوڕی ئەبی نەجودی کووفی
زمان عەرەبی
نەتەوە عەرەب

حەفس کوڕی سولەیمان یەکێک لە باشترین خوێندکارەکانی عاسمی کوڕی ئەبی نەجود بووە، دواتر لە دوای عاسمی مامۆستای بووە بە شێخی قورئانخوێنەکان لە کووفە، پاشان چووە بۆ بەغداد بەم شێوازە خوێندوویەتی دواتر بە مەککەدا گەڕاوە و  قورئانی خوێندووە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم شێوازەیان لێ گێڕاوەتەوە، بەم شێوەیەش ئەم شێوازە خوێندنەوەیە بووە بە بڵاوترین شێوازی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز لە جیهاندا و زۆرترین چاپەکانی قورئانی پیرۆز بەم ڕیوایەتە نووسراون.

ڕیوایەتی حەفس لە عاسمەوە (حفص عن عاصم)

یەکێکە لە شێوازەکانی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز، کە لەلایەن هاوەڵە بەرێزەکانی وەکوو (عوسمانی کوڕی عەففان، عەلی کوڕی ئەبوتالیب، ئوبەی کوڕی کەعب، عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود و زەیدی کوڕی سابت)ەوە لە پێغەمبەری خواوە  وەریانگرتووە و قورئانیان پێ خوێندووە، پاشان ئەبو عەبدولڕەحمانی سولەمی لە عەلی کوڕی ئەبوتالب وەریگرتووە، عاسمی کوڕی ئەبی نەجودیش لە ئەبو عەبدولڕەحمانی سولەمی وەری گرتووە، دواتر حەفسی کوڕی سولەیمان لە عاسم وەری گرتووە.

١- محەمەد ﷺ
٢- (عوسمانی کوڕی عەفان، عەلی کوڕی ئەبوتالیب، ئوبەی کوڕی کەعب، عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود و زەیدی کوڕی سابت)
٣- ئەبو عەبدولڕەحمانی سولەمی
٤- عاسمی کوڕی ئەبی نەجود
٥- حەفسی کوڕی سولەیمان

گێڕانەوەی فەرموودە

حەفسی کوڕی سولەیمان لێهاتوو نەبووە لە گێڕانەوەی فەرموودەدا بەو شێوەیەی کە لێهاتووبووە لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆچوون و بەسەربردنی زۆربەی کاتەکانی بە قورئانخوێندنەوە، لەبەرئەوە فەرموودەی لێ نەگێڕدراوەتەوە و لەلایەن زانایانی فەرموودەوە فەرموودەی لێ وەرنەگیراوە، زانایانی وەکوو بوخاری و موسلیم فەرموودەیان لێ وەرنەگرتوە مەگەر فەرموودەیەک کە لەلایەن کەسێکی تریشەوە گێڕدرابێتەوە. 

لە حەفسەوە گێڕدراوەتەوە کە وتویەتی: بە عاسمم وت: ئەبو بەکر شوعبە (ئیمام شوعبە شێوازێکی تری خوێندنەوەی قورئانی لەلای عاسم خوێندووە، کە هەر بە شوعبە ناسراوە) لە خوێندنەوەدا لە من جیاوازە؟ وتی: بە تۆم خوێندەوە وەکوو چۆن ئەبو عەبدولڕەحمان سولەمی لە عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبەوە بە منی خوێندەوە، بە ئەبو بەکریشم خوێندەوە وەکوو چۆن زیڕوی کوڕی حوبەیش لە عەبدوڵای کوڕی مەسعودەوە بە منی خوێندەوە.

بۆچوونی زانایان لەسەر حەفسی کوڕی سولەیمان

دانی وتویەتی: حەفس شێوازی خوێندنەوەی قورئانی لە عاسم وەگرتووە و چووە لە بەغداد پێی خوێندووە و پاشان لە مککە پێی خوێندووە. یەحیای کوڕی موعین وتویەتی: گێڕدراوەیەکی ڕاستە، ئەوەی کە ئەبی عومەر حەفسی کوڕی سولەیمان لە عاسم گێڕاویەتەوە. ئیبن مونادی وتویەتی: چەندین جار لەلای عاسم خوێندوویەتی، لە لەبەرکردنیشدا لە ئیمام ئەبو بەکری کوڕی عەیاش (ئیمام شوعبە) باشتر بووە.

کۆچی دوایی

حەفسی کوڕی سولەیمان لە ساڵی ٧٩٦ زایینی لە سەردەمی دەسەڵاتی خیلافەتی عەباسییەکاندا لە کووفە کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



296 بینین