پەیوەندی نێوان جگەرەکێشان و نەخۆشی شەکرە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-06-18:07:00 - کۆدی بابەت: 12785
پەیوەندی نێوان جگەرەکێشان و نەخۆشی شەکرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەندی نێوان جگەرەکێشان و نەخۆشی شەکرە (بە ئینگلیزی: The associaton between smoking and diabetes، بە عەرەبی: العلاقة بين التدخين والسكري) هەموو کەسێک دەزانێت جگەرەکێشان خراپە، بەڵام ئایا دەزانیت کە دەبێتە هۆی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو؟ هەروەها ئەو کەسانەی کە خۆیان نەخۆشی شەکرەیان هەیە، جگەرەکێشان زۆر خراپتری دەکات. فێربوون و زانینی خراپییەکانی دەکرێت ببێتە هۆکارێکی باش بۆ وازهێنان لە جگەرە کێشان. چونکە وازهێنان یەکێکە لە باشترین شتەکان کە دەتوانیت بیکەیت لە پێناو تەندروستیتدا.

چۆن شەکرە دەبێتەهۆی شەکرەی جۆری دوو؟

ئەنسۆلین یارمەتی شەکری خوێن دەدات بچێتە ناو خانەکان، بەڵام نیکۆتین خانەکان دەگۆڕێت بۆ ئەوەی وەڵامی ئەنسۆلین نەدەنەوە، کە ئەمەش ئاستی شەکری خوێن زیاد دەکات. ماددە کیمیاییەکانی ناو جگەرە زیان بە خانەکانی لەش دەگەیەنن و دەبنە هۆی هەوکردنی. بەمەش خانەکان واز لە وەڵامدانەوەی ئەنسۆلین دەهێنن.

ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن مەترسی تووشبوونیان بە چەوری سک زیاترە، کە ئەمەش مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو زیاد دەکات تەنانەت ئەگەر کێشیان زیاد نەکات. ئەگەر جگەرە بکێشیت، بە ڕێژەی ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ ئەگەری تووشبوونت بە شەکرەی جۆری دوو زیاترە لەو کەسانەی جگەرە ناکێشن. تا زیاتر جگەرە بکێشیت مەترسیەکەت زیاتر دەبێت.

جگەرە کێشان بۆ ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشی شەکرەن

ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە شکاندنی خوو یەکێکە لە باشترین شتەکان کە دەتوانیت بیکەیت بۆ تەندروستیت. بەڕێوەبردنی نەخۆشی شەکرە کێشەیە و جگەرەکێشان دەتوانێت زیاتری بکات. نیکۆتین (ئەو مادەیەی لە جگەرەدا هەیە) ئاستی شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە و چارەسەرکردنی قورستر دەکات. ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە و جگەرەکێشن زۆرجار پێویستیان بە ژەمێکی زۆرتری ئەنسۆلین هەیە بۆ ئەوەی شەکری خوێنیان لە ئاستی ئامانجەکانیان نزیک بێت.

زیانە مەترسیدارەکانی نەخۆشی شەکرە

نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی تەندروستی گەورە وەک نەخۆشییەکانی دڵ، شکستی گورچیلە، نابینانی، و زیانی دەمارەکان کە تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی بڕینەوە (لابردنی بە نەشتەرکاری) لە پێیەکان یان قاچ. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەبێت و جگەرەکێش بیت لەگەڵیدا، ئەگەری ئەوەت هەیە کە ئاڵۆزی و مەترسی خراپترت هەبێت بەراورد بەو کەسانەی کە شەکرەیان هەیە بەڵام جگەرە ناکێشن.

نەخۆشییەکانی دڵ شایەنی سەرنجە کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە ئەمریکا و جگەرەکێشان و شەکرە بەیەکەوە مەترسی مردن زیاد دەکەن. بە تێپەڕبوونی کات، بەرزی شەکری خوێن بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە دەتوانێت زیان بە لوولەکانی خوێن و هەروەها دەمارەکانی ناو دڵ و دەوروبەری دڵ بگەیەنێت. جگەرەکێشان دەتوانێت زیان بە لوولەکانی خوێن بگەیەنێت بە زیادکردنی دروستبوونی پەپکەی خوێن یان پلاک (ماددەیەکی چەوری و مۆمە کە لەسەر دیوارەکانی خوێنبەرەکان دروست دەبێت).

ئامۆژگارییەکانی جگەرەکێشان

کۆمەڵێک ئامۆژگاری بۆ وازهێنانی جگەرەکێشان هەن هەروەها ڕێکخراوە تەندروستی و پزیشکییەکان بەگشتی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش گرنگیان داوە بە بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکان لەسەر وازهێنان لە جگەرەکێشان.

وازهێنان هەر چاکە

  • گرنگ نییە بۆ ماوەی چەند جگەرە دەکێشیت، یان ڕۆژانە چەندێک جگەرە دەکێشیت، بە هەبوو شێوەیەک وازهێنان یارمەتیت دەدات تا تەندروستتر بیت.
  • لە ماوەی ٢٠ خولەک دوای وازهێنان لە جگەرە کێشاندا لێدانی دڵ و پەستانی خوێن دادەبەزێت.
  • لە ماوەی ١٢ کاتژمێر دوای وازهێنان لە جگەرەکێشان یەکە ئۆکسیدی کاربۆن (گازێکی ژەهراوی لە دووکەڵی جگەرەوە) لە خوێندا دادەبەزێت بۆ ئاستێکی ئاسایی.
  • لە ماوەی دوو هەفتە بۆ سێ مانگدا لە دوای وازهێنان لە جگەرە کێشاندا، سووڕی خوێن و کرداری سییەکان باشتر دەبن.
  • لە ماوەی ساڵێکدا، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ کەم دەبێتەوە بۆ نیوەی مەترسی ئەو کەسانەی کە هێشتا جگەرە دەکێشن.
  • هەروەها وازهێنان لە جگەرەکێشان یارمەتی جەستە دەدات ئەنسۆلین باشتر بەکاربهێنێت، کە ئەمەش دەتوانێت ئاستی کۆنتڕۆڵکردن و جڵەوگرتن بۆ ئاستی شەکری خوێن ئاسانتر بکات.

گۆڕانی شەکری خوێن

ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، لەوانەیە پێویست بکات شەکری خوێنت زیاتر بپشکنیت دوای وازهێنانت لە جگەرە کێشان، چونکە دەکرێت ئاستی شەکری خوێن داببەزێت. بەڵام دواتر پێویست ناکات زوو زوو پشکنین بکەیت بۆ ئاستی شەکری خوێنت چونکە ماوەیەک دوای وازهێنان لە جگەرە کێشان جەستە خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو دۆخەدا.

بەرهەمەکانی جێگرەوەی نیکۆتین وەک بنێشت و لەبزینە هەندێک لە باشترین ئامرازەکانن بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن واز لە جگەرەکێشان بهێنیت. هەروەها دەتوانن ئەگەری وازهێنانت بۆ ماوەیەکی باش دوو هێندە بکەن. ئەو بەرهەمانەی کە نیکۆتینیان تێدایە شەکری خوێن بەرز دەکەنەوە، بۆیە دڵنیابە لەوەی قسە لەگەڵ پزیشک بکەیت دەربارەی بەکارهێنانیان ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە.

یارمەتدان بۆ وازهێنان

کۆڵ مەدە ئەگەر ناتوانیت لە یەکەم هەوڵدا واز لە جگەرەکێشان بهێنیت. هەروەها زۆر توند مەبە لەگەڵ خۆتدا کاتێک پەیڕەوی پڕۆگرامی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەکەیت. هەندێک کەس دوای ماوەیەک لە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لە جگەرەکێشان وازیان هێناوەو و نەیانتوانیووە بەردەوام هەر لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگایە قورسە و هیچ ئاسان نییە. بەڵام کاتێک بە ئێرادە بڕیارت دا و لەوە تێگەشتی کە ئاسان نابێ دەتوانی بەسەر زەحمەتییەکاندا زاڵبیت. دواجار تۆ بڕیار دەدەیت واز لە شتێک بهێنیت کە ئاڵوودەی بوویت. دوای وازهێنانیش بە ماوەیەکی کەم هەست بە لایەنە باش و تەندروستەکانی وازهێنان لە جگەرە کێشان دەکەیت.


سەرچاوەکان



59 بینین