دە گرانترین تابلۆ فرۆشراوەکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-05-07-15:28:00 - کۆدی بابەت: 12793
دە گرانترین تابلۆ فرۆشراوەکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دە گرانترین تابلۆ فرۆشراوەکانی جیهان (بە ئینگلیزی: 10 Most Expensive Paintings Ever Sold، بە عەرەبی: أغلى ١٠ لوحات بيعت على الإطلاق) گرانترین تابلۆکان وەک ئامێرێکی گەڕانەوەن بۆ کاتی ڕابردوو، کە تابلۆیەکی سەد ساڵە بەهایەکی خەیاڵی دەبێت لە سەردەمی هاوچەرخ. سەرچاوەی کارێکی هونەری، هونەرمەندەکەی، مێژووی دۆکیومێنتکراوی ئەوەی کە سەر بە کێ بووە، ئەو چیرۆک و وردەکاری و نهێنیانەی کە لە تابلۆکەدا هەن هۆکاری گەورەی دیاریکردنی بەهان. بۆ نموونە، ئەگەر تابلۆیەک لەلایەن هونەرمەندێکی گەورە کێشرابێت و جارێک لەلایەن کەسێکی بەناوبانگەوە خاوەندارێتی بکرێت، یان کۆکەرەوەیەکی دیار ئەوا بە دڵنیاییەوە کڕیاری زیاتر ڕادەکێشێت کاتێک دەفرۆشرێت. 

ساڵ لەدوای ساڵ، خانووەکانی مەزادکردن و گەلەرییە تایبەتەکان ڕیکۆردی نوێی  فرۆشی تابلۆکان تۆماردەکەن، لەلایەن هونەرمەندە کۆنەکانی وەک لیۆناردۆ داڤینچی و ڕێمبراندت یان کەسایەتییە گەورەکانی سەدەی بیستەم وەک جاکسۆن پۆڵۆک و پابلۆ پیکاسۆ. جگە لەوە هەندێک لە تابلۆ بەناوبانگەکانی جیهان ناتوانرێن بنرخێنرێن، لەبەر ئەوەی بەهاکانیان زۆر لە لێکدانەوەی پارە زیاترە. بۆ نموونە، ئەگەر ئەمڕۆ مۆنا لیزا بفرۆشرێت، ئەوا دەگاتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار.

لیستی دە گرانترین تابلۆکان

سالڤاتۆر موندی لەلایەن لیۆناردۆ داڤینچی: سالڤاتۆر موندی بە واتای ڕزگارکەری جیهان دێت، نەک تەنها گرانترین تابلۆی جیهانە کە فرۆشرابێت بەڵکوو یەکێکە لەو تابلۆیانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەر کراوە. کارێکی هونەری لیۆناردۆ داڤینچییە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٥٠٠کان. زۆرێک لە زانایان گومانیان لەوە هەیە کە کارەکە بە تەواوی لەلایەن لیۆناردۆ داڤینچییەوە دروستکرابێت، ئاماژە بەوە دەکرێت کە پێکهاتەی گشتیی تابلۆکە بە تەواوی لەگەڵ شێوازی داڤینچیدا ناگونجێت. لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن مۆزەخانەی لووڤر لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدرا، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە وێنەکە  هێواش گەشەی کردووە بە یەکجار نەکێشراوە، لەوانەیە لەلایەن یەکێکی ترەوە کێشرابێت و لیۆناردۆ دەست و باڵەکانی بۆ زیاد کردووە. لە ساڵی ٢٠١٧ بە نرخێکی سەرسوڕهێنەر کە ٤٥٠ ملیۆن دۆلار بوو فرۆشرا بە نوێنەری شازادەیەکی سعودیە، کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند کڕیارەکە کاری بۆ شازادەیەکی سعودیە کردووە بەناوی بەدر بن عەبدوڵا بن محەمەد بن فەرحان ئەل سعود، بەمەش بوو بە گرانترین تابلۆی فرۆشراو. سەرەڕای ئەوەی کە گرانترین تابلۆیە لە جیهاندا، بەڵام سالڤاتۆر موندی هەرگیز پیشان نەدراوە لە پێشانگاکاندا و لەژێر دەستی وەزارەتی ڕۆشنبیری سعودیەدایە. 

ئاڵوگۆڕ لەلایەن ویلیم دی کوونینگ: هونەرمەندی هۆڵەندی-ئەمریکی ویلیم دی کوونینگ زۆر جار شێوازی دەربڕینی ئەبستراکی لە کارەکانی بەکارهێناوە و لەسەر بنەمای ژمارە، دیمەنەکان و ستیل لایف دروستی کردوون. ئاڵوگۆڕ نوێنەرایەتی گۆڕینی کارەکانی دی کوونینگ دەکات، لەوەی کە زیاتر لە تابلۆی ژنانەوە بۆ دیمەنی ئەبستراکتی شارەکان گۆڕان. تیشکی سەرەکی تابلۆکە لەسەر بەشە پەمەییەکەی ناوەڕاستە، کە ژنێک پیشاندەدات لە ناوەڕاستی باکگراوندێکی قەرەباڵغ وەستاوە. لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٥، تابلۆی ئاڵوگۆڕ بە شێوەیەکی تایبەت لەلایەن دامەزراوەی دەیڤد گێفنەوە فرۆشرا بە وەبەرهێنەری سندوقی هێج کێنێث گریفین بە بڕی٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

یاریزانانی کارد لەلایەن پاوڵ سێزان: لە ماوەی ساڵی ١٨٩٠، پاوڵ سێزان زنجیرەیەک کاری هونەری دروست کرد کە لە پێنج تابلۆ پێکهاتبوو کە وێنەی کرێکاران و کارکەران پیشاندەدات لەکاتی یاری کارتدا. سروشتی هێمنی تابلۆکە - کە وێنەی دوو پیاو پیشاندەدات کە لە یارییەکدا نوقم بوون - جیاکردنەوەیەکە لە کارە درامی و ڕەنگاوڕەنگەکانی پێشووی سیزان. لە کاتێکدا زۆربەی تابلۆکانی زنجیرەکە لە مۆزەخانەکانی سەرانسەری جیهاندا پیشان دەدرێن، ئەم تابلۆیە لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن خێزانی شاهانەی قەتەر بە نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار کڕدرا. وڵاتی قەتەر جگە لەم تابلۆیەی سیزان خاوەنی یەکێکی تریش لە تابلۆ گرانبەهاکانی جیهانن.

نافیا فا ئیپۆیپۆ لەلایەن پاوڵ گاوگوین: نافیا فا ئیپۆیپۆ (بە ئینگلیزی: Nafea Faa Ipoipo) ڕستەیەکی زمانی تاهیتییە بە واتای "کەی هاوسەرگیری دەکەیت؟"، یەکێکە لەو تابلۆیانەی کە پاوڵ گاوگین دوای یەکەم گەشتی بۆ تاهیتی لە ساڵی ١٨٩١ وێنەی کێشاوە. تابلۆکە تیشک دەخاتە سەر ئافرەتێکی گەنجی ڕەسەنی تاهیتی، کە گوڵێکی سپی لە قژیدایە (لە کلتووری نەریتی تاهیتییەکاندا، گوڵێک لە قژدا ئاماژە بەوە دەکات کە کەسەکە ئامادەیە بۆ هاوسەرگیری) و دایکیشی بە وەکوو ئاماژەیەکی پاراستن لە پشتییەوە دانیشتووە. لە ساڵی ٢٠١٥ تابلۆکەی گاوگین لەلایەن بازرگانێکی سویسری بەناوی ڕۆدۆڵف ستیچێلین بە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بە کڕیارێکی قەتەری فرۆشراوە. بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠١٧دا، کەیسێکی دادگا دەریخست کە تابلۆکە بە ٢١٠ ملیۆن دۆلار فرۆشرا نەک ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

ژمارە 17A لەلایەن جاکسۆن پۆلۆک: جاکسۆن پۆڵۆک، سەرکردەی بزووتنەوەی دەربڕینە ئەبستراکتەکان، بەناوبانگ بوو بە تەکنیکەکەی بەناوی "دڵۆپ"، کە تێیدا پۆڵۆک ڕەنگی بەسەر تابلۆکەدا دەڕژاند- کە زۆرجار تابلۆکە لەسەر زەوی دانرابوو- وەک ڕێگایەک بۆ گواستنەوەی هەست لە ڕێگەی جووڵەوە. ژمارە ١٧ ئەی، تابلۆیەکی ئەبستراکتە، لە ساڵی ١٩٤٨ کێشراوە، کە ڕەنگەکانی کالیدۆسکۆپی لە کانڤاسێکی فایبەر بۆرددا پیشاندەدات و ڕووبەرەکەی ١١٢ بە ٨٦.٥ سانتیمەترە، یەکێکە لە کارە سەرەتاییەکانی پۆلۆک کە ئەم تەکنیکەی تێدا بەکارهێنابێت. ملیاردێر کێنێث گریفین تابلۆکەی لە ساڵی ٢٠١٥ بە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لە دامەزراوەی دەیڤد گێفێن کڕی.

ستاندارد هەڵگر لە لایەن ڕیمبراندت: وەک یەکێک لە زیندووترین شاکارەکانی ڕێمبراندت ناسراوە، ستاندارد-هەڵگر (بە ئینگلیزی: Standard-Bearer) وێنەیەکی پۆرترەیتی خۆیی ساڵی ١٦٣٦ی هونەرمەندی سەردەمی زێڕینی هۆڵەندییە، کە رووبەرەکەی ١١٩ بە ٩٧ سانتیمەترە. ئەم تابلۆ ڕۆنییە جارێک هی پاشای ئینگلتەرا جۆرجی چوارەم بوو، پێش ئەوەی لە ساڵی ١٨٤٤ خێزانی ڕۆتسچیلد بیکڕن. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١، حکومەتی هۆڵەندا ڕایگەیاند کە پلانی هەیە بۆ کڕینی کارە هونەریەکەیان لە خێزانی ڕۆتسچیلد بۆ کۆکردنەوەی کلتووری نیشتمانی وڵاتەکە. تابلۆکە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە بڕی ١٧٥ ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی ١٩٨ ملیۆن دۆلار) فرۆشرا بە هۆڵەندا و لەو کاتەوە لە مۆزەخانەکانی سەرانسەری وڵاتەکەدا نمایشکراوە.

وێنەی شینی مارلینی ژیر لەلایەن ئاندی وارهۆڵ: (بە ئینگلیزی: Shot Sage Blue Marilyn) وارهۆڵ لە ساڵی ١٩٦٤، تابلۆیەکی دروستکرد، کە بەشێکە لە زنجیرەیەکی پێنج تابلۆیی کە بە زنجیرەی مارلین ناسراوە، کە تێیدا پێنج وێنەی مارلین مۆنڕۆی لەسەر پێنج باکگراوندی ڕەنگاوڕەنگ کێشا. بە بەکارهێنانی تەکنیکێکی شاشەی ئاوریشمی و وێنەیەکی بڕاوی دیمەنی فیلمی نیاگرا، کە ئەمە هۆکارێکی بەناوبانگییەتی. بەڵام زیاتر بەناوبانگ بوو دوای ئەوەی هونەرمەندی نمایشکردن دۆرۆتی پۆدبەر دەچێتە ستۆدیۆکەی وارهۆڵ و بە چەک تەقەی لە چوار تابلۆیان کرد. دواتر تابلۆکان چاککرانەوە، بەڵام ناوەکە هەر مایەوە. تابلۆکە دنیای هونەری هەژاند کە لە ساڵی ٢٠٢٢، بە زیاتر لە ١٩٥ ملیۆن دۆلار فرۆشرا بە بازرگانێکی هونەریی ئەمریکی بەناوی لاری گاگۆسیان لەکاتی مەزادی فرۆشتنی کریستی.

پۆرترەیتی مایرتن سۆلمانس و ئۆپجین کۆپێت لەلایەن ڕێمبراندت ڤان ڕیجن: هەردوو تابلۆی تەواوی هاوسەرگیری مارتن سۆلمانس و ئۆپجێن کۆپێت لە ساڵی ۱٦٣٤ لەلایەن ڕێمبراندتێکی گەنجەوە تەواو کران. بە پێچەوانەی وێنەکانی تری سەدەی حەڤدەهەم، ئەم دوو تابلۆیە لەوەتەی دروستکراون بەیەکەوە هەڵگیراون و جیانەکراونەتەوە. خێزانی ڕۆتسچیلد لە ساڵی ١٨٧٨دا وێنەکانیان هەڵگرت و دواتر پارچەکانیان لە ڕێگەی مەزادی کریستیەوە فرۆشت بە بڕی ١٨٠ ملیۆن دۆلار بە دوو مۆزەخانە، مۆزەخانەی لووڤر و مۆزەخانەی ڕیکس. دوو مۆزەخانەی ئەوروپی کە بە نۆرە وێنەکان نمایش دەکەن و نیازیان نییە کە هەرگیز دوو تابلۆکە جیا بکەنەوە.

ژمارە شەش. وەنەوشەیی، سەوز و سوور لەلایەن مارک ڕۆتکۆ: لەگەڵ زۆرێک لە کارەکانی، ژمارە شەشی مارک ڕۆتکۆ کە لە ساڵی ١٩٥١ تەواو بوو، قەبارەکەی ٢٤ بە ٦٣ ئینجە، دوو بەشی فراوانی ڕەنگی سوور و وەنەوشەیی زیندووی تێدایە کە بە ڕەنگێکی سەوز جیاکراونەتەوە. هەر یەکێک لەو سێ ناوچەیە لە دەوری لێوارەکان نەرم دەکرێنەوە، وا دەردەکەوێت کە ڕەنگەکان بە شێوەیەکی سروشتی لە یەکتردا ون دەبن. تابلۆکە نموونەیەکە لە شێوازی ڕۆتکۆ، لەگەڵ ڕەنگە زیندووەکان کە لە بۆشاییەکی لاکێشەیی ڕێکدەکەون. پارچەکە لە ساڵی ٢٠١٤ بە بڕی ١٨٦ ملیۆن دۆلار بەشێوەیەکی تایبەت فرۆشرا، ئەمەش ڕیکۆردێکی نوێی بۆ وێنەکێشەکە تۆمارکرد.

لێس فێمێس دی ئەلجێر لەلایەن پابلۆ پیکاسۆ: (بە ئینگلیزی: Les Femmes d’Alger by Paul Picasso) واتا ژنانی جەزائیر، کە یەکێکە لە تابلۆکانی زنجیرەیەکی ١٥ تابلۆی هونەرمەندی ئیسپانی پابلۆ پیکاسۆ. زنجیرەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٤-١٩٥٥ دروستکراوە، ئیلهامەکەی لە تابلۆیەکی ساڵی ١٨٣٤ی هونەرمەند ئێجێن دێلاکرۆیکس کە لە شوقەکەیدا بووە کە لێی ژیاوە وەرگیراوە. ئەم زنجیرەیە یەکێکە لەو وێنانەی کە پیکاسۆ وێنەی کێشاوە بۆ ڕێزلێنان لەو هونەرمەندانەی کە سەرسامیان بووە. ئەم کارە هونەریەی پیکاسۆ لە مەزادێکی کریستی لە ساڵی ٢٠١٥ لە نیویۆرک بە بڕی ١٧٩.٤ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، ئەمە دوایین کاری هونەرییە لە زنجیرەی Les femmes d'Alger.


سەرچاوەکان



1410 بینین