ئەو فەرماندانەی لە هیچ جەنگێکدا نەدۆڕاون

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-22-22:42:00 - کۆدی بابەت: 12226
ئەو فەرماندانەی لە هیچ جەنگێکدا نەدۆڕاون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو فەرماندانەی لە هیچ جەنگێکدا نەدۆڕاون (بە عەرەبی: القادة الذين لم يهزموا في أي معركة، بە ئینگلیزی: commanders who have not defeated any battle) بریتین لە دەستەیەک کەسایەتی سەربازی کە هەرگیز لەو جەنگانەی ئەنجامیان داون ڕووبەڕووی شکست نەهاتوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ وریایی و کارکردن بە بنەما سەربازییەکان و تێگەیشتن لە جوگرافیا و زانینی خاڵە لاوازەکانی دوژمن. 

ناوەڕۆک

ئەگەر لە مێژووی مرۆڤایەتی وردبینەوە ئەوە هەندێک جار بابەتی سەیر و سەمەرە دەبینین، بەتایبەتی لە بابەتی سەربازی و ژیانی کەسایەتییەکان. بە درێژایی مێژوو جەنگ و کوشتار هەبووە (سەن زوو) لە کتێبی (هونەری جەنگ) دەڵێت "جەنگ ئاگرە، ئاگریش دەست دەسووتێنێت" سەرەڕای ئەوەی هەموان دەزانن جەنگ کاولکاری و نەهامەتییە بەڵام مرۆڤ خۆی لە جەنگ بێ بەری نەکردووە بە درێژایی مێژوو. 

زۆرێک لەو کەسایەتیانەی جەنگیان کردووە بە زیانی کەم و قوربانی کەم لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو بوون. ئەمەش بە هەموو کەسێک نەکراوە. ئەو فەرماندە سەربازیانەی کە بە زاراوەی سەربازی "O killed" یان (O Death) لە جەنگەکەدا دەربازیان بووە کە هەردوو وشەکە بە واتای ئەوە دێت ڕێژەی مردنی سەربازەکانیان هێندە کەم بووە بە سفر هەژمار کراوە. 

ناوی فەرماندەکان و جەنگەکانیان

١- ئەسکەندەری گەورە 
ئەسکەندەری مەکدۆنی لە سەدەی چوارەمی پێش زایین ژیاوە، ئیمپڕاتۆر و سەرداری سەربازی مەکدۆنیا بوو کە ئیمپڕاتۆریەتێکی بەهێزی بنیات نا کە سنوورەکەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا تاوەکو هیندستانی دەگرتەوە. ئەسکەندەر بەوە ناسراو بوو کە جەنگی دژی فارسەکان کردووە و تێکیشکاندوون، بە تایبەتی لە جەنگی "گۆگمێلا" یان "ئەربێلا" لە خاکی باشووری کوردستان و ناوچەی بادینان. هەروەها جەنگەکانی هیندستان بە گرنگترین جەنگەکانی ژیانی ئەسکەندەر دادەنرێن. ئەو سوپایەی ئەسکەندەر خۆی سەرکردایەتی کردبوو هەرگیز تووشی شکست نەبووەتەوە. 

٢- سکیپۆ ئەفریکانۆس 
ئەفریکانۆس جەنڕاڵێکی سوپای ڕۆم بووە هەرگیز ڕووبەڕووی شکست نەهاتووە لە ماوەی خزمەتی سەربازیدا چ وەک سەرباز و چ وەک پلەداری سەربازی. ئەفریکانۆس لە سەدەی دووەمی پێش زایین ژیاوە. گرنگترین جەنگەکان کە تیایدا فەرماندە بووە (جەنگی ڕۆم-سووریا، جەنگی زاما، جەنگی تیکانوس، جەنگی مەگنێسا، جەنگی پەنیکی دووەم) 

٣- خالیدی کوڕی وەلید 
خالید ئەو ناوەی لای هەموو موسڵمانێک ئاشنایە، ساڵی ٥٩٢ لە مەککە لەدایکبووە، سەرەتا بێ باوەڕبووە و لە جەنگی (ئوحود) دژی موسڵمانان شەڕی کردووە و سەرکەوتوو بووە. پاش باوەڕهێنانی بە خوای تاک و تەنها و ئایینی ئیسلام شمشێرەکەی لە خزمەتی ئیسلامدا بەکارهێناوە. خالید دژی سوپای ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمی بێزەنتی و ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی شەڕی کردووە توانییەتی  هەردوو سوپا تێکبشکێنێت. هەر سوپایەک خالید سەرکردایەتی کردبێت ئەوە لەو جەنگەدا سەرکەوتووبوون.

٤- موهوالی  یان موخالی
فەرماندەیەکی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل بووە، ساڵی ١١٧٠ لەدایکبووە، ساڵی ١٢٢٣ کۆچی دوایی کردووە. موهوالی سەرەتا دوژمنی جەنگیزخان بووە. لە جەنگێکدا ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە و توانی هێزەکانی جەنگیزخان شکست پێ بهێنێت. پاش لەناوچوونی هۆزەکەی  موهوالی بڕیاریدا خزمەت بە جەنگیزخان بکات و هەرگیز خیانەتی لێ نەکات. موهوالی تاکە سەرداری ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆلەکان بووە کە هیچ جەنگێکی نەدۆڕاندووە. لە هەموو جەنگەکانی جەنگیزخان بەشداری کردووە بەتایبەتی جەنگەکانی دژ بە (جین) بە گرنگترین بەشدارییەکانی موهوالی دادەنرێت. 

٥- تاریقی کوڕی زیاد 
تاریقی کوڕی زیاد سەرکردەیەکی تری موسڵمانە کە حوکمی ئەندەلوسی کردووە و لە هیچ جەنگێکدا شکستی نەهێناوە. تاریق لە سەردەمی دەوڵەتی ئومەوییەکان ژیاوە، ئاڵا و پەیامی ئیسلامی گەیاندە ئیسپانیای ئێستا کە ئەو کاتە بە ئەندەلوس ناسراوبوو. گرنگترین جەنگ کە تیایدا فەرماندە بوو (جەنگی هیسپانیا) کە توانی لەشکری دوژمن تێکبشکێنێت. لە جەنگەکەدا زیانێکی زۆر بەر مەسیحییەکان کەوت و چەندین سەرکردە و فەرماندەیان کوژران و لەشکری موسڵمانانیش بە زیانێکی کەم سەرکەوتن. ناوی (شاخی تاریق) کە دەکەوێتە خوارووی ئیسپانیا لە نێوان مەغریب و ئیسپانیایە لە ناوی تاریقی کوڕی زیادەوە هاتووە.

٦- ئەلیکساندەر سوڤۆرۆڤ 
ئەلیکساندەر سوڤۆرۆڤ ١٧٣٠-١٨٠٠ یەکێکە لە سەرکردە سەربازییەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا کە بەشداری لە چەندین جەنگ لە جوگرافیای جیاوازدا کردووە بێ ئەوەی شکست بهێنێت. سوڤۆرۆڤ پلەی جنڕالیسمی هەبووە کە بریتییە لە بەرزترین پلەی سەربازی لە سەدەی ١٨ـیەم کە هەمان پلەی جنڕاڵ بووە بەڵام بە هەبوونی پێنج ئەستێرە و شانێڵێکی سەربازی. گرنگترین جەنگەکان کە تیایدا بەشداری کردووە (ڕووسۆ - تورکی یەکەم و دووەم، جەنگی کۆنفدراسیۆن، جەنگی پراگ و چەندان جەنگی تر).

٧- لویس نیکۆلاس داڤۆت
لویس نیکۆلاس داڤۆت جنڕاڵێکی هێرشبەری فەڕەنسی بووە و خزمەتی بە ناپلیۆن پۆناپارت کردووە. لە ساڵی ١٧٧٠ لەدایکبووە و ١٨٢٣ کۆچی دوایی کردووە. ئەو جەنگانەی تیایدا بەشداربووە (شۆڕشی فەڕەنسا و ڕووخاندنی لویس، جەنگی میسڕ و سووریا، ئوڵم، واگرام، ئوسترلیتز، بۆردینۆ، هامبۆرگ و چەندانی تر).


سەرچاوەکان



52 بینین