چۆنیەتی ڕێکخستنی فرۆشگای جلوبەرگ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-07-17:39:00 - کۆدی بابەت: 12799
چۆنیەتی ڕێکخستنی فرۆشگای جلوبەرگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی ڕێکخستنی فرۆشگای جلوبەرگ (بە عەرەبی: كيفية ترتيب متجر لبيع الملابس، بە ئینگلیزی: How to arrange a clothing store). لە بەڕێوەبردنی بازاڕگەریدا بابەتێکی گرنگ هەیە پێی دەوترێت Segmentation کە بەواتای بەشکردن دێت کە یەکەم هەنگاوی دانانی شوێنێکی بازرگانییە. کەسی فرۆشیار دەبێت بڕیار بدات چ کاڵایەک دەفرۆشێت؟ بەکێی دەفرۆشێت؟ چ تەمەن و ڕەگەزێک؟ بۆ فرۆشگایەکی جلوبەرگ بەتایبەتی دیاریکردنی ڕەگەز و تەمەن پێشینەی کارەکەن. 

چۆنیەتی ڕێکخستنی فرۆشگاکانی جلوبەرگ

لە بازاڕەکاندا یاخود مۆڵەکان کە شوێنی کۆکردنەوەی هەموو حەز و پێداویستییەکانی تاکەکانە لە یەک شوێندا، بەپێی ئامارە گشتییەکانی جیهان بێت زۆرترین کاڵا دەفرۆشرێت لە مۆڵەکاندا جلوبەرگن چونکە چەندین بڕاندی جیاواز لە یەک شوێندا کۆدەکرێنەوە، بۆیە گرنگترین شت ڕێکخستنی فرۆشگاکانن. 

ڕێکخستنی گشتی

لە ڕووی ڕەگەز 

ئەگەر فرۆشگاکە لقێکی بڕاندێکی ناوبانگ بێت دەبێت فرۆشگاکەی بەپێی ڕەگەز ڕێکبخات، واتا دوو فرۆشگا لە دوو شوێنی جیاوازی مۆڵەکەدا لە ژێر ناوی هەمان بڕاند دابنرێت و هەموو پێداویستییەکانی ئەو ڕەگەزە لە فرۆشگای تایبەت بەو ڕەگەزە کۆبکرێتەوە. نەوەک بەشێوازێکی هەڕەمەکی لە نێو یەک شوێندا. پێویستە شوێنەکان جیا بکرێتەوە. ئەمەش بۆ پێدانی ئازادی تەواوە بە بەکاربەران لە کاتی هەڵبژاردن و کڕینی جلوبەرگ.

لە ڕووی گرنگی مۆدێلەکانی جلوبەرگ 

پێویستە کەسی فرۆشیار لە دەروازەی هاتنە ژوورەوەی ناو فرۆشگاکەی گرنگترین جلوبەرگ نمایش بکات بۆ کەسی کڕیار بەتایبەتی ئەو جلوبەرگانەی دەکرێتە بەر بووکەڵەکان. نموونەی ئەمەش پۆلەکانی جلوبەرگە وەک جلوبەرگی ئاسایی، جلوبەرگی فەرمی، جلوبەرگی کارکردن، جلوبەرگی وەرزش، جلوبەرگی شاخەوانی. ئەم جلوبەرگانە پێویستە لە بەشی پێشەوەی فرۆشگاکە نمایش بکرێن تا کڕیار بزانێت لەم فرۆشگایەدا ئەم مۆدێلانە بەردەستن. نمایش کردنی جلوبەرگی ژێرەوە و خەوتن کارێکی لە پێشینە و گرنگ نییە بەڵام دەکرێت جلوبەرگی ناو ماڵ نمایش بکرێت. 

ڕێکخستنی ناوەوەی فرۆشگاکانی جلوبەرگ

ڕێکخستن بە پێی مۆدێلە نوێیەکان 

لە فرۆشگاکانی جلوبەرگدا کاتێک کڕیار پێ دەنێتە ناو فرۆشگای جلوبەرگ، گرنگترین شت ڕێکخستنەکەیەتی بە پێی نوێترین مۆدێلەکان تا زیاتر بڕۆیتە ناو فرۆشگاکە دەبێت بەو جۆرە بێت کە مۆدێلە نوێیە نمایش کراوەکان کەم بکەنەوە. نەوەکو هەر لە سەرەتادا بە مۆدێلی ساڵانی ڕابردوو دەست پێ بکات چونکە ئەمە کڕیار دوو دڵ دەکات لەوەی جلوبەرگ بکڕێت لەو فرۆشگایەدا. 

لە ڕووی ڕەنگ 

پێویستە لە فرۆشگای جلوبەرگدا کاتێک جلوبەرگ نمایش دەکرێت بۆ هەر دوو ڕەگەز پێویستە گرنگی بە نمایش کردنی ڕەنگە دڵخوازەکان بدرێت بۆ سەرنجڕاکێشان. نموونە خانمان خواستیان بۆ ڕەنگی پەمەیی زیاترە وەک لە ڕەنگی تر. پیاوانیش ڕەنگی ڕەش و سپی و شین بە دڵخواز دەزانن. لەبەر ئەمە پێویستە ڕەنگە دڵخوازەکان لە بەشی پێشەوە یاخود لەو جێگەیانە دابنێن کە ڕاستەوخۆ چاوی کڕیار دەچێتە سەری. 

لە ڕووی سایز یاخود "قەبارە" 

لەو جێگەیەی جلێکی دیاریکراوی لێ بەردەستە بە هەڵواسراو یاخود دانراو لەسەر مێز، دەبێت لە بچووکترین سایز بەردەست بێت تاوەکو گەورەترین سایز. بۆ منداڵیش لە بچووکترین تەمەن تاوەکو گەورەترین تەمەن کە بە منداڵ هەژمار دەکرێت بەردەست بخرێت چونکە جلوبەرگی منداڵان بە پێی تەمەن سایزەکان دیاری کراوە و هی گەورەش لە ڕێگەی پیت وەک XS زۆر بچووک، S بچووک، M مامناوەند، L گەورە، XL زۆر گەورە. لە هەندێک جلوبەرگیشدا سایزی زیاتر هەن کە بۆ ئەو کەسانەن کێشی لەشیان زۆرە. 

لە ڕووی نرخ 

پێویستە گرنگی بدرێت بە شێوازی ڕێکخستنی جلوبەرگ بەپێی نرخ، ئەو جلوبەرگانەی نرخیان کەمە یاخود داشکاندنیان بۆ کراوە لە بەشی پێشەوەی فرۆشگایەکە دانرێن، ئەو جلوبەرگانەی نرخیان زیاترە و داشکاندنیان نییە لە بەشی پشتەوە دابنرێن. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی دەروونی کڕیار کاتێک کۆمەڵێک کاڵا بە نرخی کەم دەبینێت حەز دەکات لەو شوێنەدا زیاتر بگەڕێت و کاڵای زیاتر ببینێت تا کاڵای دڵخوازی خۆی بکڕێت ئەم بابەتە پێی دەوترێت Psychology of selling یان دەروونزانی لە فرۆشتندا کە بە نیشاندانی کۆمەڵێک کاڵای نرخ نزم هەستی کڕیار بجووڵێنیت، بە پێچەوانەوە گەر لە سەرەتادا جلوبەرگی نرخ بەرز دابنێیت هەر کە پرسیاری نرخی کرد یان ئەو نرخەی بە جلوبەرگەکەوەیە و سەیری کرد گەر زۆر بوو ڕاستەوخۆ شوێنەکە جێ دەهێڵێت. 

بەپێی بەکارهێنان

لە ڕێکخستنی جلوبەرگدا پێویستە گرنگی بدرێت بەم خاڵە. ئەویش ئەو جلوبەرگانەی گشتین یاخود زۆر بەکارەهێنرێن پێویستە لەبەر چاو بن، نموونە کراس، پانتۆڵ، چاکەت، قەمسەڵە، پانتۆڵی کاوبۆ. یاخود لە وەرزی گەرمادا جلوبەرگە فێنکەکان دەبێت دیاربن و جلوبەرگە گەرمەکان بخرێنە دواتر یان بە پێچەوانەوە لە وەرزی سەرمادا ئەو جلوبەرگانەی گەرم کەرەوەن وەک قەمسەڵە و ملپێچ و کڵاو و دەستکێش دەبێت جێگەکەیان بە ئاسانی چاوی کڕیاری بچێتە سەر. ئەو جلوبەرگانەشی بۆ بۆنەی تایبەتن وەک ئاهەنگ و کۆبوونەوەی خێزانی یاخود جلوبەرگی فەرمین ئەوانە دەبێت لە شوێنێکی تر دابنرێت چونکە بۆ کاری ڕۆژانە لەبەر ناکرێن و بۆ بۆنەی تایبەت یاخود بۆ کارکردن لەبەر دەکرێن.


سەرچاوەکان



54 بینین