کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-08-14:07:00 - کۆدی بابەت: 12808
کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ (بە عەرەبی: وفاة الرسول، بە ئینگلیزی: The Death of Muhammad) پێغەمبەر ﷺ دوای نەخۆشکەوتن و تێکچوونی باری تەندروستی لە ڕۆژی دووشەممە لە ١٢ـی مانگی ڕەبیعی یەکەم لە ساڵی ١١ کۆچی بەرانبەر مانگی حوزەیرانی ساڵی ٦٣٣ـی زایینی لە تەمەنی ٦٣ ساڵی لە شاری مەدینە لە ماڵی خاتوو عائیشە کۆچی دوایی کردووە.

نیشانەکانی نزیکبوونەوەی کوچی دوایی پێغەمبەر ﷺ

  • دابەزینی سوورەتی (النصر).
  • خەوبینینی هەندێک لە هاوەڵان.
  • وەسێتکردنی پێغەمبەر ﷺ بۆ چەند هاوەڵێک.
  • بە ساڵێک پێش کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ لە مانگی ڕەمەزانەکەیدا بۆ ماوەی بیست ڕۆژ پێغەمبەر ﷺ چووە ئیعتیکافەوە، لە ساڵەکانی پێشتر تەنها لە دە ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزان ئیعتیکافی دەکرد.
  • لە حەجی ماڵئاوایی پێغەمبەر ﷺ داوای لە هاوەڵان کرد و فەرمووی (لتأخذوا عني مناسككم فإني لا أدري لعلي لا أحج بعد حجتي هذه)، واتا: "نەریتەکانی حەجم بە باشی لێوە فێر ببن چونکە دەکرێت ساڵێکی تر حەج نەکەمەوە."

نەخۆشکەوتنی پێغەمبەر ﷺ

بەپێی گێڕانەوەکان و سەرچاوە ئایینی و مێژووییەکان پێغەمبەر ﷺ کاتێک لە شوێنکەوتنی جەنازەیەکی گۆڕستانی بەقیع گەڕاوەتەوە تووشی سەرئێشەیەکی توند بووە، کاتێک نەخۆشی و ئازارەکانی زیاتر بوون مۆڵەتی لە خێزانەکانی وەرگرت کە لە ماڵی خاتوو عائیشەی خێزانی بمێنێتەوە، بۆیە بە یارمەتی هەردوو هاوەڵ عەلی کوڕی ئەبووتالب و فەزڵی کوڕی عەباس پێغەمبەر ﷺ گواسترایەوە بۆ ماڵەکەی لەلای خاتوو عائیشە، پاش پێنج ڕۆژ لە نەخۆشکەوتنی پلەی گەرمی لەشی بەرز بووەوە و ئازارەکانی زیاتر بوون.

لە ڕۆژی هەینی بە پارچە پەڕۆیەک سەری بەسترا بوو تاکوو ئازارەکەی کەم ببێتەوە، بە دانیشتنەوە وتاری بۆ هاوەڵانی مزگەوت دا و نوێژی نیوەڕۆی بۆ کردن. پێغەمبەر ﷺ کاتێک نەخۆش کەوت پێشنوێژی و ئیمامەتی هەموو نوێژەکانی بۆ هاوەڵانی کرد تاکوو ڕۆژی پێنجشەممە بە چوار ڕۆژ پێش کۆچی دوایی، لەو ڕۆژەدا لە نوێژی عیشا نەیتوانی پێشنوێژی بۆ موسوڵمانان بکات و بۆیە ئیمامی ئەبووبەکری سدیق بووە پێش نوێژی موسڵمانان، ئەبووبەکری سدیق تاکوو پێغەمبەر ﷺ لە ژیاندا مابوو پێشنوێژی ١٧ نوێژی فەرزی بۆ موسڵمانان کرد.

کات و شوێنی کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ

پێغەمبەر ﷺ لە ڕۆژی دووشەممە لە ١٢ـی مانگی ڕەبیعی یەکەم لە ساڵی ١١ کۆچی بەرانبەر مانگی حوزەیرانی ساڵی ٦٣٣ـی زایینی لە تەمەنی ٦٣ ساڵی لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کردووە. پێغەمبەر ﷺ لە ماڵی خاتوو عائیشە بوو و سەری لە باوەشی خاتوو عائیشە بووە کە کۆچی دوایی کردووە و پێش کۆچی دوایی ئەم پاڕانەوەیەی سێ جا خوێندووە (اللَّهُمَّ اغْفِرْ لي وارْحَمْنِي وأَلْحِقْنِي بالرَّفِيقِ)، واتا: خودایە لێم خۆش ببە و بەزەییت بێتەوە و بمگەیەنە بە پلەی باڵا.

شۆردنەوە تەرمی پێغەمبەر ﷺ

تەرمی پێغەمبەر ﷺ لەلایەن ئەهلی بەیتەوە شۆردراوەتەوە و کفن کراوە، ئەو کەسانەی کە لە پرۆسەی شۆردنەوە و کفن کردنی پێغەمبەر ﷺ بەشدارییان کردووە بریتی بوونە لە عەلی کوڕی ئەبووتالیبی ئامۆزای، عەباسی کوڕی عەبدولمەتەلیبی مامی لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی بە ناوەکانی فەزڵی کوڕی عەباس و قەثمی کوڕی عەباس، ئوسامەی کوڕی زەید و شەقران خزمەتکارەکەی پێغەمبەر ﷺ بەشداربوون لە شۆردنەوە و کفن کردنی پێغەمبەر ﷺ. عەلی کوڕی ئەبووتالیب دەستپێکی سەرەتای پرۆسەی شۆردنەوەکەی دەست پێکرد، جلەکانی پێغەمبەر ﷺ لەکاتی شۆردنەوە لانەدران، ئیمامی عەباس و هەردوو کوڕەکەی لاشەی پێغەمبەر ﷺـیان هەڵدەگێڕا، ئوسامە و شەقران ئاویان دەڕژان و ئاویان دەدایە دەستی ئیمامی عەلی. بە سێ بەرگی لە پەموو دروستکراو تەرمی پێغەمبەر ﷺ بە جلەکانی خۆیەوە کفن کرا.

نوێژکردن لەسەر تەرمی پێغەمبەر ﷺ

دوای شۆردنەوە و کفن کردن، تەرمی پێغەمبەر ﷺ هەر لە جێگەکەی خۆی لە ماڵەکەی خۆی و خاتوو عائیشە دانرا، موسڵمانان بە تاک و بە کۆ بەبێ بوونی هیچ ئیمامێک نوێژی مردوویان لەسەر تەرمەکەی کرد، پاشان کۆمەڵ کۆمەڵ پیاوان بەبێ بوونی ئیمام نوێژیان لەسەری کرد، دوای پیاوان ژنان و منداڵانیش نوێژی مردوویان لەسەر تەرمی پێغەمبەر ﷺ کردووە.

ناشتنی تەرمی پێغەمبەر ﷺ

تەرمی پێغەمبەر ﷺ لە ماڵەکەی خاتوو عائیشە و بە دیاریکراوی شوێنی نووستنی پێغەمبەر ﷺ وەکوو گۆڕەکەی دیاریکرا، بەرەوڕووی ئاڕاستەی قیبلەوە تەرمی پێغەمبەر ﷺ لە گۆڕەکەی دانرا، هەریەک لە ئیمامی عەلی کوڕی ئەبووتالب و فەزڵ و قەثمی کوڕی ئیمامی عەباس و شەقران تەرمی پێغەمبەر ﷺـیان داگرتە نێو گۆڕەکەی و ئەوان تەرمەکەیان ناشت و لە شەوی چوارشەممە تەرمی پێغەمبەر ﷺ نێژرا.


سەرچاوەکان



54 بینین