ڕووداوی داڕمانی پردی فرانسیس سکۆت لە ئەمریکا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-28-21:17:00 - کۆدی بابەت: 12364
ڕووداوی داڕمانی پردی فرانسیس سکۆت لە ئەمریکا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕووداوی کەوتن یان بەربوونەوەی یان داڕمانی پردی فرانسیس سکۆت لە شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی مارلاند لە ئەمریکا (بە عەرەبی: انهیار جسر فرانسيس سكوت كي في بالتيمور، بە ئینگلیزی: Francis Scott Key Bridge collapse in Baltimore) ڕووداوێکی لەناکاو بوو لە شاری بالتیمۆر لە ئەمریکا، لە بەیانی ڕۆژی ٢٦ـی ئازاری ساڵی ٢٠٢٤ ڕوویدا، کاتێک کەشتییەکی گەورەی شتومەک هەڵگر خۆی بە پردێکی سەر ڕووباری پاتابسکۆ کێشا و لە ئەنجامدا پردەکە ڕاستەوخۆ داڕما و ڕووخا.

لە ئەنجامی ڕووداوەکە ئۆتۆمبێلی سەر پردەکانە کەوتنەخوارەوە و نزیکەی بیست کەس کەوتنە نێو ڕووباری پاتابسکۆ و بەشێکیان بێسەروشوێن بوون و تەنها دوو کەس ڕزگارکران.

هۆکار و کاردانەوەکانی بۆ ڕووداوەکە

کەشتییەکی گەورە لەکاتی تێپەڕبوونی بەژێر پردی فرانسیس سکۆت لەسەر ڕووباری پاتابسکۆ خۆی کێشا بە ستوونی پردەکە و بووە هۆی داڕمانی لەناکاو و ڕاستەوخۆی پردەکە، هۆکارەکەشی زۆر ڕوون نییە و هەندێک سەرچاوە ئاشکرایان کرد کە کەشتییەکە کۆنتڕۆڵی هێزی پاڵنانی نەماوە و پێش پێکدادانەکە داوای هاوکاری کردووە. 

کەشتییەکە ئاڵای وڵاتی سەنگافۆرەی پێوەبووە و ناوی کەشتییەکە دالی بوو و شتوومەکی بۆ وڵاتی دانیمارک دەگواستەوه. پردەکە لە دەروازەی بالتیمۆری ویلایەتی مارلاند درێژ دەبێتەوە، کە قەرەباڵغترین و ناودارترین بەندەری ئەمریکایە بۆ هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل و شتومەک و بە گشتی نۆیەمین بەندەری قەرەباڵغی جیهانە.

لە ڕێگەی ئەم بەندەرەوە شتومەکی هەمەجۆر دەگوازرێتەوە، بەندەری بالتیمۆر سەرچاوەیەکی گرنگی گازی سروشتی شلە مانگانە نزیکەی نیو ملیۆن تۆن گازی سروشتی شلی لێدەگوازرێتەوە. بۆیە کاریگەرییەکانی ئەوەی ڕوویدا بۆ ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا زۆر گەورە دەبن. هاوکات لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٧٥۰ هەزار ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی بەندەری بالتیمۆرەوە تێپەڕیوە و گوازراونەتەوە، نموونەی جۆری ئۆتۆمبیلەکان بریتی بوون لە فۆڕد، جێنەڕاڵ مۆتۆرز، ئۆدی، نیسان، لاند ڕۆڤەر و چەندان جۆری ناوداری تر.

ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٤٧ ملیۆن تۆن کاڵای بیانی بەم بندەرە تێپەڕ بووە. بەهۆی ئەم ڕووداوەوە بەرپرسانی ناوچەکه ڕایانگەیاندووە، هاتوچۆی دەریایی لە ڕێگەی بەندەرەکەوە بۆ ماوەیەکی نادیار ڕادەگیرێت و بەندەرەکە داخرا.

دوای ڕووداوەکە گرووپی کەشتیوانی دانیمارکی (مێرسک) کە کەشتیی دالی باری شتومەکەکانی بۆ ئەوان دەگواستەوە ڕایانگەیاند کە لە داهاتوودا بەندەری بالتیمۆر بۆ هەمیشە لە هەموو کارەکانیان دوور دەخەنەوە و چیتر مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن.
پێت بوتجێگ وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “گومانی تێدا نییە ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی بەرچاو و درێژخایەنی دەبێت لەسەر زنجیرەکانی دابینکردن و گواستنەوەی شتومەک لە؟بەندەرەکه”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “هێشتا زووە بۆ ئەوەی خەمڵاندنەکان بخەینەڕوو کە کردنەوەی بەندەرەکە چەند کات دەخایەنێت”. جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "حکوومەتی ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ کردنەوەی بەندەرەکە و دووبارە دروستکردنەوەی پردەکە بە خێرایی”. بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکە "کات دەخایەنێت."


سەرچاوەکان



74 بینین