چاندنی پەڵپینە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-10-10:58:00 - کۆدی بابەت: 12848
چاندنی پەڵپینە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاندنی پەڵپینە (بە ئینگلیزی: planting purslane، بە عەرەبی: زراعة الرجلة)، ڕووەکێکی گەشە خێرای بەتامە بەڵام زۆرینەی جارەکان تەنها بە گژوگیایەکی زیانبەخش ناودەبرێت، پەڵپینە شیاوی خواردنە و لەهەمان کاتدا تامێکی خۆشیشی هەیە، جگە لە تامەکەی سوودی گرنگی هەیە بۆ جەستەش لەبەر ئەوە چاندنی کارێکی بەسوودە، لەگرنگترین ئەو بەها خۆراکییانەی کە تێیدایە بریتین لە، ئۆمێگا 3، ڤیتامینەکان لە جۆری A، C، B، ئاسن، کالسیۆم، مەگنیسیۆم لەگەڵ پۆتاسیۆم، نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەری ئاسیایە بەڵام بڵاوبووەتەوە بە هەموو جیهاندا، قەدێکی سوور و گەڵایەکی نەرمی هەیە لەگەڵ گوڵی بچووک کە ڕەنگیان زەردی کاڵە.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • دەکرێت بە تۆو بچێنرێت، یاخود لقەکانی لێبکرێنەوە و لە جێگەیەکی تردا زیادبکرێن.
  • ئەگەر بە تۆو بچێنرێت، ئەوا تەنها تۆوەکان پەرشبکرێت بەسەر خاکەکەدا.
  • نابێت تۆوەکان بە خۆڵ دابپۆشرێن، چونکە تۆوی پەڵپینە پێویستی بە ڕووناکییە بۆ ئەوەی چەکەرەبکات.
  • بەڵام ئەگەر بە قەد زیادبکرێت، ئەوا پێویستە دوای چاندنی قەدەکەی ئاوی باشی پێبدرێت، دواتر لەماوەی چەند ڕۆژێکدا قەدەکان ڕەگ دادەکوتن.

شێوازی گرنگیپێدان

گرنگترین خاڵ بۆ گەشەکردنی پەڵپینە دابینکردنی جێگەیەکە کە ڕووناکی خۆری زۆری بەربکەوێت، گرنگی نادات بە بەپیتی و پلەی ترشێتی خاک، تەنها خاکێکی ڕووت و وشکی پێویستە بۆ گەشەکردن، هەروەها دوای ئەوەی لە جێگەیەکدا دەردەکەوێت ئەوا هیچ گرنگیپێدانێکی تایبەتی ناوێت، واتە هاوشێوەی گژوگیاکان خۆی بە ئاسانی زۆردەبێت.

جگە لە ئەمانە باشتر وایە کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو پەڵپینەکە لێبکرێتەوە، چونکە دەکرێت ببێتە گیایەکی داگیرکەر بەتایبەتی کاتێک گوڵدەگرێت، لەبەر ئەوە کاتێک کەسێک بیەوێت گەشەی زۆر و داگیرکەری پەڵپینەکە جڵەوبکات، دەبێت پێش ئەوەی گوڵبگرێت پەڵپینەکە لێبکرێتەوە و بەکاربهێنرێت. 


سەرچاوەکان



1354 بینین