چاندنی شویت

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-10-10:36:00 - کۆدی بابەت: 12844
چاندنی شویت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاندنی شویت (بە ئینگلیزی: Planting dill، بە عەرەبی: زراعة الشبت)، سەوزەیەکی گەشەخێرایە و بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەکاردێت، جگە لە ئەوەی شیاوی خواردنە، دەکرێت بەمەبەستی جوانیش بچێنرێت، لقەکانی زۆر بە چڕی سەوزدەبن و لە وەرزی هاوینیشدا گوڵی زەرد دەگرێت، جگە لە ئەمانەش هەندێک جۆری تایبەتی پەپوولەکان هەن کە ئارەزووی شویت و گوڵەکەی دەکەن و دەنیشنەوە لەسەری، یاخود دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی زەردەواڵەکان. نشینگە بنەڕەتییەکەی ناوچەکانی ئۆراسیا و دەریای سپی ناوەڕاستە، چەندین جۆری جیاوازی هەیە، هەندێکیان درێژترن و هەندێکی تریان تۆوی زیاتر بەرهەمدەهێنن، یاخود هەندێک جۆری تریان لە گۆزەکاندا باش گەشەدەکەن و بەرهەمیان دەبێت.

هەنگاوەکانی چاندن

  • باشترە لە وەرزی بەهاردا بچێنرێت، کاتێک کە پلەی گەرمی خاکەکە لە نێوان ١٥-٢١ پلەی سیلیزییە.
  • تۆوەکەی لە قوڵاییەکی زۆر کەمدا بچێنرێت و ڕاستەوخۆ بخرێتە خاکەوە.
  • پاش ١٠-١٤ ڕۆژ تۆوەکان چەکەرە دەکەن و دەردەکەون.
  • لە دوای دەرکەوتنیان و کاتیك کەمێک گەشەدەکەن، باشتر وایە کە مەودای نێوان بنجەکان زیادبکرێت، هەر دانەیەک بۆ دانەیەکی تر ٢٥-٣٠ سانتیمەتر دووربێت.

شێوازی گرنگیپێدان

جێگەکەی خۆرەتاوبێت و بەلایەنی کەمەوە زۆرینەی ڕۆژەکان شەش کاتژمێر ڕووناکی ڕاستەوخۆی خۆری هەبێت، دابینکردنی خاکێک کە بە باشی وشکبێتەوە و لەهەمان کاتدا بە شێداری بهێڵرێتەوە، پلەی ترشێتی خاکەکەی باشترە لە نێوان ٦.٥-٧ پلە ببێت واتە کەمێک ترشبێت، دەکرێت تووشی نەخۆشی کەڕووەکان ببێت، یان تووشی جۆری جیاوازی نەخۆشییەکانی ڕەگ ببێت، لەبەر ئەوە پێویستە چاودێریبکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ دابینبکرێت. 


سەرچاوەکان



1399 بینین