مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-06-04-16:43:00 - کۆدی بابەت: 13116
مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێخ مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز (بە عەرەبی: شيخ عثمان عبدالعزيز، بە ئینگلیزی: Mulla Osman AbdulAziz)، زانای ئایینی کوردی ناوداری سەدەی ڕابردوو بوو و بە دامەزرێنەری یەکەمین حیزبی ئیسلامی کوردستان دادەنرێت کە کۆتایی نەوەدەکان حیزبی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕاگەیاند.

زانیاری گشتی

ناو  عوسمان عەبدولعەزیز موحەمەد موستەفا
نازناو مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، باوکی ئیبراهیم، ئەبوو ئیبراهیم
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون  ساڵی ١٩٢٢، گوندی پریسی سەروو، هەڵەبجە
پیشە بانگخواز، مامۆستای ئایینی، نووسەر
ئایین   ئیسلامی سوننە، ڕێبازی شافیعی
کۆچی دوایی  ساڵی ١٩٩٩

ژیاننامەی

شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی پریسی سەروو کە ١٢ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای هەڵەبجەوە دوورە لەدایکبووە. لە خێزانێکی ئاییندۆست و نزیک لە ئیسلام پەروەردە بووە، خێزانەکەی ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ (پیرخدری شاهۆیی) کە موفەسیری قورئان و بانگخوازێکی ناودار بووە، باوکی مامۆستا عەبدولعەزیز موحەمەد موستەفا مەلا بووە و لە مزگەوتی ناوچەکەیان خاوەن حوجرە و قەفێ بووە.

ئەزموونی سەرەتای خوێندنی مەلا عوسمان لەلای باوکییەوە لە حوجرەی ناوچەکەی خۆیان دەستی پێکردووە، وانەکانی ئیسلام و زمانی عەرەبی و زمانی فارسی خوێندووە. دوای خوێندنی بنەما سەرەکییەکان لە گوندەکەی خۆیانەوە دەچێتە گوندی تریفە و درێژە بە خوێندنی ئایینی دەدات و زانستە سەرەکییەکان لەلای مامۆستا ساڵحی گەورەی ئامۆزای وەردەگرێت، دوای تەواوکردنی زانستە شەرعییەکان لەلای باوکی لە ساڵی ١٩٣٥ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.

دوای ئەوەی باوکی کۆچی دوایی دەکات لە ساڵی ١٩٥٩ دەبێتە جێگرەوەی باوکی و دەبێتە ئیمام و خەتیبی ناوچەکەی، هاوکات لە هەمان ساڵ تاقیکردنەوەیەک لە قوتابخانەی خاڵ لە سلێمانی دەکات و لە کەسە یەکەمەکان دەبێت و دەکرێت بە مامۆستا لە پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە.

ئەزموونی بانگخوازی و ئایینی 

شێخ عوسمان عەبدولەزیز بە زانای سەردەمی خۆی دانرابوو، لە زانستەکانی ئیسلامی نموونەی سەڕف، نەحوو، ئسوڵی فیقه، زانستەکانی قورئان، فەرموودە، تەفسیر، فەرموودەناسی، عەقیدە زۆر شارەزا و لێهاتوو بووە و خوێندوویەتی. کاتێک لە ساڵی ١٩٦٢ حکوومەتی ئەوکاتەی عێراق و بەڕێوبەرایەتی ئەوقافی گشتی عێراق بڕیاری کردنەوەی هەشت خوێندنگەی ئایینی  لە ناوجە جیاوازەکانی عێراق دەرکرد، خوێندنگە ئایینییەکان بە "پەیمانگای ئیسلامی" ناسێنران، شێخ عوسمان عەبدولعەزیز کرا بە بەڕێوبەری ئەو پەیمانگا ئیسلامییەی کە لە هەڵەبجە کرایەوە، کە بە پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجه ناسرا، بۆ ماوەی نزیکەی ٥۰ ساڵ زانست و وانەی شەرعی وتووەتەوە زۆرێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانی پێگەیاندووە.

ئەزموونی حیزبی و سیاسی

بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی ئایینی بووە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئیخوان موسلیمینەوە سەرسام بووە بە هزری ئەو ڕەوتە. لە ساڵی ١٩٥٤ ئەمجەد زەهاوی کە سەرۆکی ڕابیتەی زانایانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی پەروەردەی ئیسلامی ئەو کاتەی عێراق بوو لەگەڵ بانگخوازی ئیسلامی عێراقی موحەمەد مەحموود سەواف (ئەم دوو کەسایەتییە بە دامەزرێنەر و ڕابەری ئیخوان دادەنرێن لە سەدەی ڕابردوو لە عێراق) سەردانی هەڵەبجەیان کرد و لەگەڵ مەلا عوسمان قسەیان کرد و ئەویش چووە ڕیزەکانی ئیخوان و دەستی بە کاری سیاسی کرد، بۆیە لە ساڵی ١٩٥٥ مامۆستا عوسمان بوو بە بەرپرس و نوێنەری ئیخوان لە کوردستانی عێراق.

لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم و لە ساڵی ١٩٥٩ دوابەدوای دەرکردنی بڕیارێکی عەبدولکەریم قاسم بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە ئایینییەکانی عێراق دەستگیرکران، بۆیە مەلا عوسمان و براکانیشی بۆ ماوەی نۆ مانگ بۆ ناسڕییە دەستگیرکران و دوورخرانەوە. لە ساڵی ١٩٦۰ بەشدار دەبێت لە ڕاگەیاندن و جاڕدان و دامەزاندنی حیزبی ئیسلامی عێراقی و لە یەکەمین کۆنفڕانسی ئەو حیزبە لەژێر ناونیشانی "کۆمەڵەی ئیخوان لە سلێمانی" وتارێکی پێشکەش کردووە و بووەتە نوێنەری ئەو حیزبە لە کوردستان.

لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٧٧ بۆ ماوەی ١٠ مانگ لە زیندانی ڕومێسە زیندانی کراوە. لە ساڵی ١٩٨٧ بەشداربووە لە ڕاپەڕینەکەی هەڵەبجە دژی ڕژێمی بەعس، هەر لەو ساڵە بەهۆی کارەکانی ڕژێمی بەعس دژی کورد کۆمەڵێک زانای لایەنگری ئیخوان و مامۆستا عوسمان فتوای جیهادکردنیان دژی بەعس دەرکرد. هەر لە ساڵی ١٩٨٨ـەوە هێزەکانی بەعس فایلێکی تایبەتیان بە ناوی (دیاردەی ئایینی لە هەڵەبجە) کردەوە و زانیار و ڕاپۆرتی وردیان لەسەر ڕەوتەکەی مەلا عوسمان و چەند کەسایەتییەک کۆدەکردەوە.

لە ساڵی ١٩٨٨ دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە مەلا عوسمان لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی تر نموونەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود و کۆمەڵێک گەنج و خێزانەکانیان هەڵەبجە بەجێدەهێڵن و دەچنە نزیک سنووری وڵاتی ئێران، بەڵام هێزە ئێرانییەکان ناوچەکانی نزیک ئەوانیان بۆردمان کرد بە بیانووی ئەوەی سەربازی عێراقین، بۆیە بەرەو

ناوچەی پاوە سەر بە کرماشان بەڕێکەوتن کە ئۆردوگا بۆ ئاوارەکان دانرا بوو، دوای ئەوەی هەواڵەکە بڵاوبووەوە زۆرێک لە خەڵکی دانیشتووانی هەڵەبجە و سەیدسادق و شارەزوور کە ژمارەیان نزیکەی ١١ هەزار کەس بوون ڕوویان کردە ئەو ئۆردووگایە لە شارەکانی سنە و کرماشان و ناوچەی پاوە خێوەتگەیان بە شێوەیەکی کاتی دانران. لە دوای هەڵگیرسانی ڕاپەڕینەکەی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ مەلا عوسمان گەڕایەوە کوردستان و بەشداری لە ڕاپەڕینەکە کردووە.

دامەزراندنی حیزبی بزووتنەوەی ئیسلامی

لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن کۆمەڵێک پیاوی ئایینی بە سەرکردایەتی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران ڕەوتێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی دامەزرا. بزووتنەوە یەکەمین حیزبی ئیسلامیی چەکداری بوو کە لە کوردستانی عێراق ڕاگەیەنرا.
لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستانیان کرد، لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ مامۆستا عوسمان بووە پاڵێوراو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. مەلا عوسمان ببووە کەسایەتییەکی ناسراو و لە چەندان کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفڕانسی ئیسلامی و جیهانی لە وڵاتەکانی سعودیە و تورکیا بەشدار بووە و وتاری پێشکەشکردووە.

ئەزموونی نووسین و بەرهەمەکانی

مامۆستا عوسمان بەرهەمەکانی ئایینین و بە شێوازێکی سادە و ئاسان لەسەر بابەتە ئایینییەکان نووسییەتی، گرنگترین بەرهەمی بریتییە لە "تەفسیری قورئانی پیرۆز بە کوردی" کە ١٥ بەرگە و لە ٥٤۰۰ لاپەڕە پێکهاتووە و بە گرنگترین تەفسیرە کوردییەکان دادەنرێت. چەندین بەرهەمی چاپنەکراوی لەدوای خۆی بەجێهێشت و بەشێک لە بەرهەمەکانیشی چاپکراون.

گرنگترین بەرهەمەکانی

  • تەفسیری قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی.
  • شەرحی سەحیحی بوخاری وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.
  • کتێبی (علوم القرآن) بەرهەمێکە بە زمانی عەرەبی کە مامۆستا شێخ عوسمان لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی نووسییەتی، هاوکات لەسەر هەمان ڕێگا و شێوازی نووسینی کتێبی (البرهان في علوم القرآن)ـە کە نووسەرەکەی ئیمامی زەرکەشییە و باسی ڕێبازی ئیمامی شافیعی دەکات.
  • زنجیرەی فیقهی ئیسلامی بەرهەمێکی ترێتی کە لە ساڵانی کۆتایی ژیانی بە شێوەیەکی ئاسان و سادە مامۆستا عوسمان هەوڵیدا فیقهی ئیسلامی لە زنجیرە وتاری کورت و پوخت بە زمانی کوردی بنووسێتەوە، ئەم زنجیرەیە کۆمەڵە بابەتێکی تێدایە کە باس لە کێشە و بابەتە کوردییەکانی سەدەی ڕابردوو دەکەن.
  • بیدعە بە زمانی کوردی.
  • مەناسکەکانی حەج بە زمانی کوردی، کتێبێکی کورت و پوخت و بەسوودە باس لە بابەت و ئاداب و مەناسیکەکانی حەج دەکات بە زمانی کوردی.

کۆچی دوایی

مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ساڵی ١٩٩٩ لە تەمەنی ٧٧ ساڵی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ مزگەوتی (ابي النور) بۆ نوێژکردن لەسەری کە چەند کەسایەتییەکی ئایینی سووری تێیدا بەژداربوون، پاشان گواسترایەوە بۆ سنووری نێوان عێراق و سووریا تەرمەکەی لە ئاپۆڕایەکی فەرمی و جەماوەری گەورە بەڕێخرا و گەڕێنرایەوە بۆ شاری هەڵەبجە لە گوڕستانی (گوڵان) لە تەنیشت خاتوو عەتیەی هاوسەری و شەهید زوبەیری کوڕی نێژرا.


سەرچاوەکان



91 بینین