ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی پژمین و باوێشک دان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-29-04:43:00 - کۆدی بابەت: 5025
ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی پژمین و باوێشک دان
ڕۆشنبیری ئیسلامی

ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی پژمین و باوێشک دان ، ئاداب و ڕەفتاری موسڵمانان لە کاتی باوێشکدا ، باوێشک ، پژمە ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

باسی ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی پژمین و باوێشک دان

لەو ئاداب و ڕەفتارە جوانانەی ئیسلامی خۆشەویستیمان بۆی داناوین، کە لە ناو کۆمەڵگا پیادەی بکەین، ئادابی پژمین و باوێشکە کە پێویستە خۆمان و منداڵەکانیشمان فێر بکەین بەو شێوەیی کە پێغەمبەری خوا د.خ ڕێنمویی کردووە. 

  1. کاتێک مسوڵمانێک دەپژمێ و دەڵێ: الحمداللە پێویستە پێی بڵێی یرحمک اللە، ئەویش بڵێ یهدیکم اللە و یصلح بالکم. ئەمەش بە پێی گێرانەوەی کە بوخاری لە ئەبو هورەیرەوە ڕەزای خوای لێبێ، گێڕاوەتەوە، ئەویش لە پێغەمبەر د.خ کە فەرموویەتی (إذا عطس أحدكم فليقل: الحمد لله، وليقل له أخوه أو صاحبه: يرحمك الله، فإذا قال له: يرحمك الله، فليقل: يهديكم الله، ويصلح بالكم). وە لە گێڕامەوەیەکی ئەبو داود و ترمذی هاتووە. کە بڵێ (یغفر اللە لنا ولکم).
  2. ئەو کەسەی دەپژمێ، گەر نەیگوت (الحمد اللە) تۆ پێی ناڵێی یرحمک اللە ئەمەش وەک موسلیم لە ئەبی موسا ڕەزای خوای لێبێ گێڕاوەتیەوە، کە گوتویەتی گوێم لێبوو پێغەمبەری خوا د.خ فەرمووی (إذا  عطس أحدکم فمحمد اللە فشمتوە، فإذا لم یحمد اللە لا تشمتوە) واتە ئەگەر یەکێک لە ئێوە پژمی و سوپاسی خوای کرد، واتە گوتی الحمداللە ئێوەش دوعای پژمینی بۆ بکەن، واتە بڵێن یرحمک اللە، بەڵآم  گەر پژمی و نەیگوت الحمداللە ئەم دوعایەی بۆ مەکەن. هەروەها بوخاری و موسلیم لە ئەنەسەوە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕێتەوە، کە گوتویەتی (عطس رجلان عند النبي ﷺ، فشمت أحدهما ولم يشمت الآخر، فقال الذي لم يشمته: عطس فلان فشمته، وعطست فلم تشمتني؟! فقال: هذا حمد الله، وإنك لم تحمد الله).  واتە دوو پیاو لای پێغەمبەر پژمین یەکێکیان گوتی الحمداللە و دوعای پژمینی بۆ کرا، بەڵآم ئەوەی دی نەیگوت الحمداللە و دوعای پژمینی بۆ نەکرا، جا ئەو کەسەی دوعای پژمینی بۆ نەکرا گوتی فڵآنەکەس پژمی و دوعای پژمینی بۆ کرا، کەچی من پژمیم و دوعای بۆ نەکرا؟ پێغەمبەر د.خ فەرمووی (چونکە پیاوەکەی دی، کە پژمی گوتی الحمداللە بەڵام تۆ سوپاسی خوات نەکرد جا وا باشە ئەگەر یەکێک پژمی و نەیگوت الحمداللە بە بیری بهێنرێتەوە، کە ئایا سوپاسی خوای کردووە، یان نا.
  3. لە کاتی پژمینا وا باشە دەست یان دەستەسڕێک بخرێتە سەر دەم و بە گوێرەی توانا نەهێڵرێ دەنگی زۆر بێت ئەمەش وەک پێشەوازی ئازیزمان محمد د.خ ئەم ڕەوشتە جوانەی لە خۆی هێناوەتە دی، وەک ئەبو داود و ترمذي لە ئەبو هورەیرەوە، ڕەزای خوای لێبێ، گێڕاویەتیانەوە کە گوتویەتی (کان رسول اللە إذا عطس وضع یدە أا ثوبە علی فمە، و خفض -أو غض- بها صوتە). پێغەمبەری خوا گەر پژمیبایە دەستی یان کراسەکەی دەخستە سەر دەمی و دەنگی نزم دەکردەوە. هەروەها ئیبن النسي لە عبداللە کوڕی زوبێرەوە دەگێڕنەوە، کە گوتویەتی پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (إن اللە عز وجل یکرە رفع الصوت بالتثاؤب ا العطاس). واتە خوای بەرز و مەزن پێی ناخۆشە لە کاتی باوێشک و پژمیندا دەنگ بەرز بکرێتەوە، لە ڕاستیدا زۆر کەس هەن لە ناو مەجلیسێک یان لەلای هەر کەسێکدا کاتێک دەپژمێ بە شێوەیەکی ناشرین دەنگی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت پریشکی پژمینەکە ئەدات بە دەوروبەریدا، دیارە ئەمە ئاکارێکی ناپەسەند و ڕەفتارێکی سوکە، خوای گەورە حەز بەو کارە ناکات.
  4. گەر یەکێک لە سێ جار زیاتر بپژمێ پێی ناڵێن یرحمک اللە وەک موسلیم و ئەبو داود و ترمذی لە سەلمەی کوڕی ئەکوەع ڕەزای خوای لێبێ، دەگێڕنەوە، کە گوتویەتی (عطس رجل عنده ، فقال له : يرحمك الله . ثم عطس أخرى ، فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم : الرجل مزكوم) واتە پیاوێک لە لای پێغەمبەر پژمی و منیش لەوێ ئامادەبووم و ئاگای لێ بوو، پێغەمبەری خوا فەرمووی یرحمک اللە، پاشان بۆ دووەمین و سێیەم جار پژمییەوە دیسان پێغەمبەری خوا د.خ فەرمووی یرحمک اللە ئەم پیاوە توشی هەڵامەت بووە. لەبەر ئەوە گەر یەکێک لە پاش سێ جار پژمی پێی ناگوترێ یرحمک اللە، وەک ئیبن النسي لە ئەبوهورەیرە دەگێڕێتەوە، کە دەڵێ گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو دەیفەرموو (اذا عطس أحدکم فلیشمتە جلیسە، واذا زاد عن ثلاثە فهو مزکوم، ولا یشمت بعد ثلاث). واتە گەر یەکێک لە ئێوە پژمی با ئەوەی لەگەڵی دانیشتووە، پێی بڵێ، یرحمک اللە، بەڵآم گەر لە سێ جار پژمی ئەوە تووشی هەڵامەت بووە، یەکێکیش لە پاش سێ جار  بپژمێ، پێی ناگوترێ یرحمک اللە.
  5. گەر نامسوڵمان پژمی وا باشە پێی بڵیی (یهدیکم اللە) ئەمەش وەک لە ئەبو داود و ترمذي لە ئەبو موسای ئەشعەری ڕەزای خوای لێبێ، دەگێڕێتەوە، کە گوتویەتی (کان الیهود یتعاطسون عند رسول اللە  یرجون أن یقول: یرحمک اللە فیقل یهدیکم اللە و یصلح بالکم) واتە جولەکەکان لە لای پێغەمبەری خوا د.خ دەپژمن بە ئاوات بوون پێغەمبەر د.خ پێیان بڵێ یرحمک اللە، واتە خوا ڕەحمتان پێ بکات، بەڵام پێغەمبەری خوا د.خ دەیفەرموو یهدیکم اللە و یصلح بالکم واتە خوا هیدایەتتان بدات و ئەحواڵتان باش بکات).
  6.  گەر ئافرەتێکی نامەحرەم پژمی وا بآشترە کە پێی نەڵێی (یرحمک اللە) بۆچونی زۆر لە زانا و موجتەهیدان ئەوەیە گەر ئافرەتێکی بێگانە (نامەحرەم) واتە جگە لە دایک و خوشک و ژن و پور و کچەزا و ژنی باوک بپژمێ کەراهەتی هەیە بە ڕادەیەکی حەرام کە پیاوی بێگانە پێی بڵی یرحمک اللە، بەڵام ئەگەر ئافرەتەکە پیر بوو ئەوەیان قەیناکە، دیارە ئەمەش بۆیە کەراهەتی هەیە تا دەرگای ڕێگا خۆشکردنی گوناهو تاوان دابخرێ. ئیبن الجوزی دەڵێ لە ئیمام ئەحمەدی کوری حەنبەلەوە وەرمان گرتووە کە پیاوێکی خواناس و خوا پەرست بووە، جا ژنەکەی ئیمام ئەحمەد پژمیوە، پیاوە خواناسەکەش پێی گوتوە یرحمک اللە ئیمام ئەحمەدیش گوتویەتی خواناسێکی نەزانە بەوەی کە کەراهەتی هەیە بە ئافرەتێکی بێگانە بگوترێ: یرحمک اللە. 

ئاداب و ڕەفتاری موسڵمانان لە کاتی باوێشکدا 

بەپێی توانا ڕێگری کردن لە باوێشک

ئەم ئاداب و ڕەفتارەی ئێستا باسی دەکەین، ئاکارێکی جوانی ئیسلامی کۆمەڵایەتییە کە کەسی لێ نابوردرێ کە ئەویش باوێشکە، دیارە لە کاتی باوێشکدا دەم کردنەوە، شێوەی مرۆڤ چەند ناشرین دەکات و کەسایەتی مرۆڤ دێنێتە خوارەوە، جا بۆ ئەم مەبەستە پێغەمبەری خوا د.خ مەنهەج و بەنامەی داناوە، تا مسوڵمانان لە نێو خۆیاندا پیادەی بکەن و منداڵەکانیشیان لێ بەهرەمەند بکەن و بە خەڵکی بسەلمێنن، کە ئیسلامە تاکە بەرنامەی  شارستانیەت و ڕۆشنبیری نەک ڕۆژئاوای بە ناو ڕۆشنبیر.

ئەبو هورەیرە ڕەزای خوای لێبێ گوتویەتی پێغەمبەر د.خ فەرموویەتی (إن الله يحب العطاس ويكره التثاؤب، فإذا عطس أحدكم وحمد الله كان حقا عل كل مسلم سمعه أن يقول له يرحمك الله، وأما التثاؤب، فإنما هو من الشيطان، فإذا تثاءب أحدكم فليرده ما استطاع، فإن أحدكم إذا تثاءب ضحك منه الشيطان). واتە خوای گەورە پژمینی خۆش دەوێ و حەزی بە باوێشک نییە، گەر یەکێک لە ئێوە پژمی و گوتی الحمداللە ئەوا لەسەر هەر مسوڵمانێکە کە گوێ بیستیەتی پێی بڵی یرحمک اللە، باوێشک هاتنەوە لە لایەن شەیتانەوەیە، جا گەر یەکێکتان باوێشکی هاتەوە، با بیگەڕێنێتەوە بە گوێرەی توانا و نەهێڵێ باوێشکی بێتەوە، چونکە کاتێک یەکێک لە ئێوە باوێشکی دێتەوە، شەیتان گاڵتەی پێدەکات و پێی پێ دەکەنێ.

دەستلەسەر دەم دانان کاتی باوێشک

ئەمەش وەک موسلیم لە ئەبی سەعیدی خودری ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی پێغەمبەری خوا د،خ فەرموویەتی (اذا تثاءب احدکم فلیسمک بیدە علی فیە فإن الشیطان یدخل) واتە گەر یەکێک لە ئێوە باوێشکی هات با دەستی لەسەر دەمی دابنێ چونکە شەیتان لەوێوە دەچێتە ژوورەوە). جا زۆر لە زانا و موجتەهیدان وای بە باش دەزانن، کە لە کاتی باوێشک هاتن لە نوێژدا دەست بخرێتە سەر دەم. 

دەنگ بەرز نەکردنەوە لە کاتی باوێشکدا

وەک موسلیم و ئەحمەد و ترمذي گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (إن الله يحب العطاس ويكره التثاؤب ، فإذا عطس أحدكم فقال : الحمد لله فحق على كل من سمعه أن يقول : يرحمك الله ، وأما التثاؤب، فإذا تثاءب أحدكم فليرده ما استطاع ولا يقولن : هاه هاه ، فإنما ذلك من الشيطان يضحك منە) خوای گەورە پژمینی خۆش دەوێ و حەزی لە باوێشک نییە، جا گەر یەکێکتان باوێشکی هات بە نەڵێ ها ها چونکە ئەمە لە شەیتانەوەیە و پێی پێ دەکەنێ.

ئیبن السني لە عبداللەی کوڕی زوبەیرەوە دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی پێغەمبەری خوا فەرموویتی (ان اللە عز وجل یکرە رفع الصوت بالتثاؤب و العطاس) واتە خوای گەورە حەز بە باوێشک و پژمینی بە دەنگەوە ناکات.


سەرچاوەکان



1554 بینین