پارێزگاریکردن لە جەستە لە گەرمای هاویندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-28-14:26:00 - کۆدی بابەت: 5688
پارێزگاریکردن لە جەستە لە گەرمای هاویندا

ناوه‌ڕۆك

گەرمای هاوین

گەرمای توندی هاوین دەتوانێت مەترسییەکی گەورە بێت بۆ تەندروستی و زیانت پێ بگەیەنێت بۆیە پێویستە لە ژیانی ڕۆژانەتدا لە وەرزی هاویندا ئەم چەند خاڵە جێبەجێ بکەیت.

چەند ڕێگایەک بۆ پارێزگاریکردنی جەستە لە گەرمای هاویندا

ڕەنگی تۆخ لەبەرنەکەیت

وەک دەزانیت ڕەنگە تۆخەکان گەرما ڕادەکێشن بۆ لای خۆیان، و بۆیە ئەمە وادەکات زیاتر گەرمات ببێت و تەندروستیت تێک بدات، بۆیە واباشترە کە ڕەنگە کاڵەکان لەبەربکەیت بۆ هاوین وەک سپی و شین و پەمەیی.

جلوبەرگی هاوینانە لەبەربکە

قوماشێک بەکاربهێنە بۆ جلەکانت کە فێنک بێت و نەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستەت زۆر ئارەق بکات و هەروەها خانمان هەوڵبدەن زیاتر عەزی و تەنورە لەبەربکەن نەک پانتۆڵ چونکە تەسکە و بە جەستەدا دەنوسێت و گەرما زیاتر دەکات و بۆیە باشترە تا بتوانیت جلی فراوان لەبەر بکەیت.

لە ماڵەوە بمێنەوە

تاکوو زۆر پێویست نەکات لە ماڵ مەڕۆ دەرەوە، بەتایبەت لە کاتە زۆر گەرمەکانی ڕۆژدا، لە ماڵەوە بمێنەوە و چێژ وەرگرە لە هەوای سپلێت و موبەڕیدە.

چوونە دەرەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەهۆی گەرماکەوە وزەیەکی زۆر لەدەست بدەیت و ماندوو و هیلاک ببیت، بۆیە هەوڵبدە ئەگەر زۆر پێویست بوو ئەوا ئەو کاتانە بچیتە دەرەوە کە خۆر ئاوا بووە.

کڵاو و لەچک بەکاربهێنە

ئەگەر ناچاریت لە کاتە زۆر گەرمەکاندا بچیتە دەرەوە هەوڵبدە کڵاو و لەچک بەکاربهێنیت بۆ سەرت تاکوو گەرماکە زۆر کار نەکاتە سەر سەر و قژت، هەڵبەتە زۆرینەی خانمان خۆیان لەچک دەکەن و بۆیە پێویستە ئەو لەچکەی کە دەیکەن قوماشەکەی نەرم بێت و ئەستوور نەبێت و ڕەنگەکەی تۆخ نەبێت کە تیشکی خۆر ڕابکێشێت، دەتوانیت جگە لە لەچکەکە کڵاویش بەکاربهێنیت، بۆ ئەوەی خۆرێکی کەمتر بدات لە ڕووخسارت.

بە ڕێژەیەکی مامناوەند وەرزش بکە 

لە کاتێکدا کە وەرزش کردن زۆر پێویستە بۆ جەستە بەڵام بە هاویندا زۆر وەرزش کردن و بەتایبەت ئەگەر وەرزشەکە لەبەر خۆردا بکرێت دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر ئارەق بکەیتەوە و جەستەت ئاوێکی زۆر لە دەست بدات و ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی جەڵتە.

دەتوانیت شەوان یاخود بەیانی زوو پێش هەڵهاتنی تیشکی خۆر لە دەرەوە وەرزش بکەیت و پیادەڕەوی بکەیت.

بە ئاوی سارد خۆت بشۆ

بە هاویندا دەتوانیت هەموو ڕۆژێک و بگرە چەند جارێکیش لە ڕۆژێکدا خۆت بشۆیت، هەر بۆیە کاتێک هەست بە گەرمایەکی زۆر دەکەیت خۆت بشۆ بەڵام بە ئاوی سارد نەک ئاوی گەرم ئەمە وادەکات وزەیەکی زۆرت پێبێت.

ژەمە خۆراکی گونجاو

گرنگترین شت ئەوەیە کە خواردنی کەم بخۆیت بەڵام زوو زوو، ژەمە خۆراکێکی سوک و پڕ لە میوە و سەوزە یارمەتیدەرە تاکوو کەمتر گەرمات ببێت، واز لە زۆر خواردنی خواردنە گەرمەکان بهێنە وەک گۆشتی سوور و هەوڵبدە لەجێی ئەوە ماسی بخۆیت.

ئەو کەسانەی زۆر ئارەزووی خواردنی شیرین دەکەن ئایسکرێم بخۆن و هەروەها خواردنی شووتی زۆر گرنگە بۆ شێداری جەستە لەم وەرزەدا، وە خواردنی ژەمی بەیانیان وادەکات ڕۆژێکی پڕ وزەت هەبێت و کەمتر گەرمات بببێت.

کرێمی دژە خۆر بەکاربهێنە

نیو کاتژمێر پێش چوونە دەرەوە لە ماڵ کرێمی دژە خۆر بەکاربهێنە چونکە پارێزگاری لە پێست دەکات لە بەرامبەر گەرما بەتینەکەی تیشکی خۆردا.

ئاوی زۆر بخۆرەوە

بە درێژایی ڕۆژەکە تەنانەت ئەگەریش تینوو نیت بەردەوام ئاو بخۆرەوە و ئەگەر چوویتە دەرەوە هەوڵبدە ئاوی ساردت پێ بێت و زوو زوو بیخۆیتەوە، هەروەها خواردنەوەی ئاو میوەکانیش زۆر گرنگە بەڵام دوورکەونەوە لە خواردنەوە کافاینەکان چونکە ئاوی جەستە کەم دەکەنەوە و وادەکەن جەستە شێداری خۆی لە دەست بدات کە ئەمە هیچ بۆ هاوین گونجاو نییە.

ئاگاداری منداڵان بە

ئاگاداری منداڵ بە و هەرگیز دەرگای ئۆتۆمبێل بەکراوەیی جێمەهێڵە نەوەک منداڵ بچێتە ناوییەوە چونکە گەرمای ناو ئۆتۆمبێل بە جۆرێکە کە دەتوانێت مەترسییەکی گەورە بێت بۆ گیانی منداڵەکە، هەروەها ئاگاداری کەسانی بەتەمەن و هەر جۆرە ئاژەڵێکی ماڵیش بە لە ماڵەکەتدا.


سەرچاوەکان



1355 بینین