کاریگەری گۆڕانی نرخی نەوت لەسەر وڵاتانی بەکاربەر

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-02-14:37:00 - کۆدی بابەت: 5713
کاریگەری گۆڕانی نرخی نەوت لەسەر وڵاتانی بەکاربەر

ناوه‌ڕۆك

نەوت

نەوت کە پێشی دەوترێت (البترول - Petrol)، تێکەڵەیەکە لەو هایدرۆکاربۆناتانەی لە زەویدا هەن بە شێوەی گاز یان ڕەق یاخود لە زۆربەی کاتدا بەشێوەی شل بەرجەستە دەبێت، ئەم جۆرە پێی دەوترێت نەوتی خاو، نەوت یەکێکە لە گرنگترین ئەو پایانەی شارستانییەتی ئێستای مرۆڤایەتیی لەسەر بەندە، هەروەها یەکێکە لە کاریگەرترین ئەو کارتێکەرانەی پەیوەندییان بە گەشەسەندنی ئابووریی جیهانی و وڵاتانەوە هەیە، بەم پێیەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یەکێکە لە گرنگترین ئەو دیاردانەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەو گەشەسەندنە ئابوورییەی کە هەیە.

نرخی نەوت

نرخی نەوت ئاماژەیە بۆ نرخی ڕاستەوخۆی نەوت، ئەم نرخەش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی بەپێی چەند هۆکارێک دەگۆڕێت، گرنگترینیان سەنگی جۆری (الثقل النوعي - API)ـە، ئەم پێوەرە ڕێژەی قورسایی نەوتە خاوەکە و پێکهاتە کاربۆنییەکەی دیاری دەکات، هەروەها شوێنی دەرهێنانی نەوتەکەش کاریگەریی هەیە لەسەر نرخەکەی، نرخی نەوت ئەو نرخەیە کە کڕیار و فرۆشیارانی نەوت بۆی دەگەڕێنەوە و دەیکەنە پێوەر لە کاتی مامەڵەکانیاندا، وەک نەوتی خاوی تێکساس کە لە بۆرسەی نیویۆرکدا پێوەرە، یان تێکەڵەی برێنت کە لە ئینتەرکۆنتینێنتال کاری پێدەکرێت، هەروەها نەوتی خاوی دوبەی کە لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێوەرە، هەروەها هەندێک نرخی پێوانەیی دیکە کە کڕیار و فرۆشیاران دەگەڕێنەوە بۆی، وەک: خاوی زەیتی ئۆراڵ کە نیشانەیەکی بازرگانیی پشپێبەستراوە لە مامەڵەکانی ڕووسیادا، هەروەها نەوتی خاوی برێنت یەکێکە لە گرنگترین نرخە پێوانەییەکانی کڕینی نەوت لە ئابووریی جیهانیدا.

ئابووریناسان دەڵێن نرخی نەوت کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئابوورییە جیهانییەکان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگییە زۆرەی کە نەوت هەیەتی لە ئابووری وڵات و ژیانی تاکەکاندا، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا نەوت یەكێکە لەو شتانەی بەردەوامبوونی ژیان و شارستانییەتی ئێستای مرۆڤایەتیی لەسەرە.

کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر وڵاتان

دەکرێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەرییەکی نەرێنی هەبێت لەسەر ئابووریی جیهانی کە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی ئەو کاڵا و خزمەتگوزاریانەی لە نێوان وڵاتاندا هەیە، هۆکاری ئەم داکشانە ئابوورییەش لەبەر ئەوەیە کە نەوت و گازی سروشتی کاریگەریی و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ تەکنیکە نوێیەکانی کشتوکاڵ، هەروەها لەگەڵ تەکنەلۆژیای زیندەیی، دابەزینی ڕێژەی خستنەڕووی نەوتی جیهانیش بارێکی ئابووریی قورس دەخاتە سەر وڵات و  بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت لەسەر گەشەسەندنی ئابووریی.

لە ساڵەکانی 2007 و 2008 ـدا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی کردە سەر نرخی خۆراک و بووە هۆی بەرزبوونەوەیان، بەم پێیەش دابەزینی نرخی ماددە خۆراکییەکانیش کاریگەری دەکاتە سەر نرخی نەوت و هەرزانی دەکات.

کاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر وڵاتان

کۆمەڵێک دیاردەی ئابووری لەسەر وڵاتان دیاردەکەوێت لە کاتی بەرزبوونەوە یان دابەزینی زۆر گەورەی نرخی نەوت، لە ساڵی 1985 و 1986 دابەزینی نرخی نەوت هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ڕووخانی یەکێتی سۆڤێت لەو کاتەدا، بەڵام لە بەرامبەردا دەکرێت کەمبوونەوەی نرخی نەوت هەندێک کاریگەریی نەرێنی پەیوەست بە سەرچاوە و بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە، لە گرنگترین ئەو کاریگەرییە ئەرێنیانەی کە دەکرێت دابەزینی نرخی نەوت بیهێنێتە دی بریتییە لە دابەزینی نرخی ماددە خۆراکییەکان، هەروەها کەمبوونەوەی نرخی نەوت یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەشداریکردنی دەوڵەتانی خاوەن نەوت لە هاریکاریی نێودەوڵەتیی ئابووری و بازرگانی، لەبەر ئەوەی ناچار دەبن زیاتر پشت بە وەبەرهێنانە دەرەکییەکان ببەستن لە ناوخۆی وڵاتدا.

دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری دەکاتە سەر ئابووری جیهانی لەڕێگەی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، بۆیە بە شتێکی ئەرێنی دادەنرێت بۆ بەکاربەران، ئەمەش لە ڕێگەی باشکردن و زیادکردنی توانای کڕینی کاڵاکاندا، بەم پێیەش بەرهەمی ساڵانەی ناوخۆی وڵات گەشەسەندن بەخۆیەوە دەبینێت، هەروەها دابەزینی نرخی نەوت دەکرێت ئاسانکار بێت لە کەمکردنەوەی قەرزی حکومەتەکان لە ڕێگەی زیادکردنی هەلی وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی هەڵاوسان.


سەرچاوەکان



908 بینین