زانکۆی سلێمانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-29-16:43:00 - کۆدی بابەت: 6012
زانکۆی سلێمانی

ناوه‌ڕۆك

زانکۆی سلێمانی

زانکۆی سلێمانی (بە ئینگلیزی: University Of Sulaymaniyah) یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، سەرەتا لە سێ کۆلێژ پێکهاتبوو بەڵام دواتر ژمارەی کۆلێژەکان زیادی کرد بەهۆی ویستی خوێندنی زیاتر لە زانکۆکە، کەمپی سەرەکی زانکۆ دەکەوێتە شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان و زانکۆ هەر بە ناوی شارەکەوە ناونراوە.

ساڵی ١٩٨١ حکوومەتی عێراقی زانکۆکەی هەڵوەشاندنەوە و گواستیەوە بۆ شاری هەولێر  و ناوی لێنرا زانکۆی سەڵاحەدین، ساڵی ١٩٩٢ بۆ جارێکی دیکە زانکۆی سلێمانی بنیاتنرایەوە لەلایەن چەندین کەسی ڕۆشنبیر و زانستخوازەوە و بە شێوەیەکی فەرمی لە ١٤/١١/١٩٩٢ زانکۆ کرایەوە.

کۆلێژەکان

زانکۆی سلێمانی خاوەنی ١٩ کۆلێژە و قوتابییەکان لەدوای تەواوکردنی خوێندن دەبنە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری خۆیان.

  • کۆلێژی ئەندازیاری

بەشی ئەندازیاری لە ساڵی ١٩٩٥ کراوەتەوە و سەرەتا تەنیا بەشی ئەندازیاری ئاودێری بووە، ساڵێک دواتر بەشی ئەندازیاری بیناکاری و ساڵی ١٩٩٩ ئەندازیاری تەلارسازیش کراوەتەوە، ئەندازیاری کارەباش ساڵی ٢٠٠٤ کراوەتەوە.

  • کۆلێژی پزیشکی

یەکێکە لە بەناوبانگترین بەشەکانی زانکۆ و ساڵانە سەدان خوێندکار وەردەگرێت، خوێندکاران بۆ ماوەی شەش ساڵ دەخوێنن و له‌ ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ساڵه‌دا قوتابی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فێری هه‌موو بابه‌ته‌ پزیشكییه‌كان ده‌بێت و له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خوێندن وانه‌كانی به‌شێوه‌ی تیۆری و كه‌مێكی به‌ پراكتیكی ده‌خوێنێ، دوای ده‌رچوونیش شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆی له‌ بواره‌كه‌ی خۆیدا ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باش.

ئەم بەشە ئەرکێکی قورس دەخاتە سەر خوێندکار و هەوڵدانێکی زۆری دەوێت بەهۆی ئەو ئەرکە گەورەیەی لە ئاییندەدا لەسەریانە.

لە قۆناغی یەک خوێندکار بە ئامێر و بەشەکانی نەخۆشخانە دەکرێت، لە قۆناغی دووەمیش مێژووی نەخۆشی و هۆکاری تووشبوون و باری لەناکاو و نیشانەکان دەناسێت، لە ساڵی سێیەمدا وانەی پراکتیکی زیاتر دەبێت هاوشان لەگەڵ وانەی تیۆری.

لە سێ ساڵەکانی کۆتایی وانەکان زۆرینەی دەبنە پراکتیکی و کرداری و ساڵی شەشەمیش بە شێوەیەکی گشتی لە نەخۆشخانەکان دەبێت.

وانەکانی ساڵی یەکەم:

  • Human Biology
    Medical Chemistry
    Biophysics
    Critical Thinking (Academic Debate)
    English
    Computer
    Kurdology
    Anatomy
  • کۆلێژی پزیشکی ددان

له‌ دوای پزیشكی گشتی به‌ پله‌ی دووه‌م دێت له‌سه‌ر ئاستی كۆلێژ و سكوڵ و فاكه‌ڵتییه‌كان، خوێندن له‌م به‌شه بۆ ماوه‌ی‌ 5 ساڵه‌ و دوای ته‌واوكردنی ئه‌و واده‌یه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی خوێندكار ده‌بێته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی (به‌كالۆریۆس B.D.S) له‌ پزیشكی و نه‌شته‌رگه‌ری ده‌م و ددان.

له‌ قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌م زیاتر ئه‌و وانانه‌ ده‌خوێنرێن به‌شێوه‌ی تیۆری و پراكتیكی كه‌ پێیان ده‌گوترێ (Basics) كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌م و ددانه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ندێك وانه‌ی په‌یوه‌ندیداریش به‌ پزیشكی گشتی له‌م دوو قۆناغه‌ و قۆناغی سێیه‌م به‌تایبه‌تی ده‌خوێنرێ، له‌ قۆناغی چواره‌م وه‌ پێنجه‌م به‌ تایبه‌تی، خوێندكار ڕاسته‌وخۆ له‌ كلینیكی ناو زانكۆ نه‌خۆش وه‌رده‌گرێ و وانه‌ پراكتیكییه‌كانی له‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌كات به‌ سه‌رپه‌رشتی مامۆستای پسپۆڕ و وه‌كو پزیشكێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌كات.

دوای ته‌واوكردنی ئه‌و پێنج ساڵه‌، ساڵێكیش وه‌كو پزیشکی نیشتەجێی خولاو له‌ ناوه‌نده‌كانی ددان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی سنووری شار ده‌وام دەکات و دوای ئه‌و ساڵه‌ ده‌توانێت کلینیکی تایبه‌ت به‌ خۆی دابنێت.

  • کۆلێژی دەرمانسازی

بەشی دەرمانسازی (بە ئینگلیزی: Pharmacy) له بەشه پزیشکیەکانە و لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕووی ئاستی نمرەوە دوای هەریەك لە بەشەکانی پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان دێت.

زانستی دەرمانسازی بریتییە لە تەکنیك یاخود زانستی دروستکردن و دەستەبەرکردنی دەرمان، پسپۆڕی دەرمانسازی پسپۆڕییەکی پزیشکی و تەندروستییە، کاری سەرەکی بریتییە لە فەراهەمکردنی دەرمان و زانینی پێکهاتە سەرەکییەکانی هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمان بە شێوەیەکی ڕاست و تەندروست و دیاریكردنی ژەمە دەرمانەکان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌رمان و دروستكردنی، چۆنیه‌تی كاركردنی و كاریگه‌رییه‌كانییە بەگشتی لە سەر زیندەوەران و بەتایبەت لە سەر مرۆڤ.

  • کۆلێژی پەرستاری

بەشی پەرستاری (بە ئینگلیزی: Nursing) بەشێکی پزیشکییە، لە دوای پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان و دەرمانسازی، لە ئاستی چوارەمدایە.
کاری سەرەکی پەرستاری بریتییە لە چاودێریکردن و گرنگیدان بە نەخۆش بە شێوازێکی تەندروست و زانستی هەروەها هاوکاریکردنی پزیشك لە چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی یارمەتییە پزیشکیەکانی وەکوو: تیمارکردن و دەرزی لێدان، چاودێری کردنی باری تەندروستی و دەروونی نەخۆش، ئامادەکردنی فایلی تەندروستی تایبەت بە نەخۆش، هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە لە نەخۆشییە باوەکان و ڕێنوێنی کردنیان بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییە وەرزیەکان، چەندان کاری تریش.

پیشەی پەرستاری بنچینەی پزیشکییە، بایەخدارە وەکوو بەشە پزیشکییەکانی تر، بەشێکی دڵخوازی خوێندکارانە، ڕێژەی وەرگرتن لەو کۆلێژە 75% کچان وەردەگرن و 25% بۆ کوڕانه. 

  • کۆلێژی زانست

هەریەک لە بەشەکانی جیۆلۆجی و بایۆلۆجی و کۆمپیوتەر و کیمیا و بیرکاری لە خۆ دەگرێت.

کۆلێجی‌ زانست بۆ یه‌که‌م جار له‌ ساڵی‌ ١٩٦٥ دا دامه‌زرا که‌ یه‌کێک بوو له‌و کۆلێجانه‌ی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زانکۆی‌ سلێمانیان پێک هێنا و دواتر له‌ ساڵی‌ ١٩٨٢ دا کۆلێجه‌که‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و زانکۆی سەڵاحەدین دامه‌زرا، پاشان له‌ ساڵی‌ ١٩٩٢ دا جارێکی‌ تر کۆلێجه‌که‌ له‌ زانکۆی‌ سلێمانی‌ دامه‌زرایه‌وه‌ که‌ له‌و کاته‌دا ته‌نها دوو به‌شی‌ هه‌بوو، هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا کۆلێجی‌ زانست به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌کردندایه‌ و به‌ره‌وپێشچوونێکی‌ به‌رچاوی‌ به‌خۆوه‌ بینیووه‌ له‌ رووی‌ رێژه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ خوێندکاران و ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ ستافی‌ کۆلێجه‌که‌ و که‌لوپه‌ل و ئامێر و تاقیگه‌ و هه‌روه‌ها له‌ رووی‌ ئه‌نجامدانی‌ توێژینه‌وه‌وه‌.

    • کۆلێژی پەروەردە

    کۆلێژی پەروەردە بریتییە لە زانستە فێرکارییەکان و ئامانجی پێگەیاندنی فێرکار و مامۆستای داهاتووە بۆ خوێندنگا ئامادەییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە بوارەکانی : فیزیا و ماتماتیک و کیمیا و زیندەوەرزانی و زانستی کۆمپیوتەر.

    • کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکان

    لە دامەزراندنی زانکۆوە یەکێک بوو لە بەشە سەرەکییەکان و بە دوو بەش کرایەوە: بەشی بەرهەمی ڕووەکی و بەشی بەرووبومی ئاژەڵی و دواتریش چەندین لقی تر کرانەوە.

    • کۆلێژی هونەرە جوانەکان

    یەکەمین فێرگەی هونەرە لە کوردستان، ساڵی ١٩٩٨-١٩٩٩ دامەزراوە و سەرەتا بەشی شێوەکاری لەخۆگرتبوو، دواتر کرایە سێ بەشی سەرەکی کە "نیگارکێشان، پەیکەرسازی،سیرامیک" بوون.

    • کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان

    یەکێکە لە کۆلێژەکانی دوای دووبارە دامەزراندنەوەی زانکۆ و سەرەتا تەنیا سێ زمانی (ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی) لەخۆدەگرت و دواتر لە ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٤ بەشی خوێندنی ئیسلامی کرایەوە و لە ١٩٩٧ بەشی جوگرافیاش کرایەوە، لە ساڵی ١٩٩٨ هەریەک لە بەشی مێژوو و کۆمەڵناسی کرانەوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ بەشی ڕاگەیاندن کرایەوە، دواتریش بووە خاوەنی سەرەکی بەشەکانی: "جوگرافیا و مێژوو و کۆمەڵناسی و ڕاگەیاندن و کاری کۆمەڵایەتی و شوێنەوار".

    • کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان

    لەم کۆلێژە خوێندکار زانستە ئیسلامییەکان دەخوێنێت و ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دامەزراوە بە ناوی (سکووڵی کوردستان) کە ئامانجی پێگەیاندنی پیشنوێژ و وتارخوێن بووە.

    سەرەتا ئەم کۆلێژە لە دوو بەشی پێشنوێژی و وتارخوێنی پێکهاتبوو و ئێستا لە سێ بەش پێکهاتووە کە بریتین لە: "خوێندنی ئیسلامی، بەشی بنەماکانی ئایین، بەشی فقه و اصول".

    • کۆلێژی زمان

    ئەم کۆلێژە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و زمان و ئەدەبی فارسی لە خۆ دەگرێت و تا ئێستاش بەردەوامە.

    • کۆلێژی یاسا و زانستی ڕامیاری

    ساڵی ١٩٩٨ بە فرمانی زانکۆیی ژمارە (٧/٥/٤٩٥٧) دامەزراوە، ئامانج لێی پێگەیاندنی نەوەیەکی زانا لە بواری ڕامیاری و بەگەڕخستنی هەوڵی لۆجیکی و زانستی بۆ ڕووناکبیری یاسایی و ڕامیاری بووە لە کوردستان، لە هەر سێ بەشی "یاسا-بەیانیان، یاسا-ئێواران، زانستی ڕامیاری-ئێواران" پێکدێت.

    • کۆلێژی بەڕێوبردن و ئابووری

    یەکێکە لە کۆنترین کۆلێژەکان و لە ١٩٧٦ دامەزراوە و دواتر لە ١٩٩٩ جارێکی دیکە کرایەوە بە هەردوو بەشی ئامار و ئابووری، لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١ بەشەکانی ژمێریاری و کارگێڕی کرانەوە.

    • کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت

    ئەم کۆلێژە لە ساڵی ٢٠٠٤ بەناوی مامۆستایان دامەزرا لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستەبەرکردنی مامۆستا بۆ قوتابخانەکان و ساڵێک دواتر چوار بەش کرانەوە کە بریتیبوون لە: زمانی ئینگلیزی و ماتماتیک و کۆمپیوتەر و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەی وەرزش.

    دەرچووی ئەم کۆلێژە گرنگی دەدەن بە وانە وتنەوەی پۆلی ١ بۆ ٩ـی بنەڕەتی و ناوەندی.

    • کۆلێژی پەروەردەی وەرزش

    لە هەریەک لە بەشی پەروەردەی وەرزش و بەشی وەرزشی بنەڕەت پێکدێت.

    • کۆلێژی بازرگانی

    لە بەشەکانی (ژمێریاری دارایی و ووردبینی، كارگێڕی پرۆژەكان، دارایی و بانك، گەشت و گوزار، تەكنەلۆجیای زانیاری، بازرگانی نێودەوڵەتی) پێکدێت.

    • کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری (ئاژەڵان)

    ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە، زانستی پزیشكی ڤێتێرنه‌ری كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی كۆمه‌ڵ و ته‌ندروستی ژینگه‌ و چاودێریكردنی ته‌ندروستی ئاژه‌ڵ، ئه‌م به‌شه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات له‌ قه‌ده‌غه‌كردن، ده‌ستنیشان كردن و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی، هه‌روه‌ها ناڕێكی و برینداری له‌ ئاژه‌ڵ هه‌موو جۆره‌كانی ئاژه‌ڵ "ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان و ماڵییه‌كان".

    خوێندن له‌م كۆلێژه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ماوه‌ی 5 ساڵی ئه‌كادیمی و به‌ زمانی ئینگلیزییه‌، قوتابی دوای ده‌رچوون ده‌بێته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌ نه‌شته‌رگه‌ری و پزیشكی ڤێتێرنه‌ری و شاره‌زاییه‌كی باشیشی ده‌بێ له‌ ڕێگاكانی پشكنین، دیاریكردن و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كانی ئاژه‌ڵ، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ سه‌رمه‌شقی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ڕووی ته‌ندروستی ئاژه‌ڵییه‌وه‌.

    • کۆلێژی پەروەردەی مرۆڤایەتی - سەیدسادق

    هەریەک لە بەشەکانی جوگرافیا و مێژوو لە خۆدەگرێت.

    بڕوانامەکان

    جیا لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس، لە زانکۆی سلێمانی هەریەک لە بڕوانامەکانی ماجستێر و دکتۆرا بەدەستدێن لە بەشە جیاوازەکاندا.

    کارمەندان

    خاوەنی نزیک لە ٢٠٠٠ مامۆستا و فێرکار و زیاتر لە ٣٠٠٠ کارمەندی بواری جیاجیایە.


    سەرچاوەکان



    9123 بینین