زەیتی گوڵەبەڕۆژە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-13-15:49:00 - کۆدی بابەت: 6282
زەیتی گوڵەبەڕۆژە

ناوه‌ڕۆك

زەیتی گوڵەبەڕۆژە چییە؟

زەیتی گوڵەبەڕۆژە زەیتێکی نەفڕۆکە، واتە لە پلەی گەرمی ئاساییدا ناچێت بە هەوادا، لە ئەنجامی پەستان خستنەسەر تۆوی ڕووەکی گوڵەبەڕۆژە بەرهەم دەهێنرێت، بە شێوەیەکی گشتی لە لێنانی خواردن و دروست کردنی بابەتی جوانکاری خانماندا بەکاردێت.

جۆرەکانی زەیتی گوڵەبەڕۆژە

چەند جۆرێکی جیاوازی زەیتی گوڵەبەڕۆژە بوونی هەیە، جیاوازی نێوان ئەم جۆرانە پشت دەبەستێت بە ڕێگای بەرهەمهێنانی زەیتەکە و ئەو جۆرە چەورییەی تێیدایە، سێ جۆری سەرەکی لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە بوونی ھەیە:

زەیتی گوڵەبەڕۆژەی لینۆلیک (Linoleic Sunflower Oil)

بە زەیتی سەردەمی کۆنیش ناسراوە، ترشی لینۆلیک یەکێکە لە ترشە چەورییە بنچینەییەکان لەو  خۆراکانەی خواردنی مرۆڤن، جۆری زەیتی گوڵەبەڕۆژەی لینۆلیک ٧٠٪ بریتییە لە فرە چەورییە ناتێرەکان کە بەو جۆرانەی چەوری دەوترێت زیاتر لە یەک بۆندی دووانی و سیانیان هەیە (چەورییە ناتێرەکان بە شێوەیەکی گشتی چەورییەکی تەندروستن)، ٢٠٪ بریتییە لە تاک چەورییە ناتێرەکان، ١٠٪ بریتییە لە چەورییە تێرەکان، زەیتی گوڵەبەڕۆژەی لینۆلیک بەوە ناسراوە کە کەمتر تەندروستە بە بەراورد بە زەیتی گوڵەبەڕۆژەی ئۆلیک، ئەم جۆرەی زەیت لە ئێستادا بە بڕێکی زۆر کەم بەرهەم دەهێنرێت، چونکە بۆ خواردنی سورکراوە گونجاو نییە.

زەیتی گوڵەبەڕۆژەی ئۆلیکی مامناوەند (Mid-Oleic Sunflower Oil)

زەیتی گوڵەبەڕۆژەی ئۆلیکی مامناوەند لە نێوان زەیتی گوڵەبەڕۆژەی لینۆلیک و زەیتی گوڵەبەڕۆژەی ئۆلیک دایە، ٢/٣ بریتییە لە ترشی ئۆلیک، ٢٥٪ ترشی فرە چەوری ناتێری لینۆلیک، ١٠٪ بریتییە لە چەورییە تێرەکان، زەیتی گوڵەبەڕۆژەی ئۆلیکی مامناوەند ڕێژەی پێویستی ترشی لینۆلیکی تێدایە کە وای لێدەکات سەرچاوەیەکی باش بێت لە خواردنی ڕۆژانەدا، هەروەها ڕێژەی بەرزی ترشی ئۆلیک تێیدا وای لێدەکات کەمتر دووچاری ژەهراوی بوون ببێت.

زەیتی گوڵەبەڕۆژەی ئۆڵیک بەرز (High Oleic Sunflower Oil)

ئەم زەیتە بەوە جیاوازە لە زەیتەکانی دیکە کە ٨٠٪ پێکهاتەکەی بریتییە لە تاک چەورییە ناتێرەکان، هەروەها ڕێژەی چەورییە تێرەکان و فرە چەورییە ناتێرەکان بە شێوەیەکی یەکسانە تێیدا، ئەم جۆرەی زەیت بە زەیتێکی گرنگ دادەنرێت لە بەرهەمهێنانی خواردندا، چونکە زەیتێکی جێگیرە و بە ئاسانی کارلێک ناکات و تێکناچێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیرێت، زەیتێکی گونجاوە بۆ خواردن سورکردنەوە، دروستکردنی کێک و نان و هەروەها ئەو خواردنانەی کە پێویستیان لە پلەیەکی گەرمی بەرزە بۆ لێنانیان.

سوودەکانی زەیتی گوڵەبەڕۆژە

تەندروستی دڵ دەپارێزێت

زەیتی گوڵەبەڕۆژە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E و چەورییە تێرەکانی کەم تێدایە، هەروەها ماددەی کۆلاین و ترشی فینۆڵیکی تێدایە کە بەسوودن بۆ تەندروستی دڵ، تاک چەورییە ناتێرەکان و فرە چەورییە ناتێرەکانی تێدایە کە لە پاڵ ڤیتامینەکاندا وا لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە دەکەن یەکێک بێت لە تەندروستترین زەیتەکان، زەیتی گوڵەبەڕۆژەی ئۆلیک بەرز زیاتر لە ٨٠٪ بریتییە لە تاک چەورییە ناتێرەکان، بۆم هۆیەشەوە یارمەتیدەرە بۆ کەم کردنەوە مەترسی نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ.

ڕێگریکردن لە نەخۆشی شێرپەنجە

زەیتی گوڵەبەڕۆژە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگری کردن لە نەخۆشی شێرپەنجەی قۆڵۆن و جۆرەکانی تری شێرپەنجە زەیتی گوڵەبەڕۆژە پێکهاتەی ڤیتامین E زیاترە لە هەموو جۆرەکانی تری زەیت، لەبەر ئەم هۆیەش بوونی ئەم زەیتە لە ژەمی ڕۆژانەدا یارمەتی بەرگری کردنی لەش دەدات دژی شێرپەنجەی قۆڵۆن، هەروەها بۆیەی کارۆتینۆیدی تێدایە کە بۆیەیەکە بەرپرسە لە ڕەنگی سروشتی سەوزە و میوەکان و یارمەتیدەرە بۆ بەرگری لەش دژی شێرپەنجەی سیەکان، منداڵدان و پێست.

یارمەتی کەمکردنەوە کۆلێسترۆل دەدات

ئەو چەورییە تێرانەی لە زەیتی گوڵەبەڕۆژەدا بوونیان هەیە لە کاتی زیندەچالاکیدا قورسن بۆ تێکشکاندن لەلایەن لەشی مرۆڤەوە، بەم هۆیەشەوە لەلایەن خوێنەوە هەڵدەگیرێن لە بەشە جیاوازەکانی لەشی مرۆڤدا و دەنیشن، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی ڕێژەی LDL کە کۆلیسترۆڵی خراپە و زیانبەخشە، دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی وەک گیران و  ڕەقبوونی دەماری خوێن، لە هەمان کاتتدا زەیتی گوڵەبەڕۆژە دەوڵەمەندە بە تاک چەورییە ناتێرەکان و فرە چەورییە ناتێرەکان کە یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی ڕێژەی LDL/HDL (HDL بریتییە لە چەوری سوودبەخش).

یارمەتی دووبارە بونیادنانەوەی لەش دەدات

زەیتی گوڵەبەڕۆژە پڕۆتینی تێدایە، کە گرنگن بۆ دروست کردن و بونیادنانەوەی ماسولکەکانی لەش و بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن و ئەنزیمەکان.

سوودێکی زۆری بۆ پێست هەیە

زەیتی گوڵەبەڕۆژە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E کە ڤیتامینێکی گرنگە بۆ تەندروستی پێست و وا لە پێست دەکات بەرگری باشتر بێت دژی تێکشکانی پێست لەلایەن خۆرەوە، هەروەها بەسوودە بۆ چارەسەری هەستیاری و سوتانەوەی پێست و سپی کردنەوەی پێست، دژەئۆکسانی وەک ڤیتامین E ڕێگری لە تەنۆلکەی سەربەست دەکات، (تەنۆلکەی سەربەست بەو تەنۆلکانە دەوترێت کە ئۆکسجینی تێدایە بە ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن، ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن وا لە ئۆکسجین دەکات بە ئاسانی کارلێک بکات لەگەڵ گەردەکانی تردا، تەنۆلکەی سەربەست دەبێتە هۆی ڕوودانی چەند کارلکێکی کیمیاییی لە لەشدا و ئەم کارلێکانە ئەگەری هەیە سوودبەخش یاخود زیانبەخش بن)، یارمەتی زوو چاک بوونەوەی برین دەدات، ڕەونەقی تایبەت بە پێست دەبەخشێت، لەبەر ئەم هۆکارانەش لە دروستکردنی بابەتی جوانکاری خانماندا بەکاردێت.

یارمەتیدەرە بۆ ڕێگری کردن لە زبربوونی قژ

لەبەر پێکهاتە سوکەکەی و تامە نەرمەکەی، زەیتی گوڵەبەڕۆژە دەبێتە هۆی نەرم بوونی قژ و ڕەونەقێکی تایبەت دەدات بە قژ، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ کۆنترۆڵی زبری، تەنکی، وشکی و تێکشکانی تاڵەکانی قژ، ئەم زەیتە پێکهاتە و ڕەونەقی سروشتی قژ تێکنادات، دەتوانرێت هەفتەی یەک ڕۆژ پێش چوونە گەرماو بدرێت لە پێستی سەر و مەساجی پێ بکرێت بۆ ڕێگری کردن لە هەڵوەرینی قژ.

زیانەکانی زەیتی گوڵەبەڕۆژە

زەیتی گوڵەبەڕۆژە بە شێوەیەکی ئاسایی زیانی نییە ئەگەر لە ڕێگەی دەمەوە بخورێت یاخود بە ڕێژەیەکی گونجاو بدرێت لە پێست، بەڵام ئەو ژەمەی کە رێژەیەکی زۆر لە زەیتی گوڵەبەڕۆژەی تێدایە، دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا و بەرزبوونەوەی چەوری خوێن.


سەرچاوەکان



1571 بینین