هەناسەدانی خێرا

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-23-14:49:00 - کۆدی بابەت: 6393
هەناسەدانی خێرا

ناوه‌ڕۆك

خێرا هەناسەدان 

هەناسەدانی سروشتی بە هاوسەنگی ڕوودەدات لە نێوان هەڵمژینی ئۆکسجین و دەرکردنی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، خێرا هەناسەدانیش حاڵەتێکە کە کەسەکە زۆر بە خێرایی هەناسە دەدات کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە لەشدا، کەمی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن هۆکارە بۆ تەسکبوونەوەی ئەو خوینبەرانەی خوێن بە مێشک دەگەیەنن و ئەمەش کەمبوونەوەی وروژمی خوێنی لێ دەکەوێتەوە کە هۆکارە بۆ نیشانەکانی وەکوو سەرسوڕهاتن و سمینی پەنجەکان، رەنگە لە هەندێک کاتدا ببێتە هۆی لەهۆشخۆچوون، خێرا هەناسەدان دەگمەنە و تەنها لە وەڵامی لەناکاوی ترس و فشار و تۆقین، یان وەکوو کاردانەوەیەک بۆ حاڵەتە هەستەکییەکانی وەکوو خەمۆکی و دوودڵی و توڕەیی.

هۆکارەکانی هەناسەدانی خێرا

خێرا هەناسەدان هۆکاری زۆرە و زۆربەشی ئەنجامی دوودڵی و خەمۆکی و توڕەیی و فشارە، بە زۆری خێرا هەناسەدان بە شێوەی نۆرە ترس دەردەکەوێت، هۆکارەکانی تری خێرا هەناسەدان بریتین لە:

  • خوینبەربوون.
  • دووگیانی.
  • ئازاری زۆر لە هۆکارەکانی خێرا هەناسەدانە.
  • خواردنی بڕێکی زیاتر لە پێویستی دەرمان وەکوو ئەسپرین.
  • میکرۆب و هەوکردنی سییەکان.
  • نەخۆشییەکانی سی، وەکوو داخرانی درێژخایەنی سی یان هەناسەتەنگی.
  • نەخۆشییەکانی دڵ وەکوو نۆرەدڵێ.
  • بەرزبوونەوەی ترشی کیتۆنی شەکرەیی کە یەکێکە لە لیکەوتەکانی زۆربوونی شەکری خوێن لای توشبووانی شەکرەی جۆری یەک.
  • پێکانەکانی سەر.
  • گەشتکردن بۆ بەرزایی زیاتر لە ٦٠٠٠ پێ.
  • کۆنیشانەی زیادەڕەوی هەناسەدان.

نیشانەکانی خێرا هەناسەدان

ڕەنگە کەسی توشبوو بەم حاڵەتە زۆر هەست بە خێرابوونی هەناسەدانی نەکات، وە دەکرێت ئەم نیشانانە هاوکاتی خێرایی هەناسەدانەکەی بن:

  • هەناسەتەنگی، یان هەست کردن بە بێتوانایی بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویستی هەوا.
  • زیادبوونی لێدانەکانی دڵ.
  • هەست بە سەرسوڕهاتن و گێژبوون.
  • ئازار و تەنگی سنگ.
  • هەست بە سڕی و سمینی دەست و پێیەکان.
  • زۆری باوێشک و هەناسە هەڵکێشان.

چارەسەری خێرا هەناسەدان

ئامانجی چارەسەری خێرا هەناسەدان بریتییە لە زیادکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە خوێندا، کە ئەمەش چەند رێگایەکی هەیە کە بریتین لە: 

دڵدانەوە و دڵنیاکردنەوە لەلایەن هاورێیەک یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە ڕەنگە زۆر یارمەتیدەر بێت، بۆنموونە بەکارهێنانی وشەکانی" تۆ باشیت" و "تۆ کێشەی نۆرەدڵێت نییە" و "نامریت" کۆمەڵێ وشەی گونجاون بۆ ئارامکردنەوەی نەخۆشەکە، هەروەها پێویستە لەسەر ئەو کەسەی ئەم وتانە بە نەخۆشەکە دەڵێت پارێزگاری لە ئارامی خۆی بکات و بە تۆنێکی نەرم و ناسک ئەم پەیامانە بگەیەنێت.

- لەبەر ئەوەی ئامانجی ئەمە زیادکردنی ئاستی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنە بۆیە دەکرێت ئامانج بپێکرێت لە ڕێگەی هەناسەدان لەکاتی پێکەوەنانی لێوەکان وەکوو کاتی فووکردن لە مۆم یان هەناسەدان لە ڕێگەی داخستنی دەم و یەکێک لە کونەکانی لووت و هەناسەدان بە کونەکەی رری لووت.

- ئەگەر هۆکاری خێرا هەناسەدان دەستنیشانکردن بێت بە نەخۆشییەکانی دوودڵی و ترس و دڵەڕاوکێ ئەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ تێگەیشتن لە حاڵەتەکە و چارەسەرکردنی.

- فێربوونی ڕاهێنانەکانی هەناسەدان کە یارمەتیدەرن لە ئاسوودەبوون، وەکوو هەناسەدان لە ناوپەنچک و سکەوە لە جێی هەناسەدان بە سنگ.

- دەرزی ئاژنینیش بە چارەسەرێکی کارای خێرا هەناسەدان دادەنرێت، دەرزی ئاژنین چارەسەری جێگرەوەیە لە پزیشکی کۆنی چینی، هەندێک گەڕانەکان دۆزیویانەتەوە کە دەرزی ئاژنین هاوکارە لە کەمکردنەوەی دوودڵی و خێرایی هەناسەدان.

- لە حاڵەتە قورسەکاندا پەنا دەبرێتە بەر بەکارهێنانی دەرمان، پزیشک هەندێک دەرمانی وەکوو ئەڵپرازۆڵام alprazolam  دۆکسیپین doxepin و پارۆکسیتین paroxetine بەکاردەهێنێت.

دەستنیشانی خێرا هەناسەدان

دەستنیشانکردنی خێرای هەناسەدان کارێکی قورس نییە و بە زۆری پزیشک بە بینینی نەخۆش و نیشانەکانی دەستنیشانەکە دەکەن بەڵام کارە قورسەکە بریتییە لە هێورکردنەوەی کەسەکە و خێزانەکەی و تێگەیاندنیان کە حاڵەتەکە هێندەش قورس نییە کە دیارە، بەڵام هەندێک جار خێرا هەناسەدان نیشانەی نەخۆشی قورسە، بۆیە باشترە لەگەڵ دەرکەوتنیدا سەردانی پزیشک بکرێت.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت

ئەوکاتە پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت کە نەخۆشەکە نەتوانێت کۆنترۆڵی هەناسەدانی بکات لەماوەی چەند خولەکێکدا یان گەر هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی شێوازی هەناسەدان شکستیان هێنا، کە پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت یان بچێت بۆ ژووری فریاکەوتن ڕاستەوخۆ، بەتایبەت گەر ئازاری لەگەڵ بوو، بەڵام گەر بە بەردەوامی توشی خێراهەناسەدان بوو ئەوە ڕەنگە توشبووی زیادەڕەوی هەناسەدان بێت، کە ئەویش حاڵەتێکە هەناسەدان زیادەڕەوە بەسەر ئەو بڕەدا کە کردەی زیندەچالاکییەکان پێویستی پێیەتی لە لەشدا، کە دەبێتە هۆی گۆڕانی داینەمیکی و کیمیایی کە دەنێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی کێشەی ئەرکی لە لەشدا وەکوو کەمبوونەوەی پەستانی خوینبەرەکانی بەشەکی بۆ دوانە ئۆکسیدی کاربۆن Paco2 لە ئەنجامی خێرایی هەناسەدان.


سەرچاوەکان



1179 بینین