دەریای ئیجە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-09-20-16:12:00 - کۆدی بابەت: 6639
دەریای ئیجە

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دەریای ئیجه

ئەم دەریایە کەنداوگیرییەکی درێژکراوەی دەریای سپی ناوڕاستە لە نێوان ئەوروپا و ئاسیادا، کەوتۆتە نێوان وڵاتەکانی بەڵقان و "ئەنادۆڵ"ـوە، هەروەها ڕووبەری ڕووەکەی نزیکی 215,000 کیلۆمەتر دووجایە، ئەوپەڕی قوڵیەکەی 3,544 مەترە، لە باکوورەوە دەریای ئیجە بە دەریای مەرمەرا و دەریای ڕەش گەشتووە بەهۆی دەربەندەکانی دەردەنیل و بۆسفۆرەوە.

دەریای ئیجه بە زمانی یۆنانی پێی دەگووترێت "Aigaíon Pélagos" و بە تورکیش "Ege Deniz"، ئەوپەڕی درێژی دەریای ئیجە 700 کیلۆمەترە و پانییەکەشی 400 کیلۆمەترە،  دەریای ئیجە سەرچاوەی کێشە و مشت و مڕی نێوان وڵاتانی تورکیا و یۆنانە و ئەم دەریایە لە ساڵی 1970 کانەوە کاریگەری لە سەر پەیوەندیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە هەبووە.

ژیانی گیانەوەرانی ناو دەریای ئیجە

دەریای ئیجە زیاتر لە 3,300 جۆر ڕووەکی تێدایە کە 685 جۆریان تایبەتن بە دەڤەرەکانی وڵاتی یۆنان و 478 جۆریان تایبەتن بە دەڤەرەکانی وڵاتی تورکیا، هەندێک جۆری ئەم ڕووەکانە بە تەنیا لە دوورگەکاندا دەردەکەون، لەکاتێکدا چەند جۆرێکی تریان لە بنکی دەریاکەدا دەردەکەون، بەشی خۆرهەڵاتی دەریاکە زۆرترین جۆرەکانی زیندەوەرە دەریاییەکانی لێیە، لەکاتێکدا کیکلادس "کە گروپێکی 200 دوورگەییە" بە جۆرە جیاوازەکانی زیندەوەرە دەریاییەکان هەژارە، وادانراوە کە دوورگەی "کریتی" ژمارەیەکی زۆر زیندەوەر و ڕووکی نیاوازی لێیە کە ژینگەی هاوسەنگ پێکدەهێنن نەک بەتەنیا لە دەریای ئیجەدا بەڵکو لە تەواوی دەریای سپی ناوەڕاستدا، بەرازی ئاوی و قرش و نەهەنگ و دۆلفین و جۆرە کیسەڵێکی دەریایی نیشتەجێی ناو دەریاکەن، هەروەها ماسی و گیانەوەری دەریایی ئیسفەنج و ماسیی سەردین لە دەریای ئیجەدا دەدۆزرێنەوە و ئەمەش پشتگیرییەکی زۆر بە ڕێژەی پیشەسازی کردن بە ماسییەوە دەکات.

لە ڕووی ئابووریشەوە دوورگەکانی دەریای ئیجە ناوچەی گەشتیاری سەرەکین و پێنج شوێنی کەلەپووری جیهانی وێنسکۆ لەسەر دوورگەکانی دەریای ئیجەن، ئەمەش وایکردووە ببن بە یەکێک لە شوێنە هەرە سەردانکراوەکانی تورکیا و یۆنان، هەروەها وڵاتانی تورکیا و یۆنان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو گەشەیان بە ناوچەی هاوینە هەوارەکان کردووە کە سەرنجی ژمارەیەکی زۆر گەشتیاریان ڕاکێشاوە.

ناوی دەریای ئیجە واتە چی؟

کەشوهەوای دەریای ئیجە

تا ڕادەیەکی زۆر کەشوهەوای ئەم دەریایە گوزارشت لە کەشوهەوای یۆنان و خۆرئاوای تورکیا دەکات، بەڕوونی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاست بەرپەرچ دەداتەوە، بەپێی پۆلێنکردنی کەشوهەوای "Köppen" لە زۆربەی ناوچەکانی دەریای ئیجە مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و وشکن و مانگەکانی وەرزی زستانیش پلەکانی گەرما مامناوەندترە و باراناوییە.

پلەی گەرمی

پلەی گەرمی ئاوی دەریای ئیجە لەژێر کاریگەری بارستایی ئەو ئاوە ساردەدایە کە لە دەریای ڕەشەوە دەڕژێتە ناویەوە بۆ باکووری خۆرهەڵات، پلەی گەرمی ئاوی سەر ڕووی دەریای ئیجە 16 بۆ 25 پلەی سیلیزیە و بەپێی شوێن و کات گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

دوورگەکانی دەریای ئیجە

دەریای ئیجە زیاتر لە 1,400 دوورگەی هەیە کە هەر دوورگەیەکیان لە ڕووی قەبارە و پێکهاتنەوە جیاوازیان هەیە، زۆربەی دوورگەکانی ئەم دەریایە لەلایەن وڵاتی یۆنانەوە بەڕێوەدەبرێن وڵاتی تورکیا مافی بەسەر ژمارەیەکی کەمییانەوە هەیە، لەبەر زۆری دوورگەکان بەباری درێژیدا دابەشکراوە بۆ حەوت کۆمەڵە:

  1. دوورگەکانی باکووری ئیجە، ئەم دوورگانەی سەر دەریای ئیجە پێکەوە بە گرووپ کراون و بۆ مەبەستەکانی کاروباری بەڕێوبەرایەتی یان گەشتیاری بەکاردێن.
  2. دوورگەکانی خۆرئاوای ئیجە، دوورگەی سەرەکی خۆرئاوای ئیجە دوورگەی "Euboea"یە کە بەهۆی دەربەندی "Euripus"ـەوە لە خاکی یۆنان جیاکراوەتەوە.
  3. دوورگەکانی سپۆرادیس، ئەم دوورگانە کەوتوونەتە کەنارەکانی خۆرهەڵاتی یۆنانەوە و لە 24 دوورگە پێکدێن، کە چوار لەم دوورگانە بە هەمیشەیی ژمارەیەک دانیشتوانی لێیە.
  4. دوورگەکانی کیکلادس، ئەم دوورگانە کەوتوونەتە باشووری خۆرهەڵاتی خاۆی یۆنانەوە، ژمارەیان 220 دوورگە پێکدێت، لەگەڵ دوورگەی Naxos وەکو گەورەترین دوورگە و Syros ئاوەدانترین دوورگە.
  5. دوورگەکانی سارۆنیک، ئەم دوورگانەش کەوتوونەتە ناو کەنداوی سارۆنیکەوە و لە دەرەوەی خاکی یۆنانن.
  6. دوورگەکانی دۆدکانیس، ئەم دوورگانە لە کۆمەڵە دوورگەیەک پێکدێن کە 15 دوورگەیان سەرەکین و 150 دوورگەی تریان بچووکن و کەوتوونەتە بەشی باشووری دەریای ئیجەوە، هەروەها 26 دوورگەیان خەڵکی لێ نیشتەجێیە.
  7. دوورەکانی کریت، کریت گەورەترین دوورگەی یۆنانییە و 88 هەمین گەورەترین دوورگەکانی جیهانە، هاوسنوورە لەگەڵ بەشی باشووری دەریای ئیجەدا و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 635,000 کەسە، دوورگەی کریت و دوورگەکانی چواردەوری هەرێمی کریت پێک دێنن.

دەریای ئیجە لەڕووی ڕامیارییەوە


ناکۆکی دەریای ئیجە کۆمەڵە پێک نەهاتنێکی پەیوەندیدار و کاریگەرە لە نێوان وڵاتانی یۆنان و تورکیادا دەربارەی دەسەڵاتداری و مافە پەیوەندیدارەکان لە ناوچەی دەریای ئیجەدا، لە ساڵی 1970 کانەوە ئەم کۆمەڵە ململانێ و ناکۆکییە بەتوندی کاری کردۆتە سەر پەیوەندیەکانی نێوان هەر دوو وڵاتانی یۆنان و تورکیا، هەروەها لە ساڵەکانی 1987 و سەرەتای ساڵی 1996 دووجار نزیک بوویەوە لەوەی ببنە نەیاری یەک و هەڵگیرساندنی دوژمنایەتی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، کێشەکانی دەریای ئیجە لە خوارەوە پۆلێن دەکەین بۆ:

- سنوردانان بۆ ئاوی هەرێمی "وڵاتێک".
- سنوردانان بۆ ناوچەی فڕینی نەتەوەیی.
- سنوردانان بۆ ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و بەکارهێنانی پێش دەرگای کیشوەر.
- ڕۆڵی ئەو هەرێمە دیاریکراوانەی کە خزمەتگوزاری زانیاری فڕین و ناوچەی فڕینی تێدا دەستەبەر دەکرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکی فڕینی سەربازی.
- دۆزی چەک هەڵماڵین لە ناچەکاندا کە دانراوە بۆ هەندێک لە دوورگەکانی یۆنان لە هەرێمەکەدا.
- داوای تورکەکان بۆ "ناوچە خۆڵەمێشییەکان" دەسەڵاتی نەبڕڕدراوە بەسەر ژمارەیەک دوورگەی بچووکدا، زۆر بە ڕوونیش دوورگە بچووکەکانی "Imia/Kardak".

هەروەها لە نێوان ساڵانی 1998 و سەرەتای 2010دا، ئەم دوو وڵاتە لە یەکتر نزیک بوونەوە بۆئەوەی زاڵ بن بەسەر کرژی و ئاڵۆزیەکانیاندا لە ڕێگەی زنجیرە چارەسەرێکی دیپلۆماسییەوە، بەتایبەتی لەگەڵ تێڕوانینێک بۆ ئاسانکردنی بەژداریکردنی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام بەهۆی جیاوازییەکان دەربارەی ڕێگە دیپلۆماسییە گونجاوەکان بۆ چارەسەرێکی گرنگ ئەم بابەتە بە چارەسەر نەکراوی مایەوە و ئێستا ساڵی 2021ـە و هێشتاش کرژی و ئاڵۆزییەکان هەر هەن.


سەرچاوەکان



2183 بینین