کۆمپانیای ستارباکس

کۆمپانیای ستارباکس

له‌لایه‌ن: ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-22-14:47:00 - کۆدی بابەت: 6672
کۆمپانیای ستارباکس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیا و قاوەخانەی ستارباکس یاخود (بە ئینگلیزی Starbucks)، لە ساڵی 1971 لە سیاتڵ لە ویلایەتی واشنتۆنی وڵاتی ئەمریکا دامەزراوە لە لایەن سێ کەسەوە، ئەوانیش مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی بە ناوی جێری بادوین، مامۆستایەکی مێژوو بە ناوی زیف سایگڵ هەروەها نووسەرێك بە ناوی گۆردان بۆکەر، ئەم کۆمپانیاییە لە ئێستادا 16 هەزار لقی هەیە لە 49 وڵاتی جیهاندا، 11 هەزاری ئەو لقانە لە نێو وڵاتی ئەمریکایە، زیاتر لە 172 هەزار کارمەندی هەیە.

لەم قاوەخانەیە گرنگترین خواردنەوە گەرم و ساردەکان پێشکەش دەکرێن، نموونەی موگا و قاوەی ئیسپرێسۆ و قاوەی ئەمەریکی و شوکۆلاتە و ڤانێلا و کرێم و کەڕامیل و چەندان جۆری تر کە لە هەموو لقەکانی ئەم قاوەخانەیە خواردنەوەی هەمەجۆر پێشکەشی کڕیارەکانی دەکرێت، ئارەزوومەندانی قاوە سەردانی لقەکانی دەکەن و ئەوەی زیاتر ئەم قاوەخانەیە جودا دەکاتەوە و جیاوا دەری دەخات ئەوەیە کە ناوی خۆت دەنووسرێت لەسەر ئەو جۆرە قاوەیەی کە داوای دەکەیت. 

واتای ناوەکەی

واتای ناوی ستارباکس لە کەسایەتی و کارەکتەری ستاربێك لە نێو ڕۆمانێکی کلاسیکی بە ناوی "مۆبی دیك" وەرگیراوە لە نووسینی هیرمان مێلڤیلە (نووسەر و ڕۆماننووسی ئەمەریکی) ئەم ڕۆمانە لە ساڵی 1851 بڵاوبووەتەوە، کەسایەتی سەرەکی نێو ڕۆمانەکە زۆر حەزی بە قاوە خواردنەوە بووە. 

دامەزراندنی یەکەم قاوەخانە

یەکەمین قاوەخانەی ستارباکس لە بازاڕی بایك بلایس لە سیاتڵی ویلایەتی واشنتۆنی وڵاتی ئەمریکا لە ساڵی 1971 کراوەتەوە، لە لایەن دوو مامۆستای زانکۆ و نووسەرێك دامەزراوە، قاوەخانەکە چای و قاوەی بە کوالێتییەکی زۆر بەرز دەفرۆشتە کڕیارەکانی. 

هێما و لۆگۆکەی

درووشم و هێمای ئەم قاوەخانەیە لە وێنەکێشانێکی نەرویجی سەدەی شازدەیەم وەرگیراوە، کە گوزارشت لە بووکی یاخود پەری دەریا دەکات لەگەڵ دوو کلکی هەڵکۆڵراو لەسەر پارچە دارێك، ئەم وێنەیە بە شێوەیەکی بازنەیی هەڵبژێردرا، وەکوو ناوی سەرەکی کۆمپانیاکەیش دانرا هەر لەو کاتەوەی کە کۆمپانیاکە درووستکرا لە ساڵی 1971، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم لۆگۆیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دامەزرێنەرانی قاوەخانەکە ویستیان پەیوەندی نێوان بازرگانانی قاوە و كەشتیوانان پێکەوە ببەستنەوە.

لقەکانی کۆمپانیاکانی ستارباکس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە ساڵی 1999 یەکەمین لقی ئەم قاوەخانەیە لە وڵاتی کوێت کرایەوە، لە ئێستادا نزیکەی 500 لقی سەرەکی هەیە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەی وڵاتی: بەحرەین و سعودیە و کوەیت و ئیماڕات و لوبنان و ئوردن و قەتەڕ و عوممان و میسڕ و فەڵەستین. 


سەرچاوەکان

31 بینین