سلۆڤاکیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-26-14:16:00 - کۆدی بابەت: 6719
سلۆڤاکیا

ناوه‌ڕۆك

سلۆڤاکیا

وڵاتی سلۆڤاکیا (بە ئینگلیزی Slovakia) یاخود بە شێوەی فەرمی ناسراوە بە کۆماری سلۆڤاک، وڵاتێکی هەڵکەوتەی ناوەڕاستی ئەورووپایە و بە یەکێک لە وڵاتە داخراوەکان ناوبراوە کە هیچ سنوورێکی دەریا و زەریای نییە، لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندادا، لە ڕۆژهەڵاتەوە سنووری وشکانی هەیە لەگەڵ ئۆکرانیا، وڵاتی هەنگاریا دەکەوێتە باشوورییەوە و هەرچی وڵاتی کۆماری چیکیشە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەوە، وڵاتی نەمساش لە باشووری ڕۆژئاوای هەڵکەوتووە.

ئەم وڵاتە هەڵکەوتەیەکی جوگرافی شاخاویی هەیە و ڕووبەری وڵاتەکە ٤٩ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ڕێژەی دانیشتووانی ٥.٤ میلیۆن کەس دەبێت، گەورەترین شار و پایتەختەکەی شاری (براتیسلاڤا) یە و دووەم گەورەترین شاریشی (کۆشیسە)ـیە.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات کۆماری سلۆڤاکیا
پایتەخت براتیسلاڤا
زمانی فەرمی سلۆڤاکی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٨١ سلۆڤاکی
  • ٪٨ هەنگاری
  • ٪٢ ڕۆمانی
  • ٪١ نەتەوەی تر
  • ٪٨ نادیار
ئایین
  • ٪٧٥ مەسیحی
  • ٪١٣ بێ ئایین
  • ٪١ ئایینەکانی تر
  • ٪١١ نادیار
چیکوسلۆڤاکیا ٢٨/١٠/١٩١٨
کۆماری سلۆڤاکیا ١/١/١٩٩٣
ڕووبەر ٤٩,٠٣٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووان ٥,٣٩٧,٠٣٦ کەس
داهاتی ساڵانە ١١٧.٦٦٤ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٢١,٥٢٩ دۆلار
دراو یۆرۆ
کات UTC +1
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٤٢١

جوگرافیا

وڵاتی سلۆڤاکیا وڵاتێکی هەڵکەوتەی ناوەڕاستی کیشوەری ئەورووپایە، دراوەکەی یۆرۆیە و یەکێکە لە ٢٧ ئەندامەکەی یەکێتی ئەورووپا، سنووری وشکانی لەگەڵ ٥ وڵاتی (پۆڵەندا، ئۆکرانیا، نەمسا، چیک و هەنگاریا) دا هەیە، ئەم وڵاتە دەکەوێتە هێڵی درێژی ٤٧ بۆ ٥٠ ی باکوور و بازنەی پانی ١٦ بۆ ٢٣ ی ڕۆژهەڵات، خاکی سلۆڤاکیا بە سروشتی چیا و بەرزاییەکانی ناسراوە، لە نێویدا زنجیرە چیای کارپاسیان کە زنجیرە چیایەکی بەناوبانگە لەناو ئەورووپادا بەشێکی زۆری دەکەوێتە ناو ئەم وڵاتەوە لەسەر سنووری باکووری وڵاتی سلۆڤاکیا و بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندادا، لەسەر ئەم زنجیرە چیایە چەندین لووتکەی بەرز و گرنگ بوونی هەیە لەوانە (چیاکانی تاترا، چیاکانی ناوەڕاستی سلۆڤاکیا، چیاکانی بێسکیدس)، نزمترین خاڵی وڵاتەکە دەکەوێتە ناوچە نزمەکانی دانووبەوە لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، لەگەڵ ئەویشدا خاکە نزمەکانی ڕۆژهەڵاتی سلۆڤاکیا لە باشووری ڕۆژهەڵات، دارستانەکان لە ٪٤١ ڕووبەری وڵات دادەپۆشن.

چیاکانی تاترا

چیاکانی تاترا نزیکەی ٢٩ لووتکەی بەرزی هەیە کە بەرزییەکەیان زیاترە لە ٢٥٠٠ لە ئاستی ڕووی دەریاوە، چیاکانی تاترا بەرزترین چیان لە زنجیرە چیاکانی کارپاسیاندا، ئەم چیایە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٧٥٠ کیلۆمەتر دووجایە و دابەش دەبێت بۆ چەند ناوچەیەک، بەشەکانی باکووری چیاکە کە دەکەونە سنووری پۆڵەندا کە بەرزترین خاڵەکانیەتی و بەوە بەناوبانگە کە خەڵکێکی زۆر بۆ شاخەوانی و خلیسکێنەی سەر سەهۆڵ ڕووی تێدەکەن و بەرزترین خاڵی ٢٦٥٥ مەترە.

لەم وڵاتەدا چەندین پارک و شوێنی گرنگ هەیە بۆ گەشتیاران و سەوزایی گرنگییەکی زۆری پێدراوە، نزیکەی ٩ پارکی گەورەی نەتەوەیی لەم وڵاتەدا هەیە و نزیکەی ٪٦.٥ وڵاتەکە دەگرێتەوە، لەم وڵاتەدا بە سەدان ئەشکەوت هەیە لە بناری چیاکاندا و نزیکەی ٣٠ دانەیان کراوەن بەڕووی گەشتیاراندا و دەتوانرێت سەردانی بکرێت.

بەهەمان شێوە لەڕووی ئاو و سەرچاوەکانی ئاوەوە دەوڵەمەندە، خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر ڕووبارە کە زۆربەی ڕووبارەکان لە قەدپاڵی چیاکانەوە هەڵدەقووڵێت، بەشێکی تەنها تایبەتن بە وڵاتەکە بەڵام هەندێکیان بەناو وڵاتانی دراوسێشدا تێدەپەڕن و بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ هاوسنوورەکانی وڵات، درێژترین ڕووباری وڵاتەکە بەناوی “ڤاخ”ـەوەیە کە ٤٠٣ کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی وە کورتترینیان “چیێرنا ڤۆدا”ـیە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی سلۆڤاکیا بەپێی وەرز و کاتەکان دەگۆڕێت، کاریگەری زەریای ئەتڵەسی لەسەرە و بەهۆی ئەویشەوە وڵاتەکە شێدارە، هاوینی گەرمە و زستانی ساردە لەگەڵیشیدا تەم و شێ و باران و بەفرێکی زۆر دەبارێت، پلەی گەرمی بە ڕێژەیەکی سەرسوڕهێنەر دەگۆڕێت و یەکێک لە گەورەترین مەوداکانی پلەی گەرمی هەیە کە لە -٤١ پلەی سیلیزییەوە دەگۆڕێت بۆ ٤٠.٣ سیلیزی، بەمەش مەودای پلەی گەرمی کە لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە زیاترە لە ٨٠ پلەی سیلیزی بەپێی وەرزەکان و شوێنە جیاوازەکانی وڵاتەکە.

گەرمترین شوێنەکان براتیسلاڤای پایتەختە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر خەڵک و بوونی کارگە و ئۆتۆمبێلی زۆر وەک هەموو پایتەختانی وڵاتانی جیهان، لەگەڵ ئەویشدا ناوچەکانی باشووری ساڵانە پلەی گەرمی بەرزیان تیا تۆماردەکرێت کە ساڵانە بە شێوەیەکی ئاسایی دەگاتە ٣٠ پلەی سیلیزی، وە لە قەزایەکی کە پێی دەوترێت “هوربانۆڤۆ” و دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاواوە، گەرمترین پلەکان تۆماردەکرێن کە دەچێتە ٣٩ پلەی سیلیزی، پلەی گەرمی شەوانیش بە تێکڕا ٢٠ پلەیە.

پلەی گەرمی ڕۆژانە لە زستاندا بە تێکڕا لەنێوان -٥ بۆ ١٠ پلەدایە، وە لە شەواندا کەشەکە دەگاتە حاڵەتی بەستن و پلەکان یەکجار زۆر دادەبەزن بۆ -١٠ و هەندێک جار زیاتریش دادەبەزێت.

هەر چوار وەرزەکەی ساڵ لە وڵاتدا دەبینرێت، هاوینی وشک و گەرم و زستانی سارد و تەم و بەفراویی، بەهۆی کەشی زەریاوە هەندێک جار لە هاویندا باران دەبارێت و ڕێژەیەکی زۆر شێ درووستدەکات، وەرزی بەهار و پاییز کەشەکە گونجاوترە لەچاو دوو وەرزەکەی تر، بەهاری وڵات لە ٢١ ی ٣ وە دەستپێدەکات کە کەشەکەی تا ڕادەیەک ساردی زستانی پێوەماوە و ٩ پلەی سیلیزییە تا دەگاتە مانگی ٦ کە پلەکان دەچنە ٢٠ و بەرەوسەرتر، بە شێوەیەکی گشتی کەشوهەوات وەرزی بەهاری ئەم وڵاتە زۆر ناجێگیرە و زوو زوو دەگۆڕێت، هاوینی لە ٢٢ ی ٦ دەستپێدەکات و کەشەکە بە زوویی گەرم دەبێت و پلەکانی گەرما لە ٣٠ بۆ ٤٠ دەبن و ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە وشک و بێزارکەرن، وەرزی پاییزی لە ٢٣ ی ٩ وە دەستپێدەکات و بە شێوەیەکی گشتی هەفتەی یەکەمی گەرمە و کاریگەری هاوینی لەسەر ماوە بەڵام دواتر کە ئاو و هەوای وڵاتەکە وردە وردە فێنک دەبێت و با هەڵدەکات و بڕێک جاریش کەش سارد دەبێت و پلەکان دادەبەزنەوە بۆ خوار ١٥ پلە، هەرچی وەرزی زستانیشە لە ٢١ ی ١٢ و لە شەوی یەڵداوە دەستپێدەکات (درێژترین شەوی ساڵ) و پلەکانی گەرما دەچنە خوار سفر پلەی سیلیزی و زۆرکات خۆیان نزیک دەکەنەوە لە -١٠ پلە. 


سەرچاوەکان



1108 بینین