پورتوگال

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-29-14:08:00 - کۆدی بابەت: 6753
پورتوگال

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی پورتوگال

وڵاتی پورتوگال (بەئینگلیزی: Portugal) کە بەشێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت کۆماری پورتوگال، وڵاتێکی هەڵکەوتەی کیشوەری ئەورووپایە و دەکەوێتە ئەوپەڕی ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپاوە و کۆتا وڵاتە لە ڕۆژئاوای ئەورووپادا، ئەم وڵاتە هەڵکەوتەی نیمچەدوورگەی “ئیبیریان”ـە و دوو لای بە ئاو دەورەدراوە تەنها یەکلای وشکانییە کە ئەویش وڵاتی ئیسپانیایە و دەکەوێتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەم نیشتیمانەوە، بەشی باشوور و ڕۆژئاوای زەریای ئەتڵەسییە، جگە لە خاکە سەرەکییەکەی دوو خاکی تری ئۆتۆنۆمی هەیە کە لەژێر دەسەڵاتی وڵاتی پورتوگالدایە و دەکەوێتە ناو زەریای ئەتڵەسییەوە کە ئەوانیش (مادێرا و ئازوورێس)ـن، ڕووبەری وڵات ٩٢ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە و نزیکەی ١٠ میلیۆن کەسی لێ دەژیچ زمانی فەرمی ئەم وڵاتە پورتوگالییە و شاری لیشبۆنە گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتە.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات پورتوگال
پایتەخت لیشبۆنە
زمانی فەرمی پورتوگالی
گرووپە ڕەگەزییەکان ٩٥٪ پورتوگالی، ٪٥ نەتەوەی تر
ئایین
  • ٪٨٤ مەسیحی
  • ٪٧ بێ ئایین
  • ٪١ ئایینەکانی تر
  • ٪٨ نادیار
ڕاگەیاندنی وڵات ٨٦٨ ی زایین
کۆماری پورتوگال ٥/١٠/١٩١
ڕووبەر ٩٢ هەزار و ٢١٢ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووان: ١٠,٣٤٧,٨٩٢ 
چڕی دانیشتووان ١١٢ کەس/ کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٣٧٠.٥ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٣٦,٠٧٩ 
دراو یۆرۆ
کات UTC -1 
کاتی هاوینە UTC +1
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٥١

جوگرافیا

وڵاتی پورتوگال وڵاتێکی ڕۆژئاوای یاخود زۆرکات پێشی دەوترێت باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپایە، دەکەوێتە ناو نیمچەدوورگەی ئیبیریانەوە و تەنها لەگەڵ وڵاتی ئیسپانیادا هاوسنوورە، دوو هەرێمی هەیە ئۆتۆنۆمی هەیە کە هەرێمی مادێرا و ئازوورێس، ئەم وڵاتە هەڵکەوتەی هێڵی درێژی ٣٢ بۆ ٦ ی ڕۆژهەڵات و بازنەی پانی ٣٠ بۆ ٤٢ ی باکوور، خاکی سەرەکی پورتوگال چەندین وڵاتی تیا هەڵکەوتووە و دابەشیان کردووە، یەکێک لەوانە ڕووباری “تاگووس”ـە کە درێژترین ڕووباری نیمچە دوورگەی ئیبیریانە (ئیسپانیا و پورتوگال لەو نیمچە دوورگەیەدا هەڵکەوتوون) ئەم ڕووبارە لە ئیسپانیاوە هەڵدەقووڵێت و درێژی ١٠٠٧ کیلۆمەترە و بەناو پورتوگالدا دەڕوات و دەڕژێتە خاڵێکی ناو زەریای ئەتڵەسییەوە نزیک شاری لیشبۆنەی پایتەخت.

باکووری وڵاتەکە شاخاوییە و دواتر درێژدەبێتەوە بەرەو ناوەڕاستی وڵات کە تەختاییە و دۆڵ و ڕووبارەکانی تیا هەڵکەوتووە، باشووری وڵاتەکەش ناوچەی نزم و تەختاییە، بەرزترین خاڵی وڵاتەکە لووتکەی “پیکۆ”ـیە کە دەکەوێتە دوورگەی پیکۆوە لە هەرێمی ئازوورێس، ئەم لووتکە دێرینە بەرزییەکەی ٢,٣٥١ مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، لەکاتێکدا بەرزترین لووتکەی وڵاتەکە لە خاکە یەکگرتووەکەیدا “سێرا دێ ئێسترێلا”ـیە و ١٩٩٣ مەتر بەرزە، ناوچەی ئاوی کە وڵاتی پورتوگال توانیوویەتی دەسەڵاتی بەسەریدا هەبێت و وەک موڵکی سەیربکرێت تا کەشتییەکانی تیا بەکاربهێنێت ناوچەیەکی گەورەی ئاوییە لەژێر ڕووبەری ١ میلیۆن و ٧٢٧ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە کە بەمەش دەبێتە سێیەم ناوچەی ئاوی لەناو یەکێتی ئەورووپادا و بیستەم گەورەترین ناوچەی ئاوی جیهان کە لەژێر دەسەڵاتی وڵاتێکدا بێت.

کەشوهەوا

وڵاتی پورتوگال بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کاریگەری کەشی دەریای سپی ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسی لەسەرە، بەشەکانی ناوەڕاستی وڵات کاریگەری دەریای ناوەڕاستی لەسەرە و هاوینی گەرم و وشک و زستانی باراناوی و ساردە، ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری وڵات کاریگەری کەشی زەریاییان لەسەرە و هاوینی گەرمە بەڵام سووتێنەر نییە و زستانیشی فێنکە و زۆر سارد نییە و بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرمی بە درێژایی ساڵ لەو ناوچانە نزیک یەکن و زۆر فراوان نیین، ئەم وڵاتە وەک یەکێک لە گەرمترین وڵاتەکانی کیشوەری ئەورووپا ناسراوە، پلەی گەرمی تێکڕای وڵات ساڵانە لە ناوچە شاخاوییەکانی دەگاتە ١٠-١٢ پلە سیلیزی و لە ناوەڕاستی وڵات دەچێتە ٣٠ یاخود زیاتر، لە بەشەکانی باشووریشی زیاترە، ڕێژەی بارانبارینی ساڵانەی لە ٣٢٠٠ میلیمەترەوەیە و کەمترینی ٥٠٠ میلیمەتر دەبێت، بەرزترین پلەی گەرمی بە شێوەیەکی باو ٤٠ پلەیە لە هاویندا و نزمترینیشی لو زستاندا دەچێتە -١٠ سیلیزی، بەرزترین پلەی گەرمی کە تۆمارکرابێت لە مێژووی وڵاتەکەدا ٤٧ پلەی سیلیزی بووە لە ناوچەی “ئامارلێجە”ـە، نزمترین پلەش کە تۆمارکرابێت لە ساڵی ١٩٨٣ دا بووە کە -١٧ پلەی سیلیزی بووە.


سەرچاوەکان



1577 بینین