ئارایشت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-30-22:45:00 - کۆدی بابەت: 6760
ئارایشت

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی ئارایشت

میکیاج یاخود ماکیاج (بە ئینگلیزی: Cosmetics) پێکهاتووە لە تێکەڵەیەکی ماددەی کیمیایی کە لە سەرچاوەی سروشتی یان دەستکردەوە دروست دەکرێن، ئارایشت بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردێت، هەندێک جۆری ئارایشت تایبەتن بە گرنگیدان بە پێست و دەتوانرێت بۆ پاککردنەوە و پاراستنی پێست و لەش بەکاربێت، ئەو ئارایشتانەشی کە دروستکراون بۆ جوانترکردنی دەرکەوتەی کەسێک و شاردنەوەی کەموکورتییەکان و ڕەنگدان بە ڕووخساری مرۆڤ و تۆخکردنەوەی ڕەنگی برۆ و برژانگن، زۆرجار جگە لە مەبەستی جوانکاری بۆ گۆڕینی شێوەی کەسەکان و دەرکەوتنیان وەک کەسێکی جیاوازیش بەکاردێت، یاخود بۆ دروستکردنی شێوەی جیاواز و شتی جیاواز لە ڕووخساری مرۆڤەکاندا، هەروەها هەندێک جۆری ئارایشت بەکاردێن بۆ پێدانی بۆنی خۆش بە لەشی مرۆڤ.

مێژوو

ئارایشت بۆ هەزاران ساڵ لەلایەن مرۆڤایەتییەوە بەکارهاتووە، سەرەتا میسڕییە کۆنەکان و سۆمەرییەکان ئارایشتیان بەکارهێناوە، هەرچی ئەوروپاشە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەکارھێنانی سپیاو بۆ سپیکردنەوە و سەڕوومەت بۆ ڕەنگکردنی ڕوومەتەکان باو بووە، بەپێی تێپەڕبوونی کات خواست لەسەر بەکارهێنانی میکیاج گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەڵام لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا لە هەندێک ناوچەدا بەکارهێنانی میکیاج بۆ مەبەستی جوانکاری تووشی ڕەخنە و مشتومڕێکی زۆر بووە، بێگوێدانە گۆڕانەکان لە باری سەرنجی کۆمەڵگا بۆ میکیاج، زۆربەی کەس بە بەکارهێنانی میکیاج جاروبار بەشێوەی نموونەیی دەردەکەوتن.
بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی جۆرە سەرەتاییەکان میکیاج بریتی بوون لەمانە:

  • کل کە لەلایەن میسڕییە کۆنەکانەوە بەکارهاتووە.
  • زەیتی گەرچەک لەلایەن میسڕییە کۆنەکانەوە بەکارهاتووە وەک کرێمی پارێزەر.
  • کرێمەکانی پێست لە شانەی هەنگ و زەیتی زەیتوون و ئاوی گوڵ دروست دەکران لە لایەن ڕۆمانییەکانەوە.
  • ڤازلین و لانۆلین کە هەردووکیان کرێمی چەورکەرن لە سەدەی نۆزدەدا داهێنران.

لە مێژوودا لەبەر نەبوونی زانیاری تەواو لەسەر شێوازی دروستی بەرهەمهێنانی ئارایشت، هەروەها نەبوونی زانیاری و بەڵگەی زانستی لەسەر کاریگەری پێکهاتە جیاوازەکانی میکیاج لەسەر لەش و پێستی مرۆڤ، ئەمانە بوون بە هۆکاری دەرکەوتنی چەندین کاریگەری خراپ لەسەر ئەو کەسانەی میکیاجیان بەکاردەهێنا، وەک شێواندنی ڕووخسار و کوێربوون و هەندێک جاریش مردن، هەندێک جۆری ئارایشتی سەردەمی ئێستاش بە شێوەیەکی کیمیایی گوماناوین یان لە چەند سەرچاوەیەکی سروشتی دروستکراون کە لە چێشتخانەکاندا بوونیان هەیە وەک ڕەنگکردنی خواردن و توو و چەوەندەر، نموونەی باوی بەکارھێنانی ئارایشتی زیانبەخش بریتییە لە بەکارھێنانی قوڕقوشمی سپی لە کەلتوورە جیاوازەکاندا، هەروەها کوێربوونی هەمیشەیی بەهۆی بەکارهێنانی جۆرێکی ماسکارا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، بە درێژایی سەدەی نۆزدە ژمارەیەکی زۆری ڕووداوی ژەهراویبوون بە قوڕقوشم تۆمارکرا بەهۆی بەکارهێنانی قوڕقوشم لە دروستکردنی ماکیاجی قوڕقوشمی سپی یان سوور یان لە دروستکردنی میکیاجی تۆز (پاودەر)، ئەمەش دەبوو بەهۆی ئاوسان و هەوکردنی چاوەکان و لاوازبوونی مینای ددان و ڕەشبوونەوەی پێست کە بەکارھێنانی بەردەوام و زۆری ئەم ئارایشتە دەبوو بەهۆی مردن، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا زاناکان لە بەرهەمێنانی ئارایشتدا بەرەوپێش چوون و دەستیان کرد بە داهێنانی جۆرێکی ئارایشت کە خاوێن بوو لە ماددەی زیانبەخشی وەک قوڕقوشم.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا بە نزیکەیی لە هەموو کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا بەکارهێنانی ئارایشت بوو بە کارێکی بەربڵاو لەناو خانماندا، هەروەها لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١ داهاتی پیشەسازی ئارایشت بلیۆنان دۆلاربوو، سەرەڕای خواستی زۆر لەسەر بەکارهێنانی ئارایشت بەڵام هەندێک کەس میکیاج وەک کەرەستەیەک دەبینن کە سوودی لێ وەرگیراوە بۆ ملکەچکردن و ڕووبەڕوو کردنەوەی خانمان بەرامبەر ستانداردە ستەمکارانەکانی کۆمەڵگا.

بەکارهێنان

ئەو ئارایشتانەی کە بەتایبەت بۆ پێست دیزاینکراون دەتوانرێت وەک پاککەرەوە و لابەری خانە مردووکانی پێست (تقشیر) و خۆراکدان بە پێست، هەروەها لەگەڵ بەکارهێنانی پاککەرەوە پێستدا ڕوونکەرەوە (تۆنەر) و سیڕەم و شێدارکەرەوە و کرێم بەکاردێت.
ئەو ئارایشتانەی کە وەک میکیاجێک بۆ جوانترکردنی دەرکەوتەی کەسێک و شاردنەوەی کەموکورتییەکان و ڕەنگدان بە ڕووخسار و تۆخکردنەوەی ڕەنگی برۆ و برژانگ و لێو بەکاردێن، زۆرجار جگە لە مەبەستی جوانکاری بۆ گۆڕینی شێوەی کەسەکان و دەرکەوتنیان وەک کەسێکی جیاوازیش بەکاردێت، یاخود بۆ دروستکردنی شێوەی جیاواز و شتی جیاواز لە ڕووخساری مرۆڤەکاندا، بۆ نموونە مەبەست لە بەکارهێنانی هێڵکاری (کەنتوو) بۆ پێدانی شێوەیە بە شوێنێکی دیاریکراوی ڕووخسار.

جۆرەکانی ئارایشت

ئەو ئارایشتانەی بە مەبەستی جوانکاری بەکاردێن

بەرەڕەنگ (پرایمەر)

پێش ئەوەی میکیاج بدرێت لە ڕووخسار بەکاردێت، چینێکی ڕووناک و تەنک لەسەر پێست دروست دەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەو میکیاجەی دەکرێت بە سافی و چوونیەک دەربکەوێت.

حەشاردەر (کەنسلەر)

کرمێکە یان شلەیەکە کە بەکاردێت بۆ شاردنەوەی پەڵە و کەموکورتی سەر پێست، ڕەنگی حەشاردەر دەبێت لەگەڵ تۆنی ڕەنگی پێستی بەکارهێنەر یەک بگرێتەوە، هەروەها بە شێوەیەکی سەرەتایی دوای لێدانی بەرەڕەنگ دەدرێت لە پێست بۆ ڕێککردنەوەی تۆنی پێست پێش لێدانی بنچینە (فاوندەیشن)، حەشاردەر بە شێوەیەکی ئاسایی  ڕەنگدارترە و توانای داپۆشینی زیاترە و تەنکترە لە بنچینە.

بنچینە (فاوندەیشن)

بەرهەمێکی کرێمی یان شل یان تۆزە (پاودەر) کە دەدرێت لە هەموو ڕووخسار بۆ دروستکردنی بنچینەیەکی ساف بۆ تۆنی پێستی بەکارهێنەر، فاوندەیشن بە شێوەیەکی گشتی توانای داپۆشینی پەڵەی کەمترە لە حەشاردەر.

سەرڕوومەت

بەرهەمێکی شل یان کرێم یاخود تۆزە دەدرێن لە ناوەندی ڕوومەتەکان بۆ پێدانی ڕەنگێکی سروشتی و تۆختر لە ڕەنگی ئاسایی سەرڕوومەت.

ڕۆشنکەرەوە (هایلایتەر)

بەرهەمێکی شل یان کرێم یاخود تۆزە دەدرێت لە ناوچە بەرزەکانی ڕووخسار وەک برۆ و لووت و ئێسکی سەرڕوومەت، ڕۆشنکەرەوە بە شێوەیەکی باو ئەو ماددانەی تێدایە کە کاریگەری درەوشاوە و بریسکەدار دەدەن بە ڕووخسار، هەروەها فاوندەیشنی ڕەنگ کاڵ و حەشاردەر دەتوانرێت وەک ڕۆشنکەرەوە بدرێت لە پێست.

قەڵەم، کرێم، مۆم، جێڵ و تۆزی بڕۆ

بەکاردێن بۆ پڕکردن و ڕێککردنەوەی برۆ، ئەو بابەتی جوانکارییانەشی کە ڕەنگدارن بەکاردێن بۆ تۆخکردنەوەی ڕەنگی تاڵە مووەکانی برۆ بە شێوەیەکی کاتی یان بۆ هەمیشە بەبێ ڕەنکگردنی پێستی ژێر برۆکە.

پشتچاو

بەرهەمێکی شل یان کرێم یاخود تۆزە کە ڕەنگدارە و بەکاردێت بۆ پێدانی سەرنجڕاکێشی و گۆڕینی شێوەی ناوچەکانی چواردەوری چاو و پێڵووی چاو و بۆشایی ژێر برۆکان.

ڕمێڵ

بەکادرێت بۆ درێژکردنەوە و گەورەکردن و قوڵترکردنی چاو، بە شێوەیەکی باو ڕمێڵ ڕەنگی ڕەشە، بەڵام بە چەندین ڕەنگی دیکەی جیاوازیش بەردەستە، وەک قاوەیی و سپی و شین، ڕمێڵ بە شێوەی قەڵەم یان جێڵ یان شل بوونی هەیە.

ماسکارا

بەکاردێت بۆ تۆختر و درێژتر و ئەستورترکردنی برژانگ بە کرێمێکی خەست کە بە فڵچەیەکی پێچخواردووی تیژ دەدرێت لە برژانگ، ڕەنگی ماسکارا ڕەش یان قاوەییە و هەندێک جاریش بێ ڕەنگە.

بەرهەمەکانی تایبەت بە لێو

وەک سووراو شێدارکەرەوەی لێو و هێڵکاری لێو و کرێمی لێو بە شێوەیەکی گشتی ڕەنگ و جوانی دەدەن بە لێو، هەروەها لێو بە شێداری دەهێڵنەوە و هێڵەکانی چواردەوری لێو زیاتر دەردەخەن.

ئەو ئارایشتانەی تایبەتن بە گرنگیدان بە پێست

پاککەرەوەی پێست یان کەفی دەموچاو شۆردن

بەکاردێت بۆ لابردنی پیسی و چەوری و هەر میکیاجێک کە لەسەر ڕووخسار ماوەتەوە، جۆری جیاوازی پاککەرەوەی پێست بوونی هەیە کە هەر جۆرێک تایبەتە بە جۆرێکی جیاوازی پێست.

ڕوونکەرەوەی پێست (تۆنەر)

لەدوای پاککردنەوەی پێست بە پاککەرەوە بەکاردێت بۆ لابردنی هەر پیسییەک کە مابێتەوە بە پێستەوە و هەروەها بۆ ڕێککردنەوەی pH پێست، هەروەها هەندێک جۆری تۆنەر شێدارکەرەوەشی تێدایە، بە شێوەیەکی ئاسایی دەدرێن لە پارچەیەکی لۆکە و ڕووخساری پێ دەسڕدرێت، بەڵام دەتوانرێت بپرژێنرێت بە ڕووخساردا بە پرژێنەر یاخود بە دەست بدرێت لە ڕووخسار، زۆربەی زۆری تۆنەرەکان پێکهاتوون لە ئاو و ترشی ستریک و پوختەکراوی گژوگیا و هەندێک پێکهاتەی دیکە، هەندێک جۆری تۆنەر بە تایبەت ئەوانەی کە تایبەتن بە پێستی چەور کحولیان تێدایە تاکوو یارمەتی زوو وشکبوونەوەیان بدات بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی سووربوونەوەی پێست.

ڕووپۆشی ڕووخسار (ماسک)

پێکهاتەیەکە کە دەدرێت لە پێست بۆ ماوەیەکی کەم و دواتر لێی دەکرێتەوە، بە شێوەیەکی ئاسایی دەدرێن لە پێستێکی وشک و خاوێن و دوور دەخرێنەوە لە چاو و لێو.

شێدارکەرەوە

کرێمێکە کە پێست شێدار دەکاتەوە و یارمەتی بە شێدار هێشتنەوەی پێست دەدات، بە شێوەیەکی گشتی پێکدێن لە زەیت و پوختەکراوی گژوگیا و هەندێک جۆری ماددەی کیمیایی کە بە سوودن بۆ کۆنترۆڵکردنی چەوری پێست و کەمکردنەوەی سووربوونەوە، ئەو کرێمانەی تایبەتن بە شەو زیاتر شێدارترن لەو کرێمانەی تایبەتن بە ڕۆژ، هەندێک جۆری شێدارکەرەوەش هەیە کە ڕەنگدارن و بڕێکی کەم لە فاوندەیشنیان تێدایە.


سەرچاوەکان



1276 بینین