مێروولە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-04-15:12:00 - کۆدی بابەت: 6790
مێروولە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێروولە (بە عەرەبی: نمل، بە ئینگلیزی: ant)، لە کۆمەڵەی مێرووەکاندا پۆلێندەکرێت و یەکێکە لە جۆرە  زۆر  بڵاوەکانی لە هەموو جیهاندا، ژمارەی جۆرەکانی دەگاتە ١٢ هەزار جۆری جیاواز، ژمارەی هەموو مێروولەکان بە نزیکەیی دەگاتە کوادیلیۆنێک واتە یەک ملیۆن ملیار، مێروولەکان لە نزیکەی ١٤٠-١٦٨ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستەوە دەرکەوتوون، واتە لە هەمان ئەو کاتەی کە داینەسۆرەکان دەرکەوتوون، لە سەرەتای دەرکەوتنیاندا ژمارەیان کەم بووە بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی مێرووەکان، بەڵام دواتر بڵاوبوونەوە و ژمارەیان زۆربوو چەندین ناوچەی جیاوازیان کرد بە نشینگەیان و خۆراکیان تێدا هەڵگرت، سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر زەویدا هاتوون و چەندین جۆر لە گیانەوەرەکان لەناوچوون، بەڵام مێروولەکان سەرکەوتوو بوون لە بەرەنگار بوونەوە و زۆربوون و بڵاوبوونەوە، بە جۆرێک کە لە ئێستادا لە هەموو جۆرە نشینگەکاندا بوونیان هەیە.

سوودەکانی

مێروولەکان چەندین سوودی جیاوازیان هەیە، واتە ئەم مێرووانە زیانبەخش نین و پێویست ناکا بە دوای ڕێگەی جیاوازدا بگەڕێین بۆ لەناوبردنیان، تەنها لە ئەو کاتانەدا نەبێت کە مێروولەکان بۆ ڕۆشتنە نێو ماڵەکان ڕێڕەو دروست دەکەن بە کونکرن و چاڵكردنی پەرژین و دیوارەکان، یاخود مرۆڤەکان بە شێوەی دەرەوەیان بێزارن و حەزیان لێ ناکەن، بەڵام مێروولەکان سوودیان هەیە و دەبنە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە مێشەکان، بەمەش ڕووبەڕوی پەتا و نەخۆشییەکان دەبنەوە و کەمیدەکەنەوە، ڕووەکەکان ناخۆن و دەبنە هۆی پەڕاندنی گوڵەکانیش، چەندین سوودی دیکەشیان هەیە لە پاراستنی سوڕە سروشتییەکانی ژینگە.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی مێروولەکان لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بریتین لە سەر و سنگ و سک، هاوشێوەی هەموو جۆرەکانی دیکەی مێرووەکان ڕووپۆشکراون بە ماددەی کیتین، کە پێکهاتەیەکی توند و ڕەقە و توانای بەرەنگاریبوونەوەی ئاوی پێدەبەخشێت، بۆیە مێروولەکان سەرەڕای بچووکی قەبارەیان تایبەتمەندن بە هێز و توانایەکی زۆر ئاست بەرز، بە جۆرێکە کە هەر مێروولەیەک توانای هەڵگرتنی پارچەیەک خۆراکی هەیە کە ١٠ هێندەی قەبارەی خۆی بێت، هەروەها ٦ پێی هەیە و بەستراوە بە ناوچەی سنگییەوە، لە هەموو جەستەیدا ناوچەی کراوەی هەیە بۆ هەناسەدان، لە ڕێگەیەوە ئۆکسجین دەچێتەوە ناوەوە و دوانە ئۆکسیدی کاربۆنیش یەتە دەرەوە. 

خۆراک

مێروولەکان هاوشێوەی گیانەوەرەکانی دیکە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان پێویستییان بە ئاو و خۆراک هەیە، ئەم مێرووانە لەهەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشن، واتە هەر ماددەیەک کە بتوانن لە گەدەیاندا هەرسی بکەن دەیکەن بە ژەمی خۆراکی، سوود لە هەموو جۆرەکانی خۆراک دەبینێت بۆ هەڵگرتن و کۆکردنەوەی، و هەریەک لە پڕۆتین و شەکر و کاربۆهایدرایت و ئاو لە پەسەندترین سەرچاوە خۆراکییەکانیان. 

یەکگرتن و زۆربوون

ڕۆڵی شاژنی مێروولەکان لە کاتی زۆربووندا دەردەکەوێت، کە شاژن لەگەڵ ژمارەیەک نێرینەی جیاواز یەکگرتن ئەنجام دەدات، دواتریش تۆو لە کیسێکی تایبەتی جەستەیدا کۆکاتەوە، شاژنەکە بە ویستی خۆی جڵەوی تۆو دەکات و لەگەڵ هەر جۆرێکی هێلکەکان کە بیەوێت دەیانپەڕێنێت، بەم شێوەیە ڕەگەزی بێچووە مێروولەکە و جۆرەکەشی لەلایەن شاژنەوە دیاریدەکرێت، دوای یەکگرتن شاژنەکان باڵەکانیان لەدەست دەدەن و بە شوێن جێگەی نوێدا دەگەڕێت بۆ دووبارە یەکگرتن و زۆربوون، دوای لەدایکبوونیان بە بێچووی مێروولەکان دەوترێت کرمۆکە چونکە شێوەیان لە کرمی بچووک دەچێت، زۆرینەی ئەندامەکانیان دروست نەبووە و ئەوانەشی هەن پەرەسەندوو نین. 

سوڕی ژیان

تەمەنی مێروولەکان بە سێ قۆناغی سەرەکیدا تێدەپەڕێت، کە بریتین لە هێلکە و کرمۆکە و قۆناغی پێگەیشتن، کاتێک بێچووی مێروولەکان لە هێلکەکانیان هەڵدێن پێکهاتەیەکن بە بێ چاو و قاچ پێیان دەوترێت کرمۆکە و پێویستیان بە گرنگی پێدانی تایبەتە، دوای ئەم قۆناغە مێروولەکان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، لە ئەنجامدا دەبن بە مێروولەی ئیشکەر یاخود نێرینە یاخود شاژن، بەگشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنی مێروولەکان کەمە، نێرینەکان چەند ڕۆژێکی کەم دەژین و دوای یەکگرتن دەمرن، مێروولە ئیشکەرەکانیش لە نێوان ماوەی چەند هەفتەیەک بۆ چەند مانگێک دەژین، تەنها شاژنەکەی مێروولەکان تەمەنی زۆرە و دەگاتە چەند ساڵێک.

پەیوەندیکردن

مێروولەکان بۆ پەیوەندیکردن فێرمۆنەکان دەردەدەن، ئەم ماددە کیمیاییانە لە ڕێگەکەیدا دەڕژێنێت بۆ ئەوەی ئەندامەکانی دیکە بەدوایدا بجوڵێن، ئەمەش هۆکاری شێوازی جوڵەی مێروولەکانە لە ڕیز و بەدوای یەکدیدا ڕۆشتنیان، جگە لە ئەم ڕێگە سەرەکییە نزیکەی ٢٠٠ جۆری دیکەیان بە دەنگ دەرکردن و دروستکردنی ژاوەژاو پەیوەندی دەکەن.

بەناوبانگترین جۆرەکان

  • مێروولەی سوور: ڕەنگییان پڕتەقاڵییە و نزیکە لە سوور و هەندێک جۆریشیان قاوەییە، ماڵەکانیان لە قوڵایی ٣-٤.٤ م دروست دەکەن.
  • مێروولەی سپی: ئەم مێرووانە درەختەکان دەخۆن و ماڵەکانیشیان هەر لە نێو دارەکاندا دروست دەکەن، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت تیایدا دەمێننەوە.
  • مێروولەی ڕەش: ڕەنگێکی ڕەشی درەوشاوەی هەیە، لەبەر ئەوەی خۆراکی پەسەندی شیرینییەکانە بۆیە لە چێشتخانەکاندا بە زۆری دەبینرێت.
  • مێروولەی ئەرجەنتینی: ڕەنگەکەی قاوەیی کاڵە یاخود تۆخ، ئەم جۆرە لە کاتی پەستان خستنە سەریان بۆنی ناخۆشی دەبێت.
  • مێروولەی دارتاش: یەکێکە لە ئەو مێروولانەی کە زۆرترین توانای هەیە بۆ زیان گەیاندن بە شمەکەکان، دار و درەختەکان داگیر دەکات و چاڵی زۆر گەورەی تێدا هەڵدەکۆڵێت.
  • مێروولەی شێت: جەستەیەکی ڕەشی  هەیە و پێیەکانی درێژن، هەروەها ئەم جۆرە شاخی هەیە کە بۆ هەستکردن بەکاردێت.
  • مێروولەی ئاسیایی: یاخود مێروولەی ئاسییای دەرزی، درێژییەکەی دەگاتە ٥ ملم.


سەرچاوەکان



4754 بینین