شامپۆ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-05-22:53:00 - کۆدی بابەت: 6801
شامپۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرهەمێکی تایبەت بە گرنگیدان بە خاوێنی قژە، بە شێوەیەکی ئاسایی پێکهاتەیەکی لینجی شلی هەیە، جۆرێکی دیکەی شامپۆ هەیە کە زۆر باو نییە و لە شێوەی قاڵبی سابووندایە، شێوازی بەکارهێنانی شامپۆ بریتییە لە تەڕکردنی پرچ و لێدانی شامپۆکە لە سەر و مەساجکردن پێی و پاشان ئاو پێداکردنی، هەندێک بەکارهێنەر لەگەڵ بەکارهێنانی شامپۆدا نەرمکەر (conditioner) بەکاردەهێنن.
مەبەست لە بەکارهێنانی شامپۆ لابردنی چڵک و چەوری نەخوازراوی کەڵەکەبووە بە قژەوە بەبێ تێکدانی پێکهاتەی بنچینەیی قژەکە.

پێکهاتەی شامپۆ

شامپۆ بە تێکەڵکردنی ماددەی ڕووکار چالاکی وەک (گۆگردیدی سۆدیۆمی لاورڵ - sodium lauryl sulfate) و (گۆگردیدی سۆدیۆمی لاوریت - sodium laureth sulfate)، لەگەڵ هاوەڵی ماددەی ڕووکار چالاکی وەک (کۆکامیدۆپڕۆپیل بێتەین - cocamidopropyl betaine) لە ئاودا بۆ بەرهەمهێنانی شلەیەکی لینجی خەست، هەندێک پێکهاتەی پێویستی دیکەی وەک خوێ بەکاردێت بۆ زیادکردنی لینجی، هەروەها ماددەی پارێزەر و بۆنخۆشکەریش بەکاردێت، جگە لەم پێکهاتانە چەندین پێکهاتەی دیکەی تێدایە کە هەریەک تایبەتە بە پێدانی تایبەتمەندییەک بە شامپۆ، تایبەتمەندییەکان بریتین لە:

  • یارمەتیدانی زوو لێبوونەوە لەکاتی ئاو پێداکردن.
  • کەمترین سووتاندنەوەی چاو و پێست.
  • پێکهاتەی کرێمی و خەست.
  • بۆنێکی خۆش.
  • کەمی ڕێژەی ژەهراویکردن.
  • توانای زیندەلێکهەڵوەشان.
  • ترشێتی کەم و pH کەمتر لە حەوت.
  • زیان نەگەیاندن بە قژ.

چۆن هەندێک جۆری شامپۆ دەبنەهۆی خۆراکدان بە قژ و بووژاندنەوەی؟

هەندێک جۆری شامپۆ دەتوانن کاریگەری درەوشانەوەی وەک مرواری بدەن بە قژ، ئەم کاریگەرییە بە تێکردنی بڕێکی کەم لە ماددەی گونجاوی وەک glycol distearate کە بە شێوەیەکی کیمیایی لە ترشی ستیاریکەوە دروست دەکرێت کە لە سەرچاوەی ڕووەکی و ئاژەڵییەوە دەست دەکەوێت، glycol distearate ماددەیەکی شێوە مۆمییە، هەندێک جۆری دیکەی شامپۆ سلیکۆنی تێدایە بۆ پێدانی نەرمی بە قژ.

پێکهاتە باوەکانی ناو شامپۆ

کلۆریدی ئەمۆنیۆم - Ammonium chloride

وەک بریکاری کەفکردن بەکاردێت لەو ماددانەی سەرچاوەکەیان ماددەی ڕووکار چالاکی ئەمۆنیۆمە وەک گۆگردیدی ئەمۆنیۆمی لاورڵ.

گۆگردیدی ئەمۆنیۆمی لاورڵ - Ammonium lauryl sulfate

گۆگردیدی لاورڵەکان ماددەیەکی بەهێزی هۆکاری کەفکردنن.

گلایکۆڵ - Glycol

گۆگردیدی سۆدیۆمی لاوریت - Sodium laureth sulfate 

کە لە زەیتی گوێزی هیندییەوە دەردەهێنرێت بەکاردێت بۆ پوختەکردنی ئاو (واتە لابردنی کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و کانزاکانی دیکە لە ئاودا)، هەروەها بۆ دروستکردنی کەف، لە ساڵی ١٩٩٨ هەندێک بیروباوەڕ دەربارەی ئەوەی کە ئەم پێکهاتەیە ئەگەری ژەهراوی کردنی هەیە وەک بەڵگە باسکرا، بەڵام تاکوو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام هەندێک سەرچاوە لە ئێستادا وەک پێکهاتەیەکی هۆکاری سووتانەوە بۆ قژ و پێستی سەر پێناسەی دەکەن.

گۆگردیدی سۆدیۆمی لاورڵ - Sodium lauryl sulfate

ماددەیەکی ڕووکار چالاکی ئانایۆنییە و بەکاردێت بۆ دروستکردنی کەف و پێدانی خەستی بە شامپۆ.

سۆدیۆمی لاورۆ ئەمفۆئەسیتەیت - Sodium lauroamphoacetate

بە شێوەیەکی سروشتی لە زەیتی گوێزی هیندییەوە دەردەهێنرێت و بەکاردێت بۆ پاککردنەوە و دژەسووربوونەوە، هەروەها ئەمە ئەو پێکهاتەیەیە کە ڕێگری دەکات لە سووربوونەوە و کزانەوەی چاو.

پۆلیزۆربەیت ٢٠ - Polysorbate 20

ماددەیەکی نەرمە کە سەرچاوەکەی ماددەی ڕووکار چالاکی گلایکۆڵە کە بۆ تواندنەوەی زەیتە بۆنخۆشکەر و زەیتە بنچینەییەکان بەکاردێت، واتە دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی ماددە شلەکان بەناو ڕووکاری ماددە ڕەقەکانی وەک قژدا.

پۆلیزۆربەیت ٨٠ - Polysorbate 80

گلایکۆڵێکە بەکاردێت بۆ بە شیراوگکردنی زەیت لە ئاودا (واتە تواندنەوەی زەیت لە ئاودا).

ستیارەیتی دووانی پۆلیزۆربەیت ١٥٠ - PEG-150 distearate

بەکاردێت وەک خەستکەرەوە.

ترشی ستریک - Citric acid

بەرهەمێکە بە شێوەیەکی زیندەکیمیایی بەرهەمدێت و وەک دژەئۆکسان بەکاردێت بۆ پاراستنی ڕۆنەکەی ناوی، لە کاتێکدا کە ئەم پێکهاتەیە دەبێتەهۆی کزانەوەی چاو، بەڵام سۆدیۆمی لاورۆ ئەمفۆئەسیتەیت هۆکارە بۆ نەهێشتنی کزانەوە، ترشی ستریک بەکاردێت بۆ ڕێککردنەوەی ڕێژەی ترشێتی pH بە نزیکەیی بۆ کەمتر لە 5.5، چونکە ترشێکی لاوازە و بە ئاسانی دەتوانێت pH ڕێک بکاتەوە، زۆربەی شامپۆکان ڕێژەی pH بریتییە لە 5.5 لەبەر ئەوەی لە ناوەندێکی کەم ترشدا بەشی دەرەوەی تاڵە مووەکانی قژ هاوسەنگی خۆیان لەدەست نادەن، ئەمەش هۆکارە تاکوو قژ نەرم و درەوشاوە دەربکەوێت، هەروەها بە بڕێکی کەم توانای پارێزەری شامپۆکەی هەیە، ترشی ستریک بە پێچەوانەی ترشەکانی دیکەوە ڕێگە لە گەشەکردنی بەکتریا دەگرێت.

کواتێرینیەم-١٥ - Quaternium-15

بەکاردێت وەک پارێزەر دژی بەکتریا و کەڕوو.


پۆلی کواتێرینەم-١٠ - Polyquaternium-10

وەک پێکهاتەیەکی نەرمکەر ڕۆڵ دەبینێت، هەروەها دەبێتەهۆی شێداری و پڕی قژ.

سی ئێم ئای تی - Chloromethylisothiazolinone

زیندەکوژ و پارێزەرێکی بەهێزە.


سەرچاوەکان



2439 بینین