پاولۆ کۆیلۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-24-01:03:00 - کۆدی بابەت: 6960
پاولۆ کۆیلۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

پاولۆ کۆیلۆ یاخود (بە ئینگلیزی: Paulo Coelho) نووسەر و ڕۆماننووسی ناوداری بەڕازیلی لە ساڵی 1947 لە شاری "ڕیۆ دێ جانیرۆی" وڵاتی بەڕازیل لەدایکبووە، لە خێزانێکی پابەند بە ئاینی کریستیانی کاسۆلیکی پەروردە کراوە و سەرەتای خوێندنی لە قوتابخانە تایبەتییە کاسۆلیکییەکان خوێندووە، لە تەمەنی لاوییەوە ویستی بوون بە نووسەر خەون و ئاواتی بووە، بەڵام هیچ پشتگیرییەک نەکراوە لەلایەن دایک و باوکییەوە چوونکە پێیان وابووە کە پیشەی نووسەری هیچ داهاتوویەکی نییە لە بەڕازیل، پاولۆ لە تەمەنی هەرزەکاری و لاویدا کەسایەتییەکی هەڵەشە و یاخی هەبووە هەر بۆیە سێ جار نێردراوە بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری دەروونی، لە پاش بەجێهێشتنی نەخۆشخانەی دەروونی، لەسەر داوای دایک و باوکی چووەتە کۆلێژی یاسا بەڵام هەر پاش ساڵێک کۆلێژەکەی بەجێیهێشتووە و تەواوی نەکردووە، پاولۆ چەندان کاری کردووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی نموونەی دەرهێنەری شانۆیی و نواندنکار و ڕۆژنامەنووس، لە سەردەمی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا نغرۆی جیهانی ماددەهۆشبەرەکان و خواردنەوەی کحولی و ئارەزووەکانی ببوو، ئارەزوویەکی زۆری بۆ مۆسیقا هەبووە بەتایبەتی مۆسیقای جۆری ڕۆک چەند گۆرانییەکیشی لەو بوارەدا نووسیوەتەوە، هەمیشە کەسێکی یاخی و بوێر بووە بۆیە بایەخی بەبواری سیاسی وڵاتەکەی داوە و ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی بەڕازیل گرتووە بەو هۆیەوە چەند جاریک زیندانی کراوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەتەوە، لە ئێستادا پاولۆ كۆیلۆ یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی کە زۆرترین خوێنه‌ری له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه‌ و بەرهەمەکانی زۆر ناودارن لە جیهاندا.

ژیان و سەرەتای نووسینی

ـ یەکەمین بەرهەمی لە ساڵی 1982 بڵاوکردەوە بە ناوی "تۆمارەکانی مێژوو" بەڵام ناوداری نەکرد و زۆر سەرکەوتوو نەبوو.
ـ خاڵی وەرچەرخانی ژیانی ئەو کاتە بوو کە لە ساڵی 1986 لە تەمەنی 36 ساڵی گەشتێکی بۆ وڵاتی ئیسپانیا ئەنجامدا، تێیدا لە شەقامەکانی "سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا" لە باکوری ئیسپانیا نزیکەی 500 میل (800 کیلۆمەتر) بە پێ پیاسەی کرد، پاشان لەسەر ئەم مەبەستە کتێبی "حەجکردنی" بڵاوکردەوە لەم کتێبەدا پاوڵۆ باس لە بە ئاگاهاتنەوەیەکی ڕوحی ناخی خۆی دەکات کە لە ژیانیدا ڕوویداوە.
ـ پڕ فرۆشترین بەرهەمی پاولۆ کۆیلۆ و ناودارترین کتێبی لە ساڵی 1987 بڵاوکردەوە بە ناوی ڕۆمانی "کیمیاگەر" بۆ 80 زمانی جیهانی وەرگێڕانی بۆ کراوە و نزیکەی 150 ملیۆن لەبەرگیراوەی لێفرۆشراوە.
ـ ناوی پاولۆ کۆیلۆ لە "کتێبی گینس" بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکراوە، چوونکە تاکە نووسەرە لە ژیاندایە و کتێب و بەرهەمەکانی بۆ زۆرترین زمان وەرگێڕدراون.
ـ بە پەیامبەری ئاشتی ناسراوە بەهۆی ئەوەی لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ڕۆڵی کارامەی هەبووە و ڕێکخراوێکی تایبەتی دامەزراندووە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی داراییان هەیە.

گرنگترین بەرهەمەکانی کە وەرگێڕانی زمانی کوردیان بۆ کراوە

  • کیمیاگەر
  • ئەلف
  • ژنە سیخوڕەکە
  • دەستنووسە دۆزراوەکەی ئەگرا
  • دیارییە مەزنەکە
  • داوێنپیسی
  • وەکوو ڕووبارە بەخوڕەکە
  • یەکەمین مەکتوب 
  • چیرۆکەکانی کریسمس
  • 11 خولەک 

باری خێزانی 

پاولۆ کۆیلۆ لە ساڵی 1980 هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ خانمە هونەرمەند "کرستینا ئۆیتێسیکا" ژیانیان لە نێوان بەڕازیل و فەڕەنسا بەسەردەبەن. 


سەرچاوەکان



1022 بینین