عەبدولکەریم قاسم

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-29-20:33:00 - کۆدی بابەت: 7032
عەبدولکەریم قاسم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

عەبدولکەریم قاسم (بە عەرەبی: عبدالكریم قاسم)، دامەزرێنەری سیستمی کۆماری لە عێراق و دوایی پێهێنەری سیستمی پادشایەتی لە عێراق، لە ساڵی 1914 لە گەڕەکی "مەهدییە"ـی نزیک ناوچەی ڕەسافەی شاری بەغداد لە خێزانێکی کەمدەرامەت و هەژار لەدایکبووە، باوکی پیشەی دارتاش بووە، سەرباری نەبوونی و هەژاری لە ساڵی 1931 توانیەتی قۆناغی ئامادەیی بەشی وێژەیی لە بەغداد تەواو بکات، پاشان وەکوو مامۆستا بۆ ماوەی ساڵێک لە ناوچەیەکی هەژار نشینی شاری دیوانییە وانەی وتووەتەوە، لە ساڵی 1932 وەزارەتی بەرگری عێراق کۆلێژی سەربازی ڕاگەیاند، عەبدولکەریم قاسم لەو کۆلێژە وەرگیرا و لە ساڵی 1934 بە سەرکەوتوویی بە پلەی ئەفسەری دووەم دەرچوو، لە بواری سەربازی و سەرکردەی سەربازی زۆر سەرکەوتوو بووە و پلە و پۆستی باڵای وەرگرتووە، پێش ساڵی 1958 بەشداری چەندین جەنگی کردووە لە فەڵەستین و ناوچەی فوڕاتی ناوەڕاست (باشووری ناوەڕاستی عێراق) دژی ئەو جوڵانەوە جەماوەرییانەی کە دژی حکومەتی شاهانەی عێراق بوونە، لە سەردەمی پاشایەتی سەربازێکی زۆر لێهاتوو و بوێر بووە و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە "نوری سەعید" بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی پەیوەندییەکی پتەوی هەبووە، کۆمەڵەی ئەفسەرە ئازادیخوازەکان دژی دەسەڵاتی پاشایەتی دامەزراند و لەو کۆمەڵەیەوە بڕیاڕی کودەتا درا.

کودەتای 14ـی تەمووزی ساڵی 1958

کودەتای ١٤ـی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ بووە خاڵی وەرچەرخانی گۆڕانکارییە مێژووییەکانی عێراق، بووە هۆی لەناوبردنی ڕژێمی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، بەهۆی کودەتاوە ماڵباتی شا کە پێکهاتبوون لە مەلیک فەیسەڵ و شازادە عەبدوڵا و هەروەها نوری سەعید سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق بە دڕندانەترین شێوە کوژران، عەبدولکەریم قاسم پلانی سەربازی دانا، عەبدولسەلام عارفیش جێبەجێی کرد، لە پاش شۆڕشەکە عەبدولکەریم قاسم کرا بە یەکەم سەرۆک وەزیرانی عێڕاق. 

چاکسازی و دەستکەوتەکانی عێراق لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم

هەندێک سەردەمی عەبدولکەریم قاسم بە سەردەمی شۆڕش و چاکسازی و ڕزگار بوون دادەنێن، و کەسایەتی عەبدولکەریم وەکوو پێشەنگ و پاڵەوانی هەژاران و گەل  وێنا دەکەن، هەندێکی تریش سەردەمی ئەو بە بنچینەی دروستبوونی نەهامەتی و کێشەکانی عێراق دادەنێن و بە کودەتاچی و خیانەتکار تاوانباری دەکەن، سەرباری ئەم ڕاجیاییە عەبدولکەریم لە سەردەمی خۆیدا چەند دەستکەوتێکی هەبوو گرنگترینیان:
ـ گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتی عێڕاق لە پاشایەتییەوە بۆ  سیستمی فیدڕاڵی و کۆماری.
ـ هەڵوەشاندنەوەی سیتسمی دەرەبەگی و نەهێشتن و لەناوبردنی دەسەڵات و قۆڕخکاری هۆز و عەشیرەتەکان.
ـ ئازادکردنی زیندانیکراوانی سیاسی.
ـ لە ساڵی 1958 دەستورێکی كاتی پەسەند کرا، تێیدا دانی نا بە مافە سەرەتاییەکانی کورد، هەروەها ئەو زیندانیکراوە کوردانەی کە بەهۆی بەشداریکردنیان لە شۆڕش زیندانی کرابوون بڕیاری دادگایی و زیندانیکردنیانی کەم کردەوە.
ـ عێراق لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا سەربەخۆیی زیاتر پێوە دیار بووە و لایەنگیری و ژێردەستەی ڕۆژئاوا نەبووە بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا، گرێبەستە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتە سۆسیالیست و بێ لایەنەکان ئەنجام داوە.
ـ وڵاتی عێراق پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بووە، هەروەها پشتگیری و داکۆکیکارێکی سەرسەختی دۆسیەی فەڵەستینی کردووە.
ـ لە بواری ئابووریدا، گرێبەستی کۆمپانیا بیانییەکانی هەڵوەشاندەوە، و گرنگی بە خستنەکاری کارگە و بەرهەمە ناوخۆییەکان دا.
ـ لە بواری کشتوکاڵدا، لە ساڵی 1958 یاسای ژمارە 30ـی چاکسازی کشتوکاڵی پەسەند کرد و زەوی کشتوکاڵی بەخشییە جووتیاران.
ـ لە بواری پەروەردە و خوێندندا، پڕۆگرامی خوێندنی نوێ کردەوە و چەندین قوتابخانەی بنیاتنا، زۆر گرنگی بە سڕینەوەو و نەهێشتنی نەخوێندەواری دەدا.
ـ یاسای باری شارستانی پەسەند کرد کە تێیدا مافی ژن و پیاوی یەکسان کرد.
ـ گرنگییەکی زۆری دا بە لادێ و ناوچە دوورە شارەکان، ئاو و کارەبای بۆ بەشێکی زۆریان دابینکرد و پەیوەستی کردن بە شارەوە بە دروستکردنی پرد و ڕێگاوبان بۆیان. 

باری خێزانی

عەبدولکەریم قاسم لە ژیانیدا هاوسەرگیری نەکردووە، و هیچ منداڵێکی نەبووە، بەڵام قسە و باسی زۆر هەیە لەسەر باری سۆزداری و دڵداری ئەو، لە سەردەمی مامۆستایی لەو ناوچەیەی کە وانەی وتووەتەوە عاشقی مامۆستایەک بووە، داوای هاوسەرگیری لێی کردوو بەڵام بەهۆی جیاوازی چینی کۆمەڵایەتی نێوانیان کچەکە ڕازی نەبووە، هەروەها خانمە ڕۆژنامەنووسی لوبنانی "فیردۆس مەئمون" دەگێڕێتەوە دەڵێت "ئەو کاتەی سەردانی بەغدادم کرد بۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم ئەنجامدا و لە ڕۆژنامەی لوبنانی بڵاوکرایەوە، لە پاش چاوپێکەوتنەکە سەربازێک پێی ڕاگەیاندم کە عەبدولکەریم قاسم بە فەرمی داوای هاوسەرگیریت لێدەکات، بەڵام من داوای لێبوردنم لێی کرد و بە نەخێر وەڵامم دایەوە، لە کاتی گەڕانەوەشم چەند پارچە خشڵێکی وەکو و دیاری پێشکەش کردم". 

هۆکاری شکستهێنانی عەبدولکەریم قاسم

ـ قۆڕخکردنی هەموو دەسەڵات و پلە و پۆستەکانی دەوڵەت و دوورخستنەوە و لەناوبردن و سەرکوتکردنی هەموو نەیارانی.
ـ دامەزراندنی خزم و دۆستە نزیکەکانی لە پلە و پۆستە بایەخدارەکانی دەوڵەت.
ـ داواکردن و دانانی وڵاتی کوەیت وەکوو شاری 19ـی عێراق، ئەم ڕووداوە ناڕەزاییەکی زۆری وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە، بەو هۆیەوە عێراق لە یەکێتی وڵاتانی عەرەبی دەرکرا.
ـ کەسایەتییەکی سەربازی و زاڵ و کۆمیۆنیست بوو، سیاسەتمەدارێکی بێتوانا و هەڵەشە بوو، بۆیە وڵاتانی زلهێز پشتگیرییان نەدەکرد.
ـ سەرکوتکردنی شۆڕشە کوردییەکان. 

کودەتای ساڵی 1963

لە ڕۆژی هەشتی شوباتی ساڵی 1963، عەبدولسەلام عارف هاوڕێ و دۆستی نزیکی عەبدولکەریم کودەتای دژی بەرپاکرد، بە یارمەتی حیزبی بەعس کە لە ساڵی 1952 دامەزرا بوو، لەگەڵ لایەنە نەتەوییەکان و ئەحمەد حەسەن بەکر توانیان کۆتایی بە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم بێنن. 

کوشتنی عەبدولکەریم قاسم

ڕۆژێک پاش کودەتاکە، کاتێک عەبدولسەلام عارف دەستیگرت بەسەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری کە وەکوو ماڵێکی سادەی عەبدولکەریم وابوو و هەر لەوێ ژیاوە، بە مەرجی دادگاییکردنی دادپەروەرانە خۆی تەسلیم کرد، بەڵام ڕۆژێک دوای کودەتاکە خۆی هاوەڵەکانی لە بارەگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی "دیجلە" گولەبارانکران.


سەرچاوەکان



2476 بینین