بەشار ئەسەد 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-08-17:33:00 - کۆدی بابەت: 7131
بەشار ئەسەد 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

بەشار حافز ئەسەد (بە عەرەبی: بشار الأسد) سەرکۆماری سوریا لە ساڵی 1965 لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لەدایکبووە، سەر بە ڕێبازی عەلەوییە کەمینەی سورییەکانن، ئەو لە سەردەمی دەسەڵاتی باوکیدا حافز ئەسەد پەروەردە کراوە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە قوتابخانەکانی دیمەشق تەواوکردووە، ساڵی 1988 کۆلێجی پزیشکی زانکۆی دیمەشق بەشی پسپۆڕی چاوی تەواو کردووە، دوای تەواوبوونی خوێندنیشی لە بواری پیشەکەیدا کاری کردووە، لە ساڵی 1992 بۆ خوێندنی باڵا لە بوارەکەیدا چووەتە بەریتانیا و هەر لە لەندەن ماوەتەوە، بەشار ئەسەد هیچ زانیاری و تێڕوانێکی لەسەر سیاسەت نەبووە، برا گەورەکەی باسل ئەسەد دەستنیشانکرا بوو بۆ جێگرەوەی حافز ئەسەدی باوکی وەکوو سەرکۆمار، بەڵام ساڵی 1994 لە تەمەنی 31 ساڵیدا بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا، بەم جۆرە کورسی سەرۆکایەتیی وڵات بۆ بەشار ئەسەد مایەوە، گەڕێندرایەوە سوریا وەکوو جێگرەوەی پلە و پۆستەکانی باسلی برای دیاریکرا. 

ژیانی سیاسی بەشار ئەسەد 

ـ پلە و پۆستەکانی پێش سەرکۆمار: لە ساڵی 1995 وەکوو بەرپرسی دۆسییەی لوبنان دانراوە و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بارودۆخی سیاسی ئەو وڵاتە، هەروەها کراوە بە بەرپرسی ئاسایشی حیزبی بەعسی سوری. 
ـ وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرکۆماری وڵات: دوای مردنی حافز ئەسەدی باوکی، بەشار ئەسەد لە تەمەنی 34 ساڵیدا لە 17ی تەموزی 2000 سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە سەرۆکی نۆزدەیەمینی وڵاتی سوریا، بەپێی دەستووری سوریای تەمەنی سەرۆکی وڵات دەبوو لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت، بەڵام بە زووترین کات گۆڕانکاری لەو بەشەی دەستووردا کرا بۆ ئەوەی لەگەڵ تەمەنی بەشار ئەسەد بگونجێت، بە جۆرێک گۆڕانکارییەکە چەند خولەکێکی خایاند بە خێراترین گۆڕانکاری دەستوور دادەنرێت لە جیهاندا. 
ـ سەردەمی دەسەڵاتی: لە سەرەتای حکومڕانی بەشار ئەسەد بەڵێنی چاکسازی بە گەلی سوریادا، بەڵام بە بڕیارە تاکڕەویی و هەڵەشەکانی و کەم ئەزموونی لە بواری سیاسەتدا، ئابووری وڵاتەکەی دووچاری قەیران و هەڵئاوسان کردەوە و سزای قورسی بەسەردا سەپێنرا، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار کرا و دەستی هەبوو لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان لە تیرۆرکردنی "ڕەفیق حەریری" سەرۆکی لوبنان لە ساڵی 2005، بە ناچاری ئەو هێزەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی حافز ئەسەدی باوکییەوە لە ساڵی 1975وە لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی لوبنانەوە جێگیر کرا بوو، لە ساڵی 2005 کشانەوە. 
ـ بارودۆخی گەل: وڵات لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد هاوشێوەی زیندانییەکی گەورە بوو بۆ گەل و هاونیشتومانیانی سوریا، ڕاجیایی و ئازادی ڕادەربڕین قبووڵنەدەکرا، زۆرێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و بەرهەڵستکارانی دەسەڵات زیندانی کرابوون و بە قورسترین ڕێگە ئەشکەنجە دراون، کەمینەکانی سوریا نمونەی کورد بە بارودۆخێکی دژواردا تێپەڕیون ژمارەیەکی زۆر لەوان تەنانەت خاوەنی ناسنامەیش نەبوون. 
ـ کەسایەتی بەشار ئەسەد: کەسایەتی بەشار لە حافز ئەسەدی باوکی و براکەی کەمتر سەرکەش بووە، ئەسەد خۆی بە کەسێکی مۆدێرن دەبینی، بەڵام ئامادە نەبوو لەو جۆرە دەسەڵاتە دووربکەوێتەوە کە باوکی پەیڕەوی دەکرد، هەمان میکانیزم و ڕێگەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری باوکی بەکارهێناوە دژ بە گەلەکەی.   

هەڵگیرسانی شۆڕش و جەنگی ناوخۆی سوریا 

لە 27ی شوباتی ساڵی 2011 ڕووداوێکی سادە بووە بنچینەی هەڵگیرسانی شۆڕش لە سوریا و پاشان ڕوودانی جەنگی ناوخۆ، گەنجێک لە بازاڕێکی دیمەشق لەلایەن چەند پۆلیسێکەوە ڕووبەڕووی لێدان و سوکایەتی بووەوە، ئەم ڕووداوە بووە هۆکاری دروستبوونی خۆپیشاندانێکی لەناکاو لە دیمەشق، وەزیری ناوخۆ چووە نێو خۆپیشاندەران و بارودۆخەکەی هێور کردەوە، لە دوای ئەم ڕووداوە و لە دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی بن عەلی و حوسنی موبارەک پێشبینی ئەوە دەکرا کە بەهاری عەرەبی بگاتە سوریا، لە مانگی ئادار لە شاری دەرعا کۆمەڵێک مێرمنداڵ لەسەر دیواری خوێندنگەکەیان دێڕێکیان نووسی (أجاك الدور یا دکتور/ نۆرەی تۆش هات ئەی دکتۆر) منداڵەکان زیندانی کران و ئەشکەنجە دران، کەسوکاری منداڵەکان داوای ئازادکردنی نەوەکانیان کرد، بەڵام بەرپرسی ئەمنی شارەکە کە کوڕی پوری بەشار ئەسەد بووە بە شێوازێکی زۆر خراپ وەڵامی دانەوە، لەو شارەوە کرۆک و گڕی شۆڕش دەستیپێکرد، ڕێپێوان و خۆپیشاندانی ئاشتیانە هەموو شارەکانی سوریای گرتەوە، بەڵام ڕژێمی ئەسەد بە چەک بەرپەرچی دانەوە، لە هاوینی 2011 ئۆپۆزسیۆنی وڵات چەکی دژی ڕژێمی دەسەڵات هەڵگرت پلە بە پلە شۆڕش و خۆپیشاندانی ئاشتیانە گۆڕدڕا بۆ شەڕی ناوخۆ، گومانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کراوە لەم جەنگە، لە ساڵی 2013 ناوچەی غوتەی دیمەشق بە گازی سارین کیمیا باران کرا و 1500 کەس کوژران، هەمووان ڕژێمی ئەسەدیان تۆمەتبار کرد بەم ڕووداوە، لەسەر ئەم ڕووداوە ئەمریکا و فەڕەنسا ڕێککەوتن بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی دژی دەسەڵاتی سوریا، بەڵام لە دواساتەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا پەشیمان بووەوە چونکە ڕووسیا پاڵپشتی هێزەکانی سوریای کرد پاشان هەر یەک لە وڵاتای ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی بوونە پاڵپشتی سەربازی بۆ ڕژێم و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، پاش دروستبوونی چەند گروپێکی تۆندڕەو نموونەی داعش و داگیرکردنی چەند شارێکی گرنگی سوریا، و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی و پاڵپشتی کردنی ئەسەد، ڕژێم و دەسەڵاتی نەڕوخێنران و بەشار ئەسەد هەر لەسەر دەسەڵات مایەوە.  

باری خێزانی 

لە ساڵی 2000 هاوسەرگیری لەگەڵ ئەسما ئەسەد کردووە، کە خاوەنی سێ منداڵن بە ناوەکانی حافز، زەین و کەریم.


سەرچاوەکان



672 بینین