کۆمپانیای تۆیۆتا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-11-09-20:02:00 - کۆدی بابەت: 7141
کۆمپانیای تۆیۆتا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای تۆیۆتا (بە عەرەبی: شركة تويوتا للسيارات، بە ئینگلیزی: Toyota Motor Corporation) کۆمپانیایەکی ژاپۆنییە تایبەتە بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل، بنکەی سەرەکی لە شاری "تۆیۆتا ئیتشییە" لە وڵاتی ژاپۆنە و لە ساڵی 1937 دامەزراوە، یەکەمین کۆمپانیایە لە ساڵی 2012 دیاریکرا کە ساڵانە 10 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەموو جیهان بەرهەمدەهێنێت، کۆی گشتی ئۆتۆمبێلەکانی 200 ملیۆن ئۆتۆمبێله، کۆمپانیای تۆیۆتا لە ساڵی 2014 بە گەورەترین کۆمپانیای جیهان دانرا لەڕووی بەها و قازانجی داهاتی بازاڕییەوە، هەروەها یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆمپانیایە بریتییە لە دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە کە کارەبایین و بە دوو توخم کاردەکەن، ئەم جۆرە ئۆتۆمێلانە یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی ژینگە، جۆری تۆیۆتا لیکزس کە بە دوو توخم کار دەکات لە ساڵی 2017 ژمارەی فرۆشتنی گەیشتە 10 ملیۆن دانە، تاکوو ئێستا زۆرترین فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی لە جۆری ئۆتۆمۆبێلی "کۆرۆلایە" کە زۆرترین جۆری ئۆتۆمبێلە بۆ جیھان هەناردەی دەکات زیاتر لە41 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە.

مێژووی دروستبوونی کۆمپانیای تۆیۆتا

لە ساڵی 1933 "کێتشیرۆ تۆیۆتا" لە پاش گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەمریکا، دەستپێک و هەنگاوی یەکەمی بریتی بوو لە کردنەوەی کارگەیەکی بچووک بۆ درووستکردنی ئۆتۆمبێل، پاشان لە ساڵی 1935 کۆمپانیاکە یەکەمین نموونەی ئوتۆمبێلی تایبەتی درووستکرد، لە ساڵی 1937 بە فەرمی کۆمپانیای تۆیۆتای دامەزراند، لەم چەند خاڵەدا بە وردی قۆناغەکانی بەرەوپێشچوون و گەشتکردنی ئەم کۆمپانیایە دەخەینە ڕوو:
ـ لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەم کۆمپانیاکە تایبەت کرا بە درووستکردنی تانك و زریپۆش و ئۆتۆمبێلی جەنگی بۆ یارمەتیدانی سووپای ژاپۆنییەکان لە جەنگەکە.
ـ لە ساڵی 1950 تۆیۆتا وەکوو کۆمپانیاییەکی سەربەخۆ دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل. 
ـ لە ساڵی 1951 ئۆتۆمبێلی جۆری "لاندگرۆزەر" بەرهەمهێنرا "لاندکرۆزەری ئێس یو ڤی" کە تاکوو ئەمڕۆ بەردەوامن لە بەرهەمێنانی و لە جیهاندا بە پێشەنگترین ئۆتۆمبێل دادەنرێت لە ڕووی کارامەیی و کارایییەوە.
، ـ لە ساڵی 1957 ئۆتۆمبێلی "تۆیۆتا کراون" درووستکرا کە بووە یەکەمین ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی کە هەناردەی وڵاتی ئەمریکا کرا.
ـ لە ساڵی 1958 کۆمپانیای تۆیۆتا لقی لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و بەڕازیل کردەوە.
ـ لە سەرەتای ساڵی 1960 کۆمپانیای تۆیۆتا دەستیکرد بە فراوانکردنی بەشی توێژینەوە کاتێک بینای تاقیگەی توێژینەوە و گەشەپێدانی تۆیۆتای دامەزراند. 
ـ لە ساڵی 1962 کۆمپانیای تۆیۆتا لقی لە وڵاتی تایلەند کردەوە، هەروەها لەنێو بازاری ئەوروپی کۆمپانیاکە زیاتر ئاشنا بوو، ئۆتۆمبێلی هەناردەی وڵاتی دانیمارك و ئوستراڵیا کرد.
ـ لە ساڵی 1966 ئۆتۆمبێلی جۆری"کۆرۆلا" درووستکرا و ناوبانگی زۆری پەیداکرد و هەناردەی زۆربەی وڵاتانی جیهانی کرا.
ـ لە ساڵی 1979 کۆمپانیای تۆیۆتا گرنگی زیاتری بە درووستکردنی ئۆتۆمبێلی وەرزشیدا.
ـ لە ساڵی 1973 ئۆتۆمبێلی جۆری"کریسیدا" درووستکرا، ئەم جۆرە لە وڵاتانی کەنداو و وڵاتی ژاپۆن زۆر ڕەواجی هەبوو و ناوبانگێکی زۆری دەرکرد.
ـ لە ساڵی 1979 لە وڵاتی میسڕ لقێکی سەرەکی کرایەوە و هەردوو جۆری کۆرۆلا و لاندگرۆزەر لە باوترین جۆرەکانی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیاکە بوون لەم لقە.
ـ له ساڵی 1980 یەکەمین لقی کۆمپانیای تۆیۆتا لە وڵاتی چین کرایەوە.
ـ لە ساڵی 1989 کۆمپانای تۆیۆتا بەشێکی تایبەتی کردەوە بۆ ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان بەناوی "بلکزس".
ـ لە ساڵی 1997 کۆمپانیاکە گرنگی بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا کە ژینگە پارێزن و بە دوو توخم کاردەکەن، ئۆتۆمبێلی جۆری "تۆیۆتا پریۆسی" درووستکرد کە بزوێنەرەکەی بە بەنزین و کارەبا کاریان دەکرد و ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، تاکوو ئێستا ئەم جۆرە بەردەوامی هەیە.
ـ لە ساڵی 2001 کۆمپانیای تۆیۆتا چەند لقێکی لە وڵاتانی فەڕەنسا و چیک و پۆڵەندا و ویلایەتی کالیفۆڕنیا کردەوە.
ـ لە ساڵی 2003 لە هەردوو ویلایەتی ئالاباما و تیکساسی ئەمریکا لقی کۆمپانیای تۆیۆتا کرایەوە.
ـ لە ساڵی 2005 ئۆتۆمبێلی جۆری "بیجۆ" درووستکرا و هەروەها کۆمپانیای تۆیۆتا لقی له وڵاتی ڕووسیا کردەوە.
ـ لە ساڵی 2009 بەهۆی داڕوخان و قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی 2008 کۆمپانیای تۆیۆتا بڕی 4.2 ملیار دۆلاری ئەمریکی زیانی بەرکەوت.
ـ له ساڵی 2010 کۆمپانیاکە زیاتر لە 8 ملیۆن ئۆتۆمبێل و بارهەڵگریان لە سەرتاسەری جیهاندا لە بەزاڕەکان پاشەکشەپێکرد بەهۆی کەموکوڕی و کێشەی تەکنیکی تێیدا و بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بەرهەمهێنان و دروستکردنی ئۆتۆمبێل ڕاگیرا، کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی دادگای ئەمریکی کرایەوە ناچار کرا بڕی 16.375 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەکوو قەرەبوو ببەخشێتە حکوومەت. 

واتای ناوەکەی

لە سەرەتادا ئۆتۆمبێلەکان لەژێر ناوی "تۆیودا" دەفرۆشران ناوی دامەزرێنەری کۆمپانیاکەیە "کیشێرۆ تۆیۆدا"، پاشان کرا بە "تۆیۆتا" چوونکە نووسینی بە ژاپۆنی ئاسانترە، سادەتر دەردەکەوێت و بە پیتی "ت" باشتر دەبیسترێت، هەروەها وشەی تۆیۆدا لە زمانی ژاپونی بە واتای کشتوکاڵ دێت، بۆیە ناوەکه نەدەگونجا لەگەڵ کۆمپانیاکە. 

داهات و ئابووری 

کۆمپانیای تۆیۆتا توانی بڕی 6.5 میلیۆن دۆلار تەنھا لە باکووری ئەمریکا بەدەستبهێنێت، لە دوای ساڵی 2001 کۆمپانیاکە توانی بە بڕی %10ی بازاڕی کیشوەری ئەمریکا دەستەبەر بکات، لە ئیستادا ڕێژەی درووستکردنی ئۆتۆمبێلەکانی دەگاتە 6 ئۆتۆمبێل لە ھەر چرکەیەکدا، ژمارەی کارمەندەکانی 294,299 کەسن، لە 179 وڵاتی جیھان لقی هەیە.

بەرهەمەکانی 

کۆمپانیای تۆیۆتا بە شێوەیەکی سەرەکی بەرهەمهێنەر و درووستکەری ئۆتۆمێلە و ئۆتۆمبێلەکانی بە تایبەتمەندییەکانیان هەمیشە لە پێشەنگی جیهاندان ناودارن بە کارامەیی و لێهاتویی، هەروەها بایەخیان بە بوارەکانی تریشداوە و کارەکانیان هەمەجۆرن گرنگترین بوارەکانیان ئەمانەن:
ـ پاس: لقی "هینۆ"ـی کۆمپانیای تۆیۆتا تایبەتە بە درووستکردنی پاسی گەورە و بچووک و تایبەت، بە دیزاین و شێوزای هەمەجۆر نموونەی جۆرەکانی "کۆستەر" و "هایس".
ـ فڕۆکەوانی: لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان کۆمپانیای تۆیۆتا دەستیکرد بە بەرەوپێشبردن و درووستکردنی بزوێنەری فڕۆکە، لە ساڵی 1997 بە فەرمی بووە خاوەن مۆڵەتی فەرمی تایبەت بۆ درووستکردنی فڕۆکە هەروەها لە ساڵی 2002 یەکەمین مۆدێلی تایبەتی جۆری TAA-1 درووستکرد، لە ساڵی 2008 بووە هاوبەشی کۆمپانیای "میتسووبووشی" لقی تایبەت بە درووستکردنی فڕۆکە لە ژاپۆن لەم هاوبەشییە بڕی 67.2 ملیۆن دۆلار قازانجی کرد.
- دەریاوانی: کۆمپانیای تۆیۆتا بەپێی پێوانە و کوالێتییە جیهانییەکان بزوێنەری کەشتی و بەلەم دووست دەکات، هەروەها هەوڵیداوە بە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیا و پیشەسازیانەی کە یارمەتیدەر و پارێزەری ژینگەن پەرە بەم بوارە بدات.
- وەرزش: هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گرنگییەکی زۆری بە درووستکردنی جۆری ئۆتۆمبێلە وەرزشییەکان داوە نموونەی جۆری ڕاڵی و سیلیکا GT فۆڕ و کۆرۆلای WRC و چەندان نموونەی تر.
ـ تۆپی پێ: کۆمپانیای تۆیۆتا سپۆنسەری چەند یانەیەکی تۆپی پێ جیهانی دەکات، نموونەی یانەی ڤالێنسیای ئیسپانیا، هەروەها سپۆنسەری جامی جیهانی یانەکان دەکات کە پاڵەوانێتییەکی ساڵانەی شەش کیشوەرە و کۆنفیدراڵی فیفا کۆدەکاتەوە، ئەم پاڵەوانێتییە لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێت و چەند یانەیەکی ناودار تێیدا ئامادە دەبن.
- خوێندنی باڵا: یەکێك لە تایبەتمەندییە هەرە جیاواز و ناوازەکانی ئەم کۆمپانیایە بریتییە لە پشتگیریکردنی هەمیشەیی بۆ خوێندن و گرنگیدان بە لایەنی پەروەردە و فێرکردن، لە ساڵی 1981 یەکەمین پەیمانگای تەکنیکی تۆیۆتای دامەزراند لە وڵاتی ژاپۆن، پاشان لە ساڵی 2003 لقێکی ئەم پەیمانگاییەی لە شیکاگۆ کردەوە، هەروەها گرێبەستی پاڵپشتی و هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی "کینتاکی" لە ویلایەتی ئیندیانا کردەوە، هەروەها زانکۆی تۆیۆتا لە ساڵی 1999 لە ئەمریکا کرایەوە کە تایبەتە بە دابینکردنی نزیکەی 400 خولی پێگەیاندن و ڕاهێنان بۆ 8500 کارمەند بە مەبەستی فێربوون و ڕاهێنان کردن لەسەر درووستکردنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی تۆیۆتا. 


سەرچاوەکان



2762 بینین