ئەحمەد حەسەن بەکر

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-22-19:39:00 - کۆدی بابەت: 7242
ئەحمەد حەسەن بەکر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەحمەد حەسەن بەکر (بە عەرەبی: أحمد حسن البکر) چوارەمین سەرکۆماری عێراق، لە دوای عەبدولڕەحمان عارف دەسەڵاتی گرتەدەست، لە ساڵی 1914 لە تکریت لەدایکبووە، لە پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنی چووەتە خانەی مامۆستایان و بووە بە مامۆستای قۆناغی سەرەتایی، لە ساڵی 1938 وازی لە پیشەی مامۆستایی هێناوە، چووەتە کۆلێجی سەربازی و تەواویکردووە، پلەی ئەفسەریی لە سووپای عێراقی بەدەستهێناوە.

ڕۆڵی ئەحمەد حەسەن بەکر لە ڕووداوەکانی ڕابردووی عێراقدا

پاش دەرچوونی لە کۆلێجی سەربازی عێراق، ئەحمەد حەسەن بەکر لە سەرەتای پیشەی سەربازییدا لە ساڵی 1941 بەشدار بووە لە شۆڕش و بزووتنەوەکەی ڕەشید عالی گەیلانی کە دژی داگیرکاری بەریتانیا لە عێراق بەرپای کردووە و ئەم لە شاری مووسڵ بەشداری کودەتاکەی کردووە، بەڵام لە دوای شکست هێنانی کودەتاکە ئەحمەد حەسەن بەکر زیندانی کرا و ناچار کرا کە خۆی خانەنشین بکات و دەست لە کار بکێشێتەوە، لە کودەتای 14 تەمموزی 1958 ڕۆڵێکی کارای هەبووە چوونکە کەسایەتییەکی متمانەپێكراوی عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف بووە، هەر بەو هۆیەشەوە گەڕاوەتەوە سەربازی، پلە و پۆستەکانی وەرگرتووەتەوە، لە کودەتای 8ی شوباتی ساڵی 1963 ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبووە لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم و لەو کاتەدا كۆنتڕۆڵی چەند شوێنێكی ستراتیژی كردووە بەو هۆیەوە متمانەی سووپا و کودەتاچییەکانی بەدەستهێناوە، بە ڕووکەش ڕایگەیاند کە وازی لە کاری سیاسی هێناوە، بەڵام بە نهێنی چەندان کۆبووەوەی گرنگی ئەنجامداوە لەگەڵ حیزبی بەعس و پلانیان بۆ کودەتای ساڵی 1968 داڕشتووە. 

وەرگرتنی دەسەڵات لە پاش کودەتای 17ی تەمموزی 1968

لە پاش هەوڵە پلانگێڕییەکانی حیزبی بەعس لە 17ی تەمموزی ساڵی 1968 دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارفی سەرکۆماری ئەو کاتەی عێراقیان لە کارخست، ئەحمەد حەسەن بەکر وەکوو چوارەم سەرکۆماری عێراق دەستنیشان کرا، سەدام حسێن وەکوو جێگری دانرا.

دەستکەوتەکانی عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی

ـ عێراق لە ماوەی دەسەڵاتی ئەحمەد حەسەن بەکر لە لوتکەی پێشکەوتندا بووە، ئەو سەردەمە بە سەردەمی زێڕین ناوزەندە دەکرێت، لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا پێشەنگ بووە و ڕکابەری وڵاتانی ئەورووپا بووە.
ـ لە 11ی ئازاری 1970دا لەگەڵ کوردەکانی عێراق ڕێکەوتنی ئەنجام دا بە ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی و بەیاننامەی 11ی ئازار کە تێیدا مافە سەرەتاییەکانی کوردی پەسەند کرد.
ـ لە ساڵی 1971 نەوتی شارەکانی کەرکووک و مووسڵ و بەسڕای بووژانەوە و گرنگی پێدان و یاسای تایبەتی لەسەر دەرکردن.
ـ بەهۆی بەرزی نرخی نەوت لایەنی ئابووری عێراق بوژانەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی.
ـ لایەنی پەروەردە و فێرکردن گەشەسەندنێکی تەواوی بە خۆیەوە بینی، سیستمی خوێندنی عێراق لە ساڵی 1977 لە پیشەنگی وڵاتانی جیهاندا بوو.
ـ پەیوەندییەکی پتەو و بەهێزی هەبووە لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی 1972 پەیماننامەی هاوڕێتی و یارمەتی لە نێوان عێراق و یەکێتی سۆڤێتدا واژوو کردووە.

کۆتایی دەسەڵاتی 

لە ساڵی 1979 حیزبی بەعس بەیاننامەیەکی فەرمی دەرکرد کە ئەحمەد حەسەن بەکر دووچاری نەخۆشی بارکنسۆن بووەتەوە و توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نەماوە و ناتوانێت ئەرکەکانی ئەنجام بدات، بۆیە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، لە ڕاستیدا نەخۆشییەکەی تەنها بیانوو و بەهانەیەک بووە، چوونکە بەپێی ڕاپۆرت و بەڵگە فەرمییەکان لەژێر هێز و فشاری سەدام حسێن لە کار لادراوە بۆ ئەوەی خۆی دەسەڵات وەربگرێت.

باری خێزانی

ئەحمەد حسەن لەگەڵ کچە پورێکی خۆی بە ناوی "نەدا حسێن" هاوسەرگیریی کردووە  کوڕی هەبووە بە ناوەکانی هەیسەم و عەبدولسەلام و محەمەد، عەبدولسەلام نووسەر و ئەندازیارە، هەیسەمیش قۆناغەکانی خوێندنی لە بەریتانیا تەواو کردووە، محەمەدیش بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.

کۆچی دوایی

لە 4ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1982 لە تەمەنی 68 ساڵی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی کەرخ لە شارۆچکەی ئەبوو غرێب لە بەغداد بە خاکسپێردراوە. 


سەرچاوەکان



1556 بینین