دیالە

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-18-17:10:00 - کۆدی بابەت: 7299
دیالە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارێزگای دیالە (بە عەرەبی: دیالی، بە ئینگلیزی: Dyala)  شارێکی عێراقییە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 17٫685 کیلۆمەتر دووجایە کە 4%ی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، شاری بەعقووبە ناوەندی پارێزگاکەیە، پارێزگاکە دابەشبووەتە سەر شەش شارۆچکە کە بریتین لە بەعقوبە، خاڵس، میقدادیە، بلەدرۆز و خانەقین و کفری، لە 17 ناحیەش پێکهاتووە، کەشوهەوای ناوچەکە بە هاوین گەرم و وشکە، بە زستان ساردە و ڕێژەی باران بارینی کەمە، واتای ناوەکەی لە ڕووباری دیالەوە وەرگیراوە کە بە شارەکەدا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە.

شوێنی جوگرافی

پارێزگای دیالە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە، بە دووری 57 کیلومەتر دەکەوێتە ڕوژهەڵاتی شاری بەغدادەوە، ڕووباری دیالەی تێدا تێپەڕ دەبێت، لە ناوچەی مەندەلییەوە سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتی ئێران، کە نزیکترین ڕێگایە لەنێوان بەغداد و ئێران.

مێژووی پارێزگای دیالە

ـ ئیمپڕاتۆڕییە مەزنەکانی وەکوو سومەرییەکان و ئەکەدییەکان و ئاشوورییەکان و بابلییەکان و دواتر ساسانییەکان و ڕۆمانەکان یەک لەدوای یەک فەرمانڕەوایی ئەم ناوچەیەیان کردووە.
ـ لە ساڵی 16ی کۆچی لەلایەن موسڵمانانەوە شارەکە فەتح کراوە و کەوتەژێر دەسەڵاتی موسڵمانانەوە.
ـ لە کۆتایی سەدەی 13ی زایینی ڕووبەڕووی جەنگی مەغۆلییەکان بووەتەوە.
ـ لە سەدەی 16دا شارەکە چووەتە ژێر دسەڵات و فەرمانڕەوای عوسمانییەکانەوە تاکوو لە ساڵی 1915 لەلایەن ئینگلیزەکانەوە داگیر کرا.
ـ  لە ساڵی 2014 چەند ناوچەیەکی دەوروبەری شارەکە لەلایەن داعشەوە داگیرکرا.

دانیشتوان 

بەشێکی زۆری دانشتوانەکەی پەیڕەوی ئاینی ئیسلامن، و لەسەر ڕێبازی سوننە مەزهەبن، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی کۆتا سەرژمێری لە عێراق ژمارەی دانیشتووانکەی نزیکەی 1،637،226 کەسن هەشتەمین گەورەترین پارێزگای عێراقە لەڕووی ژمارەی دانشتوانەوە، ڕێژەی نەتەوەی عەرەبی سوننە کە لەنێون 65% بۆ 70%یە زۆرینەی ژمارەی دانشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنن، نەتەوەی کورد و تورکمان و عەرەبی شیعە لە ناوچەکانی باکووری پارێزگاکە نیشتەجێن بەتایبەتی لە مەندەلی و خانەقین، هەروەها ژمارەیەک هۆز و عەشیرەتی ناوداری عێراقی نیشتەجێی دیالەن، نموونەی هۆزەکانی تەمیم و ڕەبیع و عوبێد و دلێم و شمەر و زوبێد و جبوور و خەزرەج.

بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە

کشتوکاڵ یەکێکە لە کەرتە گرنگەکانی پارێزگای دیالە و چەندین باخ و دارستان و بێستانی جۆراوجۆری تێدایە، لە بەناوبانگترین بەروبوومەکانی میوەی پڕتەقاڵە کە تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەروەها میوەی و هەنار و ترێ و سێو و قەیسی و هەنجیر و سەوزەی جۆراوجۆر و خورماش بەرهەم دەهێنێت، بەهۆی جەنگ و کێشە و نەهامەتییە سیاسییەکان و فاکتەرە ژینگەییەکان و وشکەساڵی کەرتی کشتوکاڵ لەو ناوچەیە زەبری بەهێزی بەرکەوتووە و بۆ ماوەیەک لاواز و سست بووە، بەڵام جوتیاران خۆڕاگر و بەردەوامن، لە ئێستادا بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی دیالە بەشێکی گرنگی پێداویستییە ناوخۆییەکانیان پڕکردووەتەوە.

شار و شارۆچکەکانی پارێزگای دیالە

  • بەعقووبە
  • عوزێم
  • جەلەولا
  • سەعدییە
  • کفری
  • قەرە تەپە
  • حەمرین
  • خانەقین
  • خاڵس
  • خان بەنی سەعەد
  • بلدرۆز
  • مەنسوڕییە
  • میقدادییە
  • وەجیهییە
  • مەفڕەق 


سەرچاوەکان



1377 بینین