تاپیر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-08-23:46:00 - کۆدی بابەت: 7538
تاپیر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تاپیر (بە ئینگلیزی: tapir)،  یەکێکە لە گیانەوەرەکانی پۆلێنی شیردەرەکان، پەیوەستی و پەیوەندی بەهێزی هەیە لەگەڵ ئەسپ و کەرکەدەنەکان، زۆرجار لە سەرەتای بینینیدا سەردانیکەرانی باخچەی ئاژەڵان دەپرسن کە ئاخۆ بەرازە یان مێروولەخۆر چونکە لە یەکەم بینینیدا کەشێکی ئاڵۆز دروستدەکات، و ناسینەوەی قورسە، بەڵام لە ڕاستیدا تاپیر گیانەوەرێکی جیاواز و سەربەخۆیە، لە سەرەتاکانی دەرکەوتنییەوە هەتاکوو ملیۆنان ساڵی دواتر بە بێ گۆڕانکاری ماوەتەوە، تاپیرەکان سوودی زۆریان هەیە لە ڕێکخستنی سروشت و ژینگەکەیاندا، تۆوی ڕووەک و درەختەکان دەگوازنەوە و پاشان سەوز دەبێتەوە، بەمەش دەبنە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستکردنی هاوسەنگی ژینگەیی، ئەم گیانەوەرانە کاتێکی زۆر لە نێو ئاودا بەسەردەبەن، بۆ خواردنی ڕووەکە ئاوییەکان، بۆ ئەوەی هێورببنەوە و بۆ لەناوبردنی کرمە مشەخۆرەکانی سەر پێستیان،  لە سەرەتادا باوەڕ وابووە کە ئەم گیانەوەرانە بە تەنها دەژین و تەنها لە وەرزی زۆربووندا نێرینە و مێینەکان پێکەوە دەبن، یان تەنها کاتێک دایکەکان گرنگی بە بێچووەکانیان دەدەن بە تەنها نین، پاشان دەرکەوتووە کە لە ڕاستیدا تاپیرەکان لە کۆمەڵەی بچووکدا دەژین، و دەتوانن بۆ مەودای زۆر زیاتر لە ئەوەی پێشبینیکرابوو کۆچبکەن و بجووڵێن، بەڵام مرۆڤەکان بوون بە مەترسی لەسەر ژمارەی تاپیرەکان، چونکە ڕاویاندەکەن بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشتەکەی یاخود تەنها وەک وەرزشکردن ڕاویاندەکەن، یاخود لەدەستدانی نشینگەکانیان بەهۆی دروستکردنی کێڵگەی تایبەت بە مرۆڤەکان بووە بە هۆکارێکی سەرەکی نەمانی ژەمە خۆراکییەکانیان، چونکە تاپیرەکان گیانەوەرێکن کە گونجاون بۆ دارستانە سەرەتاییەکان کە سەرچاوەی ئاو و خۆراکی هەمیشەیی تێدابێت.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی تاپیر هاوشێوەی گۆزەیە، لە بەشی پێشەوەی باریکە و لە دواتردا فراوانترە، بەهۆیەوە بەسەر ڕووەکەکاندا تێدەپەڕێت، چاو و گوێچکەکانی بچووکن، و هاوشێوەی فیلەکان لێوی سەرەوەی و لووتی پێکەوە نووساون، لە کاتی مەلەکردن و بۆ هەستکردن بە بۆنە جیاوازەکان لە نێو دارستانەکاندا سوودی لێ دەبینێت، هەروەها دەکرێت بکشێت و درێژتر بێت بەهۆیەوە میوە و گەڵاکان لێ دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ دەیخاتە دەمییەوە، قەبارەی نێرینەکان کەمێک بچووکترە بە بەراورد بە مێینەکان، بەرزییان لە نێوان ٠.٨-١ مەتر دەبێت بە گوێرەی جۆرەکەی، درێژییەکەشی لە نێوان ١.٣-٢.٤ مەتر دەبێت، درێژی کلکیشی لە نێوان ٥-١٣ سانتیمەتر دەبێت، کێشی ئەم گیانەوەرە هاوشێوەی قەبارەکەی بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت دەکرێت لە نێوان ١١٠-٣٢٠ کیلۆگرام ببێت.

خۆراک

تاپیر گیانەوەرێکی ڕووەکخۆرە و ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی بەرهەمە ڕووەکییەکان دەخوات، و ڕۆژانە دەتوانێت ٣٤ کیلۆگرام خۆراک بخوات، بە سوودوەرگرتن لە لووتی توانای هەیە کە جێگەی خۆراک بدۆزێتەوە، لووتیشی بە هەموو ئاڕاستەکاندا دەجووڵێت، پاشان خۆراکەکەی لێبکاتەوە و بیخوات ئەگەر میوە و گەڵا بێت، جگە لە میوەش تاپیرەکان ڕەگی ڕووەکەکانیش دەخۆن، ئەم گیانەوەرە چالاکییەکانی لە بەرەبەیان و زەردەپەڕدا ئەنجام دەدات، کاتێک کە کەشوهەوا ساردترە، زۆرینەشیان بە شەودا چالاکن و دەگەڕێن بە دوای سەرچاوە خۆراکییەکانیاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەرە دڕندەکان وەک تیمساح و جاگوار، تاپیرە پێگەیشتووەکان دەتوانن بەرگری بکەن لە خۆیان لە ڕێگەی  سوودوەرگرتن لە پێستە ئەستوورەکەیان و گەستنەوە.

یەکگرتن و زۆربوون

دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەی تاپیر ١٣ مانگ دەخایەنێت، پاشان بێچوویەک لەدایکدەبێت و دەکرێت لە هەندێک باری دەگمەندا دووانە لەدایکبێت، سەرەڕای جیاوازی نشینگەی تاپیرەکان بەڵام هەموو بێچووەکان لە سەرەتای لەدایکبوونیان هاوشێوەی شووتییەکی هێڵدارن کە لەسەر قاچەکانیان وەستابن، کێشیان لە نێوان ٧-١٠ کیلۆگرام دەبێت، و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک لە لەدایکبوونیان توانای مەلەکردنیان دەبێت، هەروەها بە تێپەڕبوونی ٣ مانگ جەستەی بێچووە تاپیرەکان ڕەنگی تەواوی وەردەگرێت و نیشانەکانی لەناودەچن، لە تەمەنی ٦ مانگیدا هاوشێوەی پێگەیشتوویەکی بچووکن، و دوای ئەوەی دەبن بە ١٨ مانگ جەستەیان بە تەواوەتی گەشە دەسێنێت و دەگاتە قەبارەی دیاریکراوی، بەڵام لە نێوان تەمەنی ٢-٤ ساڵیدا بە پێگەیشتووی تەواو دادەنرێن، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی پێشبینیکراویان ١٩ ساڵ و نیو دەخایەنێت.  

پەیوەندیکردن

تاپیرەکان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە یەکترییەوە بە چەندین ڕێگە، یەکێک لە باوترین دەنگەکان لێدانی فیکەیەکی بەرزە، بەڵام پرخاندن و کێشانی پێیەکانی بە زەویدا واتای خۆئامادەکردنە بۆ بەرگریکردن، هەروەها تاپیرەکان بە میزکردن نیشانە دادەنێن بە دارستانەکادا بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانیان و دیاریکردنی ناوچە تایبەتەکانیان، بەمەش کاتێک تاپیرێکی دیکە بۆنی دەکات لە ناوچەکە دوور دەکەوێتەوە بۆ خۆ پاراستن لە شەڕکردنی نێوانیان.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • تاپیری ئەمریکای ناوەڕاست: نشینگەی بنەڕەتی مەکسیک و ئەمریکای ناوەڕاستە، لەسەرەتای تەمەنیدا ڕەنگێکی تۆخی هەیە کە قاوەییەکی نزیک سوورە، پاشان کاتێک دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن دەگۆڕێت بۆ ڕەش، هەروەها سنگ و چەناگە و لێواری گوێیەکانیشی سپین.
  • تاپیری بەڕازیلی: یان پێی دەوترێت تاپیری زەوییە نزمەکان، نشینگەی بنەرەتی ئەمریکای باشوورە، پێستەکەی تاریکە بەڵام لە ناوچەی سکیدا کاڵترە، ناوچەی شێدار و باراناوی و گەرمی بۆ پەسەندە.
  • تاپیری شاخ یان تاپیری فەروودار: لە شاخەکانی ئەندێزی ئەمریکا دەژی، فەروویەکی ئەستوور و درێژی هەیە، هەروەها یەکێکە لە ئەو مەمکدارانەی کە زۆرترین مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
  • تاپیری مەڵای: تاکە جۆری تاپیرە کە لە کیشوەری ئاسیادا بوونی هەیە، فەروویەکی شێوە جیاوازی هەیە، بەشی پێشەوەی ڕەشە و بەشی دواوەی سپییە، هەروەها پڵنگەکان یەکێکن لە دژمنە سروشتییەکانی ئەم جۆرەی تاپیرەکان.
  • تاپیری کابۆمانی: نوێترین جۆری تاپیرە کە لە ساڵی ٢٠١٣دا دۆزراوەتەوە و زاناکان ناساندویانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دانیشتوانە ناوخۆییەکانی ناوچەکە ئاگاداری هەبوونی بوون، بچووکترن قەبارەی هەیە لە نێو هەر پێنج جۆرەکەدا، لە دارستان و لەوەڕگاکانی ناوچەکانی باشووری ڕۆژائاوای ئەمازۆن دەژی، بەڵام زاناکان لە ئەو باوەڕەدان کە جۆرێکی تایبەت نییە و بە ڕای ئەوان تەنها چوار جۆر لە تاپیر هەیە.


سەرچاوەکان



262 بینین