خواردنی شیرینی لە کاتی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-04-23:12:00 - کۆدی بابەت: 7753
خواردنی شیرینی لە کاتی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە سوڕی مانگانەدا جگە لە ئازار و تێکچوونە جەستەیی و دەروونییەکان، تێکچوونی خۆراکیش ڕوودەدات و زۆرێک زۆرخۆری دەکەن و هەندێکی تر خواردنیان پێ ناخورێت لە کاتی سوڕی مانگانەدا، هەروەها کۆمەڵێک لە خانمانیش بێزوو دەکەن بە خواردنێکی تایبەتەوە لەم ماوەیەدا.

خواردنی شیرینی لە کاتی سوڕی مانگانەدا

لە کاتی سوڕی مانگانەدا ڕێژەی هەردوو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن کەم دەکات و ئەمەش وادەکات کە خانمان زیاتر هەست بە برسێتی بکەن و پەنا ببەن بۆ زۆرخۆری بەتایبەت زۆر خواردنی شیرینی.
شیرینی خۆراکێکە کە زۆرینە حەزیان لێیەتی و بە جۆری جیاواز بەردەستە، هەرچەندە کە خواردنی شیرینی زیانی بۆ جەستە هەیە بەڵام بەگشتی خانمان لەماوەی سوڕی مانگانەدا بێزووی پێوە دەکەن و حەزیان لە خواردنی شیرینییە و زیاتر لە هەموو کاتەکانی تر لەو کاتەدا شیرینی دەخۆن.

زیانەکان

ئەگەر لە ڕۆژێکی سوڕەکەدا بڕێکی زۆر لە شیرینی و کاربۆهیدرات بخۆیت مەترسی زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و قەڵەویی و شەکرە و تێکچوونی پەنکریاس دەبیتەوە.

زیانە دەروونییەکان 

جگە لە تێکچوونی جەستە و زیانەکانی بۆ جەستە، زۆر خواردنی شیرینی باری دەروونی خانمەکەش خراپتر دەکات، بەگشتی خانمان خۆیان باری دەروونیان لە کاتی سوڕی مانگانەدا ناجێگیرە بە خواردنی شیرینیش ئەوەندەی تر ناجێگیر دەبێت، ڕێژەی هۆڕمۆنی کۆڕتیزۆڵ زیاد دەکات لە ڕۆژانی سوڕی مانگانەدا کە وادەکات خانمان باری دەروونیان تێک بچێت و هەروەها ڕێژەی هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین کە هۆڕمۆنی خۆشحاڵییە بەخێرایی دادەبەزێت، بە خواردنی شیرینی ئەم تێکچوونی هۆڕمۆنانە زیاتر دەبێت و زیانی زۆری دەبێت بۆ دەروونی خانمان.
کاتێک کە شیرینی دەخۆیت شەکری ناو خوێنێت زیاد دەکات خانەکان دەست دەکەن بە هەڵمژینی شەکرەکە و لە ئەنجامدا جەستە بڕێکی زۆری وزە وەردەگرێت و پاشان کاتێک شەکر لە جەستەت نامێنێت و وزەکەت لەدەست دەدەیت ئەوا تووشی تووڕەبوون و دڵەڕاوکێ دەبیت و زۆر هەستیار دەبیت.
لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ٣٥٠٠ کەس کراوە کە هەندێکیان خواردنی شیرینی وەک، هەموو جۆرە شیرینییەکان و پەتاتەی سورەوەکراویان خواردووە و هەندێکی تریان سەوزە و میوە و ماسییان خواردووە، دوای پێنج ساڵ مەترسی خەمۆکی لە دەستەی یەکەمدا ٪٥٨ بووە و دەستەی دووەم ٪٢٦ بوو.
واباشترە کە لەماوەی سوڕی مانگانەدا لەبری شیرینی زیانبەخش  میوە شیرینیەکان بخۆیت و بەڵام نابێت زیادەڕەوی بکەیت لە خواردنیدا.

هەروەها بە وتەی ڕێکخراوی ئەنجوومەنی دڵ لە ئەمریکا هیچ خانمێک نابێت ڕۆژانە زیاتر لە شەش کەوچکی چا شەکر بخوات، وە ئەم بڕە کەم دەکات بۆ سێ کەوچکی چا لە ڕۆژێکدا بۆ ئەو خانمانی تەمەنیان لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵدایە 

هەنگوین وەک جێگرەوەی شیرینی

ئەگەر چی هەنگوینیش شەکری فرەکتۆزی تێدایە بەڵام تایبەتمەندی دژەبەکتریایی و سوودەکانی بۆ کۆئەندامی هەرس وایکردووە کە باشترین جێگرەوە بێت بۆ شیرینییەکان و واباشترە لە کاتی سوڕی مانگانەدا لەجێی شیرینییەکان هەنگوین بخورێت.

بیروباوەڕی هەڵە

لە کۆنەوە بیروباوەڕ وابووە کە لەماوەی سوڕی مانگانەدا واباشترە خانمان شیرینی بخۆن چونکە خانمەکە دوای خواردنی شیرینی توانای هەستانەوەی هەبووە و کەشەنگبوونی ماسولکەکانی کەمتر بووەتەوە، ڕاستە کە جەستە بە خواردنی شیرینی ئاسوودە دەبێت، چونکە لەماوەی سوڕی مانگانەدا جەستە زۆر لاوازە و ئەم شیرینییە وزەیەکی کاتی بە جەستە دەبەخشێت، بەڵام بە نەمانی شیرینییەکە زیانێکی زۆر دەدات لە جەستە و دەبێتە هۆی تێکچوونی جەستەیی و دەروونی.


سەرچاوەکان



664 بینین