یاریی بۆڵینگ 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-14-16:26:00 - کۆدی بابەت: 7829
یاریی بۆڵینگ 

ناوه‌ڕۆك

یاریی بۆڵینگ چییە؟

بۆڵینگ (بە عەرەبی: بولینج، بە ئینگلیزی: Bowling) یارییەکی بەناوبانگە هەموو کەسێک دەتوانێت لە نێو هۆڵی یاریی داخراوی تایبەت ئەنجامی بدات، بەڵام تاڕادەیەک ئەم یارییە لە ئاستی پرۆفیشناڵدا وەرزشێکی قورسە، چونکە پێویستی بە بوونی گونجاندنی ماسولکەیی هەیە، هەروەها هاوئاهەنگی لە نێوان بینینی یاریزان و کارامەیی دەستەکانی لەم یارییەدا ڕۆڵی هەیە لە بردنەوە.
یاریی بۆڵینگی ستانداردی جیهانی پێکهاتووە  لە تۆپێک کە لە ماددەیەکی ڕەق دروستکراوە، قورسترین کێشی حەوت کیلۆگرامە، هەروەها ڕێڕەوی یاریکردنەکەی 18.3 مەتر درێژە، ڕێڕەوەکە پێویستە ڕێک و لووس بێت لە دار یان ماددەیەکی ڕەق دروستکرابێت، تاکوو تۆپەکە نەخشێت لەسەری، بۆڵینگەکان بەرزییەکەیان 38 سانتیمەترە و کێشیان یەک کیلۆ و نیووە.
ئەم یارییە لە هۆڵی یارییە داخراوەکان و گازینۆکان ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە ئێستادا بە شێوەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەردەستە.

مێژووی یاریی بۆڵینگ

ـ ئەم یارییە مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەندێک پێیان وایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستاینییەتی میسڕی کۆن و فیرعەونییەکان ئەنجامیان داوە.
ـ هەندێک لە شارەزایانی مێژوو پێیان وایە کە بۆلینگ پەرستشێکی کۆن بووە لە کۆندا ئەڵمانییەکان ئەنجامیانداوە.
ـ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەم یارییە لە هەموو ئەورووپا بڵاوبووەوە.
ـ لە ڕێگەی داگیرکارییەکانی هۆڵەندا بۆ ئەمریکا، یاریی بۆڵینگی نۆ پارچەیی بە شێوەیەکی فراوان لە ئەمریکا بڵاوبووەوە، ئەو یارییە بووە یارییەکی نەتەوەیی و لە ئاهەنگەکانی خواردنەوە و قومارکردن ئەنجام دەدرا.
ـ بەهۆی پشێوی دروستکردن و ئاژاوەگێڕی لە کاتی یارییکردن، لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئەمریکا یاریی بۆڵینگی نۆ پارچەیی قەدەغەکرا، بۆیە لە ساڵی 1837 وەکوو گاڵتەجاڕییەک بۆ بڕیاری قەدەغەکردنەکان، خەڵکی لە بری نۆ پارچە بە دە پارچە یارییان کردووە. 
ـ لە ساڵی 1895 "دامەزراوەی کۆمەڵەی ئەمریکی ABC" دوستکرا، هەموو یاسا و ڕێساکانی یارییەکە ڕێکخرا.
ـ لە ساڵی 1916 ژنانیش کۆمەڵەیەکی تایبەت بە خۆیان دانا بە ناوی "دامەزراوەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆڵینگ WIBC".
ـ ئەم دوو کۆمەڵەیە بە هەزاران ئەندامیان هەبوو، بەڵام یاسای یاریکردنیان زۆر ئاسان بوو.
ـ لە ساڵی 2004 هەموو ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی ئەم یارییە کرانە یەک و  "کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بۆڵینگ USBC" دامەزرا.


سەرچاوەکان



703 بینین