باڵندەی چەتر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-05-13:43:00 - کۆدی بابەت: 7925
باڵندەی چەتر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باڵندەی چەتر یان چەترە باڵندە (بە ئینگلیزی: Umbrellabirdباڵندەیەکی گەورەیە و سێ جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی دەکەوێتە دارستانە باراناوییەکانی ئەمریکای ناوەڕاست و ئەمریکای باشوورەوە، لەدەستدانی نشینگەکەی بەهۆی مرۆڤەکانەوە گەورەترین هەڕەشەی لەناوچوونیەتی، کە مرۆڤەکان دارەکانی ناوچەکان دەبڕنەوە و دەیانکەن بە کێڵگە و جێگەی تایبەت، لە ئێستادا بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت ژمارەی باڵندە چەترەکان نزمبووەتەوە، ڕاستییەکی گاڵتەئامێز هەیە دەربارەی ئەم باڵندەیە ئەوەیە کە بۆ بەرزایی شاخ و چیاکان کۆچدەکات و پاشان دێتە خوارەوە، شێوازی ژیانکردنی بە گرووپ نییە بەڵکو هەر تاکێک بە تەنها جێگیرە و دەژی، جگە لە وەرزی زۆربوون کە کۆمەڵە پێکدەهێنن، باڵندەی چەتر گیرفانێکی هەیە لە قورگیدا بە هۆیەوە دەتوانێت دەنگی بەرز دەربکات، شێوازی دەنگەکەشی هەندێکجار هاوشێوەی دەنگی پەپوسڵێمانەیە.   

شێوەی دەرەوەی

تەواوی جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و ڕەنگی پەڕەکانی ڕەشە، یەکێک لە جیاکەرەوە سەرەکییەکانی هەبوونی پێکهاتەیەکی ڕەشی هاوشێوەی پۆپنەیە لەسەر سەریدا کە لە پەڕ پێکهاتووە، درێژی باڵەکانی لە نێوان ٦٦-٧١ سانتیمەتر دەبێت، کێشی لە نێوان ٣٢٠-٧٥٠ گرام دەبێت، بەرزییەکەشی لە نێوان ٣٨-٥٠ سانتیمەتر دەبێت، لەبەر ئەوەی باڵندەیەکی قەبارە گەورە و قورسە بۆیە کردەی فڕینی کەمێک قورس دەبێت، هەر لەبەر ئەوەش زۆرجار دەبینرێت کە بازدەدات لە لقێکەوە بۆ لقێکی تر لە بری فڕین، هەر کاتێکیش پێویست بکات کە بفڕێت ئەوا مەودایەکی کەم دەفڕێت، هێشتا لە مەودای کورتیشدا تووشی گرفت دەبێتەوە لە هەوادا و هێواش دەفڕێت.  

خۆراک

باڵندەیەکە کە دەتوانێت هەموو جۆرە خۆراکێک بخوات، واتە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە میوە و مێروو و بۆق، ئەو ئاوەشی کە دەیخواتەوە جۆرەکەی سوێرە، کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکانی بە ڕۆژدایە واتە گیانەوەرێکی ڕۆژەکییە، هەروەها بێگومان ئەم باڵندەیە لەلایەن گیانەوەرانی دیکەوە مەترسی لەسەرە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرینەی کاتەکانی لەسەر درەختە بەرزەکاندا بەسەر دەبات بۆیە هەڕەشەکان لەسەر خواردن و ڕاوکردنی کەمترن، بەڵام مەیموون و مارەکان سەرەکیترین ڕاوچین و دەتوانن بگەنە جێگەکەی، بە تایبەتی هێلکە و بێچووەکان یاخود باڵندە تازە پێگەیشتووەکان کە قەبارەیان گونجاوترە، یاخود لەلایەن باڵندە ڕاوکەرەکانی وەک هەڵۆ و بازەکانەوە ڕاودەکرێن، کە ئەم باڵندانە دەتوانن هەر لە هەوادا ڕاویان بکەن و بیانگرن.  

زۆربوون

لە کاتی زۆربووندا باڵندە چەترەکان کۆچدەکەن بەرەو شاخەکان و پێکەوە لە شێوەی کۆمەڵ و گرووپدا دەبن، کە بوون بە کۆمەڵ نێرینەکان نمایشی خۆیان دەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان، کە نێرینەکان پەڕەکانی پۆپنەکەیان بڵاودەکەنەوە بە ڕادەیەک تەواوی سەریان دادەپۆشێت، کاتێک دوو جووت یەکتری هەڵدەبژێرن، مێینەکە هێلانەیەکی گەورە دروست دەکات لە لق و چڵی درەختەکان، دوای یەکگرتن مێینەکە تەنها یەک هێلکە دادەنێت، پاشان ماوەی نیشتنی لەسەر هێلکەکەی مانگێک دەخایەنێت، دواتر بێچووەکان لە هێلکەکانیان هەڵدێن، لە مانگەکانی سەرەتادا لە نزیک هێلانەکە دەمێننەوە و دایک و باوکیان خۆراکیان پێ دەدەن، پاشان هێلانەکە جێدەهێڵن و پشتبەخۆیان دەبەستن، لە تەمەنی نێوان ٢-٤ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنیشی لە سروشتدا ١٢-٢٠ ساڵ دەخایەنێت.

جۆرە سەرەکییەکانی

جۆرەکانی باڵندەی چەتر بە شێوەیەکی گشتی هەمان قەبارە و دەرکەوتنیان هەیە، بەڵام لە ڕووی نشینگە و ناوچەی مانەوەدا جیاوازن، جۆری دووەم تا ڕادەیەک مەترسی نەمانی کەمترە، بەڵام جۆرەکانی یەکەم و سێیەم هەڕەشەی نەمانی توندیان لەسەرە، جۆرەکانیش ئەمانەن:

  1. باڵندەی چەتری غەبغەبە درێژ: تایبەتمەندی ئەم جۆرە وەک ئەوەی لە ناوەکەیدا دیارە، هەبوونی غەبغەبەیەکی درێژە کە لە ژێر ملیدایە، هەروەها دەکرێت درێژییەکەی بگاتە ٣٥ سانتیمەتر.
  2. باڵندەی چەتری ئەمازۆنی: ئەم جۆرەیان بە تەواوەتی ڕەشە، قەبارەی مێینەکانی گەورەترە بە بەراورد بە هەر سێ جۆرەکە.
  3. باڵندەی چەتری مل ڕووت: تایبەتمەندی ئەم جۆرە نەبوونی پەڕە لەسەر ملی، ڕەنگی پێستی ملیشی سوورە کە بە هۆیەوە بە ئاسانی دەناسرێتەوە.


سەرچاوەکان



642 بینین