ڕێگریکردن لە بۆنی ناخۆشی ناو دەم لە مانگی ڕەمەزاندا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-02-20:43:00 - کۆدی بابەت: 8113
ڕێگریکردن لە بۆنی ناخۆشی ناو دەم لە مانگی ڕەمەزاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆنی ناو دەم (بە ئینگلیزی: halitosis یان bad breath) یەکێکە لە باوترین ئەو دیاردانەی کە زۆربەی خەڵک پێوەی دەناڵێنن و زۆرجار گیروگرفت بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات بە تایبەتی لە کاتی قسەکردن لە نزیکەوە لەگەڵ ھاوڕێ و کەسانی دەوروبەر لە شوێنی کارکردندا.
هەروەها بۆنی ناخۆشی ناو دەم یەکێکە لەو کێشانەی کە زۆرێک لە ڕۆژووگران لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
بۆ چارەسەرکردنی بۆنی ناخۆشی ناو دەم لە مانگی ڕەمەزەندا سەرەتا دەبێت هۆکارەکەی بزانین، دەبێت بزانین هۆکاری بۆنە ناخۆشەکە ڕۆژووە یان هۆکاری تری هەیە، چونکە هەندێک لە نەخۆشییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی ناو دەم.

هۆکارەکانی بۆنی ناخۆشی ناو دەم لە مانگی ڕەمەزاندا

- پاک ڕانەگرتنی ناو دەم: گرنگی نەدان بە شۆردنی ددانەکان بە شێوەیەکی دروست و ڕێک و پشت گوێخستنی فڵچەی ددان، بەکارنەهێنانی پەتی ددان دەبنە هۆی زیادبوونی بەکتریاکان لە ناو دەمدا، بوونی بەکتریاش لەناو دەمدا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بۆنی ناخۆشی ناو دەم، هەروەها میکرۆبەکانیش کە دەبنە هۆی تێکدانی ددانەکان و نەخۆشییەکانی پووک، لە ئەنجامدا بۆنی ناخۆشی ناو دەم دروست دەکەن.

- دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر: کاتێک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هیچ بەکار ناهێرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی لیک و لە ئەنجامدا دەم وشک دەبێتەوە، لەم کاتەدا بەکتریاکان لەسەر پووک و دەوروبەری دەم کۆدەبنەوە و دەبنە هۆی ئەوەی لە کاتی قسەکردن بۆنی ناخۆش لە ناو دەم دروست ببێت.

- هەندێک لە خواردنەکان: بەکارهێنانی هەندێ جۆری خواردن وەکوو سیر، پیاز، بەهارات بە ڕێژەیەکی زۆر، ترشیات لە کاتی بەربانگ و پارشێو هۆکاری دروست بوونی بۆنی ناخۆشن.

- بەکارهێنانی دووکەڵکەرەکان: بەو پێیەی کە بەکارهێنانی دووکەڵکەری وەکوو جگەرە و نێرگەلە یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی دەم و گەشەی میکرۆبن، کەواتە کەسانی جگەرەکێش بەدەست بۆنی ناخۆشی ناو دەمەوە دەناڵێنن. 

نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی ناو دەم لە مانگی ڕەمەزاندا

شۆردنی ددان

باشترین ڕێگای ئاسایی بۆ پاراستنی ددان و ڕزگاربوون لە بۆنی ناخۆشی ددان شوشتنە، هەروەها زۆرێک لە زانایانی ئیسلامی دەڵێن ئەگەر هەویری ددانەکە قوت نەدرێت ددان شوشتن ڕێگەپێدراوە، بەڵام ئەگەر پێت باشترە لە ڕۆژدا ددانەکانت نەشۆیت، باشترە دوای پارشێوکردن و پێش بانگی بەیانی بۆ ماوەی دوو خولەک و بە شێوەیەکی دروست ددانەکانت بشۆیت.

پاککردنەوەی زمان

لە نێوان بەربانگ تا پارشێو بە پاککەرەوەی زمان دوو جار بە ئارامی زمان پاک بکرێتەوە، ئەم ڕێگایە یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵکردنی بۆنی ناخۆشی ناو دەمە لە ڕەمەزاندا بەم ڕێگایە پاشماوەی بەکتریا ماوەکان پاک دەبنەوە، هەروەها دەکرێت غەرغەرەکردن و شۆردنی زمان بە ئاو و خوێ ڕێگایەکی باش بێت.

خواردنەوەی ئاو

 خواردنەوەی ئاو بە شێوەیەکی دروست جیا لە کاتی ڕۆژوو نەک تەنها یارمەتی هاوسەنگی ئاوی جەستە دەدات، بەڵکو خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو لە کاتی بەربانگ تا پارشێو لە ڕۆژدا یارمەتی بۆنی ناخۆشی ناو دەم دەدات، یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دەتوانرێت لە ڕێگایەوە بزانرێت بڕی پێویستی ئاو خوراوەتەوە یان نا ڕەنگی میزە، ئەگەر میز ڕەنگی ڕوون و بێ بۆن بێت واتا بڕی پێویست ئاو خوراوەتەوە.
ئەو کەسانەی کە حەزیان لە قاوە و خواردنەوە کافایینییەکانە باشترە لە مانگی ڕەمەزاندا لە خواردنەوەیان دوور بن، چونکە کافایین دەبێتە هۆی کەمی ئاوی جەستە.

بەکارهێنانی سیواک

سیواک یەکێکە لەو ئامڕازانەی کە بۆ پاککردنەوەی ناو دەم بەکاردێت، کەسی ڕۆژووان دەتوانێت بە درێژایی ڕۆژ سیواک بەکاربهێنێت، هەندێک لە سوودەکانی بەکارهێنانی سیواک:

 1. ئەو بەکتریایانە لەناو دەبات کە دەبنە هۆی نەخۆشی پووک
 2. بۆنی ناخۆشی ناو دەم ناهێڵێت
 3. بۆنی خۆش لە ناو دەم دروست دەکات
 4. ڕژانی لیک زیاد دەکات
 5. وشکی دەم کەم دەکاتەوە

ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشکی ددان

هەندێ کات بۆنی ناخۆشی ناو دەم بەهۆی تێکچوونی ددانەکانەوەیە، چەند جاريک سەردانکردنی پزیشکی ددان لە ماوەی ساڵەکەدا زۆر گرنگە، لەوانەیە لە ددانەکاندا شکاوی یان بۆشایی زۆر هەبێت کە خواردنی تێدا دەمێنێتەوە و لە ڕۆژدا دەبێتە هۆی بۆنی ناخۆشی ناو دەم.


سەرچاوەکان



629 بینین