بیلالی حەبەشی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-08-23:21:00 - کۆدی بابەت: 8175
بیلالی حەبەشی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیلالی حەبەشی یان بیلالی کوڕی ڕەباح (بە عەرەبی: بلال الحبشـي، بلال بن رباح) هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ و یەکەمین بانگبێژی ئیسلام و یەکەمین کۆیلە بوو کە موسڵمان بووە، ناوی تەواوی بیلالی کوڕی ڕەباحی قوڕەشی تەمیمییە و ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ حەبەشە کە وڵاتی ئەسیوبیای ئێستا دەکات، هەر لە منداڵییەوە کراوە بە کۆیلە و بە هۆزی "بەنی جەمح" فرۆشراوە و کراوە بە کۆیلەی"ئۆمەیەی کوڕی خەڵەف" و بووە بە ژێردەستەی ئەو، چونکە کەسێکی ڕەشپێست و کەڵەگەت بووە هەمیشە کاری قورسی پێکراوە و پەراوێز و پشتگوێ خراوە. 

موسڵمانبوون و ئەشکەنجەدانی

بیلال لە پێشەنگی ئەو حەوت کەسە بوو کە بە ئاشکرا باوەڕیان بە ئیسلام هێنا، هەر لەبەر ئەو هۆکارە دووچاری ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر سەخت بووەوە، بەڵام کەسێکی زۆر ئارامگر بووە چونکە سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەدانی سەختی هەرگیز لە باوەڕەکەی پاشگەز نەبووەوە، هەمیشە لەکاتی ئەشکەنجەدانی دەیوت "ربي الله، أحد أحد" واتا: "خودای من اللەـیە و تاک و تەنهایە"، لەدوای ئەشکەنجەدانێکی زۆری ئەبوبەکری سدیق بڕیاری دا کە لە خاوەنەکەی بیکڕێت و ئازادی کرد، لەکاتی کۆچ کردن بۆ مەدینە بیلالیش کۆچی کرد و لە نێوان بیلال و ئەبو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح برایەتی دروستکرا، هەروەها بەشداری هەموو جەنگەکانی ئیسلامی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ کردووە، لە جەنگی بەدردا بیلال "ئومەیەی کوڕی خەلەف"ـی کوشت کە پێشتر کۆیلەی ئەو بوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبوبەکری سدیق بیلال داوای کرد کە بەشداری لە جەنگەکانی ئەو کاتە بکات، بەڵام چونکە بێهێز و نەخۆش بوو ئەبوبەکر ڕەتی کردەوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب، بیلال مکوڕ بوو کە بەشداری جەنگەکان بکات و جیهاد بکات، بۆیە چووە وڵاتی شام بەشداری لە فەتح کردنی چەند ناوچەیەک کرد و هەر لەوێ مایەوە تا کۆچی دوایی کرد. 

پێگە و گەورەیی بیلال

کاتێک بانگدان و نوێژ لەسەر موسڵمانان فەرزکرا، بیلال وەکوو یەکەمین بانگبێژ لە ئیسلامدا لەلایەن پێغەمبەر ﷺـەوە دیاری کرا، هەروەها لە ساڵی هەشتی کۆچی لە فەتحی مەککەدا پێغەمبەر ﷺ فەرمانی بە بیلال کرد کە بچێتە سەر کەعبەی پیرۆز و بانگ بدات، بەهۆی ئەوەی تۆنی دەنگی ئارامبەخش و دەنگخۆش بووە، پێغەمبەر ﷺ هەر کاتێک کاتی بانگ بوایە بە بیلالی دەفەرموو "ارحنا بها یا بلال"، واتا "ئەی بیلال بەو بانگە ئاراممان بکەرەوە".
بیلال له دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ،  هەرگیز نەیتوانی جارێکی تر بانگ بداتەوە، هەرکاتێک کە هەوڵی بانگدانی بدایە کە دەگەیشتە ئەو دێڕەی "اشهد ان محمدا رسول اللە" دڵی پڕ دەبوو و نەیدەتوانی بانگەکە تەواو بکات.
عومەر کوڕی خەتتاب هەمیشە دەیوت: "أبو بكر سيدنا، وأعتق سيدنا" واتا: "ئەبوبەکری سەرۆک و پێشەنگمان، بیلالی سەرۆک و پێشەنگی ئێمەی ڕزگار کرد"، بەپێی گێڕانەوەکانی فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ، بیلال گێڕانەوەی بۆ 44 فەرموودە کردووە. 

کۆچی دوایی

بیلالی حەبەشی لە وڵاتی شام کۆچی دوایی کرووە، بەڵام کات و شوێنی مردنەکەی ڕاجیایی لەسەرە، چەند بۆچوونێک دەریدەخات کە لە ساڵی 20ـی کۆچی لە شاری حەلەب کۆچی دوایی کردووە، هەروەها هەندێک دەڵێن بیلالی حەبەشی لە تەمەنی 63 ساڵیدا لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە و هەر لە گۆڕستانی گەورەی دیمەشق نێژراوە، لە کاتی سەرەمەرگیدا فەرموویەتی "غداً نلقى الأحبّة، مُحمداً وحزبه" واتا: "سبەینێ بە خۆشەویستانمان شاد دەبینەوە، بە محەمەد و شوێنکەوتوانی".


سەرچاوەکان



2400 بینین