ئازاری گۆی مەمک لەماوەی شیرداندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-15-15:33:00 - کۆدی بابەت: 8255
ئازاری گۆی مەمک لەماوەی شیرداندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شیردان کۆمەڵێک کێشە ڕووبەڕووی دایکان دەکاتەوە، توێژینەوەیەک لەسەر ٥٠٠ دایک کراوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکەوتووە کە ٪٩٢ـی دایکان لە سێ ڕۆژی سەرەتای شیرداندا دووچاری ئازاری گۆی مەمک بوونەتەوە، ئەم ئازارە ڕاستە کە ئازاربەخشە بەڵام حاڵەتێکی ئاساییە و چارەسەری ئاسانە.
ئەگەر هاتوو ئەم ئازارە بەردەوام بوو و توندتر بوو دوای چارەسەر وەرگرتن ئەوا نائاساییە و پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

ئازاری ئاسایی 

ئازاری گۆی مەمک لەماوەی شیرداندا (بە ئینگلیزی: nipple pain from breastfeeding) ئازارێکە کە خانمان دوای منداڵبوون و یەکەم شیردانیان تووشی دەبن، تێیدا گۆی مەمک ڕەق دەبێت و ئازاری زۆری دەبێت بەگشتی لە سەرەتای شیردانەوە تاکوو هەفتەیەک دەخایەنێت، بەگشتی ئەم ئازارە ئاساییە و لە زۆربەی خانماندا هەیە دوای منداڵبوون.

ئازاری نائاسایی

لە هەفتەی سەرەتای دوای منداڵبوون، ئاساییە کاتێک منداڵەکە گۆی مەمکی دایکی دەمژێت دایکەکە هەست بە ئازار بکات تا چەند ڕۆژێک، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە کە بەدرێژایی شیردانەکە گۆی مەمک ئازاری زۆری هەبێت، لەوانەیە ئەم ئازارە تاکوو چەند هەفتەیەک دوای منداڵبوون بەردەوام بێت.
دەبێت ئاگاداری جەستەت بیت و بەپێی جۆری ئازارەکەت بزانیت ئایا ئازارەکەت ئاساییە یاخود نائاساییە.

هۆکار

نەچوونە ناوەوەی گۆی مەمک بەباشی

لە زۆربەی کاتدا هۆکاری ئازاری گۆی مەمک مژینی هەڵەیە لەلایەن منداڵەکەوە، منداڵی تازە لەدایکبوو سەرەتا ناتوانێت بەباشی مەمکی دایکی بگرێت و ئەمەش دایکەکە ئازار دەدات، دەبێت بەباشی مەمک بخرێتە دەمی منداڵەکە جگە لە گۆی مەمک تەواوی دەوروبەری گۆی مەمکیش بچێتە دەمییەوە.
لەم کاتەدا منداڵەکە تەنها گۆی مەمکی دایک دەمژێت ئەمەش وادەکات ئازاری زۆر ببێت.

بەهەڵە بەکارهێنانی شیردۆش

کاتێک دەتەوێت شیرەکەت بدۆشیت ئەگەر بەهەڵە شیردۆشەکەت بەکاربهێنیت دووچاری ئازار دەبیتەوە، دەبێت شیردۆشەکە قیاسی مەمکت بێت و بچووکتر نەبێت لەوە تاکوو ئازارت پێ نەگات، یاخود هەندێک لە دایکان بە هەڵە ژمارەی شیردۆشەکە زۆر دەکەن.

تووشبوونی میکرۆبی بۆقژە

ئەگەر منداڵەکەت بۆقژەی هەیە لە دەمیدا، لەوانەیە ئەوە بگوازێتەوە بۆ گۆی مەمکت و دووچاری ئازارت بکاتەوە، نیشانەکانی بۆقژە لەدایکی شیردەردا ئەمانەن، خوران، سووربوونەوه، توێژبوون و ترەکینی گۆی مەمک.

لکانی زمان بە مەڵاشووەوە

ئەگەرێکی دیکە هەیە کە منداڵەکەت تووشی حاڵەتی لکانی زمانی بووبێتەوە بە مەڵاشوویەوە، لەم حاڵەتەدا ئەو پێستەی کە زمانی منداڵەکە دەبەستێتەوە بە مەڵاشووەوە کورتە یاخود بەشێوەیەکی نائاسایی بەرەو سەری زمان هاتووە.
ئەم حاڵەتە کێشە دروست دەکات لەماوەی شیرداندا وەک ئازاری گۆی مەمک، کە ئەمەش بە نەشەتەرکارییەکی بچووک چارەسەر دەکرێت.

دڵۆپی شیر

دڵۆپی شیر کاتێک ڕوودەدات کە بەشێکی ناسکی پێست لەناو جۆگەیەکی شیردا گەشە دەکات و وادەکات که شیرەکە گیر بخوات و نەتوانێت بێتە دەرەوە و ببێتە هۆی گیرانی جۆگەکە، ئەمە لە شێوەی نوکتەیەکی دڵۆپە خاڵێکی یاخود زەردە لەسەر گۆی مەمک کە ئازارەکە لەو خاڵەدایە یاخود لە پشتی ئەو خاڵەوە.

بڵقی گۆی مەمک

بڵقی سەر گۆی مەمک بڵقێکی، ڕوون، زەرد، خوێناوییە لەسەر گۆی مەمک کە بەدرێژایی ماوەی شیردان دەبێتە هۆی ئازارێکی توند، هۆکاری دروستبوونی ئەمە بەکارهێنانی هەڵەی شیردۆشە یاخود زیادکردنی ژمارەکەی.

تامێسکەی گۆی مەمک

ئەگەر پێشینەی دروستبوونی تامێسکەت هەیە، ئەوە لەوانەیە ئازاری گۆی مەمک بەهۆی تامێسکەوە بێت، ئەگەر تامێسکەت هەبوو لەم کاتەدا شیردان ڕابگرە و پەیوەندی بکە بە پزیشکەوه، نابێت لەم ماوەدا شیر بدەیت بە منداڵەکەت چونکە دەیگوازیتەوە بۆ ئەویش. بەڵام هەوڵ بدە ڕۆژانە منداڵەکەت چەند شیر دەخوات ئەوەندە شیر دەربهێنە لە مەمکت و فڕێی بدە تاکوو ئەو شیرەی مەمکت ڕەق نەبێت و کێشەی ترت بۆ دروست نەکات.

ڕێنوێنی و چارەسەر

بۆ ئەوەی ئازاری گۆی مەمکت کەم بکەیتەوە لەماوەی شیرداندا واباشترە ئەم ڕێگایانە تاقی بکەیتەوە:

  1. ئەگەر هەستت بە ئازارکرد سەردانی پزیشک بکە و ناچار نیت بەرگەی ئازارەکە بگریت، پزیشک دوای پشکنین ئەگەر بزانێت کە هۆکاری ئازارەکە حاڵەتێکی جیاواز و نائاساییە، چارەسەری تایبەتت پێ دەدات و ئەگەریش ئازارەکە ئاسایی بوو و هەر ئەوەبوو کە زۆرینەی خانمان دوای منداڵبوون تووشی دەبن ئەوا ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە.
  2. ڕێگا جیاوازەکانی شیردان تاقیبکەرەوە، لەباوەش کردن، پاڵکەوتن یان دانیشتن تاکوو بزانیت بە کام جۆریان ئازارەکەت کەمتر دەبێتەوە.
  3. دوای شیردان گۆی مەمکت بە لۆکەیەکی پاک و تەڕ پاکبکەرەوە تاکوو هیچ شیرێکی پێوە نەمێنێت و تووشی تووشبوونی میکرۆبی نەبیت.
  4. گۆی مەمکت بدە بە هەوا با وشک ببێتەوە یاخود بە پارچەیەکی پاک وشکی بکەرەوە، چونکە تووشبوونە میکرۆبییەکان لە ناوچەی شێداردا زیاتر دەبن.
  5. شێلانی گونجاو بکە بۆ گۆی مەمکت و هەروەها کەمێک لە شیری خۆت بدە لە گۆی مەمکت و لایمەبە تاکوو کاتی شیردانی داهاتووت، بەمشێوەیە ترەکین و شەقبوون و ئازاری گۆی مەمک کەمتر دەکات.
  6. ستیانی گونجاو لەبەربکە و توند و تەسک نەبێت و هەروەها ئاگاداربە کە جلەکانی ژێرەوەت پیس نەبن.
  7. ئارامبگرە چونکە ئازاری گۆی مەمک لە سەرەتای شیردان تاکوو هەفتەیەک ئاساییە و وردە وردە دوای ئەوە نامێنێت بەڵام ئەگەر لەو ماوەیە زیاتر بوو سەردانی پزیشک بکە.
  8. بەباشی شیر بدە بە منداڵەکەت بەجۆرێک کە هەموو گۆی مەمک و دەووروبەری لەناو دەمیدا بێت نەک تەنها گۆی مەمکت.
  9. ڕێگایەک هەڵبژێرە بۆ شیردان بە منداڵەکەت کە بە باشترین شێواز منداڵەکە بتوانێت گۆی مەمک بگرێت.
  10. ئەگەر شیری زۆر لە مەمکتدایە و توند بووە پێش ئەوەی شیرەکە بدەیت بە منداڵەکە کەمێکی دابدۆشە و مەمکت نەرم بکەرەوە ئینجا شیری پێ بدە بۆ ئەوەی منداڵەکە بتوانێت بە ئاسانتر شیرەکە بخواتەوە.
  11. هەر دوو بۆ سێ کاتژمێر جارێک شیر بدە بە منداڵەکەت، چونکە گەدەی منداڵ بچووکە و زوو بەتاڵ دەبێتەوە و دەبێت زوو پڕ ببێتەوە، ئەگەر هاتوو درەنگ شیرت دا بە منداڵەکەت لە کاتی پێدانیدا بەپەلە و توندی دەست دەکات بە مژینی مەمکت و ئەمەش وادەکات کە ئازاری گۆی مەمکت بۆ دروست بکات.
  12. کاتێک شیرەکە لە دەمی منداڵەکەدا دەردەهێنیت ڕاکێشانی گەورە دروست دەبێت لەنێوان گۆی مەمکی دایکەکە و دەمی منداڵەکەدا، زۆرجار منداڵ خۆی مەمکی دایکەکە بەردەدات، بەڵام ئەگەر منداڵەکە خەوی لێکەوتبوو و دەبێت خۆت دەریبهێنیت، لەم کاتەدا دەبێت وریابیت و بەخێرایی ڕاینەکێشیت، پەنجە بچووکی خۆت بخەرە گۆشەیەکی دەمی منداڵەکە بە هێواشی و بەمەش منداڵەکە دەمی دەکاتەوە و دەتوانیت بەئاسانی گۆی مەمکت بهێنیتە دەرەوە.
  13. کاتێک مەمکت دادەدۆشیت بەهێواشی ئەنجامی بدە و با قەبارەی مەمکی خۆت بێت، نابێت زۆر بەخێرایی مەمکت دادۆشیت.
  14. دانانی شەڵتەی گەرم لەسەر مەمکت دە خولەک پێش شیردان بە منداڵەکەت 
  15. شێلانی گۆی مەمک بە سەهۆڵ بۆ نەمانی ئازارەکەی.


سەرچاوەکان



5476 بینین