هانی موجتەهیدی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-16-21:50:00 - کۆدی بابەت: 8274
هانی موجتەهیدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد (هانی موجتەهیدی) (بە ئینگلیزی: hani mojtahedi) (بە فارسی: هانی مجتهدی)، لە ساڵی ١٩٨٠ لە شاری سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان‌ لەدایکبووە ھەر لەو شارەش گەورە بووە.‌ لە قۆناغی سەرەتاییەوە لە سنە خوێندوویەتی تا گەورە بووە، بەڵام ھانی لەگەڵ منداڵەکانی ‌تردا جیاوازبووە و ھەر بەتەنھا بووە و ھەر بەتەنھاش یاری کردووە. ھەر لە منداڵیەوە هۆنراوە و پەخشانی نووسیوە و دەستی وێنەکێشانی ھەبووە و شانۆگەری ئەنجام داوە.

ژیانی تایبەتی و هونەری

دایکی هانی خانمێکی دەنگخۆش بووە، بەڵام کاتێک کە هاوسەرگیری لەگەڵ باوکی هانی کردووە خێزانی باوکی ڕێگربوون لەوەی گۆرانی بڵێت، بەمەش هانی کاتێک گوێی لە دایکی بووە گۆرانی وتوە حەزی لە گۆرانی وتن کردووە و بڕیاری داوە ببێت بە گۆرانیبێژ، وەک خۆی دەڵێت: "وتم ئەوەی دایکم نەیتوانی بیکات من دەیکەم"، هەروەها دەڵێت: " ئەگەر نەبوومایە بە گۆرانیبێژ دەبووم بە سیاسەتمەدار، چونکە بنەماڵەکەمان هەمووی سیاسەتمەدارن"، هانی بەهۆی جەنگەوە دایک و باوکی لەدەستداوە و بەبێ دایک و باوک گەورە بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ دەستی کردووە بە وتنی گۆرانی و چڕکردنەوەی چالاکییەکانی، لە وڵاتی ئێران لە ئەکادیمیایەکی تایبەتی خوێندوویەتی، ئەو هونەری مۆسیقا و گۆرانییەی کە فێری بووە لە خزمەتی نیشتیمانەکەی خۆیدا بەکاری هێناوە، هەر لەو سەردەمەدا لەگەڵ چەند خانمێکی تردا دەستەیەکی هونەری کچانەیان دروست کردووە، کە بە هەموو شارەکانی کوردستاندا گەڕاوە و ناویان ناوە (ڤیان)، هانی وەک گۆرانیبێژی دەستەکە بەشداربووە، ئەمەش بە سەرەتای کاری هونەری هانی دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، ڕۆیشتنی هانی بۆ دەرەوەی وڵات نەبووە هۆی ئەوەی لە هونەرەکەی و نیشتیمانپەروەرییەکەی سارد ببێتەوە، بەڵکوو زیاتر و زیاتر پەرەی بە کارەکانی و هونەرەکەیدا، هەمیشە بە شێوازی گۆرانی وتن و ستایلە جیاوازەکەی دەناسرێتەوە. هونەرمەند (عەلی ئەسغەری کوردستانی) و (عەلی مەردان) کاریگەرییەکی تەواویان هەبووە لەسەر هانی، لە وڵاتی ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی تری ئەورووپا  وەک گۆرانیبێژێکی کوردی ڕەسەن لە چەندین چالاکی و فێستیڤاڵی هونەریدا بەشداری کردووە.

هانی خانمێکی دەنگۆخۆش و تێکۆشەری کوردە کە هەستێکی قووڵی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەری هەیە، هەمیشە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو ناخۆشیانەی بەهۆی کوردبوونییەوە بینیویەتی، هەروەها لەدەستدانی دایک و باوکی هۆکاربوون بۆ ئەوەی هەستێکی قووڵ لە دەنگیدا پەی پێببرێت.

خێزان

هانی ژیانی هاوسه‌ری پێکهێناوه‌، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ و جیابووه‌ته‌وه‌، دوو مناڵی هه‌یه‌ کوڕێک و کچێک، که‌ لەلای هانی ده‌ژین و هه‌ندێکجاریش سه‌ردانی باوکیان ده‌که‌ن.

ئەلبووم

  • سەندرێلا (٢٠٠٩)

ئەلبوومی یەکەمی کە ناوی سەندرێلایە لە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکرایەوە، سەرجەم ئاوازەکانی لە لایەن ھەڵکەوت زاھیرەوە دانرا، ئەم ئەلبوومە لە ١١ تراک پێک دێت و بوو بە پڕفرۆشترین ئەلبوومی ساڵی ٢٠٠٩ و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی ھەبوو ھەروەھا چەندین کلیپیشی بۆ کرا.

  • دایک (٢٠١٠)

ئەلبوومی دووەمی بەناوی دایک لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاو کرایەوە، سەرجەم ئاوازەکانی لەلایەن ھانی خۆیەوە دانراوە، وەک ئەلبوومەکەی پێشووی ئەم ئەلبوومەشی لە ١١ تراک پێکھاتووە.

لەم ئەلبوومەدا ھانی بەشێوازێکی نوێوە دەرکەوت، ستایلێکی بەکارھێنا کە بۆ یەکەم جاربوو لەناو کورددا ئەم جۆرە ستایلە بەکاربێت.


سەرچاوەکان



736 بینین