دە ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-24-02:26:00 - کۆدی بابەت: 8373
دە ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان (بە عەرەبی: العشر الأواخر من رمضان) لە باشترین دە شەوی ساڵە بۆ ئەنجامدانی پەرستش و پاڕانەوە و نزیکبوونەوە لە خودا،  لە شەوی 21ـی ڕەمەزانەوە دەستپێدەکات تاکوو شەوی 29 یان 30 ڕەمەزان، شەوی قەدر لەم دە شەوەدایە کە پێگەیەکی زۆر باڵا و مەزنی لەلای موسڵمانان هەیە. 

پێگە و پیرۆزی دە ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزان

دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان چەندان تایبەتمەندی باڵای هەیە، پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵان لەو دە ڕۆژەدا پەرستشی تایبەتیان ئەنجام داوە، لەو ماوەیەدا زۆر پەیوەستی خوداپەرستی و پەرستشەکان دەبوون و خۆیان لە گوناهـ و تاوان بەدوور دەگرت، لە فەرموودەیەک هاتووە کە خاتوو عائیشە فەرموویەتی "كان رسول الله ﷺ يجتهد في العشر الأواخر ما لا يجتهد في غيره"، وتا: "پێغەمبەر ﷺ لە دە ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزان بە جۆرێک لە خوداپەرستیدا خۆی ماندوو دەکرد، لە هیچ ڕۆژێکی مانگەکانی تر بەو شێوەیە خۆی ماندوو نەدەکرد بۆ پەرستشەکان". 

گرنگترین کارە پەسەند و چاکەکان کە پێویستە لەو دە ڕۆژەدا ئەنجام بدرێت 

زیندووکردنەوەی شەوی قەدر

کات و شەوی قەدر بە دیاریکراوی ڕوون نییە، بەڵام زۆرێک لە زانایان پشتڕاستی دەکەنەوە کە یەکێک لە شەوە تاکەکانی دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان، نموونەی شەوی 21، شەوی 23، شەوی 27 و شەوی 29 شەوی قەدرە، لەو شەوەدا قورئانی پیرۆز لە ڕێگەی جوبریلەوە بەسەر پێغەمبەر ﷺ دابەزیوە، بۆیە بەرزڕاگرتن و زیندووکردنەوەی ئەو شەوە لە مزگەوتەکان و لە ڕیگەی ئەنجامدانی پەرستش و دووعا و قورئان خوێندنەوە کارێکی زۆر پیرۆز و باڵایە. 

ئیعتیکاف و خەڵوەت

ئیعتیکاف یان خەڵوەت واتا پەیوەستبوون و مانەوە لە مزگەوت و خۆتەرخانکردن بۆ پەرستشەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، پێغەمبەر ﷺ هەموو ڕەمەزانێک لە دە ڕۆژی کۆتاییەکەی دەچووە خەڵوەتەوە و لە مزگەوت دەمایەوە و پەرستشی ئەنجام دەدا. 

قورئان خوێندن

قورئان خوێندن لە هەرە کارە پەسەندەکانی ڕەمەزانە و ڕەمەزان مانگی قورئانە، چونکە هەر لە ڕەمەزاندا قورئان دابەزیوە و جوبریل لە ڕەمەزاندا قورئانی بە پێغەمبەر ﷺ وتووەتەوە، موسڵمان دەتوانێت لە ڕیگەی خەتم کردنی قورئان، جوان خوێندنەوە و لەبەرکردنی قورئان، خوێندنەوەی ڕاڤە و واتاکەی ئەو پەرستشە زیاتر لەم دە ڕۆژەدا ئەنجام بدات. 

نوێژکردن 

نوێژکردن لە کاتەکانی خۆیدا، ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەکان، زیندووکردنەوەی شەوان بە ئەنجامدانی شەونوێژ و نوێژی تەراویح بە کۆمەڵ لە مزگەوەتەکان، لە گرنگترین پەرستشەکانی ئەم دە ڕۆژەن. 

ویرد و پاڕانەوە

خوێندنەوەی چەند ویردێکی تایبەت لەم دە ڕۆژەدا نموونەی پەیوەستبوون بە خوێندنەوەی ویردەکانی بەیانیان و ئێواران، دووعاکردن و پاڕانەوە و داوای لێخۆشبوون کردن لە کارە باشەکانی ئەم دە ڕۆژەن، هەروەها پەسەندترین ویرد کە لەم دە ڕۆژەدا دەکرێت و دەوترێتەوە بریتییە لە "اللهم إنك عفوٌ كريمٌ تحب العفو فاعفوا عنا"، واتا: "خودایە تۆ بەخشەر و لێبووردەیت، بەخشین و لێبووردەییشت خۆشدەوێت، بۆیە لێمان خۆش ببە و بمانبەخشە". 

سەدەقە و بەخشین و خێرکردن

خێرکردن لە ڕێگەی بەخشینی زەکات و سەرفیترەوە لە ڕەمەزاندا زۆر کارێکی پەسەندە، هەروەها سەدەقە کردن و بەخشین بە هەژاران و کەسانی نەدار و دڵخۆشکردنیان لە باشترین چاکەکانی ئەم دە ڕۆژەیە، بەپێی گێڕانەوەکانی هاوەڵان دەرکەوتووە کە پێغەمبەر ﷺ لەم دە ڕۆژەدا زۆرترین خێر و چاکەی کردووە. 

دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی گوناهـ و تاوان

دوورکەوتنەوە لە گوناهـ و تاوان لە مانگی ڕەمەزان و لەم دە ڕۆژە بە تایبەتی، وەکوو ڕاهاتن و ڕاهێنانێکی دەروونی تاک وایە کە لە پاش ڕەمەزانیش خۆی بە دوور بگرێت لە تاوانەکان، ببێت بە کەسێکی پارێزکار لە تاوانەکان.


سەرچاوەکان



597 بینین