جەڵتەی سییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2022-05-15-21:14:00 - کۆدی بابەت: 8653
جەڵتەی سییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەڵتەی سییەکان (بە ئینگلیزی: Pulmonary Embolism، بە عەرەبی: جلطة الرئة) حاڵەتێکی کتوپڕی پزیشکییە، لەبەر لێکەوتە خراپەکانی پێویستە لە زووترین کاتدا دەستنیشان بکرێت و چارەسەر بکرێت، بەپێی سەختیی نەخۆشییەکە نیشانەکانی دەگۆڕێت بەڵام دەشێت لە هەندێک کەسدا نیشانەکانی دەرنەکەوێت، جەڵتەکە بەهۆی گیرانی ڕێڕەوی خوێنی پێیەکاندا ڕوودەدات لەبەرئەوەی خوێنی بەشی خوارەوەی لەش لەڕێی لوولەکانی خوێنەوە دەچنەوە بەرەو دڵ، مەترسیی دەکاتە سەر ژیانی نەخۆشەکە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرایە.

جەڵتەکە چۆن ڕوودەدات؟

ئەم حاڵەتە لە هەندێک ماددە کە زۆرینەی کات خوێنی مەییوە ڕوودەدات، خوێنە مەییوەکە خوێنبەرێکی سییەکان دەگرێت، ئەم تۆپەڵە خوێنانە زۆر جار لە خوێنبەرە قووڵەکانی قاچەوە دێن، کە بە مەیینی خوێنبەرە قووڵەکان (DVT) ناودەبرێت. چەندین مەیین بەشدارن لە جەڵتەکە، ئەو بەشانەی سییەکان کە لەلایەن هەر خوێنبەرێکی گیراوەوە خوێنیان بۆ دەچێت، بەهۆی گیرانەکەوە خوێنیان بۆ ناچێت و لەوانەیە بمرن، ئەمەش بە سڕبوونی سییەکان ناسراوە کە کاری سییەکان قورس دەکات و ناتوانن ئۆکسجینی تەواو بۆ ئەندامەکانی لەش دابین بکەن، ناوبەناو گیرانی خوێنبەرەکان بەهۆی ماددەی ترەوە دروست دەبێت جگە لە خوێن مەیین، وەکوو:

  • چەوری لە مۆخی ئێسکێکی درێژی شکاوەوە.
  • بەشێک لە تۆپەڵی شێرپەنجەیی.
  • بڵقی هەوا (لە سەرچاوەی دەرەوە).

ئەو کەسانەی ئەگەری جەڵتەی سییەکانیان زیاترە

- نەخۆشییەکانی دڵ: نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەتایبەتی تەمەڵی دڵ وا دەکات ئەگەری دروستبوونی مەیین زیاتر بێت.
- شێرپەنجە: هەندێک شێرپەنجە بەتایبەت شێرپەنجەکانی مێشک، هێلکەدان، پەنکریاس، کۆڵۆن، گەدە، سییەکان و گورچیلە، ئەو شێرپەنجانەی کە بڵاوبوونەتەوە بە نێو لەشدا دەتوانن مەترسییەکانی خوێن مەیین زیاد بکەن، هەروەها چارەسەری کیمیایی مەترسییەکە زیاتر زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئافرەتانەی کە پێشینەی کەسی یان خێزانی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە و دەرمانەکانی (tamoxifen, raloxifene) بەکاردەهێنن، مەترسی زیاتری خوێن مەیینیان لەسەرە.
- نەشتەرگەری: یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرفتی خوێن مەیین، لەبەر ئەم هۆکارەش پێش و پاش نەشتەرگەری دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە خوێن مەیین.
- ئەو تێکچوونانەی کە کاریگەرییان لەسەر مەیین هەیە: هەندێک لە نەخۆشییە بۆماوەییەکان کاریگەرییان لەسەر خوێن هەیە، ئەمەش وا دەکات نەخۆشەکە زیاتر تووشی خوێن مەیین ببێت، هەروەها هەندێک تێکچوونی تری پزیشکی وەک نەخۆشی گورچیلە دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە خوێن مەیین زیاد بکات.
- (کۆڤید-19): ئەو کەسانەی کە نیشانە توندەکانی کۆڤید-١٩یان هەیە، مەترسی تووشبوونیان بە گیرانی بۆری سییەکان زیاترە.

نیشانەکان

نیشانە باوەکان

- هەناسەکورتی: بەگشتی لەناکاو ڕوودەدات و لە کاتی چالاکی جەستەیی زیاتر دەردەکەوێت. 
- ئازاری سنگ: بە ئازارێکی لەناکاو و توند وەسف دەکرێت، نەخۆش لە کاتی هەناسەدانی قووڵدا دەکۆکێت، لەوانەیە وا بیر بکاتەوە کە تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت، دەکرێت ئازارەکە ببێتە ڕێگر لە کاتی هەناسەدانی قووڵدا.
- کۆکەی خوێناوی: کۆکەیەک کە خوێن لە قوڕگ دێنیت و بەڵغەمی خوێناوی دروستدەکات.
- دڵەکوتێ
- وڕبوون. 
- ئارەقکردن. 
- نزمی پەستانی خوێن
- بێ ڕەنگیی.

نیشانە ناباوەکان

  • ئازاری پێیەکان، سووربوونەوە و ئاوسان. 
  • تا (بەڕێژەیەکی کەم.) 
  •  شینبوونەوەی پێست.
  •  خەمۆکی
  • شێی پێست.

ئەو نیشانانەی کە جەڵتەی سییەکان درووستی دەکات لە پێیەکاندا

- جەڵتەی سییەکان بەهۆی دروستبوونی خوێنی مەییو لە پێیەکاندا ڕوودەدات و کار دەکاتە سەر بەشی خوارەوەی پێیەکان و ناوچەی حەوز، لە کاتێکدا ئەو خوێنە مەییوە جیادەبێتەوە لە شوێنی دروستبوونەکەی، بەناو ڕێڕەوەکانی خوێندا دەڕوات بەرەو سییەکان خوێنبەرەکانی دەگرێت، نیشانەکانی مەیینی خوێن لە پێیەکاندا
- ئازار لەو شوێنەی کە خوێنە مەییوەکەی تێدایە، بە جووڵە و وەستان لەسەر پێیەکان ئازارەکە زیاد دەکات.
- ئاوسان و گەورەبوونی ئەو پێیەی خوێنە مەییوەکەی تێدایە.
- سووربوونەوە و گەرمبوون.
- گۆڕانی ڕەنگی پێست.

نیشانەکانی جەڵتەی سییەکان لە ئافرەتانی دووگیاندا

جەڵتەی سییەکان بە یەکێک لە حاڵەتە دەگمەنەکان دادەنرێت لە ماوەی دووگیانیدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری ڕوودانی خوێن مەیین لەو ماوەیەدا بە پێنج ئەوەندە زیاد دەکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ئەو هۆکارانەی کە مەیینی خوێن زیاد دەکەن لەماوەی دووگیانیدا، هەروەها گەورەبوونی قەبارەی منداڵدان وادەکات خوێن کەمتر بگەڕێتەوە لە بەشی خوارەوەی لەش بەرەو دڵ، لەم کاتەشدا هەر مەیینێکی خوێن بوونی هەبێت لەوانەیە بچێتە سییەکانەوە و تووشی جەڵتەیان بکات.

نیشانە باوەکانی جەڵتەی سییەکان لە ئافرەتانی دووگیاندا

  • هەناسەتوندی.
  • ناڕێکی لێدانی دڵ و دڵەکوتێ.
  • کۆکە و بەڵغەمی خوێناویی.
  • ئازار لە کاتی هەناسەداندا.
  • گێژبوون و بورانەوە.
  • خەمۆکی.
    ئارەقکردن.

نیشانەکانی جەڵدەی سییەکان لەو کاسانەی تووشبووی کۆرۆنان

تێبینی ئەوەکراوە کە مەیینی خوێنی دەماریی پەیوەست بە جەڵتەی سییەوە حاڵەتێکە لە کەسانی تووشبووی کۆرۆنادا زۆر باوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە نەخۆشخانە خەوێنراون یاخود نەخۆشیی سەختی هەناسەدانیان هەیە، هەروەها لە نێوان 7-39٪ ی ئەوانەی نەخۆشیی خوێنبەرەکانیان هەیە و پێویستیان بە بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە، بەهەمان شێوە مەیینی خوێن لەو کەسانەدا باوە.

نیشانەکان

  • تێکچوونی هەناسەدانی هۆکار ناڕوون.
  • دابەزینی پەستانی خوێنی هۆکار نەزانراو.
  • ناڕێکی لێدانی دڵ.

نیشانەکانی جەڵتەی سییەکان لە منداڵاندا

بە بەراورد بە پێگەیشتووەکان نەخۆشییەکە لە منداڵاندا زۆرجار بێ نیشانەیە، بەڵام دەشێت ئەم نیشانانەی خوارەوە لە هەندێکیاندا دەربکەون:

  • هەناسەتوندی.
    ئازاری سنگ.
    کۆکە و بەڵغەمی خوێناویی.
    وڕبوون و بوورانەوە.
    دڵەکوتێ.

بەپێی پێداچوونەوەیەک کە لە گۆڤاری Frontiers in Pediatrics لە ساڵی 2017دا بڵاوکراوەتەوە، نەخۆشی سییەکان لە منداڵاندا دەگمەنە، هەروەها دەرکەوتنی لەم توێژەدا زیاتر پەیوەندیی بە شێرپەنجە، نەخۆشی زگماکی دڵ و تێکچوونە بۆماوەییەکانی مەیینی خوێنەوە هەیە.

ئەو نیشانانەی کە سەردانکردنی پزیشک دەکاتە کارێکی پێویست

جەڵتەکە حاڵەتێکی کتوپڕی پزیشکییە، بۆیە دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک کە ئاماژە بێت بۆ حاڵەتەکە، پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت، لەو نیشانانە:

  • هەناسەتوندییەکی زۆر و بێ هۆکار.
  • ناڕێکییەکی تووند لە لێدانی دڵدا.
  • ئازاری سنگ.
  • کۆکەیەکی توند و بەڵغەمی خوێناویی.
  • گێژبوون و هەستکردن بە بورانەوە.

ئایا جەڵتەی سییەکان مەترسیدارە؟

لە هەندێک بارودۆخدا مەترسیی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی لێکەوتەی زۆر مەترسیدار، وەک: 

  • تێکچوونی سییەکان
  • کەمی ئاستی ئۆکسجین لە خوێندا: دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەیاندنی ئۆکسجین بۆ ئەندامەکان و ئەمەش زیانیان پێ دەگەیەنێت، لەوانەیە لە هەندێک حاڵەتدا کوشندە بێت، بەتایبەت ئەگەر مەیینەکە گەورە بێت یاخود ئەگەر بچووک و زۆر بێت.

پوختەی بابەت

جەڵتەی سییەکان کێشەیەکی تەندروستی جددییە، پێویستە بە ئاگابین لەو نیشانانەی کە لەوانەیە ببێتە هۆی ڕوودانی، لەگەڵ دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکدا بە زووترین کات پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بە بوارەکە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نیشانەکانی جەڵتەی سییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، باوترین نیشانەکان هەناسەتوندی، ئازاری سنگ، کۆکە و بەڵغەم تێکەڵ بە خوێن، هەروەها حاڵەتەکە بەدەگمەن لە ژنانی دووگیاندا ڕوودەدات، کاریگەری لەسەر نەخۆشانی کۆرۆنا هەیە.


سەرچاوەکان

102 بینین