کۆرتوا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-22-01:09:00 - کۆدی بابەت: 8741
کۆرتوا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیبۆ نیکۆلاس مارکس کۆرتوا (بە ئینگلیزی: Thibaut Nicolas Mark Courtois) لە ١١\٥\١٩٩٢ لە شاری بری بەلجیکا لەدایکبووە. گۆڵپارێزی یانەی ئیسپانی ڕیاڵ مەدرید و تیمی نێودەوڵەتی بەلجیکایە. بە یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی سەدەی ٢١ دادەنرێت.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی تیبۆ نیکۆلاس مارکس کۆرتوا
ناوی کورتکراوە کۆرتوا
بەرواری لەدایکبوون ١١\٥\١٩٩٢
شوێنی لەدایکبوون بری، بەلجیکا
باڵا ٢ مەتر (٢٠٠ سانتیمەتر)
شوێنی یاریکردن گۆڵپارێز

ژیانی وەرزشی

سەرەتاکانی ژیانی وەرزشی

کۆرتوا لە دایکێکی فلێمیش و باوکێکی واڵۆنی لە شاری بری بەلجیکا لەدایکبووە. سەرەتای یاریکردنی لە یانەی ناوخۆی بیلزێن دەستپێکرد. لە سەرەتادا وەکوو بەرگریکاری باڵی چەپ یاری دەکرد بەڵام کاتێک تەمەنی تەنها ٧ ساڵ بوو چووە یانەی گێنکی بەلجیکی بۆ منداڵان و لەو یانەیەدا وەکوو گۆڵپارێز دیاریکرا.

یانەی گێنک

کۆرتوا لەگەڵ ڕاهێنانەکانی یانەی گێنک بۆ هەرزەکاران بەردەوام بوو، کاستێڵسی گۆڵپارێزی یانەی ۆڵفسبۆرگی ئەڵمانی بە گۆڵپارێزی سەرەکی و کۆرتواش بە گۆڵپارێزی یەدەگی یانەکە دەستنیشان کران. لە ١٧\٤\٢٠٠٩ یەکەم یاری لە ژیانی وەرزشیدا بۆ یانەی گێنک ئەنجامدا. لە ٢٠٠٩ـدا ئۆفەرێکی لەلایەن یانەی ئەڵمانی هۆڤنهایمەوە پێشکەش دەکرێت بەڵام ڕەتی دەکاتەوە پاشان لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ کۆرتوا وەکوو یاریزانی سەرەکی یانەکی گێنک دەستنیشان دەکرێت و ئاستێکی زۆر بەرز پێشکەش دەکات، لە کۆی ٤٠ یاری تەنها ٣٢ گۆڵی لێ تۆماردەکرێت و ١٤ یاری گۆڵەکەی بە پاکی دەهێڵێتەوە واتا لە ١٤ یاریدا هیچ گۆڵێکی لێ تۆمار ناکرێت. وەکوو هۆکاری بردەنەوەی نازناوی خوولی ژمارە یەکی بەلجیکی بۆ یانەکەی دانرا و وەکوو باشترین گۆڵپارێزی ساڵ لەو خوولەدا و بە باشترین یاریزانی ساڵی یانەی گێنک داندرا.

چێڵسی

لە ساڵی ٢٠١١ کۆرتوا پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی یانەی چێڵسی ئینگلیزییەوە بەڵام تەنها دوای چەند هەفتەیەک و بە گرێبەستێکی کاتی پەیوەندی بە یانەی ئیسپانی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە کرد.

ئەتلەتیکۆ مەدرید

لە ٢٥\٨\٢٠١١ و لە یەکەم یاریدا بۆ ئەتلەتیکۆ مەدرید، یانەکە لە جامی ئەورووپا دژی یانەی ڤیتۆریا دێ گویمارێسی پورتووگاڵی یاری کرد و کۆرتوا توانی گۆڵەکەی بە خاوێنی بهێڵێتەوە. لە یەکەم یاریدا لە خوولی ژمارەی یەکی ئیسپانی لالیگادا بەهەمان شێوە گۆڵەکەی بە خاوێنی ڕاگرت و توانی ببێت بە یەکەم گۆڵپارێز لە مێژووی لالیگادا کە بتوانێت لە کۆی ٦ یاری سەرەتا ٤ یاری گۆڵەکەی بە خاوێنی ڕابگرێت. لە یاری کۆتایی جامی ئەورووپا کۆرتوا گۆڵەکەی بە خاوێنی ڕاگرت و یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە ئەنجامی ٣-٠ یارییەکەیان بردەوە و نازناوی جامی ئەورووپایان بۆ ساڵی ٢٠١٢ بەدەستهێنا.
گرێبەستە کاتییەکەی کۆرتوا لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید درێژکرایەوە. لەم وەرزەدا کۆرتوا توانی ٨٢٠ خوولەک گۆڵەکەی بە پاکی ڕابگرێت کە ڕیکۆردێکی نوێ بوو بۆ یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید. ئەتلەتیکۆ گەیشتە یاری کۆتایی جامی کۆپا دێل رێی و توانی یاریەکە بە ئەنجامی ٢-١ بەرامبەر یانەی ڕکابەری سەرسەختی خۆی ڕیاڵ مەدرید بباتەوە و نازناوی کۆپا دێل رێی بەدەستبهێنێت کە تیایدا کۆرتوا وەکوو باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشان کرا.
بۆ وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤ کۆرتوا دووبارە گرێبەستەکەی درێژ کردەوە و لەگەڵ یانەی ئەتلەتیکۆ بەردەوام بوو. کاتێک یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕووبەڕوی یانەی چێڵسی بووەوە لە یاری پێش کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەنگۆیەک هەبوو کە چێڵسی یاسایەکی بەسەر ئەتلەتیکۆ مەدریددا سەپاندووە کە کاتێک کۆرتوا وەکوو گۆڵپارێزی سەرەکی بەکار بهێنن دەبێت بڕی ٣ ملیۆن یۆرۆ بدەن بە یانەی چێڵسی بەڵام یوفا ئەو یاسایەی ڕەتکردەوە و ئەتلەتیکۆ کۆرتوای وەکوو گۆڵپارێزی سەرەکی بەکار هێنا و یانەی ئەتلەتیکۆ سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی خوولەکە کە تیایدا بە ئەنجامی ١-٤ بەرامبەر یانەی ڕیاڵ مەدرید دۆڕا و ڕیاڵ مەدرید نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکانیان بۆ ساڵی ٢٠١٤ بەدەستهێنا.

گەڕانەوەی بۆ چێڵسی

لە ٢٠١٤ ڕاهێنەری ئەوکاتی یانەی چێلسی جۆسێ مۆرینۆ ئاماژەی بەوە دا کە کۆرتوا لەم وەرزەدا دەگەرێتەوە بۆ چێڵسی. لە ١٨\٨\٢٠١٤ یەکەم یاری خۆی کرد بۆ یانەی چێڵسی و لەجێی پیتەر چێک گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە یاری کرد. لەگەڵ ئەوەی گۆڵێکی لێ تۆمار کرا بەڵام ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردوو چەندین تۆپی گەڕاندەوە. لە یاری دووەمی پریمەر لیگیدا و لە یارییەکەیاندا دژی یانەی لیستەر سیتی توانی گۆڵەکەی بە خاوێنی رابگرێت.
لە ١١\٩\٢٠١٤ گرێبەستێکی ٥ ساڵی لەگەڵ یانەی چێلسیدا بەست و لە چاوپێکەوتنی دوای گرێبەستەکە کۆرتوا دەڵێت کە ئەو زۆر دڵخۆشە بە یاریکرد لە یانەیەکی وەکوو چێڵسی و گرێبەسەتەکەش دڵخۆشکەر بووە.

- ساڵی ٢٠١٥ - ٢٠١٦: لە ١١\٩\٢٠١٥ تووشی پێکانێک بوو لە سەریدا و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە. لە ٨\٨\٢٠١٥ لە یارییەکەیاندا بەرامبەر سوانسی سیتی فاوڵێکی ئەنجامدا کە بووە هۆی دروستبوونی لێدانی سزا، کارتی سووری وەرگرت و لە یارییەکە دوورخرایەوە. دوای ئەوەی لە ١٦\٥\٢٠١٦ لە یارییەکەیاندا بەرامبەر مانچستەر سیتی دووبارە کارتی سووری وەرگرت و لە یارییەکە دوورخرایەوە مان سیتی بە تۆمارکردی ٣ گۆڵ یارییەکەی بردەوە و کۆرتوا بوو بە شەشەم گۆڵپارێزی مێژوو کە دوو جار لە یەک وەرزی پریمەر لیگ لە یاری دووربخرێتەوە.

- ساڵی ٢٠١٦ - ٢٠١٧: لە ١\١٠\٢٠١٦ بۆ ٢٠\١١\٢٠١٦ و بە درێژایی ٦ یاری گۆڵەکەی بە خاوێنی ڕاگرت. لە مانگی ٤ـی ٢٠١٧ و لە یاریەکەیاندا بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتد بەهۆی پێکان لە ئەژنۆیدا نەیتوانی لە یارییەکە بەردەوام بێت. لەم وەرزەدا کۆرتوا توانی ١٦ یاری گۆڵەکەی بە خاوێنی رابگرێت و خەڵاتی دەستکێشی زێڕینی بەدەست هێنا. چێڵسی بووە خاوەنی نازناوی پریمەر لیگ کە تیایدا کۆرتوا بە هۆکارێکی گەورەی بردنەوەی نازناوەکە دانرا.

ڕیاڵ مەدرید

لە ساڵی ٢٠١٧ ئاماژەی بەوە دا کە دەیەوێت لە منداڵەکانی نزیکتر بێتەوە و دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە کۆرتوا دەیەوێت پەیوەندی بکات بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە. دوای ئاستە بەرزەکەی لە جامی جیهانیی ٢٠١٨ و بردنەوەی دەستکێشی زێڕینی جامەکە بڕیاریدا یانەکەی بگوازێتەوە. چێڵسی ئاماژەیی بەوە دا کە ئەگەر جێگرەوەیەکییان نەبێت بۆ کۆرتوا ئەوا ئامادە نین دەستبەرداری بن، بەڵام کۆرتوا سووربوو لەسەر گواستەنەوەی یانەکەی و پەیوەندی کردن بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە و بەم هۆیەشەوە چیتر بەژداری ڕاهێنانەکانی یانەی چێڵسی نەکرد.
لە ٨\٨\٢٠١٨ یانەی ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاند کە گرێبەستیان لەگەڵ گۆڵپارێزی بەلجیکی کۆرتوا بەستووە. لە ١\٩\٢٠١٨ یەکەم یاری یاریزانەکە بوو بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید کە تیایدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردوو تەنها یەک گۆڵی لێ تۆمارکرا. لە وەرزی ٢٠١٩ - ٢٠٢٠ توانی ١٧ یاری گۆڵەکەی بە خاوێنی رابگرێت و لە ٣٤ یاریدا تەنها ٢٠ گۆڵی لێ تۆمارکرا.

ژیانی وەرزشی بۆ تیمی نێودەوڵەتی

لە ٢٠١١دا کۆرتوا بانگهێشتکرا بۆ تیمی نێودەوڵەتی بەلجیکا بۆ یەکەم جار و بوو بە گەنجترین گۆڵپارێز کە یاری بۆ تیمی نێودەوڵەتی بەلجیکا ئەنجام دابێت.

- جامی جیهانیی ٢٠١٤: کۆرتوا لە هەموو یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانیی ٢٠١٤ بە سەرەکی بەژداربوو و توانی لە ١٠ یاریدا ٦ یاری گۆڵەکەی بە خاوێنی بهێڵێتەوە. لە جامی جیهانیی ٢٠١٤دا بەلجیکا گەیشتە یاری پێش کۆتایی جامی جیهانیی ٢٠١٤ و کۆرتوا ئاستێکی ئێجگار بەرزی پێشکەش کرد.

- یۆرۆی ٢٠١٦:  کۆرتوا لە ٨ یاری پاڵاوتنەکانی یۆرۆی ٢٠١٦ بەژداربوو و یارمەتی تیمەکەی دا بۆ سەرکەوتن. بەلجیکا لە چارەکی کۆتایی جامەکەدا بەرامبەر تیمی نێودەوڵەتی وێڵس دۆڕا کە تیایدا کۆرتوا دەڵێت ناخۆشترین دۆڕانی ژیانی وەرزشی بووە.

- جامی جیهانیی ٢٠١٨: لە جامی جیهانیی ٢٠١٨دا وەکوو گۆڵپارێزی سەرەکی تیمی نێودەوڵەتی بەلجیکا یاری کرد و توانی ئاستێکی زۆر بەرز پێشکەش بکات. لە جەنگکردن بۆ ڕیزبەندی سێیەم و لە یارییەکەیاندا بەرامبەر تیمی نێودەوڵەتیی ئینگلتەرا توانی گۆڵەکەی بە خاوێنی ڕابگرێت و بەلجیکا ڕیزبەندی سێیەم بەدەست بهێنێت. کۆرتوا وەکوو باشترین گۆڵپارێزی جامەکە دەستنیشان کرا و خەڵاتی دەستکێشی ئاڵتوونی پێ بەخشرا.

شێوازی یاریکردن

کۆرتوا هەر لە منداڵییەوە توانای گۆڵپارێزی هەبووە. بە یەکێک لە تەواوترین گۆڵپارێزەرەکانی جیهان دادەنرێت. لەگەڵ ئەوەی باڵایەکی زۆر بەرزی هەیە و توانای جەستەیی هەیە بەڵام هیچ لە خێراییەکەیان کەم نەکردوەتەوە، توانای خێرایی قاچەکانی بۆ جوڵە و زانینی کاتی تۆپ هاویشتن کردوویەتی بە گۆڵپارێزێک کە هیچ خاڵێکی لاوازی نییە.

ژیانی تایبەتی

کۆرتوا توانای قسەکردنی بە زمانەکانی هۆڵەندی، فەڕەنسی، ئینگلیزی و ئیسپانی هەیە. خوشکە گەورەکەی کۆرتوا یاریزانێکی لێهاتووی تۆپی بالەیە. بە هەمان شێوە دایک و باوکیشی یاریزانی تیپی بالە بوون. لە سەرەتادا ویستوویەتی ببێت بە یاریزانی تۆپی بالە بەڵام دواتر بڕیاریداوە ببێت بە یاریزانی تۆپی پێ. کۆرتوا خاوەنی کوڕ و کچێکە.


سەرچاوەکان



529 بینین